دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو ژنە هاوەڵانەی ناویان بە پیتی (ب) دەست پێ دەكات

بەرەكەى حەبەشی(رضي الله عنها)

ناوى بەرەكەیەو ئافرەتێكی حەبەشی بوو و لە حەبەشە لەگەڵ ئومموحەبیبە بوو و خزمەتى دەكردو دواتریش لەگەڵی هات بۆ مەدینە.[1]

لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میزی دەكردە ناو دەفرێكەوەو دواتر لە خوارووى جێگەكەیەوە دادەنرا، جارێك كە میزی كردە ناو و پاش ماوەیەك ویستی هەمدی میز بكاتە ناوى، تەماشای كرد میزەكەى تێدا نەماوە، ئافرەتێك كە پێی دەوترا بەرەكەو خزمەتى ئومموحەبیبەی دەكرد و لە خاكی حەبەشەوە هێنابووى لەوێ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو كوا میزی ناو دەفرەكە؟ ئەویش وتى خواردمەوە، ئەویش فەرمووى (بە پەرژینێ خۆت لە دۆزەخ پاراست).[2]

بەرەكەى كچی یەسار (رضي الله عنها)

ناوى بەرەكەى كچی یەسارەو خزمەتكارى ئەبووسوفیانى كوڕی حەرب بوو، هاوسەری قەیسی كوڕی عەبدوڵا بوو، بەرەكە زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو و هاودەم بە مێردەكەى كۆچی كرد بۆ حەبەشە.[3]

بەرزەى كچی مەسعوود(رضي الله عنها)

ناوى بەرزەى كچی مەسعوودى كوڕی عەمرەو هاوسەری صەفوانى كوڕی ئومەییەیە، هاودەم بە صەفوانى مێردی موسڵمان بوو.[4]

بەریرەى خزمەتكار (رضي الله عنها)

ناوى بەریرەیەو خزمەتكارى عائیشەی هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەریرە لەگەڵ خاوەنەكانى بۆ خۆئازاردكردنى رێككەوت لەسەر نۆ ئۆقیەو هەر ساڵێك ئۆقیەیەك بدات، ئینجا هات بۆ لاى عائیشەو وتى وا لەگەڵیان رێككەوتوم، جا یارمەتیم بدە،[5] عائیشەی دایكی باوەڕداران ویستی بەریرە بكڕێت تا ئازادى بكات و خاوەنەكانى بەریرەش دەیانویست مەرجى هەوادارى بەریرە بۆ خۆیان بهێڵنەوە، كە عائیشە ئەوەی بیست باسی كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (بیكڕە چونكە وەلا ْ بۆ ئەوەیە كە ئازادى دەكات)، ئینجا خواردنێ هێنرا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عائیشە وتى ئەوە صەدەقەیە بۆ بەریرە، ئەویش فەرمووى (بۆ ئەو صەدەقەیەو بۆ ئێمە دیاریە).[6]

لە رووداوى ئیفكدا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راى عەلى كوڕی ئەبووطالیبی وەرگرت، عەلى وتى پرسیار لە بەریرەى خزمەتكارى بكە چونكە ئەو راستیەكەت پێ دەڵێت، ئەوەبوو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پرسیاری لێكرد و ئەویش وتى سوێند بەوەى تۆی بەحەق ناردووە ئەگەر شتێكم لێ شك ببردایە هەرگیز لێم نەدەشاردیتەوە، تەنها هێندە دەزانم عائیشە ئەوەندە تەمەنى كەمە كە بەدیار هەویرەوە خەوى لێدەكەوێت و مریشك و پەلەوەر دێن هەویرەكە دەخۆن.[7]

بوحەینە (رضي الله عنها)

ناوى بوحەینەى كچی حارثهو چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر سی كۆڵی بۆ بڕیەوە.[8]

بوسرەى كچی صەفوان (رضي الله عنها)

ناوى بوسرەى كچی صەفوانى كوڕی نەوفەلى ئەسەدیە، زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو و دواتریش كۆچی كرد بۆ مەدینە.[9]

بوشەیرە (رضي الله عنها)

ناوى بوشەیرەی كچی حارثه، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[10]

بوثهینەى كچى نوعمان (رضي الله عنها)

ناوى بوثهینەى كچی نوعمانى كوڕی خەلەفە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە، هاوسەری موحەممەدى كوڕی عەمرە.[11]

بوشەیرەى ئەنصارى (رضي الله عنها)

ناوى بوشەیرەی كچی ثابتە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[12]

بوشەیرەى كچی نوعمان (رضي الله عنها)

ناوى بوشەیرەی كچی نوعمانە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[13]

بوقەیرە (رضي الله عنها)

ناوى بوقەیرەیەو هاوسەری قەعقاعى كوڕی ئەبی حەدرەدە، بوقەیرە دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك لەسەر مینبەر بوو دەیفەرموو (إذا سمعتم بجيش قد خسف به قريبا فقد أظلت الساعة[14] (ئەگەر بیستتان سوپایەك بەم نزیكانە چوو بە ناخى زەویدا ئەوە رۆژی دوایی نزیك بووەتەوە)

 



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 531.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20322، قال الألباني في صحيح و ضعيف الترغيب و الترهيب، الرقم 2004 صحيح لغيره.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 532.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 530.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 2080.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 1433.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 2539.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 530.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 536.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 536.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 529.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 538.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 538.

[14] - مسند أحمد  بن حنبل، الرقم 26514، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

 2721
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.