جەبەلەى كوڕی ثهور (رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی ثهورى حەنەفیەو یەكێك بوو لەوانەى لە وەفدى بەنى حەنیفەدا بوون، دواتریش ژیا و یەكێك بوو لەوانەى بەشدار بون لە كوشتنى موسەیلەمەى درۆزندا.[1]
جەبەلەى كوڕی حارثه(رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی حارثهى كوڕی شەراحیلە، براى زەیدی كوڕی حارثه و مامى ئوسامەى كوڕی زەیدە، برا گەورەى زەیدی باوكى ئوسامەیە.[2]
دایكی ناوى سعداى كچی ثهعلەبەیە.[3]
كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە مەككە بوو جەبەلە لەگەڵ حارثهى باوكیدا هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، حارثه چوو بۆ لاى زەیدی كوڕی و لەلایەوە وەستا، جەبەلەش گەڕایەوەو دواتر هاتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[4]
جەبەلە دەگێڕێتەوە دەڵێت چووم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتم براكەم بنێرە لەگەڵمدا با لەگەڵم بێتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هو ذا فإن انطلق معك لم أمنعه)، (ئا ئەوەتا لەبەردەمتدایە، ئەگەر لەگەڵت بێت رێی لێ ناگرم)، بەڵام زەید وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەس بەسەر تۆدا هەڵنابژێرم، جەبەلە دەڵێت سەیرم كرد قسەكەى زەیدی برام لە قسەكەى من زۆر چاكتر بوو.[5]
جەبەلە براگەورەى زەید بوو، بەڵام زۆر بە چاوى رێز و گەورەتر لە خۆی تەماشاى زەیدی دەكرد، بۆیە كاتێك پرسیارى لێكرا ئایا تۆ گەورەتریت یان زەیدى برات؟ وتى زەید زۆر لە من باشترەو منیش پێش ئەو لەدایك بووم، با ئەوەشتان بۆ بگێڕمەوە كە كاتێك دایكمان مرد ئێمە لە ماڵی باوكى دایكمان بووین، ئینجا هەردوو مامم هاتن و بە باپیرەى ئێمەیان وت ئێمە شیاوترین بە برازاكانمان، ئەویش وتى دەى جەبەلە ببەن و زەید بۆ من جێبهێڵن، ئەوەبوو مامەكانم منیان برد، سوپایەكى سوارەى تهامە هات و زەیدیان بە كۆیلە برد، حاڵی ئەمسەر و ئەوسەر بوو تا دواجار كەوتە لاى خەدیجە و ئەویش بە خەلآت بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[6]
جەبەلە دەڵێت جارێك دوو جل بە خەلآت هێنران بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش یەكێكیانى دانا بۆ خۆی و ئەوى تری بەخشی بە زەید-ى براى جەبەلە-.[7]
جەبەلە دەڵێت پرسیارم كرد لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتم شتێكم فێر بكە كە سوودم پێ بگەیەنێت، فەرمووى (إذا أخذت مضجعك، فاقرأ: قل يا أيها الكافرون، فإنها براءة من الشرك)،[8] (كە چوویتە ناو جێی خەوەكەت قل یا أیها الكافرون بخوێنە، چونكە ئەوە دوورەپەرێزیە لە هاوەڵدانان).
جەبەلەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی عەمرى كوڕی ئەوسی كوڕی عامرە، لە پشتیوانانە لە بەنى ساعیدە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود.[9]
دواى وەفاتى پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە مایەوە.[10]
لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا كەوتە داوى ئاشووبخوازانەوەو بەرامبەر عوثمانى كوڕی عەففان ناڕەزایی دەردەبڕی، ئەوەبوو جارێك عوثمان ئەو كۆمەڵەى دەدواند كە نارەزاییان دەردەبڕی، وتى چیتان دەوێت؟ وتیان یان دەتكوژین یان لاتدەبەین، ئەویش وتى ئەى بۆچی خەڵكێ نەنێرین بۆ ئاسۆكان تا لە هەر ناوچەیەك دەستەیەك لە چاكترینیان بێن و دادوەرى نێوان من و ئێوە بكەن؟ ئەگەر مافێكم لێ زەوت كردون با بتاندەمەوە، پاشان وتى ئایا جەبەلەى كوڕی عەمرى ساعیدیتان تێدایە؟ جەبەلە وتى بەڵێ، عوثمان وتى داواى چ مافێك دەكەیت لە من؟ ئەویش وتى تۆ چل قامچیت لێداوم، عوثمان وتى ئەرێ مەگەر من نەهاتم بۆ ماڵەوە بۆ لات تا مافت بدەمەوە كەچی رازى نەبوویت؟!! ئەویش وتى با، عوثمان وتى ئێستا تۆ لەوە زیاترت لە من دەوێت، داواى خوێنم دەكەیت؟[11] هەروەها دواتریش بۆ ئەسپەردەكردنى تەرمى عوثمانى كوڕی عەففان رێگرى دەكرد لەوەى تەرمى لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە بكرێت.[12]
لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوطالیبدا لە سوپاى عەلیدا بوو و لە جەنگى صفیندا بەشدارى كرد.[13]
دواتر جەبەلە چوو لە میصر نیشتەجێ بوو و لەوێ مایەوە.[14]
جەبەلە لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا لەگەڵ موعاویەى كوڕی خدیجدا لە فەتحى ئەفریقیادا بەشدارى كرد.[15]
جەبەلەى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی مالیكی كوڕی جەبەلەى كوڕی صفارەی لەخمى دارییە، لەگەڵ هاتنى وەفدى دارییەكان بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەبەلەش لەگەڵ داریەكان هات ئەو كات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە تەبووك دەگەڕایەوە.[16]
جەبەلەى كوڕی ئەبووكەریب(رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی ئەبووكەریبی كوڕی قەیسە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[17]
جەبەلەى كوڕی ئەزرەق(رضي الله عنه)
ناوى جەبەلەى كوڕی ئەزرەقی حیمصیە،[18] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە[19] كە دەڵێت: جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە پاڵ دیوارێكدا نوێژی دەكرد بە دیوارەكە وردە كونى زۆری هەبوو، نوێژی نیوەڕۆ یان عەسری كرد، كاتێك لە دووەم ركاتدا دانیشت دووپشكێك پێوەى دا، ئەوەبوو لەهۆش خۆی چوویەوەو خەڵكەكە هاتن بە دەمیەوەو روقیەیان بۆ كرد، كاتێك هاتەوە هۆش فەرمووى (الله شفانى و لیس برقیتكم)،[20] (خوا شیفاى دام نەك بە روقیەكەى ئێوە شیفام بۆ هاتبێت).
جەبەلى كوڕی جەووال(رضي الله عنه)
ناوى جەبەلى كوڕی جەووالى كوڕی صەفوانى كوڕی بیلالى ذبیانى ثهعلەبیە، ئەم كەسە سەرەتا جوولەكە بوو و لەگەڵ بەنى قورەيضه بوو، دواتر موسڵمان بوو.[21]
[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 456.
[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 456.
[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 40.
[4] - أسد الغابة، ج1، ص 393.
[5] - سنن الترمذي، الرقم 3833، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2150، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 1369، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3815.
[6] - أسد الغابة، ج1، ص 393.
[7] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4916.
[8] - المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 894، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10227، قال الحافظ ابن حجر في الإصابة: حديث متصل صحيح الإسناد.
[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 457.
[10] - أسد الغابة، ج1، ص 394.
[11] - تاريخ المدينة، رقم الحديث، 1936.
[12] - تاريخ المدينة، رقم الحديث، 322.
[13] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2154.
[14] - أسد الغابة، ج1، ص 394.
[15] - أسد الغابة، ج1، ص 394.
[16] - أسد الغابة، ج1، ص 394-395.
[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 458.
[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 455.
[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 432.
[20] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2153، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف الجامع الصغير و زيادته، الرقم 3537.
[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 454.