دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (جەمیل) بووە

جەمیلى كوڕی مەعمەر (رضي الله عنه)

ناوى جەمیلی كوڕی مەعمەرى كوڕی حەبیبی جومەحیە،[1] یەكێك بوو لەو كەسانەى كە قسەى نەدەشاردەوە.[2]

جەمیل برایەكى هەبوو بە ناوى سوفیان كە یەكێك بوو لەوانەى زوو موسڵمان بوون و یەكێك بوو لە كۆچەرانى حەبەشە.[3]

جەمیل یەكێك بوو لە بەشداربوانى جەنگى فوججار و تەمەنیشی كەم نەبوو، واتە مێردمنداڵ نەبوو.[4]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب موسڵمان بوو، پرسیارى كرد چ كەسێك لەناو قوڕەیشدا زۆر قسە ئاشكرا دەكات؟ پێی وترا جەمیلی كوڕی مەعمەر، عومەریش چوو بۆ لاى و هەواڵی پێدا كە موسڵمان بووە و پێی وت بەڵام تكام وایە لاى كەس باسی نەكەیت و بیشاریتەوە، جەمیلیش تا توانى لەناو خەڵكدا هاوارى كرد عومەر وازى لە ئایینەكەى هێناوە.[5]

عەبدوڵاى كوڕی عومەر دەڵێت كە عومەر موسڵمان بوو وتى كێ زۆر قسە دەگێڕێتەوە، پێی وترا جەمیلی كوڕی مەعمەرى جومەحى، دەمەو بەیان بوو كە چوو بۆ لاى، منیش بەدوایدا چووم و تەماشام دەكرد بزانم چی دەكات، كە گەیشتە لاى جەمیل وتى ئەی جەمیل ئەرێ زانیوتە من موسڵمان بووم و چوومەتە ناو ئایینى موحەممەدەوە؟ عەبدوڵا دەڵێت سوێند بەخوا جەمیل هەركە ئەوەى بیست هەستا و عەباكەى بەدوایدا دەخشا و عومەریش بەدوایدا دەرۆیشت و منیش بەدوایاندا چووم، جەمیل گەیشتە لاى دەرگاى كەعبە، قوڕەیشیەكانیش لە كۆڕ و مەجلیسیاندا دانیشتبوون، جەمیل تا توانى هاوارى كرد ئەى خەڵكینە كوڕی خەططاب لەدین دەرچوو، عومەریش لە پشتیەوە دەیوت درۆ دەكات بەڵكو من موسڵمان بووم و شایەتى دەدەم هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و موحەممەدیش پێغەمبەری خوایە، خێرا قوڕەیشیەكان بەڕوویدا راپەڕین و عومەریش بەرگرى لەخۆی دەكرد و بەرامبەریان وەستایەوە... كابرایەك هات و وتى ئەوە چیە؟ وتیان عومەر لە دین هەڵگەڕاوەتەوە، ئەویش وتى وازبێنن كابرا شتێكی بۆ خۆی هەڵبژاردووەو دەستی لێ هەڵبگرن، بۆ وادەزانن بەنى عەددى هەروا وازتان لێدێنن چیتان دەوێت بەرامبەر عومەر بیكەن؟ ئیتر ئەوانیش وازیان لێهێنا.[6]

سەبارەت بە كاتى موسڵمانبوونى جەمیل دوو را هەیە، رایەك دەڵێت لە پاش فەتحى مەككە، رایەكیش دەڵێت لە پێش فەتحى مەككە بووە، ئەوكات تەمەنیشی زۆر بوو،[7] بەڵام ئەو رایە راستترە كە پێش فەتحى مەككە موسڵمان بووە چونكە لە فەتحى مەككەدا بەشدارى كرد.[8]

هەروەها لە غەزاى حونەینیشدا بەشدارى كرد و تیایدا یەكێك لە بەندكراوەكانى كوشت بەناوى زوهەیری كوڕی ئەبحور.[9]

جەمیل دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە فەتحى میصریشدا بەشدارى كرد، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا وەفاتى كرد و عومەریش بە مەرگى زۆر دڵگران بوو، ئەوكات تەمەنى جەمیل نزیك بە سەد ساڵ دەبوو،[10]جەمیل پاش وەفاتى خۆی نەوەى جێنەهێشت.[11]

 

 

جەمیلی كوڕی ردام (رضي الله عنه)

ناوى جەمیلى كوڕی ردامى عوذریە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى بۆ نووسی و نووسەری نامەكەش عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوو.[12]

 

جەمیلی كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى جەمیلی كوڕی عامیری كوڕی حوذەیمى جومەحى، برایەكى هەبوو بە ناوى سەعید، كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، بەڵام هیچ فەرموودەیەك لە جەمیلەوە نەگێردراوەتەوە.[13]



[1] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 247.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 433.

[3] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 630.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 500.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 500.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 6989، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 351، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 82 و قال الحافظ ابن كثير إسناده جيد قوي، صحيح السيرة النبوية للألباني(1/191).

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 433.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 500.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 433.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 500.

[11] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 631.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 499.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 500.

 2140
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.