حەكیمى كوڕی ئەشرەف(رضي الله عنه)
ناوى حەكیمى كوڕی ئەشرەفە، موقاتیلى كوڕی سولەیمان دەڵێت ئەم ئایەتە سەبارەت بە حەكیم دابەزى (وَالَّذِينَ يُتَوَفَّوْنَ مِنْكُمْ وَيَذَرُونَ أَزْوَاجًا وَصِيَّةً لِأَزْوَاجِهِمْ مَتَاعًا إِلَى الْحَوْلِ غَيْرَ إِخْرَاجٍ فَإِنْ خَرَجْنَ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِي مَا فَعَلْنَ فِي أَنْفُسِهِنَّ مِنْ مَعْرُوفٍ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ)، (ئەو پیاوانەی دەمردن لەئێوە و ژنانی هاوسەر بەجێ دەهێڵن (خوا فەرمانی كردووە) بە وەسیەت كردن بۆ ژنەكانیان تاساڵێك بەخێو بكرێن بێ ئەوەی دەربكرێن (لە ماڵی مێردیان) ئینجا ئەگەر خۆیان چوونە دەرەوە ئیتر هیچ گوناهتان لەسەر نی یە (ئەی كەس وكاری مێرد) لەوەی كە ئەو ژنانە دەیكەن دەربارەی خۆیان بەباشیی وەخوا زاڵی كار دروستە)، ئەم ئایەتە سەبارەت بە حەكیمى كوڕی ئەشرەف دابەزى كە لە مەدینە كۆچی دوایی كرد و دایك و باوك و دوو منداڵی خۆیشی مابوون، ئەوەبوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە دروستى میراتى دابەشكرد بەسەر دایك و باوكى و منداڵەكانیدا و هیچی نەدا بە ژنەكەى، بەڵام فەرمانى كرد خواردن و جل و بەرگى ژنەكەى بۆ وادەى دیاریكراو دابین بكرێت...ئەوەش پێش دابەزینی ئایەتى میرات بوو.[1]
حەكیمى كوڕی ئومەییە (رضي الله عنه)
ناوى حەكیمی كوڕی ئومەییەى كوڕی حارثهیە، حەكیم هەر لە سەردەمى نەفامیشدا رێگری دەكرد لە لاسارەكانى قورەیش و تەمبێی دەكردن، ئەمەش رەزامەندى قورەیشیەكانى لەسەر بوو.[2]
حەكیم كچێكی هەبوو بە ناوى خوەیلە كە هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[3]
كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى ئەوفا.[4]
حەكیم زۆر زوو موسڵمان بوو،[5] حەكیم رێگری لە هۆزەكەى دەكرد لەوەى دژایەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بكەن و هۆشیارى پێدەدان كارى وا نەكەن.[6]
حەكیمى كوڕی حارثى طائیفی (رضي الله عنه)
ناوى حەكیمی كوڕی حارثى طائیفیە، ئیبن عەبباس دەڵێت ئەوەى بە خۆی و ژن و منداڵیەوە كۆچی كرد بۆ مەدینەو لەوێ مرد و ئایەتى (والذين يتوفون منكم...)ى لەسەر دابەزى ئەم هاوەڵەیە،[7] بەڵام موقاتیل پێی وایە ئەو ئایەتە سەبارەت بە حەكیمی كوڕی ئەشرەف دابەزیوە.
حەكیمی كوڕی حەزن (رضي الله عنه)
ناوى حەكیمی كوڕی حەزنى كوڕی ئەبی وەهبە، دایكی ناوى فاطيمهى كچی سائیبی مەخزوومیە، مامى سەعیدی كوڕی موسەییبە،[8] ئەم هاوەڵە لە رۆژی فەتحى مەككەدا لەگەڵ دایك و باوكیدا موسڵمان بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و لەو جەنگەدا شەهید بوو.[9]
حەكیمی كوڕی طهلیق(رضي الله عنه)
ناوى حەكیمى كوڕی طهلیقى كوڕی سوفیانى ئومەویە، ئەم هاوەڵە پاش فەتحى مەككە موسڵمان بوو و یەكێك بوو لە دڵراگیراوان، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى غەزادا سەد وشتری پێ بەخشی.[10]
حەكیمی كوڕی عامر(رضي الله عنه)
ناوى حەكیمی كوڕی عامرى عەبدى موحاریبیە، یەكێك بوو لە ئەندامانى وەفدى عەبدولقەیس كە هاتنە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).
[1] - تفسير مقاتل بن سليمان، ط1، دار الكتب العلمية (بيروت-2003م)، ج1، ص 127.
[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 111.
[3] - السير ةالنبوية لابن هشام، دار الجيل(بيروت – 1411هـ)، ج5، ص 156.
[4] - سبل الهدى و الرشاد لمحمد بن يوسف الصاحلى الشامي، ج11، ص 141.
[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 111.
[6] - السير ةالنبوية لابن هشام، دار الجيل(بيروت – 1411هـ)، ج2، ص 126.
[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 112.
[8] - أسد الغابة، ج2، ص 60.
[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 113.
[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 114.