دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەمزەى كوڕی عەبدولموطه لیب(رضي الله عنه)

 

ناوى حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی هاشمی كوڕی عەبدمەنافە، مامی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، هەروەها براى شیری پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، گەورەى شەهیدانە،[1] پێشەواى پاڵەوان و شێری خوا حەمزەى مامى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كونیەكەى ئەبوو عومارە و ئەبوو یەعلاشە، لە قورەیشیەكانە لە هاشمیەكان.[2]

دایكی ناوى هالەى كچی ئوهەیبە.[3]

سەبارەت بە برایەتى شیری حەمزە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە كە ثوەیبەى مەولاى ئەبوو لەهەب شیری داوە بە حەمزەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم)،[4]رایەكیش دەڵێت حەلیمەتوسەعدیە شیری داوە بە هەردووكیان، حەلیمە پێش ئەوەى دایەنى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بكات و شیردەرى بێت، شیرى داوە بە حەمزەى مامى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دواى ئەوەش شیری داوە بە ئەبوو سەلەمەى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومى.[5]

خوشكێكی هەبوو بە ناوى عاتیكە كە پووری پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بوو و سەبارەت بە موسڵمانبوونى راجیایی هەیە.[6]

خوشكێكی تری ناوى صەفییە بوو كە باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتتابدا وەفاتى كرد، صەفییە مەرگى حەمزەى براى بینی و زۆر لەسەری سەخت بوو.[7]

خوشكێكی تری ناوى ئەروا بوو و سەبارەت بە موسڵمان بوونى ئەمیش راجیایی هەیە.[8]

خوشكێكی تری ناوى عاتیكە بوو[9] كە دووبارە سەبارەت بە موسڵمانبوونى ئەمیش راجیایی هەیە، چونكە تەنها یەكدەنگى لەسەر ئەوە هەیە كە صەفییە موسڵمان بووە.[10]

خوشكێكی تریشی ناوى ئومموحەكیم بوو كە نەگەیشتە سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و وەفاتى كرد.[11]

خوشكێكی تریشی ناوى بەڕرە بوو كە ئەمیش نەگەیشتە سەردەمى پێغەمبەرایەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[12]

خوشكێكی تریشی ناوى ئومەیمە بوو كە دایكی زەینەبی دایكی باوەڕداران بوو.[13]

برایەكى هەبوو بە ناوى حارث كە پێش هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد،[14] برایەكى تریشی ناوى زوبەیر بوو،[15] منداڵەكانى ئەم دوو برایە هاوەڵى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون.

برایەكى تری هەبوو بە ناوى عەبباس كە هەواڵگری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو لە مەككە[16]و دواتر لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوونى خۆی ئاشكرا كرد.

حەمزە دوو ساڵ پێش لەدایكبوونى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو.[17]

حەمزە ژنێكی هەبوو بە ناوى خەولەى كچی قەیس كە لە پشتیوانەكان بوو.[18]

كوڕێكی هەبوو بە ناوى عومارە كە كونیەی حەمزە بەم كوڕەیەوە بوو، كوڕێكی تریشی ناوى یەعلا بوو.[19]

حەمزە كچێكی هەبوو بە ناوى ئومامە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داوتر دایە لاى جەعفەرى مامى تا لاى ئەو بمێنێتەوەو دواتر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مارەى كرد لە سەلەمەى كوڕی ئومموسەلەمە.[20]

كچێكی تری هەبوو بە ناوى فاطيمه كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جار جارە شتی بۆ دەنارد.[21]

ئیبن عەبباس دەڵێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وترا بۆچی كچەكەى حەمزە بە هاوسەر ناگریت؟ ئەویش فەرمووى (ئەو كچی براى شیریمە)[22] واتە حەمزە براى شیری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.

 

 

موسڵمان بوونى:

حەمزە لە ساڵی دووەمى پێغەمبەرایەتیدا موسڵمان بوو.[23]

جارێك ئەبووجەهل لاى صەفا رێی گرت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئازارى دا و قسەی پێ وت، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، خزمەتكارێكی عەبدوڵاى كوڕی جودعانیش لە سەروو صەفاوە لە شوێنی خۆی بوو گوێی لەوە بوو، ئینجا چوو و چوویە ناو كۆڕی قوڕەیشیەكان لاى كەعبەو لەگەڵیان دانیشت، هێندەى نەبرد حەمزە بە كەوانەكەیەوە لە راوەوە هاتەوە، ئەوكات حەمزە هێشتا بێباوەڕ بوو، ئافرەتە خزمەتكارەكە چوو بۆ لاى حەمزە، ئەوكات پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەستابوو تا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ئافرەتەكە بە حەمزەى وت ئاى ئەگەر ئەتبینی ئەبولحەكەم تۆزێ لەمەوبەر چی كرد بە موحەممەدى برازات، ئازارى دا و قسەی پێ وت، ئینجا چوو تا چوویە كۆڕی قورەیش لاى كەعبەو لەگەڵیان دانیشت و قسەی لەگەڵ موحەممەد نەكرد، حەمزە تووڕەیی دایگرت و بێ ئەوەى لاى هیچ كەس رابوەستێت چوو تا تەوافێكی كەعبە بكات و هیوادار بوو ئەبوو جەهل ببینێت، كە چوویە مزگەوت بینی ئەبووجەهل لەناو خەڵكەكەدا دانیشتووە، خێرا چوو بۆی و كە گەیشتە لاى بە كەوانەكەى توند دای بەسەر سەری ئەبووجەهلدا، چەند كەسێ لە بەنى مەخزووم هەستان تا بەرگری لێبكەن، وتیان ئەی حەمزە هەرچی سەیر دەكەین تۆیش لە ئایین هەڵگەراویتەتەوە، حەمزەش وتى جا كێ و چی شتێ هەیە رێگرم بێت، بەڵێ، من شایەتى دەدەم موحەممەد نێردراوى خوایە و ئەوەى دەیڵێت حەقە، سوێند بەخوا دەست هەڵناگرم، دەی ئەگەر راست دەكەن رێگریم لێ بكەن، ئەبوو جەهلیش وتى واز بهێنن لە ئەبوو عومارە من زۆر بە ناشیرینی قسەم وتووە بە برازاكەى، بەوە ئازارى قوەریشیش بۆ سەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كەمى كرد.[24]

 كاتێك حەمزە موسڵمان بوو ئیتر قورەیشیەكان زانییان حەمزە بەرگری لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەكات، بۆیە دەستیان هەڵگرت له هەندێ لەو ئازاردانەى كە ئەنجامیان دەدا.[25]

ژیانى حەمزە لە مەدینە:

ئینجا حەمزە كۆچی كرد بۆ مەدینەو لەوێ مایەوە.[26]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان زەیدی كوڕى حارثهو حەمزەوە.[27]

یەكەم سریە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ناردى بە سەركردایەتى حەمزە بوو، ئەوەش لە مانگى رەمەزان و پاش حەوت مانگ بوو لە كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى سپی دایە دەستى و سی كەس لە هاوەڵە كۆچەریەكانى لەگەڵ نارد، حەمزە دەیویست رێ بگرێت بەو كاروانەى قوڕەیش كە لە شامەوە بەرەو مەككە دەهاتەوە، كە گەیشتنە سەیفولبەحر هەردوو لا بەیەكگەیشتن، بەڵام مەجدى كوڕی عەمرى جوهەنى كە هاوپەیمانى هەردوو لا بوو، كەوتە نێوانیان و نەیهێشت جەنگ رووبدات، بۆیە ئەبووجەهل و هاوەڵانى بەرەو مەككەو حەمزەو هاوەڵانیشی بەرەو مەدینە گەڕانەوە.[28]

هەروەها لە غەزاى ئەبوائیشدا كە لە مانگى صەفەر روویدا و پاش دوانزە مانگ لە كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، حەمزەش تیایدا بەشدارى كرد و ئالآكەى بە دەستەوە بوو، ئەوانەى تیایدا بەشدار بوون هەموویان لە كۆچەران بوون، ماوەى پانزە شەو لە مەدینە دەرچوون و جەنگ رووی نەداو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان گەڕانەوە بۆ مەدینە.[29]

هەروەها لە غەزاى ذیلعشیرەدا كە لە مانگى جومادیلئاخیرەى ساڵی دووەم و پاش شانزە مانگ لە كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) روویدا، حەمزە بەشدارى كرد و ئالآكەى بەدەستەوە بوو، ئالآكەش ئالآیەكى سپی بوو، سەد و پەنجا كەس یان دوو سەد كەس لە كۆچەران بە ویستى خۆیان بەشدار بوون تیایداو بڕیار بوو رێ بگرن بە كاروانێكی قوڕەیشیەكان كە بەرەو شام دەچوو، كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان گەیشتنە ذەلعشیرە لە نێوان یەنبوع و مەدینەدا، زانییان كاروانەكە چەند رۆژێك پێشتر چووە.[30]

 

بەشدارى لە جەنگى بەدردا:

حەمزە لە جەنگى بەدردا بەشدارى كرد و رۆڵێكی گەورەى تێدا بینی.[31]

حەمزە كە لە جەنگدا بەشدارى دەكرد بڕێ مووى نەعامەى پێوە بوو.،[32] لە جەنگى بەدریشدا ئەوەى پێوە بوو.[33]

سەرەتاى جەنگەكە جەنگى زۆرانبازى بوو، واتە كەسێك بەرامبەر بە كەسێك، ئەوەبوو شەیبەو عوتبەى كوڕانى رەبیعەو وەلیدی كوڕی عوتبە لە بێباوەڕان هاتنە پێشەوەو داواى جەنگى بەرامبەرییان كرد، ئەوەبوو سێ لە هاوەڵانى پشتیوانان هاتنە پێشەوە، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەزى نەدەكرد لە جەنگى یەكەمدا پشتیوانان لە پێشەوە بن، بۆیە داواى كرد بگەڕێنەوەو نزاى خێری كرد بۆیان، قورەیشیەكان وتیان ئەی موحەممەد كەسانى شیاو لە خزمانمان بنێرە بۆمان، ئەوەبوو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد لە كۆچەران تا بچنە پێشەوە، حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیب و عەلى كوڕی ئەبوو طالیب و عوبەیدەى كوڕی حارث چوونە پێشەوە، عوتبە وتى قسە بكەن تا بتانناسینەوە، حەمزە وتى من حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیبم، شێری خوا و پێغەمبەرەكەى، عوتبەش وتى هاوبەرامبەرێكی چاك و رێزدار، منیش شێری هاوپەیمانانم، ئەى ئەو دوانە كێن لەگەڵت؟ ئەویش وتى عەلى و عوبەیدە، هەمان وەسفی ئەوانیشی كرد، ئینجا بە وەلیدی كوڕی وت هەستە، بەرامبەر بە عەلى وەستا، جەنگان و هێندەى نەبرد عەل وەلیدی كوشت، ئینجا حەمزە عوتبەی كوشت، ئینجا شەیبە بەرامبەر بە عوبەیدە وەستا، عوبەیدەش بە تەمەنترینی هاوەڵانى ئەو جەنگە بوو، شەیبە داى لە پێی عوبەیدەو قاچی بڕی، خێرا حەمزە و عەلى چوون بۆ شەیبەو كوشتیان.[34]

یەكێك لەو بێباوەڕانەى لە جەنگى بەدردا كوژرا سوفیانى كوڕی عەبدولئەسەد بوو كە بە دەستى حەمزە كوژرا،[35] هەروەها هەریەك لە شیبەى كوڕی رەبیعەو طوعەیمەى كوڕی عەددى كوشت.[36]

هەروەها حەمزە لە غەزاى بەنى قەینووقاعدا بەشدارى كرد و ئالآهەڵگری ئەو غەزایە بوو، ئالآكەشی ئالآیەكى سپی بوو، ئەوەبوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مانگى شەوال و پاش بیست مانگ لە كۆچی بۆ مەدینە و پاش غەزاى بەدر گەمارۆی ئەم جوولەكانەى دا، ئەمەش لەبەر ناپاكیەك كە نواندیان، ترسێكی گەورە نیشتە دڵی ئەم جوولەكانەو ناچار بوون ملكەچی فەرمانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بن و سامانەیان جێبهێڵن و بە خۆیان و ژن و مناڵیانەوە مەدینە جێبهێڵن.[37]

 

 

بەشدارى لە جەنگى ئوحوددا:

لە جەنگى ئوحوددا حەمزە لە بەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو و بە دوو شمشێرەوە دەجەنگا و دەیوت من شێری خوام،[38] دەچووە پێش پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و پشت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دەجەنگا،[39] خواى گەورە لەسەر دەستى حەمزە سی و یەك بێباوەڕی لەناو برد.[40]

كۆیلەیەك بە ناوى وەحشی حەمزەى شەهید كرد،[41] وەحشی دەڵێت من لاى جوبەیری كوڕی موطعيم بووم، جا جوبەیر لە غەزاى بەدردا مامى كوژرابوو، پێی وتم ئەگەر مامى موحەممەد بكوژیت ئەوە ئازادت دەكەم، ئەوەبوو لە رۆژی جەنگى ئوحوددا منیش چووم بۆ جەنگ، سیباع وتى كەس هەیە جەنگى بەرامبەریم لەگەڵ بكات؟ حەمزە هات بۆی و قسەیەكى ناشیرینی وت بە سیباع و وتى ئایا دژایەتى خواو پێغەمبەرى خوا دەكەیت؟ ئینجا هەڵیكوتایە سەری،[42] تاكە خەم و خەیاڵم ئەوە بوو ئازاد ببم، بۆیە چاوم لەسەر حەمزە بوو،[43] لە پشت بەردێكەوە خۆم بۆ مەلآس دا تا دەرفەتى چاكم دەست كەوت و بە رمەكەم لێمدا و دام لە ورگى،[44] حەمزە هەوڵیدەدا هەستێتەوە بەڵام نەیتوانى و كەوت، منیش گەڕامەوە بۆ مەككەو ئازاد كرام، ئینجا كە فەتحى مەككە كرا منیش چووم بۆ طائیف و لەوێ مامەوە، كاتێك خەڵكی مەككە رێككەوتنیان لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كرد بارم سەخت بوو و دەموت باشە مل بۆ كوێ بنێم؟ لەو خەمەدا بووم كە كەسێك منى بینی و وتى چیە وا خەمبار دەتبینم؟ منیش وتم وەلآ من مامى موحەممەدم كوشتووەو وا دەبینم ئەم خەڵكەش لەگەڵی رێككەوتون و نازانم بەرەو كوێ راكەم؟ ئەویش وتى بەخاو هەركەس بچێت بۆ لاى و شایەتومان بهێنێت ئەو نایكوژێت، منیش خێرا چوومە مەدینەو چوومە بەردەمى و بە پێوە وەستابووم و ئەویش دانیشتبوو، سەری بەرز كردەوەو فەرمووى تۆ وەحشیت؟ وتم بەڵێ، ئینجا شایەتومانم هێنا،[45] فەرمووى تۆ حەمزەت كوشت؟ وتم مەسەلەكە وایە كە بیستووتە؟[46] ئینجا فەرمووى ئادەى بۆم باس بكە چۆن حەمزەت كوشت ماڵ وێران؟ منیش بەسەرهاتەكەم بۆ گێڕایەوە،[47] پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فهل تستطيع أن تغيب عني وجهك)،( دەى ئەتوانیت دەموچاوتم لێ دوور بگریت)، منیش خۆم دوور دەگرت لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا وەفاتى كرد، ئینجا كە سەردەمى ئەبووبەكر هات و سوپاى نارد بۆ یەمامە، منیش وتم ئەچم تا موسەیلەمە بكوژم بەوە حەقی كوشتنەكەى حەمزە بكەمەوە،[48] لەگەڵ خەڵكەكە چووم و موسەیلەمەم كردە چاو،[49]بینیم كەسێك لاى كەلەبەرێكی  دیوارێك وەستاوەو دەڵێیت وشترە رەشەیەكى پرچ بلآوە،[50] لەگەڵ یەكێك لە پشتیوانان هەڵمانكوتایە سەری و بە هەمان ئەو رمەى كە حەمزەم پێ كوشتبوو دام لە موسەیلەمە،[51] رمەكەم دا لە نێوەندى مەمكەكانى و لە پشتەوە رمەكە دەرچوو، پشتیوانیەكەش بە شمشێر لێیداو داى لە سەری،[52] ئیتر خوا زاناترە كاممان كوشتمان، ئەگەر من كوشتبێتم ئەوە چاكترین كەس و خراپترین كەسیشم كوشتون[53](واتە حەمزەو موسەیلەمە).

وەحشی كاتێك لە جەنگى ئوحوددا تەرمەكەى حەمزەى بینى چوو بە رمێك یان بە خەنجەرێك سكی حەمزەى هەڵدڕی،[54] ئینجا جەرگى حەمزەى هەڵگرت و بردى بۆ هیند، چونكە ئەو ئافرەتە هەر لە كاتى كوژرانى باوكیەوە لە جەنگى بەدردا بە دەستى حەمزە نەزرى كردبوو جەرگى حەمزەى دەست بكەوێت.،[55] ئەوەبوو كە جەرگەكە كەوتە دەست هیند، هیند جەرگەكەى جوى و دواتر تفیەوە، ئینجا هاتە لاى تەرمەكەى حەمزەو تەرمەكەى زیاتر شێواند.[56]

كوژرانەكەى حەمزەش لە رۆژی شەممەو لە نیوەى مانگى شەوالدا بوو.[57]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوویە سەر تەرمەكەى حەمزەو بینی چی لێهاتووە و چۆن تەرمەكەى شێوێنراوە، فەرمووى (لولا أن تجد صفية في نفسها لتركته حتى تأكله العافية حتى يحشر من بطونها[58] (ئەگەر دڵی صەفیە بەرگەى بگرتایەو پێی دڵتەنگ نەبوایە بە دڵنیاییەوە تەرمەكەیم وا جێدەهێشت تا گۆشت خۆرەكان بیانخواردایە تا لە رۆژی دواییدا لەناو سكى ئەواندا حەشر بكرایە)، ئەوەبوو لە پێستى پڵنگێكدا كفنى كرد،[59] هێندە كەم بوو كە كاتێك سەری پێ دادەپۆشی قاچەكانى دەردەكەوتن و كاتێكیش قاچەكانى دادەپۆشی سەری دەردەكەوت،[60] ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى سەری دابپۆشن و قاچەكانیشی بە گوژاڵك داپۆشن، ئەو رۆژە جل و بەرگ كەم بوو و كوژراویش زۆر بوو، بۆیە كەس و دوو كەس و سێ كەس لە یەك بەرگدا كفن دەكران.[61]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە تەرمى حەمزەى بینی وا شێوێنرا بوو، فەرمووى (ئەگەر سەركەوم بەسەر قورەیشدا بە دڵنیاییەوە تەرمى سی دانەیان دەشێوێنم)،[62] هاوەڵانیش كە بینییان پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چەندە دڵگرانە، دەیانوت ئەگەر سەركەوین بەسەریاندا وا تەرمیان دەشێوێنین هیچ عەرەبێك شتی واى نەكردبێت،[63] ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (وإن عاقبتم فعاقبوا بمثل ما عوقبتم به).[64]

صەفییەى خوشكی حەمزە گەیشت بە عەلى و زوبەیر و هەواڵی حەمزەى پرسی لێیان، ئەوانیش وایان نیشاندا كە هەواڵی نازانن، صەفییە چوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (من دەترسم صەفیە عەقڵی لەدەست بدات) بۆیە دەستى خستە سەر سنگى صەفییە و نزاى بۆ كرد و داواى كرد بگەڕێتەوە، صەفییەش دەگریا.[65]

صەفییە كە هات دوو جلى حەمزەى پێ بوو، كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) صەفییەى بینی حەزى نەكرد صەفییە حەمزە بەو شێوازە ببینێت، بۆیە زوبەیری نارد تا رێ نەدات حەمزە ببینێت، كاتێك زوبەیر گەیشتە لاى صەفییە وتى دایە گیان راوەستە، ئەویش وتى لەسەر رێم لاچۆ، كاتێك بینی صەفییە واز ناهێنێت وتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) منى نارد بۆ لات، صەفییە كە ئەوەى بیست خێرا وەستا و دوو جلەكەى گرتە دەست و جلێكیان بۆ كفنى حەمزە بوو و ئەوی تریشیان بۆ كفنى پشتیوانییەك بوو.[66]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نازناوى شێرى خوا و گەورەى شەهیدانى بەهەشتیشی لێناوە.

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (سيد الشهداء حمزة بن عبدالمطلب و رجل قام إلى إمام جائر فأمره و نهاه فقتله[67] (گەورەى شەهیدان حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیبە، هەروەها پیاوێك كە بچێتە لاى دەسەلآتدارێكی ستەمكار و فەرمان بە چاكەو رێگری لە خراپەی لێ بكات و دەسەلآتدارەكەش ئەو پیاوە بكوژێت).

سەبارەت بەوەى ئایا نوێژی لەسەر كراوە، هەرچەندە بڕێ دەق هاتووە كە حەمزە نوێژی لەسەر كراوەو لەلایەن هاوەڵانەوە حەفتا جار نوێژی لەسەر كراوە، بەڵام بە پێی گێڕانەوەى صەحیح كە لە بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هەموو شەهیدانى ئوحودى فەرموو (من لە رۆژی دواییدا شایەتم بۆ ئەمانە) بۆیە فەرمانى كرد بە خوێنەكەیانەوە ئەسپەردە بكرێن و نەشۆردرێن و نوێژیشیان لەسەر نەكرا.[68]

هەریەك لە حەمزەو عەبدوڵاى خوشكەزاى (عەبدوڵاى كوڕی جەحش) لە یەك گۆڕدا ئەسپەردە كران.[69]

هەریەك لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى و زوبەیر دابەزینە ناو گۆڕەكەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە لێوارى گۆڕەكەدا دانیشتبوو.[70]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى ئوحود گەڕایەوە گوێی لێبوو ئافرەتانى بەنى عەبدولئەشهەل بۆ كوژراوەكانیان دەگریان، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵام حەمزە كەس نیە بۆی بگری)، ئەوەبوو ئافرەتانى پشتیوانان هاتن و دەگریان بۆ حەمزە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە لەخەو هەستا، هەستایە سەرپێ و فەرمووى (ویحهن ما انقلبن بعد؟ مروهن لینقلبن و لا یبكین على هالك بعد الیوم)،[71] (قوڕیان بەسەر، هێشتا نەگەڕوانەتەوە؟ بڕۆن بڵێن با بگەڕێنەوەو لەمڕۆ بەدواوە بەسەر هیچ مردوویەكدا نەگرین).

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو (لما أصيب إخوانكم بأحد، جعل الله أرواحهم في جوف طير خضر، ترد أنهار الجنة، تأكل من ثمارها، وتأوي إلى قناديل من ذهب معلقة في ظل العرش، فلما وجدوا طيب مأكلهم ومشربهم ومقيلهم، قالوا من يبلغ إخواننا أنا أحياء في الجنة نرزق، لئلا يزهدوا في الجهاد ولا ينكلوا عن الحرب؟ فقال الله تبارك وتعالى: أنا أبلغهم عنكم، وأنزل الله ولا تحسبن الذين قتلوا في سبيل الله أمواتا)،[72] (كاتێك براكانتان لە ئوحود كوژران، خواى گەورە رۆحى ئەوانى خستە ناو سكی باڵندەى سەوزەوە، دەیانبەنە لاى رووبارەكانى بەهەشت و لەوێ لە بەرهەمەكانى بەهەشت دەخۆن و دەگەڕێنەوە بۆ لاى چراى زێڕینى هەڵواسراو لە سێبەرى عەرشدا، كاتێك خۆشی خواردن و خواردنەوەو شوێنی حەوانەوەیان بەدیكرد وتیان كێ هەواڵ بدات بە براكانمان كە ئێمە لە بەهەشتداین و زیندووین و رۆزى دەدرێین، تا ئەوانیش دوور نەگرن لە جیهاد و لە جەنگ نەترسن، خواى گەورە فەرمووى من ئەوە دەگەیەنم، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند (وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ، فَرِحِينَ بِمَا آتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ وَيَسْتَبْشِرُونَ بِالَّذِينَ لَمْ يَلْحَقُوا بِهِمْ مِنْ خَلْفِهِمْ أَلَّا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ، يَسْتَبْشِرُونَ بِنِعْمَةٍ مِنَ اللَّهِ وَفَضْلٍ وَأَنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُؤْمِنِينَ)، (هەرگیز وا گومان مەبەن ئەوانەی كە كوژران لە ڕێ ی خوادا مردوون (نەخێر وانیە) بەڵكو ئەوانە زیندوون لای پەروەردگاریان ڕۆزی دەدرێن، شادمان و دڵخۆشن بەوەی كە خوا پێ ی بەخشیوون لە بەهرە و فەزڵی خۆی شادمانن بەوانەی (برا تێكۆشەرەكانیان) كە هێشتا نەگەیشتوون پێیان لەدوای (شەهیدبوونی) ئەمان نەهیچ ترسێكیان لەسەرە و نە ئەوانە هیچ غەم و خەفەتێك دەخۆن، شادمان و دڵخۆشن بەو بەهرەو زیادە فەزڵەی لە لایەن خواوە (پێیان دراوە) وە بەڕاستی خوا پاداشتی بڕواداران ون ناكات)).

ئەبی مەرثهد فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە حەمزە بۆی گێڕاوەتەوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (الزموا هذا الدعاء اللهم إني أسئلك باسمك الأعظم و رضوانك الأكبر)،[73] (بەردەوام ئەم نزایە بكەن، خوایە من داوات لێ دەكەم بە ناوى گەورەو بالآت و بە رەزامەندى گەورەو بالآت).

لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا موعاویە فەرمانى كرد كانیاوێك رابكێشرێت، ئەوانەى ئیشەكەیان دەكرد نامەیان نووسی بۆ موعاویە كە هەر دەبێت ئەو جۆگەیە بەناو گۆڕستانى ئوحوددا بڕوات، ئەویش نامەى نووسی بۆیان گۆڕەكان هەڵدەنەوە، جابیر دەڵێت تەرمى شەهیدەكانم دەدى بەسەر شانى ئەو خەڵكەوە بوون دەتوت خەوتون، پاچێك بەر قاچی حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیب كەوت، خوێن لە قاچی هات.[74]

دواى مردنى منداڵەكانى حەمزە هیچ وەچەیەك لە حەمزە نەمایەوە،[75] بۆیە هەركەس خۆی بباتەوە سەر رەچەڵەكى حەمزە راست ناكات.



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 66.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 172.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 8.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 121.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 108.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 201.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 187.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 10.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 272.

[10] - أسد الغابة، ج7، ص 10

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 273.

[12] - نفس المصدر.

[13] - نفس المصدر.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 199.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 381.

[16] - صحيح ابن حبان، الرقم 4600، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17157، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12166، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3383، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3124.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 122.

[18] - أسد الغابة، ج7، ص 107.

[19] - أسد الغابة، ج4، ص 148.

[20] - أسد الغابة، ج7، ص 24.

[21] - أسد الغابة، ج7، ص 237.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 4812، صحيح مسلم، الرقم 2702، سنن ابن ماجة، الرقم 1934، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 13042، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5294، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1881، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2853.

[23] - أسد الغابة، ج2، ص 66.

[24] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4831.

[25] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 172.

[26] - أسد الغابة، ج2، ص 67.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 122.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 6.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 8.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 9.

[31] - أسد الغابة، ج2، ص 67.

[32] - أسد الغابة، ج2، ص 68.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 10.

[34] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 17.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 75.

[36] - نفس المصدر، ج2، ص 122.

[37] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 29.

[38] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4828، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36066، صححه الذهبي في التلخيص.

[39] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36066.

[40] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 2374، مسند الشاميين للطبراني، الرقم 1147، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1715.

[41] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 42.

[42] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[43] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1691.

[44] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[45] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16915.

[46] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[47] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16915.

[48] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[49] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16915.

[50] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[51] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16915.

[52] - صحيح البخاري، الرقم 3862، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15759.

[53] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم2878، مسند الطيالسي، الرقم 1396، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16915.

[54] - مصنف إبن أبي شيبة، الرقم 36066.

[55] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 179.

[56] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 10.

[57] - أسد الغابة، ج2، ص 68.

[58] - سنن أبي داود، الرقم 2745، سنن الترمذي، الرقم 973، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12058،

[59] - المستدرك على الصحيحين، قال الذهبي صحيح على شرط مسلم، كما صححه الألباني.

[60] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 1285، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36068.\، سنن الدارقطني، الرقم 3682، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12058، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2870،  صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 1016.

[61] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36068، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 1016.

[62] - سنن الدارقطني، الرقم 3681، وفيه عبد العزيز بن عمران و هو ضعيف، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 10841.

[63] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1163.

[64] - سنن الدارقطني، الرقم 3681، وفيه عبد العزيز بن عمران و هو ضعيف، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 10841.

[65] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4848، قال الذهبي سمعه أبوبكر بن عياش من يزيد و هما ليسا بمعتمدين.

[66] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1170.

[67] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4837، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4172، صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 374، لكن ضعفه الذهبي في سير أعلام النبلاء، ج1، ص 173.

[68] - صحيح البخاري، الرقم 1291، صحيح ابن حبان، الرقم 3256، سنن ابن ماجة، الرقم 1509، سنن الترمذي، الرقم 993، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2058، سنن الدارقطني، الرقم 3685، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6408.

[69] - أسد الغابة، ج2، ص 70.

[70] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 10.

[71] - سنن ابن ماجة، الرقم 1586، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4836، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 11914، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6743، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 5488، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 1591 حسن صحيح.

[72] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2381، قال الذهبي صحيح على شرط مسلم، سنن أبي داود، الرقم 2171، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2298، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17221، حسنه الألباني في صحيح الترغيب و الترهيب، الرقم 1378.

[73] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2888، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1724، ضعفه الألباني في ضعيف الجامع الصغير و زيادته ، الرقم 1159.

[74] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 11.

[75] - أسد الغابة، ج5، ص 543.

 1096
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.