دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەمنە (رضي الله عنها)

حەمنەى كچی جەحش (رضي الله عنها)

ناوى حەمنەى كچی جەحشی كوڕی ریابی كوڕی یەعمەرى ئەسەدیە، خوشكی زەینەبی كچی جەحشی خێزانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دایكی باوەڕدارانە، دایكی ناوى ئومەیمەى كچی عەبدولموطهلیبە كە پووری پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)،[1] ئومەیمەى دایكی حەمنە تا سەردەمى خەیبەر مایەوەو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە خەیبەردا چل كۆڵ خورماى پێدا.[2]

برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵاى كوڕی جەحش كە پێش ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەمەوە موسڵمان بوو و بەشدارى هەردوو كۆچی حەبەشەی كرد.[3]

برایەكى تری ناوى عەبد بوو كە بە ئەبوو ئەحمەد ناسرابوو، ئەویش لە كۆچەرانى حەبەشە بوو و دواتر هاتە مەدینەو هاوەڵی نزیكی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[4]

هەریەك لە حەمنەو عەبدوڵاى براى و هەردوو براكەى تریان ئەبوو ئەحمەد و عوبەیدوڵا و زەینەبی خوشكیان كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، ئەوەبو لەوێ مێردەكەى زەینەب بوو بە مەسیحی و لەوێش بە مەسیحیەتى مرد.[5]

حەمنە سەرەتا ژنی موصعەبی كوڕی عومەیر بوو، ئەوەبوو لە جەنگى ئوحوددا موصعەب شەهید بوو.[6]

حەمنە دەڵێت –لە جەنگى ئوحوددا- پێم وترا براكەت كوژرا، وتم إنا لله و إنا إلیە راجعون، وتیان مێردەكەشت كوژرا، وتم ئاى چەند بەداخ و خەفەتە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إن للزوج من المرأة لشعبة ما هي لشيء[7] (ئافرەت هاوخۆبوونێكی هەیە بۆ پیاو كە بۆ كەسی تر نیەتى)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە حەمنەى فەرموو بۆچی وات وت بۆ موصعەبی مێردت؟ ئەویش وتى ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئاخۆ هەتیوكەوتنى منداڵەكەیم هاتەبەرچاو.[8]

حەمنە لە موصعەب كچێكی هەبوو بە ناوى زەینەب.[9]

حەمنە خۆیشی لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و ئاوی دەگێڕا بۆ هاوەڵان و برینپێچی بریندارانى دەكرد و یارمەتى دەدان.[10]

دواتر حەمنە شووی كرد بە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا بوو و منداڵێكیان بوو بە ناوى موحەممەد كە دواتر لە جەنگى جەمەلدا طهلحەو موحەممەدى كوڕیشی كوژران.،[11] كوڕێكی تریشیان هەبوو بە ناوى عیمران كە فەرموودەى لە حەمنەى دایكیەوە گێڕاوەتەوە.[12]

حەمنە كاتێك موحەممەدى بوو بردى بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئەویش ناوى نا موحەممەد.[13]

حەمنە یەكێك بوو لەو كەسانەى كە لە مەسەلەى ئیفكدا تێكەوت، مەسەلەى ئیفكیش ئەو بوختانە بوو كە كرا بۆ دایكی باوەڕداران عائیشە گوایە تووشی زینا بووە، ئەوەبوو چەند هاوەڵێكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هەڵە كەوتنە ئەو هەڵەوە، ئەوانیش بریتی بوون لە حەسسانى كوڕی ثابتى شاعیری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ميسطهح و حەمنە، خواى گەورە لەو بارەوە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە:

(إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ)

(بێگومان كەسانێ كە ئەو بوهتانەیان (بۆ عائیشەی خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەڵبەست دەستەیە بوون لە خۆتان (با مونافیقیشیان تیا بوو) وا مەزانن ئەو (بوهتانە) شەڕ و خراپە بۆتان (وانی یە) بەڵكو خێرو چاكەیە بۆتان بۆ هەریەك لەوانە هەیە لەتاوان بەو ئەندازەی هەوڵی داوە (لەو بوهتانەدا) وە ئەو كەسەیان كە ‌بەشی گەورەی بوختانەكەی گرتە ئەستۆ (كە عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەی بوو) (لە ڕۆژی دواییدا) بۆ ئەوە سزای هەرە گەورە)،[14] بۆیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەشتا جەلد هەشتا جەلد درا لەو سێ كەسە.[15]

عائیشە دەڵێت لەناو خێزانەكانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی كچی جەحش ركەبەرم بوو، كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بەو مەسەلەیە پرسیارى لێكرد زەینەب وتى بەخوا تەنها خێر دەزانم، بەوە خوا لەو بوهتانە پاراستی، بەڵام حەمنەى خوشكی لەبەر خوشكەكەى بەرامبەرم وەستاو تێكەوت.[16]

حەمنە لە مزگەوتى مەدینە لە دواى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) نوێژی دەكرد، جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بینی لەنێوان دوو پایەى مزگەوتدا پەتێك بەستراوە، فەرمووى ئەو پەتە چیە. وتیان ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەمنەى كچی جەحش تا دەتوانێت بەپێوە نوێژ دەكات، كە تواناى نەما خۆی دەگرێت بەو پەتەوە، ئەویش فەرمووى ( با تا تواناى هەیە نوێژ بكات، كە تواناى نەما با دابنیشێت)،[17] بەڵام گێڕانەوەتى تر هاتووە كە دەڵێت دایكی باوەڕداران زەینەب وایكردووە، ئیبن حەجەر دەڵێت پێشدەچێت هەردووكیان وایان كردبێت.[18]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەردا سی كۆڵ خورماى دا بە حەمنە.[19]

رووداوى ئیفك لە غەزاى مورەیسیعدا روویدا لە ساڵی پێنجەمى كۆچیدا،[20] هاوكات حەمنە هەشتا جەلدەكەى لێدرا و بەوە تاوانەكەى لەسەر نەما، دواتر حەمنە هەر لە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لێی عاجز نەبوو، بەڵكو لە غەزاى خەیبەردا دواتر كە دەستكەوتەكانى خەیبەر دابەشكرا سی كۆڵ خورماى بەخشی بە حەمنە،[21] دەى غەزاى خەیبەریش لە ساڵی حەوتەمى كۆچیدا[22] بوو، واتە دوو ساڵ دواى رووداوى ئیفك.

بۆیە ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر ئەوەى موسڵمان دەكەوێتە هەڵەوەو هاوەڵانیش وەك موسڵمانانى تر كەوتونەتە هەڵەوەو تەوبەیان كردووەو بە پەیڕەوی ئەو حەددەى خوا دایناوە بۆ تاوانەكان رازى بوون و پاك بوونەتەوە.

 

حەمنەى كچی ئەبوو سوفیان (رضي الله عنها)

ناوى حەمنەى كچی ئەبوو سوفیانى كوڕی حەربە، ئوممو حەبیبە پێشنیازى كرد بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا بەهاوسەری بگرێت.[23]



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 78.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 45.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 195.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 531.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 195.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 78.

[7] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6971، سكت عنه الذهبي، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6724، سنن ابن ماجة، الرقم  1585، ضعفه الألباني في صحيحي و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 1590.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 241.

[9] - أسد الغابة، ج7، ص 148.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 586.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5575.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 566.

[13] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 608.

[14] - مشكل الآثار للطحاوى، الرقم 2494

[15] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4803، مشكل الآثار للطحاوى، الرقم 2494، تاريخ المدينة لابن شبة، الرقم 634.

[16] - صحيح مسلم، الرقم 5080.

[17] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6970، سكت عنه الذهبي، سنن أبي داود، الرقم 1130، قال الألباني صحيح دون ذكر حمنة.

[18] - فتح الباري، ج3، ص 36.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 241.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 153.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 241.

[22] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 586.

[23] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19305.

 2135
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.