دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (حەنظه لە) بووە

حەنظهلەی كوڕی حيذيم (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی حيذمی كوڕی حەنیفەى مالیكیە، كونیەكەی ئەبوو عوبەیدە،[1] هەم خۆی و باوكى و باپیریشی هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بون.[2]

حەنظهلە دەڵێت حەنیفەى باپیرم بە حيذیمی باوكمى وت كوڕەكانم بۆ كۆبكەرەوە دەمەوێت وەسیەتیان بۆ بكەم، ئەویش هەموویانى كۆكردەوە، حەنیفە وتى وەسیەتم بۆتان ئەوەیە ئەم هەتیوەى لە ماڵەكەمدایە سەد وشتری بۆ هەیە، حيذيم وتى بابە گیان من بیستوومە منداڵەكانت دەڵێن لاى باوكمان دەڵێین باشە، بەڵام كە مرد ئەوە دەكەین كە دەیكەین و وەسیەتەكەى ناهێنینە دی، ئەویش وتى دەی با داوەرى نێوان من و ئێوە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بێت، حيذيم وتى رازین، ئەوەبوو حيذيم و حەنیفەى باوكى چوون و حەنظهلەش لەگەڵیان بوو ئەوكات هێشتا منداڵ بوو و لە پشت باوكیەوە بوو، كە چوونە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامیان لێكرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبوو حيذيم بۆچی هاتویت؟ ئەویش وتى لەبەر ئەمە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا داى بەسەر رانى حيذیمدا، حەنیفە وتى من دەترسم كتوپڕ بمرم، بۆیە ویستم وەسیەت بكەم و وەسیەتم كرد بۆ ئەو هەتیوەى لە ماڵەكەمدا هەیە سەد وشتر بەشی بێت كە ئێمە لە سەردەمى نەفامیدا پێمان دەوت موطهییەبە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) زۆر توورە بوو تا تووڕەییمان لەنێو چاوانیەوە بەدیكرد، دانیشتبوو، خێرا جوولآ و لەسەر ئەژنۆكانى دانیشت و فەرمووى (لا، لا، لا الصدقة خمس، وإلا فعشر، وإلا فخمس عشرة، وإلا فعشرون، وإلا فخمس وعشرون، وإلا فثلاثون، وإلا فخمس وثلاثون، فإن كثرت فأربعون)، (نا، نا، نا، صەدەقە پێنج بێت، ئەگەر نا زۆر بوو با دە بێت، یان زۆرتر بوو با پانزە بێت، یان با بیست بێت، یان با بیست و پێنج بێت، یان با سی بێت، یان با سی و پێنج بێت، یان ئەگەر هەر زۆر بوو با چل بێت)، ... ئینجا حەنظهلەى نزیك كردەوە لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و وتى من منداڵی پێگەیشتوو و منداڵی بچووكتریشم هەیە، بچووكترینیان ئەمەیە، دەى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەریدا و فەرمووى (بارك الله فیك)، ذيال دەڵێت دەى دەمبینی كەس دەهێنرا بۆ لاى حەنظهلەكە وەرەمی هەبوو یان ئاژەڵ دەهێنرا كە وەرەمى هەبوو، حەنظهلە تفی دەكردە سەر دەستی و دەیوت بەناوى خوا و دەستى دەخستە سەر سەری و لەسەر ئەو شوێن دەستەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەستى دادەنا و دواتر دەیهێنا بەسەر ئەو شوێنەداو ئەو وەرەمە نەدەما.[3]

حەنظهلە دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی خۆش بوو هەر كەسێك بانگ دەكرێت بەو ناوەوە بانگ بكرێت كە خۆی زۆر پێی خۆشەو بەو كونیەوە بانگ بكرێت كە خۆی زۆر حەزى لێیەتى.[4]

 

 

حەنظهلەی ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی ئەبی حەنظهلەیە، لە پشتیوانانە، پێشنوێژی مزگەوتى قوبا بوو.[5]

حەنظهلەی كوڕی ئەبی حەنظهلە (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی ئەبی حەنظهلەى ثهقەفیە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو. [6]

حەنظهلە دەڵێت كاتێك خۆر بەرز دەبوویەوەو هەرچی خەڵكە دەچوویەوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوویە مزگەوت و دوو یان چوار ركات نوێژی دەكرد و تەماشاى دەكرد بزانێت كەس هەیە لە مزگەوتدا، ئینجا دەچوو.[7]

حەنظهلەی كوڕی رەبیع (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی رەبیعى كوڕی صەیفیە، كونیەكەى ئەبوو ریبعیە، بە حەنظهلەى كاتیب ناسرا بوو، چونكە نووسەری خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[8]

برایەكى هەبوو بە ناوى رەباح كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[9]

حەنظهلە دەڵێت جارێك ئەبووبەكر داى بە لامداو وتى ئەى حەنظهلە حاڵت چۆنە؟ وتم حەنظهلە توشی دووروویی بووە، ئەویش وتى سوبحانەلآ ئەوە چی دەڵێیت؟ منیش وتم: كاتێك لاى پێغەمبەرى خواین (صلى الله عليه وسلم) كە باسی دۆزەخ و بەهەشتمان بۆ دەكات وا دەزانین لەبەرچاومانەو بە چاوى خۆمان ئەو شتانە دەبینین، كەچی كە لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەڕۆین گەمەو بەزمى ژن و منداڵ و بژێوی ژیان سەرقاڵمان دەكات و زۆر شتمان بیر دەچێتەوە، ئەبووبەكریش وتى دەی بەخوا ئێمەش هەر واین، بۆیە لەگەڵ ئەبووبەكر چووین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حەنظهلە تووشی نیفاق بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى چی بووە؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كاتێك لاى تۆین كە باسی دۆزەخ و بەهەشتمان بۆ دەكەیت وا دەزانین لەبەرچاومانەو بە چاوى خۆمان ئەو شتانە دەبینین، كەچی كە لاى تۆ دەڕۆین گەمەو بەزمى ژن و منداڵ و بژێوی ژیان سەرقاڵمان دەكات و زۆر شتمان بیر دەچێتەوە، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (والذي نفسي بيده إن لو تدومون على ما تكونون عندي، وفي الذكر، لصافحتكم الملائكة على فرشكم وفي طرقكم، ولكن يا حنظلة ساعة و ساعة)، (سوێند بەوەى گیانى منى بە دەستە، ئەگەر لەسەر ئەو بارە بەردەوام بن كە لاى منن و لە زیكر بەردەوام بن، ئەوە فریشتەكان لەسەر جێگەكانتان و لە سەرە رێكانتاندا تەوقەتان لەگەڵ دەكەن، بەڵام ئەی حەنظهلە ساتەو ساتە)، سێ جار ئەمەى فەرموو.[10]

جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)حەنظهلەى وەك هەواڵگر نارد بۆ طائیف، ئەویش چوو و گەڕایەوەو هەواڵى بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هێنا، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (صدقت ارجع إلى منزلك فإنك قد شهدت الليلة)، (راست دەكەیت، بگەڕێرەوە بۆ ماڵى خۆت چونكە تۆ ئەمشەو بەشدار بوویت) ئینجا كە حەنظهلە چوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ائتموا بهذا و أشباهه)، (پێشەنگى بكەن بەمەو هاوشێوەكانیەوە). واتە ئەمەو هاوشێوەكانى بكەنە پێشەواى خۆتان، جا قەیسی كوڕی زوهەیر ئەم فەرمودەى گێڕاوەتەوەو دەڵێت لەگەڵ حەنظهلە چووین بۆ مزگەوتەكەى فوراتى كوڕی حەییان، كاتى نوێژ هات، فورات پێی وت پێشكەوە پێشنوێژی بكە، ئەویش وتى من پێش تۆ ناكەوم، چونكە تۆ هەم تەمەنت لە من زیاترەو هەم پێش من كۆچت كردووەو مزگەوتەكەش مزگەوتى تۆیە، فوراتیش وتى بیستوومە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە تۆ شتێكی فەرموو ئیتر هیچكات پێش تۆ ناكەوم، ئینجا ئەم فەرموودەی بۆ حەنظهلە گێڕایەوە.[11]

حەنظهلە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزایەك بووین، دامان بە لاى ئافرەتێكدا كە كوژرا بوو و خەڵكی لەسەر تەرمەكەى بوون، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما كانت هذه لتقاتل، أدرك خالد فقل له لا تقتل ذرية و لا عسيفا[12] (نەدەبوو ئەو ژنە بكوژرێت، بگە بە خالید و پێی بڵێ ژن و منداڵ و كرێگرتەى ناچار مەكوژە).

ئیبن حەجەر دەڵێت رەباحى براى لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بوو و ئەو غەزایەش غەزاى حونەین بووە،[13] جا دەكرێت هەم رەباح و هەم حەنظهلەش لەو غەزایەدا بەشدار بووبن و پێكەوە لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بووبن و هەردووكیان ئەو رووداوەیان دیبێت و گێڕابێتیانەوە، چونكە هەردوو ریوایەتەكە بە سەنەدى وەرگیراو هاتون.

حەنظهلە دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى قادسیەشدا بەشدارى كرد،[14] لە جەنگەكانى تری عێراقدا لەگەڵ خالیدی كوڕی وەلیددا بەشدارى كرد.[15]

لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا لە جەنگى جەمەلدا بەشدارى نەكرد هەرچەندە سەر بە بەرەى عەلى كوری ئەبی طالیب بوو.[16]

حەنظهلە لە كووفە دادەنیشت، دواتر كووفەى جێهێشت، چونكە لەو شارەدا كەسانێك هەبوون قسەیان دەوت بە عوثمانى كوڕی عەففان.[17]

حەنظهلە یەكێك بوو لەو هاوەڵانەى كە دوورى گرت لە فیتنەى نێوان هاوەڵان.[18]

دواتر حەنظهلە چوویە قرقیسیا و لەوێ نیشتەجێ بوو تا لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیاندا كۆچی دوایی كرد،[19] كە مرد ژنەكەى زۆر بۆی گریا و بە ئازار بوو، ئینجا دەوروبەرەكەى پێیان وت تۆ وا بكەیت پاداشتت بۆ نامێنێتەوە، ژنەكەشی لە وەڵامیاندا شیعرێكی هۆنیەوە.[20]

 

حەنظهلەی كوڕی طوفەیل (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی طوفەیلى سولەمیە، یەكێك بوو لە سەركردەكانى فتووحاتى شام كە لە ساڵی پانزەى كۆچیدا ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەرراح ناردى بۆ فەتحى حیمص و خواى گەورە لەسەر دەستى ئەو حیمصی فەتح كرد، ئیبن حەجەر دەڵێت بەرپرسانى فتووحات تەنها هاوەڵانیان دەكردنە ئەمیر، بۆیە ئەمە بەڵگەیە بۆ هاوەڵبوونى.[21]

حەنظهلەی كوڕی ئەبی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی ئەبی عامیری كوڕی صەیفی كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[22] ناسراوە بە غەسیلولمەلائیكە، چونكە كاتێك شەهید بوو فریشتەكان ئەویان شۆرد.[23]

باوكى ناوى عەمر یان عەبد عەمرە و بە ئەبی عامر ناسراوە، باوكى لە سەردەمى نەفامیشدا باسی ئەوەى دەكرد دەبێت زیندووبوونەوە هەبێت و باسی ئایینی حەنەفیەتی دەكرد،[24] ئیتر هێندە خواپەرستی دەكرد كە پێیان دەوت راهیب،[25] بەڵام كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەركەوت، ئەو كەوتە حەسوودى و لە مەدینە دەرچوو و چوویە ناو ریزی قورەیش و لە جەنگى ئوحوددا دژ بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەنگا و دواتریش گەڕایەوە بۆ مەككەو دواتر لەوێوە چوو بۆ وڵاتى رۆم و لەوێ مایەوە تا لە ساڵی نۆ یان دەی كۆچیدا بە بێباوەڕی مرد،[26] لەبەرئەوەى وا دەستبەردارى حەق بوو و لە دەست ئیسلام رایكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نابوو فاسق.[27]

بەڵام حەنظهلەى كوڕی موسڵمان بوو و بە جوانیش موسڵمان بوو.[28]

ژنەكەى حەنظهلە ناوى جەمیلەى كچی ئوبەی كوڕی سەلوول بوو،[29] لەم ژنەى منداڵیكی بوو بە ناوى عەبدوڵا، بەڵام كوڕەكەى خۆی نەدى، چونكە ئەو شەوەى چوویە لاى ژنەكەى، بۆ بەیانیەكەى شەهید بوو، ئەوەبوو پاش نۆ مانگ لە شەهیدبوونى ئەم منداڵەی لەدایك بوو.[30]

بەڵێ، قەدەرى خوا وابوو حەنظهلە كوڕی بێباوەڕێكی لاسار بوو كە دوژمنایەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) هەڵبژاردبوو، جەمیلەش كچی سەرگەورەى دوورووەكان بوو، ئەم دوو پاكە بەیەكگەیشتن و نەوەیەكی پاكیان لێكەوتەوە.

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان شەمماسی كوڕی عوثمان و حەنظهلەوە.[31]

حەنظهلە لە جەنگى ئوحوددا بەشدارى كرد، واتە دژ بە بەرەكەى باوكى وەستا و ریزی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دژ بە باوكى هەڵبژارد، لە غەزاى ئوحوددا بەشداریەكى كاراى كرد و تیایدا شەهید بوو.[32]

پێش جەنگى ئوحود حەنظهلە و عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى ئوبەی كوڕی سەلوول-كە ژنبراى حەنظهلە بوو- هاتن بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، داوایان لێكرد مۆڵەتیان بدات تا باوكى خۆیان بكوژن، حەنظهلە لەبەرئەوەى بینی باوكى بەرەى دژ بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) گرتووەتەبەر و شمشێری لەدژ هەڵكردووە، عەبدوڵاش لەبەر ئەوەى بینی باوكى بووەتە رێبەرى دورووان و دژ بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) خەبات دەكات، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رێی نەدا بە هیچكامیان.[33]

حنظهلە شەوێك پێش غەزاى ئوحود حەنظهلە ژنى گواستەوە، حەنظهلە پێشتر داواى مۆڵەتى كرد لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا شەو لاى ژنەكەى بێت چونكە دەیگوازێتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدا،[34] پاش نوێژی بەیانى هەمدى چوویەوە لاى جەمیلەى ژنی و جیماعیان كرد، دواتر كە گوێی لە بانگەوازى جیهاد بوو چوو خۆی گەیاند بە سوپاكەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،[35] پێش ئەوەى بكەوێتەڕێ جەمیلەى ژنی چوار كەس لە هۆزەكەى خۆی بانگ كرد و كردنى بە شاهید كە حەنظهلە چووەتە لاى، ئەوانیش لێیان پرسی بۆچی شاهیدت لێگرت؟ جەمیلە وتى خەوم بینی ئاسمانى بۆ كراوەو حەنظهلە چوویە ئاسمان و دواتر ئاسمان داخرایەوە، منیش وتم ئەمە شەهیدبوونى حەنظهلەیە، بۆیە شاهیدم لەسەر گرت كە هاتوەتە لام، ئەوەبوو دواتر سكی كرد.[36]

حەنظهلە كە گەیشتە ئوحود بینی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەرقاڵە ریزەكانى سوپاكەى رێك دەكات،[37] كاتێك جەنگ روویداو موسڵمانان لە ئوحوددا شكان و دواتر گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، حەنظهلە رێی كەوتە ئەبووسوفیان و ویستى بیكوژێت و خەریك بوو بیكوژێت، بەڵام لەو كاتەدا شەدادى كوڕی ئەسوەد-یان كوڕی ئەوس[38]- هات و حەنظهلەى شەهید كرد،[39] پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى فریشتەكان حەنظهلەى هاوڕێتان دەشۆن، ئادەى بڕۆن پرسیار بكەن لە ژنەكەى، كاتێك پرسیاریان كرد لە ژنەكەى، ئەویش وتى حەنظهلە كاتێك هاوارى جیهادى بیست لەشی گران بوو، بۆیە بە لەشگرانیەوە چوو بۆ جیهاد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەى ئەوەیە فریشتەكان شۆردیان.[40]

كاتێك حەنظهلە گەیشت بە ئەبوو سوفیان، ئەبووسوفیان لەسەر ئەسپێك بوو، حەنظهلە بە شمشێرەكەى داى لە ئەسپەكەى و ئەبووسوفیان كەوتە سەر زەوى، ئەبووسوفیان هاوارى دەكرد ئەی گرۆی قورەیشیەكان ئەمە منم ئەبووسوفیانى كوڕی حەرب، حەنظهلەش دەیویست بە شمشێرەكەى گەردنى لێبكاتەوە، بڕێ لە قورەیشیەكان دەنگى ئەبووسوفیانیان بیست و لەتاو سەختى جەنگەكە نەچوون بە دەمیەوە،[41] بەڵام شەداد چوو بە دەمیەوە،[42] بە رمێك داى لە حەنظهلەو رمەكە لە پشتیەوە دەرچوو و ئەبوو سوفیانیش رایكرد.[43]

بێباوەڕەكانى قورەیش تەرمى شەهیدانى ئوحودیان دەشێواندن، تەنها تەرمى حەنظهلەیان نەشێواند چونكە باوكى لەناو سوپاى قوڕەیشیەكاندا بوو و بۆ دڵراگرتنى باوكى دەستكارى تەرمەكەى ئەویان نەكرد،[44] دەشوترێت بەڵكو ئەبی عامیری باوكى لەسەر تەرمى كوڕەكەى وەستا و بە قاچی پاڵی نا بە سنگى كوڕەكەیەوەو وتى دوو قەرزم لەسەرە، من پێشتر هاتمە سەر لاشەكەت ئەی پیس و بۆگەن، هەروەها سوێند بەخوا تۆ لەگەڵ باوكتدا زۆر چاكەكار بوویت.[45]

حەنظهلەى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى كوڕی نوعمانى كوڕی عامیری كوڕی عەجلانە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە، حەنظهلە لە غەزاى ئوحودو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[46]

دواى ئەوەى حەمزەى كوڕی ئەبوو تالیب شەهید بوو خەولەى ژنى حەمزە شووی كردەوە بە حەنظهلە.[47]

حەنظهلە دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى صفیندا لەناو سوپاى عەلی كوڕی ئەبوو طالیبدا بوو، هەرچەندە ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەوە حەنظهلەیەكى تر بێت.[48]

حەنظهلەى عەبشەمى (رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلەى عەبشەمیە، فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە (ما اجتمع قوم قط يذكرون الله إلا نادى مناد من السماء : قوموا مغفورا لكم، قد بدلت سيئاتكم حسنات[49] (هەركات دەستەیەك كۆ ببنەوە یادى خوا بكەن، ئەوە لە ئاسمانەوە هاواركەرێك هاوار دەكات هەستن ئێوە بەر لێخۆشبوون كەوتون، بە دڵنیاییەوە خراپەكانتان گۆڕان بە چاكە)

بەڵام لە چەند كتێبێكی تری فەرموودەدا لە سوهەیلى كوڕی حەنظهلەوە گێردراوەتەوە.[50]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 81.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 133.

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20138، صححه شعيب الأرناؤوط.

[4] - الأدب المفرد للبخاري، الرقم 848، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3415، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2045.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[7] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2049، قال ابن سكن سنده حمصي و هو غير مشهور، انظر(الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134).

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[9] - أسد الغابة، ج2، ص 239.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 5043، سنن الترمذي، الرقم 2498.

[11] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 15627، تأريخ دمشق لابن عساكر، ج15، ص 327، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 5107.

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 4864 و اللفظ له،سنن أبي داود، الرقم 2309،  سنن ابن ماجة، الرقم 2838، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8353، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15684، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 835، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4479، قال الألبانى في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2669 حسن صحيح، لكن عن رباح بن الربيع.

و قال ابن كثير قلت وصح قول ابن الرقي أنه لم يرو سوى حديثين، أولا: عن حنظلة الكاتب قال سمعت رسول الله يقول من حافظ على الصلوات الخمس بركوعهن وسجودهن ووضوئهن ومواقيتهن وعلم أنهن حق من عند الله دخل الجنة أو قال وجبت له تفرد به احمد وهو منقطع بين قتادة وحنظلة والله أعلم والحديث الثاني رواه احمد ومسلم والترمذي وابن ماجه من حديث سعيد الجريري عن أبي عثمان النهدي عن حنظلة لو تدمون كما تكونون عندي لصافحتكم الملائكة في مجالسكم وفي طرقكم وعلى فرشكم ولكن ساعة وساعة (البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 342)

أما شعيب الأرناؤوط صحح الحديث المروي عن حنظلة الكاتب و قال لسند رباح إسناده حسن و هو صحيح لغيره، أي صححه بإسناد حنظلة الكاتب.

[13] - فتح الباري، ج6، ص 147.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 342.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[17] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 342.

[18] - نفس المصدر.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 134.

[20] - أسد الغابة، ج2، ص 84.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 136.

[22] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 380.

[23] - صحيح ابن جبان، الرقم 7135، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4870 سكت عنه الذهبي في التلخيص، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6426، صححه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 326.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 21.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[27] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج4، ص 21.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[29] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1802.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 66.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 245.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[34] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 406.

[35] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4869، قال الذهبي إسناده مظلم.

[36] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 406.

[37] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16871.

[38] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 21.

[39] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4870.

[40] - صحيح ابن جبان، الرقم 7135، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4870 سكت عنه الذهبي في التلخيص، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6426، صححه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 326.

[41] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16871.

[42] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 21.

[43] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16871.

[44] - أسد الغابة، ج2، ص 68.

[45] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 179.

[46] - أسد الغابة، ج2، ص 87.

[47] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 139.

[48] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 139.

[49] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 139.

[50] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5903، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 28879.

 2725
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.