دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك ناویان بە پیتی (ح) دەستپێدەكات - بەشی دووەم -

حەشرەج(رضي الله عنه)

ناوى حەشرەجە، بەڵام ناوى باوك و رەچەڵەكى تۆمار نەكراوە، بەپێی گێڕانەوەیەك دەردەكەوێت حەشرەج هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووە.[1]

ئەبولحارث دەڵێت حەشرەجم بینی پیاوێك بوو لە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەستى گرت و بردیە ژوورەكەى خۆی و دەستى هێنا بەسەر سەریدا و نزاى بۆ كرد.[2]

حەفصەی كچی حاطبضى الله عنها)

ناوى حەفصەی كچی حاطبي كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە، خوشكی حارثى كوڕی حاطبه، حەفصە چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[3]

حەمامە (رضي الله عنها)

ەكێك بووە لەو كەنیزەكانەى كە كڕدرابوو بۆ خزمەت، كاتێك موسڵمان بوو خاوەنە قورەیشیەكەى لەبەر موسڵمانبوونەكەى سزاى زۆری دەدا، ئەوەبوو ئەبووبەكرى صدیق حەمامەى كڕیەوەو لەپێناو خوادا ئازادى كرد.[4]

 

حەمامەى ئەنصارى (رضي الله عنها)

ناوى حەمامەیە و لە پشتیوانانە، ئافرەتێكی تازەپێگەیشتوو بوو و لە ماڵی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) گۆرانى دەوت.[5]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت ئەبووبەكر هاتە ژوورەوە بۆ لام و دوو كچۆڵەم لا بوون كە دەفیان لێدەدا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە جلەكانى خۆی داپۆشیبوو، ئەبووبەكر هەڵشاخى پیایاندا، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جلەكانى لەسەر دەموچاوى لابرد و فەرمووى (دعهما يا أبابكر فإنها أيام عيد و تلك الأيام أيام منى)،[6] (وازیان لێ بێنە ئەی ئەبووبەكر، چونكە ئەم رۆژانە رۆژانى جەژنن و رۆانیی مینان).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە عائیشە دەڵێت: گۆرانییان دەوت و دەفیان لێدەدا.[7]

ئیبن حەجەر دەڵێت ئەو دوو كیژۆڵەش بریتی بوون لە حەمامەو زەینەب.[8]

حەمزەى كوڕی حومەییر(رضي الله عنه)

ناوى حەمزەى كوڕی حومەییرە، لە پشتیوانانە، ئیبن ئیسحاق دەڵێت ناوى خاریجەى كوڕی حومەییرە، ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە حەمزەو خاریجە براى یەك بن.[9]

حەمظظى كوڕی شەریق(رضي الله عنه)

ناوى حەمظظى كوڕی شەریقی كوڕی غانیمی كوڕی عامیرى قوڕەیشی عەدویە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فتووحاتى ئیسلامیدا بەشدارى كرد، دواتریش بە نەخۆشی تاعوون كۆچی دوایی كرد.[10]

حەمنەنى كوڕی عەوف(رضي الله عنه)

ناوى حەمنەنى كوڕی عەوفی كوڕی عەبدعەوفی قوڕەیشیە،[11] دایكی ناوى شیفائی كچی عەوفە،[12] حەمنەن كوڕێكی هەبوو بە ناوى عیاض.[13]

برایەكى هەبوو بە ناوى ئەسوەد كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و ماوەیەك پێش فەتحى مەككە كۆچی كرد بۆ مەدینە.[14]

برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف،[15] ئەم برایەى یەكێك بوو لە دە موژدەپێدراوانى بەهەشت و یەكێك لە یەكەمین موسڵمان بوان و لە بەشداربوانى بەدر،[16] لە سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەر و عوثمانیشدا فەتواى دەدا.[17]

حەمنەن هەرچەندە موسڵمان بووبوو بەڵام كۆچی نەكرد بۆ مەدینەو نەچوویە مەدینەو هەر لە مەككە مایەوە، تەمەنێكی دوورودرێژی هەبوو، نزیكەى سەد و بیست ساڵ ژیا، نیوەی تەمەنى لە سەردەمى نەفامیدا بەسەر برد و نیوەكەى تریشی لە موسڵمانێتیدا بەسەربرد،[18] حەمنەن هەر لە مەككە مایەوەو جێی نەهێشت تا كۆچی دوایی كرد.[19]

حەنبەلى كوڕی خاریجە (رضي الله عنه)

ناوى حەنبەلى كوڕی خاریجەیە، ئەم هاوەڵە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەشداریم كرد لە غەزاى حونەیندا و بۆ ئەوانەى سوارەن بۆ ئەسپەكەیان دوو پشك و بۆ خاوەنەكەشی یەك پشكی دیاری كرد.[20]

حەنطهبی كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى حەنطهبی كوڕی حارثى كوڕی عوبەیدى قوڕەیشی مەخزوومیە، كونیەكەی ئەبوو عەبدوڵایە، لە رۆژی فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە كونیەكەى بە ناوى ئەوەوە بوو و فەرموودەیەكیشی لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[21]

حەنطهب دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەبووبەكر و عومەر بۆ ئایین وەك بیستن و بینین وان لە سەردا)، ئیبن ئەثير دەڵێت سەنەدى لاوازە.[22]

بەڵام ترمذى پێی وایە حەنطهب نەگەیشتووەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[23]

حەنظهلی كوڕی ضيرار(رضي الله عنه)

ناوى حەنظهلى كوڕی ضيرارى كوڕی حوصەینە، دەشوترێت ناوى حەنظهلەیە، كەسێكە تەمەنى زۆرى كردووە، لە سەردەمى نەفامیدا ژیاوەو دواتر موسڵمان بووە.[24]

حەنظهل دەڵێت جارێك لەگەڵ پاشایەكى عەرەبدا بووم كە پێی وتم سوێند بەخوا حەزم دەكرد كۆیلەى كۆیلەیەكى حەبەشی سەر رووتاوە بم بەڵام دەرباز بم لە خراپەو سزاى رۆژی دوایی.[25]

بەڵام هیچ دەقێك نەهاتووە چووبێتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لەو كاتەدا موسڵمان بووبێت.

حەنظهل لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبی طاليبدا بەشدارى جەنگى جەمەلى كرد و لەو جەنگەدا كوژرا، ئەو كات تەمەنى نزیكەى سەد ساڵ دەبوو.[26]

ئەمەش جێی پرسیارە كەسێكی تەمەن سەد ساڵ بەشدارى جەنگ بكات، بەتایبەت جەنگێ كە زۆربەی هاوەڵان كەناریان لێ گرت و بە فیتنەیان دەزانى.

 

حەنفائى كچی ئەبووجەهل(رضي الله عنها)

ناوى حەنفائی كچی ئەبوو جەهلى كوڕی موغیرەیە، چوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[27]

حەوطى كوڕی قیرواش (رضي الله عنه)

ناوى حەوطى كوڕی قیرواشی كوڕی حیصنە، حەوط دەڵێت لەگەڵ كەسێك لە بەنى عەددى هاتمە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە پێی دەوترا واقد.[28]

 

حەیدەى كوڕی موخەرریم (رضي الله عنه)

ناوى حەیدەى كوڕی موخەرریم یان مەخرەمەیە، برایەكى هەبوو بە ناوى وەردان كە ئەویش هاوەڵ بوو، هەردووكیان هاتوونەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون و پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) نزاى خێری كردووە بۆیان.[29]

 

حەییانى كوڕی ئەبجەر(رضي الله عنه)

ناوى حەییانى كوڕی ئەبجەرى كینانیە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوری ئەبوو طالیبدا لە ناو سوپاى عەلیدا لە جەنگى صفیندا بەشدارى كرد.[30]

حەییانى كوڕی كورز(رضي الله عنه)

ناوى حەییانى كوڕی كورزى بەلویە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[31]

حەییانى مەولاى قوڕەیش (رضي الله عنه)

ناوى حەییانەو دواتر لە مەدینە نیشتەجێ بوو و لەوێ مایەوەو فەرموودەیەكى گێڕایەوە كە كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەسەر مینبەر بوو فەرمووى (ئەی خەڵكینە بزانن بێ دەستنوێژ نوێژ دروست نیەو دەستنوێژیش بێ ناوبردنى خوا دروست نیە).[32]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 82.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3523، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2114.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 581.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 585.

[5] - نفس المصدر.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 958 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 1527 حتى أيام عيد.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 3358.

[8] - فتح الباري، ج9، ص 226.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 121.

[10] - أسد الغابة، ج2، ص 74.

[11] - أسد الغابة، ج2، ص 76.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 124.

[13] - أسد الغابة، ج2، ص 76.

[14] - أسد الغابة، ج1، ص 135.

[15] - أسد الغابة، ج2، ص 76.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 68.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 340.

[18] - أسد الغابة، ج2، ص 76.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 126.

[20] - أسد الغابة، ج2، ص 79.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 132.

[22] - أسد الغابة، ج2، ص 80.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 211.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 182.

[25] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2112.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 182.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 588.

[28] - أسد الغابة، ج2، ص 92.

[29] - أسد الغابة، ج2، ص 99.

[30] - أسد الغابة، ج2، ص 96.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 145.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 146.

 2709
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.