دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (خاریجە) بووە

خاریجەى كوڕ عەمر (رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی عەمرە، ، ئەمیش فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوەو دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (ئەى خەڵكینە صەدەقە-زەكات- بۆ من و بنەماڵەكەم-ئەهل و بەیتەكەم- حەلآڵ نیە).[1]

ئەم فەرموودە لە عەمرى كوڕی خاریجەشەوە هاتووە،[2] ئیبن حەجەر دەڵێت ئەمە لە خاریجەى كوڕی عەمریشەوە هاتووە،[3] چونكە چەند كەسێك ئەو فەرموودەیان گێڕاوەتەوە.[4]

خاریجەى كوڕ عەمرى جومەحى (رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی عەمرى جومەحیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، دەڵێت: لە رۆژی فەتحى مەككەدا من لاى وشترەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: : (ليس لوارث وصية قد أعطى الله عز وجل كل ذي حق حقه وللعاهر الحجر، من ادعى إلى غير أبيه أو تولى غير مواليه فعليه لعنة الله والملائكة والناس أجمعين، لا يقبل الله منه صرفا ولا عدلا يوم القيامة[5] (میراتگر وەسیەتى بۆ نیە، خواى گەورە مافی بۆ هەموو خاوەن مافێك داناوە، زیناكاریش – كە هاوسەرگیری كردبێت- بە بەرد رەجم كردنى بۆ دەبێت، هەركەس بانگەواز بكات بۆ باوكێك جگە لە باوكى خۆی، یان مەولایەكى تری دایە پاڵ خۆی، ئەوە نەفرینی خوا و فریشتەكان و هەموو خەڵكیشی لەسەرە، خواى گەورە لە رۆژ دواییدا هیچی لێ قبووڵ ناكات).

خاریجەى كوڕی حوذافە(رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی حوذافەى كوڕی غانیمى قورەیشی عەدویە، دایكی ناوى فاتیمەى كچی عەمرە، یەكێك بوو لە سوارچاكە بەهێز و ناسراوەكان.[6]

حوذافە یەكێكە لە موسڵمانبوانى رۆژی فەتحى مەككە، دواتر لە فتووحاتى ئیسلامیدا بەشداریەكى كاراى هەبوو، بەتایبەت لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا، كاتێك عەمرى كوڕی عاص داواى یارمەتى سوپایی كرد لە عومەرى كوڕی خەططاب و داواى سێ هەزار سوارەى كردبوو، خەلیفە خاریجەى كوڕی حوذافە و زوبەیرى كوڕی عەووام و میقدادى كوڕی ئەسوەدى بۆ پشتیوانى عەمر نارد،[7] لەگەڵ هەریەك لەوانەدا دەستەیەك لە سوپاى نارد.[8]

هەروەها خاریجە لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد،[9] ئەمەش لە ساڵی بیستەمى كۆچیدا بوو،[10] بوو بە دادوەرى عەمرى كوڕی عاص و لەوێ مایەوە تا ئەوەى كاتێك سێ خەواریجەكە بڕیاریاندا هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان و عەمرى كوڕی عاص بكوژن، ئەوەى هات عەمر بكوژێت بە هەڵە خاریجەى كوشت، چونكە وایزانى عەمرە، كەچی كە دواتر گیرا و برا بۆ لاى عەمر، وتى بۆ من كێم كوشتووە؟ وتیان خاریجەت كوشتووە، ئەویش وتى من نیازم بوو عەمر بكوژم، بەڵام خوا ویستى خاریجە بێت.[11]

 

خاریجەى كوڕی حیصن (رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی حیصنى كوڕى حوذەیفەیە،[12] كوڕێكى هەبوو بە ناوى ئەسماء، كە گومان هەیە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووبێت.[13]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە تەبووكەوە دەگەڕایەوە، وەفدى بەنى فزارە كە زیاد لە سیانزە كەس دەبوون هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خاریجەى كوڕی حیصنیش یەكێك بوو لەوان، هاتن و موسڵمان بوونى خۆیان راگەیاند، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی وڵاتەكەى خۆیانى لێ پرسین، ئەوانیش وتیان وشكەساڵیەو خەریكە ئاژەڵ و مالآتەكانیشمان دەفەوتێن، بەڵكو نزامان بۆ بكەیت، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چووە سەر مینبەر  نزاى كرد بۆیان، باران دایكرد و ماوەى شەش رۆژ بەردەوام باران بوو، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە سەر مینبەر و نزاى كرد  بارانەكە لەسەر مەدینە نەمێنێ ولە شاخ و دۆڵەكاندا ببارێ، نزاكەشى گیرا بوو.[14]

خاریجەى كوڕی زەیدى خەزرەجى (رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی زەیدی كوڕی ئەبی زوهەیرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، رایەك هەیە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستوەتە نێوان خاریجەو ئەبووبەكرەوە،[15] كاتێك ئەبووبەكرى صدیق چوویە مەدینە، لاى خاریجەى كوڕی زەید دابەزى و لەوێ مایەوە.[16]

خاریجە خەزوورى ئەبووبەكرى صدیق بوو، كچێكی خۆى بە ناوى حەبیبە مارەى كرد لە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكریش لەم ئافرەتە منداڵێكی بوو بە ناوى ئومموكلثوم.[17]

خاریجە كوڕێكی هەبو وبە ناوى زەید، زۆرێ دەڵێن: ئەم بوو دواى مردن قسەی كرد،[18] خاریجە یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە.[19]

ئەم هاوەڵە لە غەزاى بەدر[20] و ئوحودیشدا بەشدارى كرد و لە ئوحوددا شەهید بوو،[21] دواتر كە تەرمەكان دەخرانە ناو گۆڕ، تەرمى هەریەك لە خاریجەو سەعدى كوڕی رەبیعى ئامۆزاى پێكەوە خرانە یەك گۆڕەوە.[22]

خاریجەى كوڕی عوقوفان (رضي الله عنه)

ناوى خاریجەى كوڕی عوقوفانى ثهقەفیە، هەم خۆی و باوكى و میرداسی برایشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆیان.[23]

خاریجە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە نەخۆشی سەرەمەرگیدا  بوو  چووم بۆ لاى و عارەقی دەكرد، فاطيمهش كە ئەو حاڵەی بینی وتى باوكەڕۆ، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (لەمڕۆ بەدوا نارەحەتى لەسەر باوكت نەما).[24]

ئەم بەسەرهاتە لە كتێبەكانى فەرموودەدا لە ئەنەسی كوڕی مالیكیشەوە گێردراوەتەوە.[25]



[1] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2247.

[2] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17327،

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 225.

[4] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4097، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17327.

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4029،

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 102 – 103.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 103.

[8] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 618.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 97.

[10] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 197.

[11] - أسد الغابة، ج2، ص 103.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 103.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 195.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 297.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 223.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 174.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 603.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 104.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 223.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 44.

[22] - أسد الغابة، ج2، ص 104.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 224.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 224.

[25] - صحيح ابن حبان، الرقم 6717، سنن ابن ماجة، الرقم 1624، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 1629 حسن صحيح.

 2621
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.