دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدی كوڕی وەلید(رضي الله عنه) -بەشی شەشەم-

خالید لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكردا

پاش تەواوبوون لە ئەركى سوپاكەى ئوسامەى كوڕی زەید، ئەوكات ئەبووبەكری صدیق یانزە لیواى بۆ جەنگى هەڵگەڕاوەكان پێكهێنا، ئینجا لیوایەكى تایبەت كرد بە خالیدی كوڕی وەلید و رایسپارد بچێت بەرەو لاى طولەیحەى كوڕی خوەیلید، ئەگەریش لەو ئەركەى لێبوویەوە ئینجا بڕوات بەرەو لاى مالیكی كوڕی نوەیرە.[1]

ئەبووبەكر كاتێك خالیدی كردە بەرپرسی ئەو لیوایە بە خەڵكەكەى وت من بیستوومە لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(نعم عبدالله و أخؤ العشيرة خالد بن الوليد سيف من سيوف الله سله الله على الكفار و المنافقين)، (خالید بەندەیەكى چاكى خوا و پیاوماقووڵێكی ناو هۆزە، شمشێرێكە لە شمشێرەكانى خوا كە هەڵكیردووە بەڕووى بێباوەڕان و دووروواندا)، ئینجا خالید كەوتەڕێ و ئەبووبەكر ماڵئاوایی لێكرد و بەڵێنی پێدا لە ناوچەی خەیبەر لەگەڵ سەركردەكانى تر پێیدەگاتەوە، ئەم پلانەش بۆ ئەوەبوو دوژمن بترسێـت.[2]

 

لەناوبردنى فیتنەى طولەیحەى ئەسەدى

خالید بە سوپاكەیەوە چوو بەرەو لاى طولەیحە كە خەڵكێكی زۆری لە دەورى خۆی كۆكردبوویەوە.[3]

خالید كە نزیك بوویەوە لە بەنى طهیئ، عەددى كوڕی حاتەم هات بۆ لاى و و تى سێ رۆژ مۆڵەتم بدە، چونكە ئەو خەڵكە دەترسن ئەگەر شوێن تۆ بكەون طولەیحە نێردراوەكەیان بكوژێت، خالیدیش مۆڵەتى دا، سێ رۆژەكە تەواو بوو، ئینجا عەددى بە پێنج سەد جەنگاوەرەوە هاتە لاى خالید، دواتر خالید چوو بەرەو لاى بەنى جدیلە، ئەویش وتى ئەى خالید چەند رۆژێك مۆڵەتم بدە بەڵكو خوا ئەمانیش وەك طهیئ رزگار بكات، موسڵمانەكانى ئەوێش دایانە پاڵ سوپاكەى خالید كە نزیكەی هەزار سوارەیان هەبوو، ئینجا لەوێوە خالید چوو تا گەیشتە ناوچەی بەئجەئو سەلما و لەوێ سوپاكەى رێكخست و لەوێ لە ناوچەیەك كە پێی دەوترێت بزاخە لەگەڵ طولەیحەدا پێكگەیشت،[4] جەنگ لەنێوانیاندا روویدا، لە كاتى جەنگەكەدا طولەیحە وایگەیاندبوو كە جوبرەئیل دێت بۆ لاى و پەیامى بۆ دێنێت، عویەینە ساتێك لە جەنگەكەدا بوو و ساتێكیش دەچوویەوە بۆ لاى طولەیحەو دەیوت جوبرەئیل هات بۆ لات؟ دواتر كە زانى راست ناكات پاشەكشەی كرد بە سوپاكەى، ئیتر سوپاكەى طولەیحە كەوتنە پەرت بوون، طولەیحەش خێرا ژنەكەى خۆی سوار كرد و رایكرد و بە سوپاكەى وت كامتان دەتوانن خۆتان و ژنتان رزگار بكەن، بەوە سوپاى طولەیحە شكا، ئینجا هۆزەكانى لاى طولەیحە خۆیان دا بەدەستەوەو وتیان دەگەڕێینەوە ناو ئیسلام و رازین بە هەموو حوكمێكی ئیسلام، خالیدیش نامەى نووسی بۆ ئەبووبەكر و هەواڵەكەى پێدا، ئەبووبەكریش وەڵامى دایەوەو فەرمانى پێكرد لەخواترسی لە كردارەكانیدا زیاتر بكات و فەرمانیشی پێكرد كامیان پێشتر كوشتارى موسڵمانانى كردووە تۆڵەی لێ بكاتەوەو هەركەسیش سنووری خواى بەزاندووە بەو جۆرەى خالید خۆی بە بەرژەوەندى بزانێت  بڕیار بدات بە كوشتن یان مانەوەیان، خالیدیش ماوەى مانگێك لەوێ مایەوەو كێشەكانى ئەوێی چارەسەر دەكرد چ لە گێڕانەوەى مافی ستەم لێكراوان و چ لە سزادانى تاوانباران، تەنانەت ئەوەى موسڵمانانى سووتاندبوو خالید سووتاندیەوە، ئەوەى لە شاخەوە موسڵمانانى دەخستە خوارەوە خالید وای پێكردەوە.[5]

 

لەناوبردنى مالیكی كوڕی نوەیرە

پاش ئەوە خالید چوو بەرەو لاى مالیكی كوڕی نوەیرە، چونكە مالیكی كوڕی نوەیرە پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ئیسلام هەڵگەڕابوویەوە، ئەوەبوو كاتێك خالید چوو بۆ ئەوێ قسەی لەگەڵدا كرد.

ئیتر لێرەوە راجیاییەكان پەیدا دەبن سەبارەت بە هەڵوێستى مالیك:

مالیك بە خالیدی وت سەبارەت بە نوێژ ئامادەم نوێژ بكەم، بەڵام سەبارەت بە زەكات ئامادە نیم زەكات بدەم.[6]

ئەمە هەڵوێستى پێشووتریشی بوو، ئەوەبوو كاتێك هۆزەكەى زەكاتیان كۆكردەوە تا بینێرن، مالیكی كوڕی نوەیرە رێی نەدا و هەر لەناو خۆیاندا دابەشی كرد.[7]

مالیكی كوڕی نوەیرە پەیوەندى بە سەجاحى ژنە شاعیرەوە هەبوو كە بانگەوازى پێغەمبەرایەتى كردبوو و بڕیاری دابوو بە شوێنكەوتەكانیەوە هێرش بباتە سەر مەدینە، مالیكیش چوو بەدەم بانگەوازەكەى سەجاحەوە، بەڵام كاتێك سەجاح پەیوەندى كرد بە موسەیلەمەى درۆزنەوە ئیتر مالیك پەشیمان بوویەوەو چوو بۆ ناوچەیەك كە پێی دەوترا بطاح، خالیدیش بڕیاری دا بچێت بۆ ئەوێ، بەڵام سوپاى پشتیوانان كە لەگەڵ خالید بوون وتیان ئێمە نایەین و تەنها ئەوە دەكەین كە ئەبووبەكر فەرمانى پێداوین، خالیدیش لە وەڵامدا وتى ئەم كارە هەر دەبێت بكرێت و دەرفەتێكە دەبێت بە هەند وەربگیرێت، ئێستاش هیچ نامەیەكم لەو بارەوە بۆ نەهاتووە، من ئەمیرم و فەرمانەكانم بەدەستە، بەڵام ناچاریشتان ناكەم بێن لەگەڵم، وا من دەچم بەرەو بطاح، ماوەى دوو رۆژ رێی بڕی، ئینجا پشتیوانان رایان لەسەر ئەوە كۆك بوو كە دەبێت لەگەڵ خالید بچین چونكە ئەو ئەمیرە، خێرا نێردراویان نارد تا بە خالید بڵێت چاوەڕێیان بكات تا خۆیان دەگەیەننەوە پێی، ئەوەبوو خۆیان گەیاندەوە بە خالید.[8]

خالید كە گەیشتە ئەوێ بڕێ كەسی نارد تا خەڵكەكە كۆبكەنەوە، خەڵكەكەش كۆبوونەوەو گوێڕایەڵی خۆیان بۆ نواند و ئامادە بوون زەكاتیش بدەن، تەنها مالیكی كوڕی نوەیرە نەبێت كە كەنارى گرتبوو و خۆی یەكلا نەكردبوویەوەو نەیدەزانى چی بكات، ئەوەبوو خۆی و هاوەڵەكانى بە دیل گیران، ئەبووقەتادەى ئەنصارى دەڵێت: من شایەتیم دەدا كە نوێژیان دەكرد، كەسانێكی تر هەبوون شایەتییان دەدا كە نە بانگیان دەدا و نە نوێژیان دەكرد، شەوێك لە شەوەكان كە سەرمایەكى زۆر بوو هاواركەرەكەى خالید هاوارى كرد دیلەكانتان گەرم بكەنەوە، كەچی پاسەوانەكان وایانزانى مەبەستی ئەوەیە دیلەكان بكوژن، بۆیە كەوتنە كوشتنى دیلەكان، ضيرارى كوڕی ئەوزیش مالیكی كوڕی نوەیرەى كوشت، هاواركەرەكە كە هاوارى كوشتنەكانى بیست خێرا هاتەدەرەوە، كەچی بینی تازە كار لەكار ترازاوە.[9]

رایەكى تر دەڵێت: بەڵكو هۆكارى كوژرانەكەى مالیك ئەوەبوو كە خالید مالیكی بانگ كرد و پێی وت تۆ پێشتر شوێن سەجاح كەوتیت و ئامادە نەبوویت زەكات بدەیت، ئینجا خالید وتى مەگەر نازانیت نوێژ و زەكات پێكەوە باس كراون؟ مالیكیش وتى هاوەڵەكەى تۆ واى وتووە، خالید وتى مەگەر ئەوە بەس هاوەڵی ئێمەیە و هى تۆ نیە؟ ئەى ضيرار بدە لە گەردنى، ئەویش داى لە گەردنى.

گێڕانەوەیەكى تر وا هاتووە كە خالید ئەبو قەتادەو دەستەیەكى تری نارد، كە گەیشتنە لاى مالیك وتى ئێوە كێن وتیان موسڵمانانین، مالیكیش وتى منیش بەندەى موسڵمانى خوام، ئەبوو قەتادە وتى دەی چەكەكانتان دابنێن، ئەوانیش چەكەكانیان دانان و بەسترانەوەو بران بۆ لاى خالید، لەوێ ئەبوو قەتادە وتى ئەمانە موسڵمانن و پەنا دراون، بەڵام ئەندامانى تری دەستەكە وتیان بەڵكو هیچ پەنایەكمان نەداون و بە زۆرەملێ هێنراون، بۆیە خالید فەرمانى كرد بە كوشتنیان.[10]

قەتادە بە كوشتارەكەى خالید نارازى بوو و لەو بارەوە مشتومڕی لەگەڵ كرد و گەڕایەوە بۆ لاى ئەبووبەكر و سكالآى لە خالید كرد، هەروەها ئەوانەى بۆ عومەریش باس كرد،[11] عومەریش چوو ئەبووبەكری دواند و وتى خالید لابەرە چونكە شمشێرەكەی خوێن رێژی زیادە دەكات، ئەبووبەكر وتى شمشێرێ كە خوا هەڵیكردووە بە رووى بێباوەراندا نایخەمەوە كالان، ئینجا براكەى مالیكیش هاتە لاى ئەبووبەكر و سكالآى خالیدی كرد، عومەریش پاڵپشتى دەكرد، ئەبووبەكریش خوێن باییەكەى مالیكی دا بە براكەى.[12]

سەبارەت بە كوژرانى مالیك ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:

یەكەم: راجیایی هەیە ئایا مالیك بە بێباوەڕی كوژراوە یان بە موسڵمانى، بەڵام ئەگەر تەماشا بكەین لە هەموو گێڕانەوەكاندا ئەوە چەسپاوە كە مالیك ئامادەیی ئەوەى نەبووە زەكات بدات، جا ئەگەر گێڕانەوەى یەكەم بێت كە شەو لەگەڵ دیلەكانى تر كوژرابێت ئەوە بە هەمان چەشنى هەڵەكەى پێشووترى (صبأنا، صبأنا) بووەو وەك لە گێڕانەوەكەدا هاتووە خالید مەبەستى نەبووە بیكوژێت، ئەگەریش بە گێڕانەوەى دووەم بێت كە تیایدا مالیك لەبەردەم خالیددا حاشاى كردووە لە واجب بوونى زەكات، ئەوە دەزانین ئەبووبەكر لەبەر نەدانى زەكات فەتواى جیهاد و كوشتنى ئەوانەى دا كە ئامادەى زەكات دان نین.

دووەم: لەوانەیە رارایی زۆری مالیك وایكردبێت بارەكە ئاڵۆز بكات، سەرەتا چوونى بۆ لاى سەجاح، دواتر دەستبەرداربوونى لە سەجاح و گەڕانەوە بەرەو ئیسلام، دواتر بەرگرتن لە هۆزەكەى تا زەكات نەدەن، هەروەها دواتر هەڵوێستێكی وای بووە كە موسڵمانانى دوو لەت كردووە، دەستەیەك بە موسڵمانیان داناوە وەك ئەبووقەتادە، دەستەیەكیش بە شیاوى كوشتنیان داناوە وەك خالید، لەسەر ئەو دوو بڕیارە جیاوازەش حوكمى دوو گەورە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری جیاواز دەبێت، عومەر خالید بە هەڵەو تاوانبار دەزانێت لەو كوشتنەدا و پێی وایە ئیتر دەبێت خالید پۆستەكەى لێ بسەنرێتەوە، ئەبووبەكریش لەوپەڕی قەناعەتیدا بە ئیجتیهادێكی هەڵەی خالیدی دەزانێت و ئامادە نیە خالید لابەرێت و خوێن باییەكەى مالیك دەدات، ئەم هەڵوێستەى ئەبووبەكریش راستتر بوو، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشتر لە بارێكی لەو چەشنەدا هەمان هەڵوێستى ئەبووبەكری هەبوو، ئەبووبەكریش پێشەنگى كرد بە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو كاتێك خالید لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بە ئیجتیهادێكی هەڵە خەڵكانێكی كوشت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی لە بەرپرسیارێتیەكان لانەبرد، هاوكات خوێن بایی كوژراوەكانى دا.

سێیەم: سەبارەت بە هەڵوێستى ئەبوو قەتادەى ئەنصارى پێدەچێت راراییەكەى مالیك واى لە هەڵوێستى كردبێت، چونكە مالیكى كوڕی نوەیرە دواى دەستبەرداربوونى لە سەجاح رارا كەوتبوو، لەلایەكەوە دەیویست بەرنگارى سوپاى موسڵمانان نەبێتەوە، لەلایەكیشەوە ئامادە نەبوو زەكات بدات، پێدەچێت لە دواندنى ئەبووقەتادەدا جۆرێك لە بروابوونى بە زەكات دەربڕیبێت و لاى خالیدیش هەڵوێستى بڕوانەبوونى هەبووبێت.

بەهەرحاڵ هەڵوێستەكەى خالید خۆی لە دوو ئەگەردا دەبینێتەوە:

یان بە ئیجتیهادێكی هەڵە مالیكی كوڕی نوەیرەى كوشتووە.

یان بە حەق پەیڕەوى بڕیارى خەلیفەى كردووە بۆ كوشتنى ئەوانەى حاشا لە زەكات دەكەن.

بەڵام بە هەڵوێستى ئەبووقەتادەو عومەر و ئەبووبەكردا دەردەكەوێت ئەگەری زیاتر ئەوە بووە كە خالیدى كوڕی وەلید بە ئیجتیهادێكی هەڵە مالیكی كوڕی نوەیرەی كوشتووە، حوكمى ئەبووبەكر و عومەریش لە بارەى خالیدەوە جیاواز بوو و حوكمەكەى ئەبووبەكریش دروستتر بوو چونكە پێشەنگى كردن بوو بە هەڵوێستێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەمان چەشنى رووداودا.

هەروەها بەڵگەیەكى تر ئەوەیە كەكاتێك عومەر لاى ئەبووبەكر دژی خالید قسەی كرد ئەبووبەكر وا وەڵامى دایەوە: لەسەرخۆ بە ئەی عومەر، خالید ئیجتیهادێكی كردووەو هەڵەی تێدا كردووە، دەى زمانت بگرەوە لە خالید، چونكە من شمشێرێك داناگرم كە خوا بە رووی بێباوەڕاندا هەڵیكردووە.[13]

 

 

هاوسەرگیری خالید و ژنەكەى مالیكی كوڕی نوەیرە

ئەم بابەتە لە مێژوودا بووەتە تانەیەك بۆ خالیدی كوڕی وەلید، كاتێك خالید مالیكی كوڕی نوەیرەى كوشت دواتر لەگەڵ ژنەكەیدا هاوسەرگیری كرد، جا دەستەیەك بە چەند بەڵگەیەك ئەوە بە رەوا دەزانن، دەستەیەكیش بە نارەواى دەزانن و دەڵێن خالید لەبەر ژنەكەى مالیكی كوشتووە.[14]

بەپێی گێڕانەوەیەك هاتووە خالید پاش كوشتنى مالیك وەستا تا ژنەكەى ماوەى پاكبوونەوەى تەواو بوو، بەڵام ئەبووبەكر سەبارەت بە هاوسەرگیریەكەى لێی تووڕە بوو.[15]

كاتێك مەسەلەكە لاى ئەبووبەكر و عومەر قسەی زۆری لێكرا، ئەبووبەكر فەرمانى كرد خالید بێتەوە مەدینە، كە خالید هاتەوە عومەر پێی وت بە ناحەق موسڵمانێكت كوشتووەو ژنەكەیشت بردووە، دەبێت سزا بدرێیت، كاتێك خالید چوو بۆ لاى ئەبووبەكر و دواندى، خالید بەڵگەی هێنایەوە بۆ كارەكەى و توانى قەناعەت بكات بە ئەبووبەكر، ئەبووبەكر بەڵگەكانى خالیدی پەسەند كرد و خوێن بایی مالیكی دا و وازى هێنا لە خالید و لە پۆستەكەیدا هێشتیەوە.[16]

بەهەرحاڵ بەپێی دەقە مێژووییەكان مەسەلەى كوشتنى مالیك هیچ پەیوەندیەكى نەبووە بە ژنەكەیەوە، بەڵكو هاوسەرگیری دواى ئەوە قسەی لەسەرە كە ئایا رەوا بووە یان نا، ئەمەش نارەزایی عومەر و ئەبووبەكریشی لەسەر بووە.



[1] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 315.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 317.

[3] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 317.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 317.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 318 – 319.

[6] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 33.

[7] - شرح النووي على صحيح مسلم، ج1، ص 203.

[8] - البداية و النهاية لابن كثير، ج6، ص 320 – 322.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 322.

[10] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 37.

[11] - الكامل في التاريخ، ج2، ص 217.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 322.

[13] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 217.

[14] - البدء و التاريخ، ج5، ص 159.

[15] - تأريخ الطبري، ج2، ص 273.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 323.

 1643
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.