دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خەدیجەى كچى خوەیلید(دایكی باوەڕداران) (رضي الله عنها) -بەشی دووەم-

باوەڕهێنانى خەدیجە(رضي الله عنها)

خەدیجە یەكەم كەس بوو باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[1]ئەمەش كۆدەنگى هەموو موسڵمانانى لەسەرە.[2]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سروشی بۆ دابەزى جۆرێك لە دڵەخورپێ دایگرت و گەڕایەوە ماڵەوە بۆ لاى خەدیجەى كچی خوەیلیدی خێزانى، فەرمووى:  (دامپۆشن، دامپۆشن)، دایانپۆشی تا حاڵی ئاسایی بوویەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بارەكەى گێڕایەوە بۆ خەدیجەو فەرمووى: (لقد خشیت على نفسی)، (بەراستی لە حاڵی خۆم دەترسم)، خەدیجەش پێی وت: نەبەخوا هەرگیز خوا سەرشۆڕ و شكت خواردەت ناكات، چونكە تۆ پەیوەندى خزمایەتی دەگەیەنیت و ئەركی قورس و هاوكارى لەئەستۆ دەگریت و دەستگرۆیی هەژار و مایەپووچان دەكەیت و رێزى میوان دەگریت و خزمەتى دەكەیت و پاڵپشت و دڵدەرەوەى بارشێواوانیت، ئینجا پاش ئەو دڵدانەوەیە، خەدیجە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) برد بۆ لاى وەرەقەى كوڕی نەوفەل كە كابرایەكى نەصرانى بوو و نووسینی عیبرانیشی دەزانى، كابرایەكى پیری نابینا بوو، خەدیجە پێی وت ئامۆزاكەم گوێ لە برازاكەت بگرە، وەرەقە بە وردى گوێی گرت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواجار پێی وت كە ئەو بووە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[3]

 

 

گەورەییەكانى خەدیجە(رضي الله عنها)

جارێك خەدیجە خواردنى ئامادە كردبوو بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و چوو بەرەو بەرزاییەكانى مەككە تا خواردنەكەى بۆ ببات، لە رێدا جبرەیل خۆی لە شێوەی مرۆڤێكدا نیشان دا و پرسیارى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە خەدیجە كرد، خەدیجەش ترس دایگرت و ترسا كەسێكی خراپ بێت و نیازى كوشتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) هەبێت، دواتر كە خەدیجە چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەى بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (ئەوە جبرەیل بوو، فەرمانى پێكردم سەلامت پێ بگەیەنم)، ئینجا موژدەى دا بە خەدیجە كە لە بەهەشتدا خانوویەكى بێ ژاوەژاوو و ماندووبوونى بۆ تایبەت كراوە.[4]

خەدیجە پشتیوانێكى گەورە بوو بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵكو هەركات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەرەوە بە دەست بێباوەڕانەوە قسەی ناخۆشی بەرامبەر بكرایە، كە دەگەڕایەوە ماڵەوە خەدیجە دڵی هێور دەكردەوەو خەفەتى سەر شانى لادەبرد.[5]

خەدیجە دایكی هەموو منداڵەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو جگە لە ئیبراهیم كە لە ماریە بوو.

خەدیجە ئەم مندالآنەى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو:(قاسم كە كوڕە گەورەى بوو،  عەبدوڵا ناسراو بە طهیب و طاهیر، روقییە كە كچە گەورەى بوو، زەینەب، ئومموكلثوم، فاتیمە)،[6] هەموو كوڕەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەدیجەوە پێش دابەزینی سروش وەفاتیان كرد، بەڵام كچەكانى مانەوە تا ئیسلام هات و باوەڕیان هێنا بە ئیسلام و كۆچیان كرد بۆ مەدینە.[7]

خەدیجە زۆر خواناس بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موژدەى پێدابوو كە لە بەهەشتدا خانوویەكى هەیە.[8]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(إن أفضل نساء أهل الجنة خديجة بنت خويلد و فاطمة بنت محمد و مريم بنت عمران و آسية بنت مزاحم إمراة فرعون)،[9] (چاكترین ئافرەتانى بەهەشت بریتین لە خەدیجەى كچی خوەیلید و فاطيمهى كچی موحەممەد و مەریەمى كچی عیمران و ئاسیەى كچی موزاحیم كە ژنى فیرعەون بوو).

جارێك جیبریل هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و فەرمووى: :  ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە خەدیجەیە دێت بۆ لات و قاپێكی پێیە كە خواردنی تێدایە، ئەگەر هات بۆ لات سەلامى  پەروەردگارى و منى پێ بگەیەنە و موژدەى بدەرێ بە خانوویەك لە بەهەشتدا كە مرواریەو هیچ ژاوەژاو و ماندووبوونێكی تێدا نیە.[10]

خەدیجە لە هەموو نارەحەتیەكاندا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، تەنانەت لە گەمارۆدانى سەختى هاشمیەكانیشدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە شیوەكەدا بوو، جارێك حەكیمی كوڕی حیزام ویستى بڕێك گەنم بەرێت بۆ خەدیجەى پوورى، بەڵام ئەبووجەهل رێی پێگرت، ئەبولبوختەرى هات و وتى ئەوە چیتانە؟ ئەبووجەهل وتى ئەمە خواردن دەبات بۆ هاشمیەكان، ئەبولبوختەرى وتى بۆ پوورى خۆی دەبات رێی ئەوەشی لێ ئەگریت؟ رێی بۆ چۆڵ كە كابرا، بەڵام ئەبوجەهل رازى نەبوو، بۆیە كەوتنە دەمەقاڵەو دەستەویەخە.[11]

 

كۆچی دوایی خەدیجە(رضي الله عنها)

سەبارەت بە كاتى مردنى خەدیجە چەند گێڕانەوەیەك هاتووە، لە عائیشەى دایكی باوەڕدارانەوە گێڕدراوەتەوە كە خەدیجە پێش فەڕزبوونى نوێژ وەفاتى كردووە، دەوترێت لە مانگ رەمەزاندا كۆچی دوایی كردووە، رایەك دەڵێت: سێ ساڵ پێش كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە كۆچی دوایی كردووە.[12]

رایەك دەڵێت كاتێك خەدیجە وەفاتى كرد تەمەنى نزیكەى شەست و پێنج ساڵ دەبوو،[13] ئەمەش بە پشت بەستن بەو گێڕانەوەى كە دەڵێت: خەدیجە لە تەمەنى چل ساڵیدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەرگیری كردووە.

حاكم لە موستەدرەكدا دەڵێت: ئەم وتەیە شازە، چونكە ئەوەى لاى منە(بەڵگە) ئەوەیە كە تەمەنى نەگەیشتوەتە شەست ساڵان.[14]

سەبارەت بە ماوەى نێوان مەرگى خەدیجەو ئەبوو طاليب رایەك دەڵێت: خەدیجە تەنها دواى سێ رۆژ لە مەرگى ئەبووطاليب كۆچی دوایی كرد، رایەكى تر دەڵێت: بەڵكو خەدیجە سی و پێنج رۆژ پێش ئەبووطالیب كۆچی دوایی كرد.[15]

خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەدیجە(رضي الله عنها) پاش مردنیشی

خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەدیجە بە مەرگى خەدیجە كۆتایی پێ نەهات، بەڵكو زۆرجار بە چاكە باسی دەكرد، ئەمەش چەند نموونەیەك لە خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەدیجە لە دواى مردنى:

خەولەى كچی حەكیم دەڵێت: چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەتبینم بە مەرگى خەدیجە بۆشاییەك كەوتۆتە ژیانتەوە، ئەویش فەرمووى: : (بەڵێ، ئەو دایكی منداڵەكان و خاتوونى ماڵەوە بوو).[16]

عائیشەى دایكی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر جار باسی خەدیجەى دەكرد، كاتێك ئاژەڵێكی سەردەبڕی بەشی هاوڕێكانى خەدیجەى جیا دەكردەوەو دەستی بگەیشتایەتە لاى هەركامیان بۆی دەنارد.[17]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت ئەو غیرەى بەرامبەر خەدیجە هەمبوو بەرامبەر هیچ كەسی تر هێندە نەمبوو، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر زۆر باسی دەكرد.[18]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە گۆشتى دەنارد بۆ هاوڕێكانى خەدیجەو و هێندەش زۆر باسی خەدیجەى دەكرد، وام لێدەهات دەموت ئەڵێیت هەر خەدیجە ژن بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: ئەو ئاواو و ئاوا بوو و من لەو منداڵم هەبوو).[19]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: جارێك هالەى خوشكی خەدیجە هاتە بەردەرگا، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زانى هالەیە خێرا راپەڕی و فەرمووى: : (اللهم هالە) (ئاى خوایە هالە هاتووە)، منیش غیرە دایگرتم و وتم چیە ئەوەنە باسی ئەو پیرەژنە قوڕەیشیە دەكەیت،[20] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى لێ بیستم دەموچاوى تووڕە و شێواو هەڵگەڕا.[21]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: كاتێك ناوى خەدیجە دەبرا ئیتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر وەسفی دەكرد و زۆر یادى دەكردەوە، منیش رۆژێك غیرەم هەبوو وتم چیە ئەوەنە باسی ئەو لاجانگ سوورە ئەكەیت خوا لە بری ئەو چاكتری پێ بەخشیویت، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ما أبدلني الله عز وجل خيرا منها، قد آمنت بي إذ كفر بي الناس، وصدقتني إذ كذبني الناس، وواستني بمالها إذ حرمني الناس، ورزقني الله عز وجل ولدها إذ حرمني أولاد النساء[22] (خواى گەورە لەو چاكتری پێ نەبەخشیوم، خەدیجە كاتێك باوەڕی پێ هێنام كە خەڵكی بڕوایان پێ نەدەهێنام، بەراستى زانیم كاتێك خەڵكی بە درۆیان دەخستمەوە، كاتێك خەڵك بێبەشیان دەكردم ئەو بە سامانەكەى دڵنەوایی و پاڵپشتی دەكردم، خواى گەورە لەو منداڵی پێ بەخشیم كەچی لە ژنەكانى ترم لە منداڵ بێبەشی كردم).



[1] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 109.

[2] - أسد الغابة، ج7، ص 89.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 3، صحيح مسلم، الرقم 257، صحيح ابن حبان، الرقم 33، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25297.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 603-604.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 600.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج2، ص 294.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 91.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 4566.

[9] - صحيح ابن حبان، الرقم 7120، المستدرك على الصحيحين، الرقم 3771، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8080، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2787، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18909، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 1507.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 3632، صحيح مسلم، الرقم 6975، صحيح ابن حبان، الرقم 7119، مسند احمد بن حنبل، الرقم 6975، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18918.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 88.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 117.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 112.

[14] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4790.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 112.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 603، قال الحافظ ابن حجر وسنده قوي مع إرساله.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 3628.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 3629.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 3630.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 3633.

[21] - صحيح ابن حبان، الرقم 7118.

[22] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24309، قال الذهبي في البداية والنهاية (ج3، ص 128) إسناده لا بأس به، صححه شعيب الأرناؤوط.

 1357
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.