دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خەيثه مەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى خەيثهمەى كوڕی حارثى كوڕى مالیكە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كوڕێكی هەبوو بە ناوى سەعد كە لە غەزاى بەدردا شەهید كرا.[1]

كاتێك هاوەڵان خۆیان ئامادە دەكرد بۆ جەنگى بەدر، خەيثهمە بە سەعدى كوڕی وت دەبێت یەكێكمان بچین و ئەوى ترمان لە ماڵەوە بمێنێتەوەو لاى ژن و مناڵەكان بێت، بۆیە تۆ لێرە بە با من بچم، سەعد وتى باوكە گیان ئەگەر مەسەلەكە جگە لە بەهەشت بوایە بەدڵنیاییەوە رازى دەبووم، بەڵام من هیوام هەیە ئەمجارە شەهیدیم بە نسیب بێت، دواجار باوك و كوڕ گەیشتنە ئەوەى تیرو پشك بكەن، ئەوەبوو سەعد ناوى دەرچوو، بۆیە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لە بەدردا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[2]

خەيثهمە یەكێكە لە بەشداربوانى ئوحودو لەو غەزایەدا بە دەستى هوبەیرەى كوڕی ئەبی وەهب شەهید كرا.[3]

بەوجۆرە ئەو تاسەی شەهیدیەى كە لەگەڵ كوڕەكەى تیروپشكی بۆ دەكرد، لە یەكەم غەزادا بۆ كوڕەكەى بوو كە پاداشتى ئەوەشی دەستكەوت، لە دووەم غەزاشدا بۆ خۆی بوو.

پەندو وانە

ئەم بەسەرهاتە نیشانەى راستگۆیی ئەو باوك و كوڕەیە كە چەندە بڕوایان بەو جیهادە هەبووەو تاسەی شەهیدیان هەبووە، بە داخەوە موسڵمانانێكی ئەمڕۆ هەر جەنگێك كە بە دیدی خۆیان بە رەواى بزانن دەیكەنە جیهاد و هەندێ جار خوێنە رەواكان حەرام و خوێنە نارەواكان حەلآڵ دەكەن، كەچی ئەو جیهادەى هاوارى بۆ دەكەن و خەڵكی بۆ هان دەدەن و ئەو شەهیدیەی دڵی گەنجانى بۆ جۆش دەدەن و تاسەی مەرگیان لا زیاد دەكەن، لاى خۆیان لەوپەڕی بەهێزی بیركردنەوەیاندا موستەحەببێكە كە سەدان شتی گەورەتر هەیە لەپێشیەوە، بۆ ئەم كارەیان دەیان بیانوو ریز دەكەن و هەوڵ دەدەن ئەو بیانوانەش بشەرعێنن، جا ئەگەر جیهادێك هەبێت و مەرگ تیایدا شەهیدی بێت و پاداشتەكەشی بەهەشتى فیردەوس بێت، چ گەمژەییەكە بانگەوازكەرەكە خۆی لێ بێبەش بكات، مەگەر برسیەك كە خوانێكی گەورەى رازاوە بەدی بكات و مافی هەبێت لە خواردنیدا، گەمژە نیە ئەگەر برسێتی خۆی بەو خوانە خۆشە زۆرە نەشكێنێت! ئەوەتا ئەم باوك و كوڕە مادەم دەزانن مەسەلەى بەهەشتە، تیرو پشكی بۆ دەكەن، ئایا ئەمە لە ئەزموونى ئەمڕۆی موسڵماناندا هەیە؟ بە دڵنیاییەوە زۆر كەمە، بەڵكو بگرە بووەتە بەسەرهاتێك.



[1] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 458.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 411.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 350.

 1409
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.