دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خونەیس (رضي الله عنه)

خونەیسى كوڕی حوذافە(رضي الله عنه)

ناوى خونەیسی كوڕی حوذافەى كوڕی قەیسى كوڕی عەددی قوڕەیشیە، یەكێكە لە یەكەمین موسڵمان بووەكان و لە كۆچەرانى حەبەشەیە، دایكی ناوى ضهعیفەى كچی حيذیمە.[1]

برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە یەكێكە لە هاوەڵانى دیارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[2]

برایەكى تری ناوى قەیس بوو كە ئەویش لە كۆچەرانى حەبەشە بوو و دواتر گەڕایەوە مەككەو ئینجا كۆچی كرد بۆ مەدینە.[3]

هێشتا بانگەوازى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەچووبووە ناو ماڵی ئەرقەمەوە كە خونەیس موسڵمان بوو.[4]

كاتێك موسڵمانان كۆچیان كرد بۆ حەبەشە خونەیسیش یەكێك بوو لە كۆچەرەكان،[5] ئیبن سەعد دەڵێت لە كۆچی دووەمى حەبەشەدا بەشدار بووە،[6] پاش ئەوە گەڕایەوە مەككەو دواتر كۆچی كرد بۆ مەدینە.[7]

خونەیس زاواى عومەرى كوڕی خەططاب بوو، چونكە حەفصەى كچی عومەر ژنى بوو، ئەوەبوو دواى مەرگى خونەیس حەفصە بوو بە هاوسەری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[8]

خونەیس هاودەم بە حەفصەى خێزانى كۆچی كرد بۆ مەدینە.[9]

كاتێك خونەیس كۆچی كرد بۆ مەدینەو دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە مەدینەو برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان خونەیس و ئەبی عەبسەوە.[10]

خونەیس یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، دواى غەزاى بەدر زۆر نەمایەوەو پاش بیست و پێنج مانگ لە كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە خونەیس كۆچی دوایی كرد، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی نوێژی مردووى لەسەر كرد و لە گۆڕستانى بەقیع و لەپاڵ گۆڕی عوثمانى كوڕی مەظعووندا ئەسپەردە كرا.[11]

رایەكى تر دەڵێت: خونەیس لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدارى كرد و تیایدا بریندار بوو و بە هۆی برینەكەیەوە كۆچی دوایی كرد.[12]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە دواى تەواوبوونى واددەى عیددەى حەفصە ئینجا بەهاوسەری گرت،[13] هەروەها بە دەقی دروست هاتووە كە لە ساڵی سێیەمى كۆچیدا بەهاوسەری گرتووە، جەنگى ئوحودیش لە مانگى شەوالى ساڵی دووەمى كۆچیدا بوو.[14]

ذەهەبی ئەو رایەی هێناوە كە دواى غەزاى بەدر خونەیس مردووە،[15] ئیبن كەثير هێناویەتى كە لە بەدردا پێكراوەو بەو هۆیەوە مردووەو حەفصەى ژنی بێوەژن كەوتووە.[16]

خونەیسى ئەوسى (رضي الله عنه)

ناوى خونەیسى كوڕى ئەبووسائیبە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، دواتریش لە غەزاكاندا بەشدارى كرد، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە فتووحاتى عێراقدا بەشدار بوو.[17]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص 392.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 4، ص 57.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 461.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص 392.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 344.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 392.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 344.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 294.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 81.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص 392.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص 392.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 181.

[13] - سير اعلام النبلاء، ج2، ص 227.

[14] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 165.

[15] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 142.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 318.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 2، ص 346.

 1135
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.