دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  رەبیعەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

رەبیعەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموطهلیبە، برازاى عەبباسی مامى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)،[1] واتە ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.

دایكی ناوى غەزیەى كچی قەیسی فەهرى بوو.[2]

منداڵەكانى رەبیعە بریتی بوون لە (موحەممەد، عەبدوڵا، عەبباس، حارث، عەبدشەمس، ئەرواى گەورە، هیند)، ژنەكەشی ناوى ئوممولحەكەمى كچى زوبەیر بوو، ئەم مندالآنەى لەم ژنەى بوون، ژنێكی تریشی ئوم وەلەد بوو كە ئەرواى بچووك و عەبدولموطهلیبی لێی هەبوو.[3]

رەبیعە منداڵێكی تری هەبوو بە ناوى ئادەم كە لە جەنگێكدا كوژرا، كاتێك ئادەم لەبەر دەرگا گاگۆڵكێی دەكرد بە بەردێك لێیاندا و كوشتیان، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی فەتحى مەككەدا هەموو خوێنێكی سەردەمى نەفامى هەڵوەشاندەوەو فەرمووى:  پێش هەموویان ئەم خوێنە هەڵوەشاوەتەوە،[4] وەك لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ألا كل شيء من أمر الجاهلية تحت قدمي موضوع، ودماء الجاهلية موضوعة، وإن أول دم أضع من دمائنا دم ابن ربيعة بن الحارث)،[5] (بزانن هەرچی بارێكى سەردەمى نەفامى هەیە دەیخەمە ژێر پێكانم، خوێنی سەردەمى نەفامیش نەماوە، یەكەم خوێنیشمان كە لە كارى دەخەم خوێنی كوڕەكەى رەبیعەى كوڕی حارثه).

لە سەردەمى نەفامیدا رەبیعە هاوبەشی كارى بازرگانى عوثمانى كوڕی عەففان بوو.[6]

كاتێك بێباوەڕان دەرچوون بۆ جەنگى بەدر، رەبیعە هێشتا موسڵمان نەبووبوو، بەڵام بەشدارى جەنگەكە نەبوو چونكە لە شام بوو.[7]

رەبیعە لە دەوروبەری جەنگى خەندەقدا هاودەم بە عەبباس و نەوفەل موسڵمان بوو و نەگەڕایەوە بۆ مەككە، دواتر لە فەتحى مەككەدا بەشدارى كرد، دواتریش لە جەنگى طائیف و حونەینیشدا بەشدارى كردو لەوانە بوو كە لە دەورى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مایەوە، دواتر رەبیعە لە مەدینە خانوویەكى بنیاد ناو لەوێ مایەوە.[8]

جارێك رەبیعە هاودەم بە عەبباسی مامى پێكەوە قسەیان دەكرد، وتیان خۆزگە ئەم دوو كوڕەی خۆمان دەنارد، واتە (عەبدوڵاى كوڕی عەبباس و عەبدولموطهلیبی كوڕی رەبیعە) بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سەرپەرشتى كۆكردنەوەى ئەو زەكاتەی بسپاردایە بەوان، ئیتر خەڵكی چی دەستكەوتایە ئەوانیش دەستیان دەكەوت و خەڵكی چی ببەخشیایە ئەوانیش دەیانبەخشی لەو كاتەدا عەلى كوڕی ئەبوو طالیب هات و ئەوانیش مەسەلەكەیان بۆ باس كرد، عەلى وتى شتى وا مەكەن چونكە سوێند بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە ناكات، بەڵام رەبیعە كەنارى گرت لێی و پێی وت بەخوا لە حەسوودیتەوەیە وا دەڵێیت، تۆ بوویت بە زاواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە حەسوودیمان پێ نەبردیت، عەلى وتى دەى بیاننێرن، ئینجا عەلى راكشا، ئەوەبوو ئەو دوانە چوون، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی نیوەڕۆی كرد عەبباس و هاوڕێكەى چوون بۆ ژوورەكەى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەوەى لە ناختاندایە دەریبڕن)، ئەوكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی زەینەبی كچی جەحش بوو، عەبدولموطهلیب دەڵێت: هەریەكەمان چاوەڕێ بووین ئەوی ترمان قسە بكات، دواجار یەكێكمان قسەی كرد و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ چاكترین و خزم دۆستترین كەسیت، بیستوومانە هاوسەرگیریت كردووە، جا هاتوین تا هەندێ لە كۆكردنەوەى زەكات بسپێریتە دەستمان، ئیتر ئێمەش وەك ئەو خەڵكە ماف و ئەركەكان بەجێ دەگەیەنین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەكى زۆر بێدەنگ بوو و لەولاشەوە زەینەبی خێزانى بە ئاماژەى چاو پێی دەوتین هیچی پێ مەڵێنەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إن الصدقة لا تنبغي لآل محمد إنما هي اوساخ الناس[9] (زەكات بۆ بنەماڵەى موحەممەد رەوا نیە، بەڵكو زەكات پاشماوەى چڵكى دەستى خەڵكە).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر بۆ هەر ساڵێك سەد كۆڵ خورماى بۆ رەبیعە بڕیەوە.

رەبیعە لە سەردەم خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا وەفاتى كرد.[10]

رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی نەوفەل(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی نەوفەلە، دانیشتووى مەدینە بوو،[11] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (هەركامتان ركوعى برد با بڵێت اللهم لك ركعت و بك امنت و لك اسلمت و أنت ربی خشع سمعی و بصری و لحمی و دمی).[12]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 460.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 47.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 47.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 47.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 2212.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 460.

[7] ­ الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 47.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، 47.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 1849.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 461.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 462.

[12] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2423.

 1418
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.