دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (زورارە) بووە

زورارەى كوڕی جەزى (رضي الله عنه)

ناوى زورارەى كوڕی جەزى یان جەزئى كوڕی عەمرى كوڕی عەوفی كیلابیە.[1]

جارێك زورارەى كوڕی جەزى بە عومەرى كوڕی خەططابی وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەى نووسی بۆ ضهححاكى كوڕی سوفیان میراتى بەشی ژنەكەى ئەشیەمى ضيبابی بدات لەو خوێن باییەى لە بری خوێنی مێردەكەى وەردەگیرێت.[2]

ئەم فەرموودەیە بە گێڕانەوەى تر لە ئەسعەدى كوڕی زورارەوە گێردراوەتەوە.[3]

زورارە كەسێكی خانەدان و دەوڵەمەند و ناسراو بوو، لەو هێرشەی كە یەزیدى كوڕی موعاویە بردیە سەر قوستەنتینیە زورارە بەشدارى كرد، رایەك دەڵێت: لەو دەرچوونەیدا زورارە كۆچی دوایی كرد، رایەكى تریش دەڵێت: بەڵكو تا سەردەمى مەروانى كوڕی حەكەم ژیا.[4]

زورارەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى زورارەى كوڕی عەمرى نەخەعیە، پاش ئەوەی نەخەعیەكان لە یەمەن موسڵمان بوون و بەیعەتیان دا بە موعاذی كوڕی جەبەل كە نێردراوى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئینجا لە نیوەى موحەڕەمی ساڵی یانزەى كۆچیدا دووسەد كەس لە نەخەعیەكان بە وەفد هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەنێویاندا زورارەى كوڕی عەمرى نەخەعی بەشدار بوو.[5]

زورارە كە گەیشتە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من لە رێی هاتنمدا خەوێكم بینی كە تەواو ترساندومى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  خەوەكەت چی بوو؟ زورارە خەوەكەى گێڕایەوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) خەوەكەى بۆ لێكدایەوەو بۆی روونكردەوە فیتنەیەك دێت، زورارە داواى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ بكات نەگات بەو فیتنەیە، ئەویش نزاى بۆ كرد.[6]

ئەوەبوو زورارە پێش فیتنەى سەردەمى عوثمان كۆچی دوایی كرد، بەڵام عەمرى كوڕی زورارە یەكەم كەس بوو كە وازى هێنا لە بەیعەتەكەى بەرامبەر بە عوثمانى كوڕی عەففان.[7]

 

زورارەى كوڕی عومەیر (رضي الله عنه)

ناوى زورارەى كوڕی عومەیرە، براى موصعەبی كوڕی عومەیرە، كونیەكەى ئەبووعەزیزە،[8]دایكی ناوى ئومموموصعەبی كچی خەناسە.

زورارە لە غەزاى بەدردا لەناو ریزی بێباوەڕاندا بەشدارى كرد و تیایدا بەدیل گیرا، جا كاتێك دیلەكان دابەش كران بەسەر موسڵماناندا تا سەرپەرشتییان بكەن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەسیەتى كرد لەگەڵ دیلەكاندا چاك بن، زورارە دەڵێت: هەركام لە هاوەڵان ئەگەر پارچە خواردنێكی پێ بوایە دەیدا بە ئێمەو خۆی خورماكەى دەخوارد، منیش شەرمم دەكرد، بۆیە نانەكەم بۆ فڕێ دەدایەوەو ئەویش فڕێی دەدایەوە بۆم.[9]

زورارەى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى زورارەى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[10]

 

زورارەى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى زورارەیە و یەكێكە لە پشتیوانانە، زورارە دەڵێت: جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتەى خوێندەوە(إن المجرمين في ضلال وسعر)، دواتر فەرمووى  ئەم ئایەتە سەبارەت بە كەسانێك دابەزیوە كە لە ئاخرزەماندا دێن و بڕوایان نیە بە قەدەرى خوا.[11]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 599.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5174، حسنه ابن حجر في الإصابة ج2، ص 599.

[3] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 894.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 599.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 346.

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 301.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 561.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 562.

[9] - أسد الغابة، ج6، ص 226.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 562.

[11] - معجم الصحابة لابن قانع، ج2، ص 212.

 1233
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.