دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (زیاد) بووە

زیادى باهیلی (رضي الله عنه)

ناوى زیادەو باوكى هیرماسە، هیرماسی كوڕی دەڵێت: لەگەڵ باوكم چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش باوكمى كرد بە بەرپرسی هۆزەكەى خۆی.[1]

هەروەها هیرماس دەڵێت دەمبینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتارى دەفەرموو و منیش لەسەر وشترەكەى باوكم لەپێش باوكمەوە دانیشتبووم و تەماشاى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەكرد كە وتارى دەفەرموو بۆ خەڵك، ئەوكات هێشتا منداڵێكی بچووك بووم.[2]

زیادى غیفارى (رضي الله عنه)

ناوى زیادەو لە غیفاریەكانە، دواتر لە میصر نیشتەجێ بوو، زیاد دەڵێت گوێم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو دەیفەرموو: (هەركەس بستێ لە خوا نزیك بێتەوە ئەوە خواى گەورە باڵێك لێی نزیك دەبێتەوە).[3]

زیادى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی حارثى صودائیە، هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[4]

زیاد دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەسەر ئیسلام بەیعەتم پێدا، ئینجا هەواڵم بیست كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپایەكى ناردووە بۆ هۆزەكەم، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوپاكە بگەڕێنەرەوە من موسڵمانبوون و گوێڕایەڵی هۆزەكەمت بۆ دێنم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بڕۆ سوپاكە بگێڕەوە)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوارەكەم پەكى كەوتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (یا أخا صدا ْ، تۆ لەناو هۆزەكەتدا گوێڕایەڵ كراویت؟) وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەڵكو خوا بەهۆی تۆوە رێنموونى كردون بۆ ئیسلام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئایا نەتكەم بە بەرپرسیان؟) وتم با ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى بۆ نووسیم و منى كردە بەرپرسیان، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شتێ لە زەكاتەكەیانم پێ ببەخشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى تری بۆ نووسیم، جا هەر لەو كۆڕەدا بووم كە هەندێ سكالآ كران لە بەرپرسانێكى هۆزەكان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا خير في الإمارة رجل مؤمن)، (كەسی باوەڕدار هیچ خێرێك لە دەسەلآتداریدا نابینێت)، منیش دڵم كرمۆ بوو بەرامبەر بە پۆستەكەم، ئینجا یەكێكی تر هات وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شتێكم پێ ببەخشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (من سأل الناس غن ظهر غنى فصداع في الرأس و داء في البطن)، (هەركەس بێ پێویستى داوا لە خەڵك بكات ئەوە ژانەسەر نەخۆشی سكە)، منیش وتم خۆ من بێ ئەوەى پێویستم بووبێت داوام كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، شەو داهات و لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم، وەستام تا لاى چۆڵ بوو، كاتێك بانگى بەیانى هات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم و منیش بانگم دا، ئینجا سەیری پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) دەكرد و دەموت قامەت بكەم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؟ ئەویش سەیری رۆژهەلآتى دەكرد و دەیفەرموو: نا تا بەری بەیان دێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواتر فەرمووى ئاو هەیە؟ وتم نەخێر تەنها كەمێك هەیە كە بەشت ناكات، فەرمووى:  بیكەرە قاپێكەوە و دواتر بیهێنە بۆم، منیش وامكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى خستە ناو قاپەكەوەو دەمدى لەنێوان هەموو پەنجەكانیەوە كانیاو هەڵدەقولآ، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە منى فەرموو ئەگەر شەرمم لە خوا نەكردایە داواى بارانم لێدەكرد و خوا بارانى بۆ دەباراندین، پاشان فەرمووى:  هاوار بكە لە هاوەڵانم كێ پێویستى بە ئاوە، منیش هاوارم كرد هەركەس ویستى هات ئاوى برد، ئینجا هەستا بۆ نوێژ، بیلال ویستى قامەت بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەخاصوداء  بانگى داوە و ئەویش قامەت دەكات)، منیش قامەتم كرد، كە نوێژەكە تەواو بوو هەردوو نامەكەم بردە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەرفەتم بدە پاشگەز ببمەوە لەم دوانە، فەرمووى: (بۆ چی بووە؟) وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من بیستم چیت فەرموو بەو كەسانەى هاتنە خزمەتت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  دەى وایە، ئەگەر ئەتەوێت قبووڵی بكەو ئەگەریش ئەتەوێت وازى لێ بهێنە، منیش وتم بەڵكو وازى لێدەهێنم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  دەى كەسێكم پێ بڵێ كە بیكەمە ئەمیرتان، منیش كەسێكی ناو وەفدەكەم پێ وت كە هاتبوون، دواتر وتم ئەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێمە بیرێكمان هەیە كە لە زستاندا بەشمان دەكات، بەڵام كە هاوین دێت ئاوەكەى كەم دەكات و بلآوە دەكەین بۆ ئاوى دەوروبەرمان، جا ئێمە موسڵمان بوین و هەموو ئەوانەى لە دەورمانن دوژمنمانن، بۆیە نزامان بۆ بكە ئاوى ئەو بیرەمان بەشمان بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى حەوت چەوى كرد، لە دەستیدا داینان و نزاى خوێند بەسەریاندا و فەرمووى:  (ئەو وردەچەوانە ببەن، كە چوونە لاى بیرەكە یەك یەك بیانخەنە ناو بیرەكەوەو ناوى خوا بهێنن) ئێمەش ئەوەمان كرد ئیتر دواى ئەوە نەماندەتوانى بنى بیرەكە ببینین.[5]

زیادى كوڕی حەذرە(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی حەذرەی تەمیمیە، لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) موسڵمان بوو، سەرەتا زیاد و هاوەڵانى باوەڕیان نەدەهێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵانى خۆی نارد تا بانگیان بكەن بۆ ئیسلام، كەچی ئەوان رازى نەبوون، دواتر رایانكرد، ئینجا بەدیل گیران و برانە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەوێ هەموویان موسڵمان بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بە سەری زیاددا و نزاى بۆ كرد.[6]

 

زیادى كوڕی حەنظهلە(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی حەنظهلەى تەمیمیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم هاوەڵەی نارد بۆ لاى زوبرقانى كوڕی بەدر و قەیسی كوڕی عاصم تا پێكەوە هەنگاو بنێن بۆ كوشتن و لەناوبردنى موسەیلەمەى درۆزن.[7]

زیاد ماوەیەك كاربەدەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[8]

زیاد لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدارى هەموو جەنگەكانى كرد.[9]

زیادى كوڕی سەبرە(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی سەبرەی یەعمەریە، زیاد دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە لاى هەندێ لە ئەشجەعی و جوهەنیەكان وەستاو بڕێ گاڵتەو سوعبەتى كرد لەگەڵیاندا و هاودەم بەوان پێكەنى، منیش لە دەروونى خۆمدا ئەو بارەم لاى ئاسایی نەبوو، بۆیە وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ ئەشجەع و جوهەینە پێبكەنین؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووڕە بوو و بە دەستەكانى داى بەسەر شانمدا و فەرمووى: (ئەوان باشترن لە بەنى فەزارەو لە بەدریش، باشترن لە بەنى شەرید و لە هۆزەكەى تۆیش باشترن، دەى ئێوە داواى لێخۆشبوون لە خوا بكەن)، زیاد دەڵێت: سەردەم هات و چوو تا سەردەمى هەڵگەڕانەوە هات، هەموو ئەوانەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى هێنابوون هەڵگەرانەوە، پێشبینی هۆزەكەى خۆیشمم دەكرد  هەڵبگەڕێنەوە، چووم بۆ لاى عومەر و مەسەلەكەم بۆ باس كرد، عومەر وتى مەترسە مەگەر نەتبیست لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمویت (دەى ئێوە داواى لێخۆشبوون لە خوا بكەن).[10]

 

زیادى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی مالیكە، دایكی ناوى غەڕرەى كچی حارثه، خوشكەزاى دایكی باوەداران مەیموونەى كچی حارث بوو، جا زیاد كاتێك هات بەرەو مەدینەو گەیشتە ئەوێ، راستەوخۆ چوو بۆ ماڵی دایكی باوەڕداران مەیموونەى پووری، ئەوكات زیاد لە تەمەنى گەنجیدا بوو، لەوێ لاى دایكی باوەڕداران مایەوە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ ئەوێ و زیادى بینی تووڕە بوو و گەڕایەوە، خێرا مەیموونە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە خوشكەزامە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوویە ژوورەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ مزگەوت، زیادیش لەگەڵیدا چوو، نوێژی نیوەڕۆی كرد، زیادى لە خۆی نزیك كردەوەو دەستى هێنا بەسەر سەریدا و دواتر دەستى هێنا بەسەر لووتیدا.[11]

زیادى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە بەنى ساعیدە، برایەكى هەبوو بە ناوى ضهمرە كە هەردوو برا پێكەوە لە غەزاى بەدردا بەشدارییان كرد.[12]

زیادى كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی كەعبی كوڕی عەمرى جوهەنیە، لە هەردوو غەزاى بەدرو ئوحودیشدا بەشدار بوو.[13]

زیادى كوڕی لەبید(رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی لەبیدی كوڕی ثهعلەبەى كوڕی سینانە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە،[14]دایكی ناوى عەمرەى كچی عوبەیدە.[15]

یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، دواتریش چوو هەر لە مەككە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە تا دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچى كرد بۆ مەدینە ئەویش گەڕایەوە بۆ مەدینە، بۆیە پێی دەوترا كۆچەری پشتیوانى.[16]

ژمارەیەك لە پشتیوانان ئەم هەڵوێستەى زیادیان هەبوو كە بریتی بوون لە ذەكوانى كوڕی عەبدقەیس و عوقبەى كوڕی وەهب و عەبباسی كوڕی عوبادە، ئەمانە ماوەیەكى كەم پێش كۆچكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە لە مەككە دەرچوون و گەڕانەوە بۆ مەدینە، ئیتر پێیان دەوترا كۆچەرە پشتیوانەكان.[17]

زیاد كە موسڵمان بوو و لە بەیعەتى عەقەبە گەڕایەوە مەدینە، پێش چوونى دواترى بۆ مەككە، لەگەڵ فەروەى كوڕی عەمردا كەوتە شكاندنى بتەكان بەنى بیاضه.[18]

زیاد لە غەزاى بەدرو ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كرد.

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەنێو هاوەڵانیدا بوو، چاوى بەرەو ئاسمان بەرز كردەوەو فەرمووى:  (هذا اوان يختلس العلم من الناس حتى لا يقدروا منه على شيء)، (ئێستا كاتى ئەوەیە كە زانست لە خەڵكی داماڵرێت تا ئەوەى تواناى زانینی شتێكی زانستیان نەبێت)، زیادی كوڕی لەبید كە لە كۆڕەكەدا بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن زانستمان لێ دادەماڵرێت لەكاتێكدا قورئانمان خوێندووە، بەخوا خۆمان و ژن و منداڵمان قورئان دەخوێنینەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموى (ثكلتك أمك يا زياد، إني كنت لأعدك من فقهاء أهل المدينة، هذا التوراة والإنجيل عند اليهود والنصارى فماذا يغني عنهم[19] (دایكت رۆڵەرۆت بۆ بكات ئەی زیاد، خۆ من تۆم لە تێگەیشتووەكانى خەڵكی مەدینە دادەنا، ئەوە تەورات و ئینجیلە لاى جوولەكەو گاور، دەى هیچ سوودى هەیە بۆیان؟).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیادى كردبوو بە بەرپرسی ناوچەی حەضرەمەوت و تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد زیاد هەر لەوێ بەرپرس بوو.[20]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد خەلیفەی یەكەمى باوەڕداران ئەبووبەكری صدیق نێردراوى نارد بۆ لاى زیاد و هەواڵی پێدا كە ئەو بووە بە جێنشینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[21]

كاتێك بزووتنەوەى هەڵگەڕاوەكان دەستى پێكرد، زیاد بەرپرسیارێتی جەنگى هەڵگەراوەكانى لە یەمەندا لەئەستۆدا بوو و دواجار توانى بەسەریاندا سەربكەوێت و سەركردەكەیانى بەدیل گرت كە ناوى ئەشعەثى كوڕی قەیس بوو و بە كۆتكراوى ناردى بۆ لاى خەلیفەى یەكەمى موسڵمانان.[22]

 

زیادى كوڕی نوعەیم (رضي الله عنه)

ناوى زیادى كوڕی نوعەیمی فەهریە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا پشتیوانى خەلیفە بوو و لە ماڵەكەیدا مایەوە بۆ بەرگری كردن و هەر لەوێ كوژرا.[23]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 588.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 588، قال ابن حجر إسناده صحيح.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 589.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 582.

[5] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 3844، قال ابن حجر في الإصابة قال ابن سكن في إسناده نظر.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 582.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 583.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 320.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 583.

[10] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 2386.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 310.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 585.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 586.

[14] - أسد الغابة، ج2، ص 325.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 598.

[16] - أسد الغابة، ج2، ص 325.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 226.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 598.

[19] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 307، سنن الترمذي، الرقم 2644، سنن الدارمي، الرقم 304، مسند الشاميين للطبراني، الرقم 1992، صححه الذهبي في التلخيص، صححه الألبانى في صحيح و ضعيف الجامع الصغيرو زيادته، الرقم 12946.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 598.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 446.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 598.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 588.

 1404
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.