سەلەمەى كوڕی بودەیل(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی بودەیلى كوڕی وەرقائە، خۆی و باوكى و براكانیشی (عەبدوڵا و عەبدورەحمان و عوثمان) هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون.[1]
سەلەمەى كوڕی ثابت (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی ثابتى كوڕی وەقشە، لە پشتیوانانە لە بەنى عەبدولئەشهەل، لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدار بوو و لە ئوحوددا شەهید بوو.[2]
سەلەمەى كوڕی حاطيب(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی حاطيبى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى هەردوو غەزاى بەدر و ئوحود.[3]
سەلەمەى كوڕی ذەكوان (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی ذەكوان یان دەوترێت كوڕی ئەدرەعە، شەوانە پاسەوانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد.[4]
سەلەمە دەڵێت شەوێك پاسەوانى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەكرد كە دەچوو بۆ دەست بەئاوگەیاندن، لە رێدا داى بە لاى كابرایەكدا نوێژی دەكرد و دەنگى بەرز دەكردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لەوانەیە بۆ رووپامایی بێت)، پاش ماوەیەك شەوێكی تر كە پاسەوانیم دەكرد و هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوە، بینی من پاسەوانى دەكەم، دەستی گرتم و چووین، دامان بەلاى كابرایەكدا كە لە مزگەوت نوێژی دەكرد و دەنگیشی بەرز كردبوویەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەوانەیە بۆ رووپامایی وا دەنگ بەرز بكاتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى نەخێر، بەڵكو ئەوە دەنگى ئاه و كروزانەوەیەتى، منیش چووم تەماشام كرد عەبدوڵا ذولبیجادەتەینە.[5]
سەلەمەى كوڕی رەبیعە(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی رەبیعە عەنەزیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە.[6]
سەلەمەى كوڕی سەعد(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی سەعدى عەنەزیە، خۆی و ژن و منداڵەكانى چوونەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە گەرمى پێشوازى كرد لێیان، دواتر نزاى خێری كرد بۆ هۆزەكەشی.[7]
سەلەمەى كوڕی سەلام (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی سەلامى ئیسرائیلیە، یەكێكە لە كەسە جوولەكەكان كە موسڵمان بوو، كەلبی دەڵێت ئەم ئایەتەش سەبارەت بەو و چەند كەسێكی تر دابەزى (يا أيها الذين امنوا آمنوا بالله و رسوله...).[8]
سەلەمەى كوڕی سەلامە(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی سەلامەى كوڕی وەقشە، لە پشتیوانانە لە بەنى عەبدولئەشهەل، دایكی ناوى سەلماى كچی سەلەمەیە.
سەلەمە ئەم مندالآنەى هەبوو: عەوف، مەیموونە، ژنەكانیشی بریتی بوون لە ئومموعەلى كچی خالید و ئوممووەلەدێك.[9]
سەلەمە یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، لە هەردوو بەیعەتەكەدا بەشدارى كرد، لە غەزاى بەدرو ئوحود و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو.[10]
سەلەمە دەڵێت ئێمە دراوسێیەكى جوولەكەمان هەبوو، رۆژێك لە ماڵ هاتە دەرەوەو هات بۆ لامان، هێشتا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەرنەكەوتبوو، هاتە كۆڕەكەمانەوە، من تەمەنم لە هەموویان كەمتر بوو، عەبایەكم بە شانەوە بوو كە لەسەریشى راكشابووم، كابرا كەوتە باسی زیندووبوونەوەو لێپێچینەوەى رۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ، ئینجا وتى ئەو دۆزەخە بۆ بتپەرستانە كە خەڵكى ئەم شارەش دەگرێتەوە، خەڵكەكە پێیان وت ماڵوێران یانى تۆ پێت وایە شتى وا روودەدات و زیندووبوونەوە هەیە و بەهەشت و دۆزەخێك بوونى هەیە؟! ئەویش وتى بەڵێ، سوێند بەوەى سوێندى پێ دەخورێت، وتیان نیشانەى ئەوە چیە؟ ئەویش وتى لە نزیك ئەم وڵاتەوە-ئاماژەی بە مەككە كرد- پێغەمبەرێك دەردەكەوێت، وتیان كەى دەیبینین؟ تەماشایەكى منى كرد و وتى ئەم كوڕە پێی دەگات، سوێند بەخوا زۆری نەخایاند تا ئەوەى خواى گەورە پێغەمبەرى خۆی نارد و هاتە نێومانەوە، ئێمە باوەڕمان پێ هێنا، كەچی ئەو كابرایە لە حەسوودی وسەركەشیدا باوەڕی پێ نەهێنا، ئەوانەمان كە كابرامان بینیەوە، وتمان ماڵوێران مەگەر تۆ نەبوویت پێشتر باسی ئەم پێغەمبەرەت بۆ دەكردین؟ ئەویش دەیوت با، بەڵام ئەمە ئەو پێغەمبەرە نیە.[11]
كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەلەمەو ئەبی سەبرەوە.[12]
سەلەمە دواجار لە ساڵی چل و پێنجى كۆچیدا وەفاتى كرد و لە مەدینە ئەسپەردە كرا،[13] رایەكیش دەڵێت لە ساڵی سی و چواردا كۆچی دوایی كردووە، لە كاتى وەفاتیدا سەلەمە تەمەنى حەفتا ساڵ بوو،[14] یان دەوترێت تەمەنى حەفتا و چوار ساڵ بووە.[15]
سەلەمەى كوڕی سەلامەى ثهعلەبی (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی سەلامەى ثهعلەبیە، دواتر دانیشتووى شاری كووفە بوو، سەلەمە هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و فەرموودەیەكیشی لێوە گێڕاوەتەوە.[16]
سەلەمەى كوڕی صەخر (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی صەخرە، لە پشتیوانانە، سەلەمە دەڵێت من پیاوێك بوم زۆر دەچوومە لاى ژنەكەم، ئەوەبوو كە رەمەزان هات ترسام درەنگانى شەو حەزى جووتبوونم بۆ پەیدا بێت و دەست پێ بكەم و نەگەمە بارى حەسانەوە تا بەیانى دێت، بۆیە بەرامبەر بە ژنەكەم ظيهارم بەكارهێنا، شەوێك ژنەكەم خزمەتى دەكردم كە شتێك لە جەستەی دەركەوت و كارى تێكردم و لەگەڵی جووتبووم، بۆ بەیانى چووم بۆ لاى هۆزەكەم، هەواڵ و بەسەرهاتەكەم بۆ باسكردن، ئینجا وتم دەى یەكێكتان وەرن لەگەڵم با بچم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تا بەسەرهاتەكەى بۆ باس بكەم، ئەوانیش وتیان بەخوا نایەین لەگەڵت، دەترسین قورئانمان لەبارەوە دابەزێت یان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شتێكمان بەرامبەر بڵێت كە دواتر عەیبەكەى لەسەرمان بمێنێتەوە، خۆت بڕۆ بزانە چی دەبێت، منیش خۆم تەنها چوومە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (ئاوا بوویت؟) وتم بەڵێ، رازیشم حوكمى خوام لەسەر پەیڕەو بكرێت و خۆڕاگر دەبم و لاى خوا چاوەڕێی پاداشت دەبم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كۆیلەیەك ئازاد بكە، منیش بە دەستم دام بە پشتە ملى خۆمدا و وتم سوێند بەوەى تۆی بەحەق ناردووە تواناى ئەوەم نیە، فەرمووى دەى دوو مانگ بەسەریەكەوە بەڕۆژوو بە، وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جگە لە رۆژوو چارێكی تر نیە؟ چونكە من ئەم بارەم لەرۆژووگرتنەوە تووشى ئەمە بووم، فەرمووى نانى شەست هەژار بدە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە ئەم ئێوارەى كە تێپەڕی لە ماڵماندا هیچ نەبوو بیخۆین، فەرمووى دەى بڕۆ بۆ لاى بەرپرسی صەدەقەى بەنى زورەیق و بڵێ با كۆڵێك خورما و نانى شەست هەژارت پێ بدات، هەمووی بەكاربهێنە بۆ ژن و منداڵەكانت، منیش چوومەوە بۆ لاى هۆزەكەم و وتم لاى ئێوەوە نارەحەتیم دەست كەوت و لاى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كراوەیی و بەرەكەتم دەستكەوت، فەرمانى كرد صەدەقەى خۆتان بدەن بە من، ئەوانیش پێیان بەخشی.[17]
سەلەمەى كوڕی عەرادە(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی عەرادەى كوڕی مالیكە، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژی دەگرت، سەلەمەو عویەینەى كوڕی حیصنیش لە ململانێدا بوون لەسەر بەرماوەى ئاوى دەستنوێژەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە عویەینەی فەرموو رێ بدە مێرمنداڵەكە دەستنوێژ بگرێت، ئەوەبوو دەستنوێژی گرت و دواتر چەندە لە ئاوەكە مابوویەوە خواردیەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستی هێنا بەسەر سەر و دەموچاویدا.[18]
سەلەمەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی عەمرى كوڕی ئەكوەعە، بەڵام زیاتر بە سەلەمەى كوڕی ئەكوەع ناسراوە.
سەلەمە لە حودەیبیەدا بەشدارى كرد، دەوترێت ئەوە یەكەم بەشدارى ئەو بووە، تیایدا سەلەمە بەیعەتى مەرگى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
سەلەمە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چووین بۆ حودەیبیەو هەزار و چوارسەد كەسێك دەبووین، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بنى دارەكەدا بانگى كردین تا بەیعەت بدەین، خەڵكی بەیعەتیان دەدا، دواتر لەنێو خەڵكەكە بووم كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی سەلەمە بەیعەت بدە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من پێش هەموان بەیعەتم پێدایت، فەرمووى هەمدى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشای كرد چەكم پێنەبوو، كەوانێكی پێدام، كە خەڵكەكە هەموو تەواو بوون، هەمدى فەرمووى ئەی سەلەمە بەیعەتم پێ نادەیت؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێش هەموان بەیعەتم پێ دایت، فەرمووى هەمدى، ئەوەبوو سێ جار بەیعەتم پێدا، ئینجا فەرمووى ئەی سەلەمە ئەو كەوانەى پێمدایت كوا؟ وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عامیری مامم بینی هیچ چەكى پێ نەبوو،منیش دام بەو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەنى و فەرمووى (تۆ وەك ئەوەیت كە یەكەمیان وتى خوایە خۆشەویستێكم پێ ببەخشە لە خۆم لام خۆشەویستتر بێت)، دواتر وەفدى بێباوەڕان هاتن و رێككەوتن كرا، من لەناو سوپاكەى طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵادا بووم، خزمەتم دەكرد و لە خواردنى ئەوم دەخوارد، من ژن و مناڵم جێهێشتبوو و لەبەر خواو پێغەمبەرەكەى كۆچم كردبوو، دوای رێككەوتنەكە چووملە سێبەری دارێك دانیشتم، چوار بێباوەڕی قورەیش هاتن بۆم و كەوتنە قسەوتن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش زۆر داخ لەدڵ بووم بۆیان، چوومە بن دارێكی تر و ئەوانیش چەكیان هەڵواسی و راكشان، لەو بارەدا بووین كە یەكێك لە كۆچەران هاوارى كرد ئەی كۆچەران ئیبن زونەیم كوژرا، منیش خێرا شمشێرم هەڵكردو و چووم چەكی ئەو چوارەم برد كە راكشابوون، ئینجا وتم سوێند بەوەى موحەممەدى رێزدار كردووە هەركامتان لە شوێنی خۆی هەستێت دەدەم لە گەردنى، ئینجا ئەوانم برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عامیری مامیشم كەسێكی گرتبوو و هێنا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى ئەوانى كرد و فەرمووى ئازادیان بكەن، دواتر گەراینەوە بۆ مەدینە، لە شوێنێ بووین نێوانى ئێمەو بەنی لیحیان شاخێك بوو، ئەوانە بێباوەڕ بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى لێخۆشبوونى كرد بۆ ئەو كەسەی ئەو شەوە پاسەوانى ئەو شاخە بكات، منیش ئەو شەوە دوو یان سێ جار بەسەر ئەو شاخەدا سەركەوتم، دواتر هاتینەوە مەدینە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە رەباح وشترەكانى خۆی نارد، منیش لەگەڵی بووم، دوایی عەبدورەحمانى فەزارى هێرشی بردە سەر وشترەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، شوانەكەى كوشت و هەموو وشترەكانى برد، منیش وتم ئەی رەباح ئەو ئەسپە بەرەو بیدە بە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و هەواڵیش بدە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بێباوەڕان وشترەكانى ئەویان بردووە، روومكردە مەدینەو سێ جار هاوارم كرد فریا كەون، ئینجا كەوتمە شوێن شالآوهێنان و تیربارانم دەكردن، بەو شێوە تیربارانم دەكردن تا كەوتنە تەنگاوى نێو شاخەكەوەو منیش لە سەرەوە بەردم تێدەگرتن، وازم نەهێنا تا چی وشتری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیە هەموویم گێڕایەوە، چواریان ویستیان بێنە سەرەوە بۆم، كە دەنگم گەیشتە لایان، پێم تن من دەناسن؟ وتیان نا، وتم من سەلەمەى كوڕی ئەكوەعم، سوێند بەوەى دەموچاوى موحەممەدى رێزدار كردووە هەركامتان بكەمە ئامانج خۆمی پێ دەگەیەنم، كەسیشتان ناتوانێت دەستی بگەیەنێتە لام، ئەوەبوو گەڕانەوە، لەوێ بووم كە سوارچاكەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەیشتن.[19]
سەلەمەى كوڕی ئەكوەع دەڵێت: جڵەوى ئەسپەكەى ئەخرەمم گرت و پێم وت ئەى ئەخرەم وریایان بە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و هاوەڵانى دێن، ئەخرەم وتى ئەى سەلەمە ئەگەر بڕوات هەیە بەخوا و رۆژی دوای و دەزانیت بەهەشت حەقە و دۆزەخ حەقە مەكەوەرە نێوان من و شەهیدیەوە(ڕێی شەهیدیم لێمەگرە)، منیش وازم لێهێنا، ئەخرەم چوو تا گەیشت بە عەبدورەحمان و لەگەڵی جەنگا و ئەسپەكەى عەبدورەحمانى بریندار كرد، عەبدورەحمانیش داى لە ئەخرەم و كوشتى و چووە سەر ئەسپەكەى ئەخرەم تا ئەبوو قەتادە هات و عەبدورەحمانى كوشت.[20]
هاوارەكەى ئیبنولئەكوەع گەیشتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش هاوەڵانى ئاگادار كردەوە و بڕێ لە هاوەڵان دەنگى پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بیست خێرا چوونە خزمەتى، لەوانە موحریزى كوڕی نەضله، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەعدى كوڕی زەیدى كرد بە ئەمیریان، یەكەم كەس گەیشت بەو شالآوبەرانە موحریز بوو، موحریز سوارى ئەسپێ ببوو كە هى مەحموودى كوڕی مەسلەمە بوو،[21] كاتێ گەیشت بە دوژمن پێی وتن ئەی گرۆی بەنى لوكەیعە بوەستن تا كۆچەران و پشتیوانان كە بەدواتانەوەن پێتان ئەگەن.[22]
دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (چاكترین پیادەمان سەلەمە بوو)، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشكی سوارەیەك و پیادەیەكیشی بەخشی بە سەلەمە،[23] پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا مەدینە سەلەمەى لە دواى خۆیەوە لەسەر وشترەكە سوار كرد،[24] ئینجا كابرایەكى پشتیوانى بە خێرایی بە پیادە دەڕۆیشت و زوو زوو دەیوت كەس نیە تا مەدینە پێشبڕكێم لەگەل بكات؟ سەلەمە دەڵێت منیش كە ئەوەم بیست وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم مۆڵەتم بدە با لەگەڵ ئەو كابرایە پێشبڕكێ بكەم، فەرمووى ئەگەر خۆت بتەوێت باشە، بە كابرام وت كەمێكیش پێشكەوە، ئینجا كەوتمەڕێ، خۆم گەیاندەوە پێی و دام بە نێو شانیدا و وتم بەخوا پێشت كەوتم، ئەوەبوو زووتر گەیشتمە مەدینە، هێندەى نەبرد پاش سێ شەو دەرچووین بۆ خەیبەر.[25]
سەلەمە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى حەوت غەزام كرد، لەگەڵ زەیدی كوڕی حارثهشدا بەشدارى غەزام كردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی كردبوو بە ئەمیرمان.[26]
سەلەمە لە غەزاى خەیبەریشدا بەشدار بوو، خۆی دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچووین بۆ خەیبەرو بە شەو رێمان دەكرد، پیاوێك بە عامیری ماممى وت ئەرێ بڕێك شیعرمان بۆ ناڵێیت؟ ئەویش شیعری بۆ هۆنینەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە كێیە؟ وتیان عامیری كوری ئەكوەعە، فەرمووى رەحمەتى خواى لێ بێت، چووین و گەمارۆی خەیبەرمان دا و تووشی نارەحەتیەكى زۆر بووین تا دواجار خوا سەركەوتنى پێ بەخشین.[27]
سەلەمە لە غەزاى خەیبەردا قاچی تووشی پێكان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی هێنا بەسەر قاچیدا و خێرا قاچی سەلەمە چاك بوویەوە.[28]
هەروەها سەلەمە لە غەزاى موئتەشدا بەشدارى كردووە.[29]
سەلەمە دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین كە تەرمێكیان هێنا و وتیان نوێژی لەسەر بكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئایا قەرزى لەسەرە؟ وتیان نا، فەرمووى ئەی هیچی پاش خۆى جێهێشتووە؟ وتیان نا، بۆیە نوێژی لەسەر كرد، دواى ماوەیەك تەرمێك هێنرا، وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر بكە، فەرمووى قەرزى لەسەرە؟ وتیان بەڵێ، فەرمووى ئەی هیچی جێهێشتووە؟ وتیان سێ دینار، ئەوەبوو نوێژی لەسەر كرد، دواتر تەرمی سێیەم هێنرا، وتیان نوێژی لەسەر بكە، فەرمووى هیچی جێهێشتووە؟ وتیان نا، فەرمووى ئەی قەرزى لەسەرە؟ وتیان سێ دنیار، فەرمووى (خۆتان نوێژ لەسەر هاوەڵەكەتان بكەن)، ئەبووقەتادە كە لەوێ ئامادە بوو، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر بكە من قەرزەكەى دەدەمەوە، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر كرد.[30]
سەلەمە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی عاشوورادا كەسێكی نارد تا هاوار بكات، كێ بەرۆژوو نەبووە با ئەو بەشەی تری رۆژەكە بەڕۆژوو بێت، ئەوەش هیچی نەخواردووە با هیچ نەخوات.[31]
پێشتر سەبارەت بە رۆژووى عاشوورا ْ روونكردنەوەمان داوە.
سەلەمە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزاى حونەین بووم، كە گەیشتین بە دوژمن، چوومە پێشەوە، كابرایەكى بێباوەڕ هات بۆم، منیش تیرێكم بۆ هاویشت و ئەویش لە دەستم دەرچوو، هێندەم بینی هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وا پاشەكشە دەكەن و رادەكەن، منیش رامدەكرد و جلەكانم كۆدەكردەوە، دام بە لاى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كاتێك لەسەر سوارەكەى بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئیبنولئەكوەع ترس دایگرتووە.[32]
سەلەمە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا و یەكێك بوو لەوانەى لە مەدینە فەتواى دەدا،[33] چونكە یەكێك بوو لە زانا گەورەكانى ناو هاوەڵان.[34]
دواى ئەوەی عوثمانى كوڕی عەففان شەهید كرا، سەلەمە چوو بۆ ناوچەی رەبذەو لەوێ ژیا، لەوێ ژنی هێنا و منداڵێكی بوو، سەلەمە چەند شەوێك پێش مردنى چوو بۆ مەدینەو لەوێ وەفاتى كرد.[35]
لەو ماوەى سەلەمە لە دەرەوەى مەدینە بوو، جارێك چوو بۆ سەردانى حەججاج، حەججاج وتى ئەی ئیبنولئەكوەع داوتەتە دواوە و بوویتەتە دەشتەكى؟ سەلەمە وتى نا، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێداوم.[36]
سەبارەت بە ساڵی مردنى سەلەمە چەند رایەك هاتووە، ئیبن حەجەر دەڵێت راى راست ئەوەیە لە ساڵی حەفتا و چوارى كۆچیدا بووە، رایەك دەڵێت لە ساڵی شەست و چوارى كۆچی بووە، رایەكیش دەڵێت لە كۆتایی ماوەى دەسەلآتى موعاویەدا وەفاتى كردووە.[37]
ذەهەبی دەڵێت كاتێك وەفاتى كرد تەمەنى لە نەوەد ساڵ بەرەو سەر بوو.[38]
سەلەمەى كوڕی عیاض(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی عیاضى ئەسەدیە، هاودەم بە جاروودى عەبدى هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێش ئەوەى بگەنە خزمەتىن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)هەواڵی پێدان كە بۆچی هاتون، سەلەمەش شیعرێكی پیاهەڵدانى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هۆنیەوە.[39]
سەلەمەى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی قەیسی ئەشجەعیە، سەلەمە یەكێكە لە بەشداربوانى حەجى ماڵئاوایی و دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دەیفەرموو (هیچ هاوەڵێك بۆ خوا بڕیار مەدەن و ئەو نەفسەی خوا كوشتنى حەرام كردووە لەسەر حەق نەبێت مەیكوژن، دزی و زینا مەكەن).[40]
سەلەمە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدارى فتووحات بوو، خەلیفە خۆی سەلەمەى هاودەم بە كەسانێ راسپارد تا بچن بۆ ناوچەیەكی فارسەكان، ئینجا ئامۆژگارى كردن، سەلەمەش ئەمیری خەڵكەكە بوو.[41]
سەلەمەى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)
ناوى سەلەمەى كوڕی مالیكی سولەمیە، سەلەمە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشە زەویەكى بڕیەوە بۆ سەلەمەى كوڕی مالیك و بۆ ئەوەش نامەیەكى بۆ نووسی.[42]
[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 144.
[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 144.
[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 145.
[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 146.
[5] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3005.
[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 146.
[7] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6236.
[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 148.
[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 439.
[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 148.
[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5754، مسند احمد بن حنبل، الرقم 15536، صححه الذهبي في التلخيص، حسنه شعيب الأرناؤوط.
[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3،ص 403.
[13] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5753.
[14] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 356.
[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 148.
[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 149.
[17] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 2213، المستدرك على الصحيحين مع تقصير، الرقم 2747، سنن أبي داود، الرقم 1905، سنن الدارمي، الرقم 2237، سنن الترمذي، الرقم 3304، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16099، صححه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2213،
[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 151.
[19] - صحيح مسلم، الرقم 3460.
[20] - صحيح مسلم، الرقم 3476، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16290، مصنف بن أبي شيبة، الرقم 36340، صحيح ابن حبان، الرقم 7296، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16642.
[21] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص150.
[22] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص151.
[23] - صحيح مسلم، الرقم3460.
[24] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 329.
[25] - صحيح مسلم، الرقم 3460.
[26] - صحيح البخاري، الرقم 4035.
[27] - صحيح البخاري، الرقم 5801.
[28] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 295.
[29] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 326.
[30] - صحيح البخاري، الرقم 2190، صحيح ابن حبان، الرقم 3323، مسند احمد بن حنبل، الرقم 16206، مسند الروياني، الرقم 1107، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6164.
[31] - صحيح البخاري، الرقم 1837، صحيح مسلم.
[32] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 331.
[33] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 330.
[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج9، ص 6.
[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 151.
[36] - صحيح البخاري، الرقم 6693.
[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 151.
[38] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 331.
[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 152.
[40] -المستدرك على الصحيحين، الرقم 8106، صححه الذهبي في التلخيص.
[41] - سنن سعيد بن منصور، الرقم 2295.
[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 153.