دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەلمانى فارسی (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

سەلمانى فارسی هاوەڵی نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و نەوەى فارسەكانە، هاوەڵێكی زۆر ناسراو و دڵسۆز بە ئیسلامە.

سەلمان بە هەریەك لە ناوەكانى سەلمانى فارسی و سەلمانى كوڕی ئیسلام و سەلمانولخەیر و ئەبووعەبدوڵاى فارسی ناسراوە.[1]

سەبارەت بە ناوە سەرەكیەكەى سەلمان چەند ناوێك هاتووە(ماهەوەیه، مایە، بیهبوود).[2]

سەبارەت بە شوێنی لەدایكبوون و گەورەبونى هەریەك لە رامهورمز و ئەصفەهان هاتووە،[3] بەڵام لە زۆربەى گێڕانەوەكاندا ناوى گوندێكی سەر بە ئەصفەهان هاتووە.

موسڵمانبوونى:

چەند گێڕانەوەى جیاواز هاتووە سەبارەت بە سەرەتاى ژیانى سەلمان و موسڵمانبوونى:

سەلمان دەڵێت: باوكى من لەنەوەى كیسراكان بوو، منیش دەچووم بۆ قوتابخانەو دوو مێرمنداڵیشم لەگەڵدا بوو، كە دەگەڕانەوە لە رێگەدا لایاندەدا بۆ لاى قەشەیەك، منیش لەگەڵیان چووم بۆ لاى، ئەویش بە دوانەكەى وت مەگەر نەموت جگە لە خۆتان كەس نەهێنن بۆ لام؟ منیش بەردەوام دەچووم تا واى لێهات منى لەوان زیاتر خۆشدەویست، پێی دەوتم ئەی سەلمان ئەگەر باوكت و ئەوان پرسیاریان كرد لە كوێ بوویت و بۆ درەنگ هاتوویتەتەوە، بڵێ  مامۆستاكەم درەنگ مۆڵەتى دام، ئەگەریش مامۆستاكەت وتى بۆچی دواكەوتویت، بڵێ لە ماڵەوە درەنگ مۆڵەتیان دام، منیش وامدەكرد، ئینجا كابراى قەشە وتى ئەی سەلمان من نیازم هەیە لێرە بڕۆم، ئەوەبوو چوو بۆ لادێیەك، ژنێك زوو زوو دەچوو بۆ سەردانى، كاتێك ئەو كابرایە سەرەمەرگى هات، وتى سەلمان ئەو شوێنە هەڵكەنە، منیش ئەو شوێنەم هەڵكەند، دەبینم كووپێك درهەمە، وتى هەڵیرژە بەسەر سنگمدا، منیش وامكرد، ئەویش بە دەستى دەیدا بەسەر سنگیدا و دەیوت هاوار بۆ قەشە، ئەوەبوو مرد.[4]

سەلمان دەڵێت: من كابرایەك بووم خەڵكی ناوچەی جەى بووم، خەڵكی گوندەكەم ئەسپیان دەپەرست، منیش دەمزانى ئەوان لەسەر رێی راست نین، ئەوەبوو پێم وترا ئەو ئایینەى تۆ دەتەوێت لە رۆژئاواوەیە، منیش چووم تا گەیشتمە موصڵ، لەوێ پرسیارم كرد باشترین كەس كێیە؟ كەسێكیان نیشان دام لە پەرستگایەكدا بوو، چووم بۆ لاى و وتم من خەڵكی جەیم و هاتوم بۆ ئیش دەگەڕێم و دەمەوێت زانستیش فێر بم، رێم بدە لات بمێنمەوە خزمەتت دەكەم با لاى تۆیش زانست وەربگرم، ئەویش رازى بوو و منیش لاى مامەوە تا ئەو كاتەى سەرەمەرگى هات، رێنموونى كردم بچم بۆ لاى كابرایەك لە ناوچەی جزیرە.[5]

سەلمان دەڵێت: باوكم خەڵكی ئەصفەهان بوو و دایكیشم دەوڵەمەند بوو، بۆیە منى برد بۆ لاى مامۆستایان لە قوتابخانە تا بخوێنم، منیش لەگەڵ مندالآنى گوندەكەمان دەچووم بۆ خوێندن، من لە هەموویان بالآبەرزتر و بەتەمەنتر بووم، ئەوەبوو ماوەى پشووى خوێندنم هەبوو، لە رێدا شاخێك هەبوو كە ئەشكەوتێكی تێدا بوو، رۆژێك خۆم تەنها چووم، تەماشاى ئەشكەوتەكەم كرد كابرایەكى تێدایە كە جلوبەرگ و نەعلەكانیشی لە مووى ئاژەڵ بوو، لێی نزیك بوومەوە، كابرا بە منى وت: عیساى كوری مەریەم دەناسیت؟ وتم نا، وتى ئەو پێغەمبەرى خوا بوو و موژەى داوە بە هاتنى پێغەمبەرێك پاش خۆی بە ناوى ئەحمەد، خوا لە خەمى دنیا بەرەو رۆح و خۆشبەختى ئاخیرەتى برد، منیش وتم خۆشبەختى ئاخیرەت چیە؟ وتى خۆشبەختیەكە لەناوناچێت، چێژ و رووناكی لە لێوەكانى ئەو پێغەمبەرەوە دەردەچێت، ئیتر ئەو كابرا دڵی راكێش كردم و لە هاوڕێكانم جیا بوومەوەو بە تەنها دەچووم، دایكم كە دەیناردم بۆ لاى مامۆستاكان، من لە رێدا لامدەدا بۆ لاى كابرا، ئەویش فێری ئەوەى كردم هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و عیسا پێغەمبەرى خوایە وپاش ئەو موحەممەد پێغەمبەرى خوایە، ئیمان بە زیندووبوونەوەو چۆنێتی نوێژكردنى فێر كردم.[6]

سەلمان دەڵێت: من كابرایەكى فارس بووم لە گوندێكى سەر بە ئەصفەهان كە پێی دەوترا جەى، باوكم دیهقانى ئەو گوندە بوو، من لاى باوكم خۆشەویستترین كەسی سەر زەوى بووم، هێندە منى خۆشدەویست كە وەك چۆن ئافرەت لە ماڵەوە دەهێڵرێتەوە، باوكم ئاوەها لە ماڵەوە دەیهێشتمەوە، منیش تەواو لە ئایینی مەجووسیەتدا رۆچووبووم، هێندە سەرقاڵی مەجووسیەت بووم كە سەرپەرشتی ئاگرى پەرستگام دەكرد، باوكم پێشتر ئەو كارەى دەكرد و منیش نەمدەهێشت ئەو ئاگرە بكوژێتەوە، باوكم باخێكی گەورەى هەبوو، رۆژێك سەرقاڵی بیناكارى بوو و نەیتوانى بچێت بۆ لاى باخەكەى، بە منى وت كوڕی شیرینم من ئەمڕۆ سەرقاڵی ئەم بینایەم و ناتوانم بچم بۆ لاى رەز و باخەكەم، جا تۆ لە بری من بڕۆ فلآنە ئیش و ئیش بكە، كە ویستم بكەومە ڕێ، وتى كوڕەكەم دوانەكەویت، دوانەكەوتنەكەتلە هەموو سامان و كارەكانم لام گرنگترە، منیش كەوتمەڕێ، لە رێدا دام بە لاى كڵێسایەكى مەسیحیەكاندا و لەوێ دەنگى ئەوانم بیست كە نوێژیان دەكرد،  من پشتر لەبەرئەوەى هەمیشە لە ماڵ بووم و باوكم نەیدەهێشت بێمە دەرەوە، نەمدەزانى هەواڵی خەڵكی چۆنە، كە چووم بۆ لاى مەسیحیەكان و ئەوانم بینی، وتم بەخوا ئایینەكەى ئەوان زۆر باشترە لەوەى ئێمە، بەو هۆیەوە دواكەوتبووم، باوكیشم ترس دایگرتبوو و كەسی ناردبوو بە شوێنمدا تا بزانێت بۆچی دواكەوتوم، خۆر ئاوابووبوو من هەر لاى مەسیحیەكان بووم و كارەكەى باوكمم نەكرد، پێش ئەوەى جێیان بهێڵم، بەوانم وت بنەرەتى ئەم ئایینەى ئێوە لە كوێیە؟ وتیان لە شام، منیش گەڕامەوە بۆ لاى باوكم، وا باوكمم سەرقاڵ كردبوو وازى هێنابوو لە كارەكەى خۆیشی، كە چوومەوە بۆ لاى باوكم، وتى كوڕە شیرینەكەم لە كوێ بوویت؟ مەگەر نەموت دوا نەكەویت؟ منیش وتم باوكە گیان دام بە لاى خەڵكێكدا لە كڵێسایەكدا نوێژیان دەكرد، منیش سەرسام بووم بەئایینەكەیان، لایان مامەوە تا خۆرئاوابوون، باوكیشم وتى كوڕی شیرینم ئەو ئایینەى ئەوان راست نیە، ئایینی باوباپیرانت  باشترە لەوە، منیش وتم نەخێر باوكە گیان، بەخوا ئایینەكەى ئەوان لەوەى ئێمە باشترە، كە ئەمەم وت باوكم ترس دایگرت و بڕیاریدا بەندم بكات تا واز لەئایینەكەم نەهێنم، كۆتى خستە قاچەكانم و لە ماڵەوە منى بەند كرد، منیش هەواڵم نارد بۆ مەسیحیەكان ئەگەر كاروانێك لە مەسیحیەكانى شام هاتن بۆ لاتان، هەواڵم بۆ بنێرن، پاش ماوەیەك هەواڵیان بۆ ناردم كە كاروانێك هاتووە، منیش وتم ئەگەر ئیشیان تەواو بوو و ویستیان بڕۆنەوە هەواڵم پێبدەن، ئەوەبوو كە ویستیان بگەڕێنەوە هەواڵیان پێدام، منیش كۆتى ئاسنینی قاچەكانم لابردو دەرچووم تا گەیشتمە لایان و لەگەڵیان چووم بۆ شام، كە چوومە ئەوێ وتم كێ باشترین كەسە لەم ئایینەدا تا بچم بۆ لاى؟ وتیان فلآنە قەشە لە كڵێسا،  چووم بۆ لاى و وتم دڵم چووەتە سەر ئەم ئایینەو حەز دەكەم لەگەڵ تۆ بم و لەم كڵێسایەدا خزمەتت بكەم و لە تۆیشەوە زانستى ئەم ئایینە فێر ببم، ئەویش رازى بوو، چووم بۆ لاى و لەوێ مامەوە، كابراى قەشە كابرایەكى خراپ بوو، كاتێك قسەی بۆ ئەو خەڵكە دەكرد هانى دەدان بۆ خێركردن، كاتێك خەڵكی خێر و زەكاتیان دەهێنا بۆ ئەو تا دابەشی بكات بەسەر هەژاراندا، ئەو لاى خۆی دەیهێشتەوە بۆ خۆى و دابەشی نەدەكرد، بەو جۆرە تا حەوت سندوق زێڕی كۆكردەوە، من بەو هۆیەوە زۆر رقم لێی بوو، پاش ماوەیەك مرد، مەسیحیەكان كۆبوونەوە تا تەرمەكەى ئەسپەردە بكەن، منیش خۆم نەگرت و بەوانم وت ئەم كابرایە كابرایەكى خراپ بوو، كاتێك قسەی بۆ ئەو خەڵكە دەكرد هانى دەدان بۆ خێركردن، كاتێك خەڵكی خێر و زەكاتیان دەهێنا بۆ ئەو تا دابەشی بكات بەسەر هەژاراندا، ئەو لاى خۆی دەیهێشتەوە بۆ خۆى و دابەشی نەدەكرد، ئینجا ئەوانم برد و شوێنی زێرەكانى  قەشەكەم نیشان دان، ئەوانیش كە ئەوەیان بینی، وتیان بەخوا نابێت بخرێتە ژێر گڵ، بردیان و لەخاچیان دا، ئینجا كەوتنە بەردباران كردنى، دواى ئەوەقەشەیەكى تریان لە شوێنی ئەودا دانا،  ئەمەیان زۆر دنیانەویست و دوارۆژویست بوو، شەو و رۆژی لە پەرسشتدا بەسەر دەبرد، پێشتر هیچ كەسم هێندەى ئەو خۆش نەویستبوو، بەردەوام لە لاى مامەوە تا سەرەمەرگى هات، وتم ئەی فلآنە كەس، وا دەبینیت سەرەمەرگت هاتووە، بەخوا من كەسم هێندەى تۆ خۆشنەویستووە، جا فەرمانى چیم پێ دەكەیت و بۆ لاى كێم دەنێریت؟ ئەویش وتى كوڕی شیرینم، بەخوا تەنها كابرایەك دەناسم لەسەر حەق مابێت كە لە موسڵە، بچیت بۆ لاى دەبینیت وەك من وایە، كە ئەو زانایە مرد و ئەسپەردەكرا، پاش ماوەیەك چووم بۆ موسڵ بۆ لاى ئەو كابرایەى مامۆستاكەم پێی وتبووم و تەماشام كرد ئەمیش دنیانەویست و خواپەرستە، وتم فلآنەكەس وەسیەتى بۆ كردم بێم بۆ لاى تۆ تا لەگەڵ تۆ بمێنمەوە، ئەویش وتى دەى كوڕی شیرینم بمێنەرەوە، منیش لاى مامەوە تا ماوەیەكى زۆر لاى مامەوە، دواتر ئەویش سەرەمەرگى هات، وتم فلآنە مامۆستاى پێشووم كە سەرەمەرگى هات وەسیەتى بۆ كردم بێم بۆ لاى تۆ، ئەی تۆ وەسیەتى چیم بۆ دەكەیت و بۆ كوێم دەنێریت؟ چونكە وەك دەبینیت وا خوا تۆی خستووەتە ئەو حاڵەوە كە تیایدایت، ئەویش وتى كوڕی شیرینم بەخوا تەنها یەك پیاو شك دەبەم لە نصیبینە، كە زاناكە مرد و ئەسپەردە كرا، كەوتمەڕێ بەرەو نصیبین و خۆم گەیاند بەو كابرایە، لاى ئەویش بە هەمان شێوە مامەوە تا ئەویش سەرەمەرگى هات، وەسیەتى بۆ كردم بچم بۆ لاى كابرایەك لە ناوچەی عمووریە لە خاكى رۆم، منیش چووم بۆ لاى و لەوێ بینیم ئەویش هاوشێوەی ئەمان خواپەرست و چاكەكارە، لەوێ لەگەڵ پەرستشەكەمدا كاسپیشم كرد و بڕێك مەڕو مالآت و چەند مانگایەكم دەستكەوت، ئەم زانایەش سەرەمەرگى هات، لە سەرمەرگیدا وتم وەسیەتم بۆ دەكەیت بچم بۆ لاى كێ؟ وتى كوڕی شیرینم بەخوا كەس لەم سەرزەویەدا شك نابەم لەسەر ئەو بارى ئایینداریە مابێتەوە كە ئێمە لەسەری بووین تا بتنێرم بۆ لاى، بەڵام تۆ نزیكی سەردەمێكیت كە لە ناوچەى حەرەم پێغەمبەرێك دەنێرێت و كۆچ دەكات بۆ خاكێك لەنێوان دوو شاخدایەو زەویەكە دارخورماى لێیە، چەند نیشانەیەك لەو پێغەمبەرەدا هەیە كە شاراوە نین، نێوانى دوو شانى مۆری پێغەمبەرایەتى پێوەیە، دیارى دەخوات و صەدەقە ناخوات، ئەگەر بتوانیت بچیت بۆ ئەو ناوچەیە بڕۆ، چونكە كاتى دەركەوتنى نزیكەو پێی دەگەیت، ئەویش مرد و ئەسپەردەمان كرد، دواتر لەوێ مامەوە تا كاروانێكی بازرگانانى عەرەب لە هۆزی كەلبیەكان هاتن، منیش بەوانم وت بمبەن بۆ خاكى عەرەب لە بەرامبەردا ئەو مەڕ و مالآت و چەند مانگایەى هەمە دەیدەم بە ئێوە، ئەوانیش رازى بوون، لەگەڵ خۆیان منیان برد، كە گەیشتینە وادیلقورا، لەوێ ستەمیان لێكردم و وەك كۆیلە منیان بە كابرایەكى جوولەكە فرۆشت، بەخوا لەوێ دارخورمام بینی و هیوام وابوو ئەوە ئەو شارە بێت كە مامۆستاكەم پێی وتم، بەڵام دڵنیا نەبووم تا كابرایەك لە بەنى قورەيضه هات و منى لەو خاوەنەی پێشووم كڕی، منى برد تا گەیشتینە مەدینە، هەركە مەدینەم بینی یەكسەر زانیم ئەو شارەیە كە مامۆستاكەم بۆی وەسفكردبووم، لەوێ بە كۆیلەیی مامەوە تا ئەوەى خواى گەورە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە مەككە نارد، بەڵام من هیچ هەواڵیم نەبوو، تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)كۆچی كرد و گەیشتە قوباْ ، لەو كاتەدا لەسەر دارخورمایەك ئیشم دەكرد بۆ خاوەنەكەم، ئامۆزایەكى خاوەنەكەم هات و وتى فلانەكەس خوا بەنى قیلە لەناوبەرێت، بەخوا ئێستا ئەوان لە قوبائدا كۆبوونەتەوەو لە دەورى كابرایەك خڕ بون كە لە مەككەوە هاتووەو بانگەشەی پێغەمبەرایەتى دەكات، -سەلمان دەڵێت- منیش كە ئەوەم بیست تەزوویەك هات بە لەشمدا و خەریك بوو بكەوم بەسەر خاوەنەكەمدا، خێرا لەسەر دارخورماكە دابەزیم و وتم ئەو هەواڵە چی بوو هێنات؟ خاوەنەكەم دەستی بەرز كردەوەو بە توندى زللەیەكی لێدام و وتى تۆ حەقت چیە بەسەر ئەو شتانەوە، منیش وتم هیچ، تەنها حەزم كرد ئەو هەواڵە ببیستم، بۆ ئێوارەكەى بڕێك خواردنم لابوو هەڵمگرت و چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە هێشتا لە قوبا ْ مابوویەوە، وتم تۆ كابرایەكى پیاوچاكیت و هاوەڵانێكی غەریبەت لەگەڵە، منیش بڕێك صەدەقەم پێیە، پێم وایە ئێوە لەهەموو كەس زیاتر ئەمەتان پێ دەشێت، فەرموون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی لێی نەخوارد و داى بە هاوەڵانى لێیان خوارد، منیش لە دەروونى خۆمدا وتم ئەمە یەكێكە لە نیشانەكان كە مامۆستاكەم پێی وتم، دواتر گەڕامەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ مەدینە، كە هاتە مەدینە بڕێكی تر خواردنم كۆكردەوەو چوومەوە خزمەتى و وتم بینیم پێشتر صەدەقەت نەدەخوارد، ئەمەیان دیاریە، فەرموو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لێی خوارد، هاوەڵانیشی لێیان خوارد، لە دڵی خۆمدا وتم ئەمە دوو نیشانە، دواتر پاش ماوەیەك چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بەدواى تەرمێكەوە بو، منیش پشتی پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) گرت و هەوڵم دەدا بزانم نێوان دوو شانى مۆری پێغەمبەرایەتى پێوەیە یان نا، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى بینی ئاوا پشتی ئەوم گرتووە، زانى بۆ شتێك دەگەڕێم، عەباكەى سەرشانى لابرد تا مۆرەكەم بینی و ئیتر زانیم پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، خۆم دا بەسەریدا و ماچم دەكرد و دەگریام، ئینجا كەناری گرت و چوومە خزمەتى و بەسەرهاتى خۆمم بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى كرد هاوەڵانیشی ئەم بەسەرهاتەم ببیستن.[7]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە سەلمان دەڵێت كە هەواڵى هاتنى پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بیست داوام كرد لە خاوەنەكەم مۆڵەتى رۆژێكم پێ ببەخشێت، ئەویش رازى بوو، منیش چووم و كەوتمە دار بڕینەوەو هێنام فرۆشتم و بە پارەكەى خواردنێكم كڕی و بردم خستمە بەردەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى ئەوە چیە؟ وتم صەدەقەیە، خۆی لێی نەخوارد و فەرمانى كرد هاوەڵانى لێیان خوارد، دواى ماوەیەك هەمدى داوام كرد لە خاوەنەكەم مۆڵەتى رۆژێكم پێ ببەخشێت، ئەویش رازى بوو، منیش چووم و كەوتمە دار بڕینەوەو هێنام فرۆشتم و بە پارەكەى خواردنێكم كڕی و بردم خستمە بەردەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى ئەوە چیە؟ وتم دیاریە، ئەویش بە هاوەڵانى فەرموو بخۆن، خۆیشی لێی خوارد.[8]

سەلمان دەڵێت زیاد لە سیانزە مامۆستام كردووە،[9] ئەوەش لەو ماوەى پێش موسڵمان بوونیدا بوو.

 

ئایا سەلمان یەكەم موسڵمانى فارسە؟

سەبارەت بەوەى ئایا سەلمان یەكەم موسڵمانى فارسە یان نا، ئەمە پێویستی بە وردەكارى هەیەو هیچ بەڵگەیەكى تەواو بەردەست نیە، چونكە ئێستا چەند نموونەیەك دەخەینە ڕوو كە هاوەڵانێكی تری فارس هەبون لە مەدینە بون، ئیتر ئایا كامیان زووتر موسڵمان بووە، ئەوەیان بەڵگەی یەكلاكەرەوەى دەوێت:

سەلمان دەڵێت كە چوومە مەدینە و كرام بە كۆیلە، كەس لە قسەم تێنەدەگەیشت، تا ئەوەى پیرەژنێكی فارس هات و داواى ئاوى كرد، منیش قسەم لەگەڵ كرد، وتم ئەو پێغەمبەرەى دەركەوتووە لە كوێیە؟ ئەویش وتى سبەینێ دەدات بەلاتدا، منیش بڕێك خورمام كۆكردەوەو چوومە خزمەتى و خورماكەم خستە بەردەستى، فەرمووى ئەوە صەدەقەیە یان دیاریە؟[10]

لەگێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پیرەژنەكە بە سەلمانى وت نوێژی بەیانى بكات-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- ئەوكات دێت بەلاتدا تێپەڕ دەبێت.[11]

ئەبوونوعەیم لە (تاریخ اصبهان) دا ناوى ئەو ژنەى بە ئەمەتولآ هێناوەو دەڵێت پێش سەلمان موسڵمان بووەو ئەو ئافرەتە خەڵكی ئەصفەهان بووە.[12]

هەر لەوێدا گێڕانەوەیەكى تری هێناوە كە سەلمان دەڵێت چوومە مەككە، لەوێ ئافرەتێكی ناوچەكەى خۆمم بینی، پرسیارم لێكرد و قسەم لەگەڵ كرد، دەبینم مەولاكەی و ژن و منداڵی مەولاكەشی هەموویان موسڵمان بون، ئینجا هەواڵی پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) لێ پرسی، ئەویش پێی وتم.[13]

ئەگەر ئەم ئافرەتە لەو كاتەدا موسڵمان بووبێت، ئەوە دیارە سەلمان یەكەم موسڵمان بوونى فارسەكان نیە.

ئەنەس دەڵێت دراوسێیەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فارس بوو، شلەى –گۆشتاوى- زۆر بەتامى دروست دەكرد، جارێك ئەوەى ئامادە كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هات بانگهێشتی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كرد، پێفەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەمەش) مەبەستى عائیشە بوو كە لەگەڵیدا بوو، كابرا وتى نا تەنها خۆت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەى نایەم، كابرا هەمدى هاتەوەو پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتكردەوە، هەمان شت روویدایەوە، لە جاری سێیەمدا كابرا وتى باشە با ئەویش بێت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عائیشە بە شانەخڕێ و گەمەكردنەوە چوون تا گەیشتنە ماڵی كابراى فارس.[14]

جا دیار نیە ئەم دراوسێ فارسەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێ بووەو موسڵمان بووە یان نا و كەی موسڵمان بووە.

ئەنەس دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (پێشكەوتوان چوارن، من پێشكەوتووى عەرەبم، سەلمان پێشكەوتووى فارسە، بیلال پێشكەوتووى حەبەشەیە، صوهەیب پێشكەوتووى رۆمە).[15] بەڵام ئەم فەرموودەیە لاوازە، هەرچەندە ذەهەبی سەبارەت بەوەى سەلمان پێشكەوتووى فارسە دەڵێت ئەو گێڕانەوەیە مورسەلە بەڵام واتاكەى راستە.[16]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، 141.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 555.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 141.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 7231.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6585.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 516.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 505- 510.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 514.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3750.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 515.

[11] - تاريخ أصبهان لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص 106.

[12] - تاريخ أصبهان لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص 105.

[13] - تاريخ أصبهان لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص106.

[14] - صحيح مسلم، الرم 3891، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12001.

[15] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5208، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7116، حذفه الذهبي من التلخيص لضعفه.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 539.

 783
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.