دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سەلما) بووە

سەلماى خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ناوى سەلمایەو خزمەتكارى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن خواوە فەرمانى هاوسەرگیری لەگەڵ زەینەبی پێدرا، فەرموى كێ دەچێت موژدە ببات بۆ زەینەب كە خوا ئەوى لە من مارە كردووە؟ خێرا سەلماى خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو و موژدەى دا بە زەینەب، ئەویش زەویەكى دا بە سەلما.[1]

سەلماى دایكی رافیع(رضي الله عنها)

ناوى سەلمایەو ژنی ئەبوورافیعە، منداڵێكی لێی هەبوو بە ناوى رافیع كە ئیتر بەو هۆیەوە بە ئوممورافیع ناسراوە.[2]

سەلما فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[3]

سەلما دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وشەگەلێكم فێر بكە كە زۆریش نەبن، فەرمووى (دە جار بڵێ الله اكبر، خوا دەفەرموێت ئەوە بۆ منە، دە جار بڵێ سبحان الله، خوا دەفەرموێت ئەوە بۆ منە، بڵێ خوایە لێم خۆش بە، خوا دەفەرموێت وامكرد-لێتخۆش بووم-، دە جار ئەوە بڵێ خواش دە جار ئەوە دەفەرموێت).[4]

سەلماى كچی حەمزە(رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیبە، واتە ئامۆزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، سەلما كۆیلەیەكى هەبوو كە ئازادى كرد، كۆیلەكەى مرد و میراتیەكى لێ بەجێ ما، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نیوەی میراتەكەى دا بە كچەكەى مردووەكەو نیوەكەى تری دا بە سەلما.[5]

سەلماى كچی صەخر (رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی صەخرى قوڕەیشیە، دایكی ئەبووبەكری صدیقى خەلیفەى یەكەمى موسڵمانانە، زیاتر بە ئوممولخەیر ناسراوە،[6] ئەم ئافرەتە زۆر زوو موسڵمان بوو.

كاتێك ئەبووبەكر موسڵمان بوو، كەوتە بانگەواز كردن بۆ ئیسلام، بێباوەڕان لەسەر ئەوە زۆر لێیان دا، عوتبەی كوڕی رەبیعە بە نەعلەكانى دەیدا لە دەموچاوى و دەچووە سەر سكی ئەبووبەكر، ئیتر واى لێهاتبوو دەموچاوى ئەبووبەكر نەدەناسرایەوە، بەنوتیم هاتن و ئەبووبەكریان خستە ناو جلێكەوەو بردیانەوە ماڵەوە و بڕوایان وابوو دەمرێت، باوكى ئەبووبەكر و بەنوتیم دەیاندواند و ئەویش وەڵامى دەدانەوە، دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێ هات؟ ئەوانیش بە قسە هێرشیان دەكردە سەری و جێیاندەهێشت،[7] ئینجا بە ئوممولخەیریان وت بزانە شتێكی نادەیتێ بیخوات، كەچی ئەبووبەكر بە دایكیشی هەمان شتی دەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێهات، ئەویش دەیوت بەخوا هەواڵى هاوەڵەكەتم نیە، ئەبووبەكر وتى بڕۆ بۆ لاى ئومموجەمیلى كچی خەططاب و لاى ئەو پرسیاری پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بۆ بكە، ئوممولخەیر چوو بۆ لاى ئومموجەمیل و وتى ئەبووبەكر داواى هەواڵی موحەممەدى كوڕی عەبدوڵات لێ دەكات، ئەویش وتى من ئەبووبەكر و موحەممەد ناناسم، ئەگەریش حەز دەكەیت لەگەڵت دێم بۆ لاى كوڕەكەت، وتى بەڵێ، ئەوەبوو لەگەڵ ئوممولخەیر چوو بۆ ماڵی ئەبووبەكر و بینی لە چ حاڵێكدایە، ئومموجەمیل دەستی كرد بە شیوەن و وتى بەخوا ئەوانەى وایان كردووە بە تۆ، فاسق و بێباوەڕن و داوام لە خوایە تۆڵەت لەوان بكاتەوە، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێهات؟ ئومموجەمیل وتى ئەوە دایكتە، قسەكانمان دەبیستێت، ئەبووبەكر وتى ترست لەو نەبێت، ئومموجەمیل وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاكەو سەلامەتە، ئەبووبەكر وتى لە كوێیە؟ وتى لە ماڵی ئیبنولئەرقەمە، ئەبووبەكر وتى دەی خوا ئاگادارە تا نەچم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نە نان دەخۆم و نە ئاو دەخۆمەوە، ئومموجەمیل و ئوممولخەیر وەستان تا خەڵكی بلآوەیان كرد، ئینجا نەوینە ژێر باڵی و بردیان بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[8] كە گەیشتن بە یەكدى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دا بەسەر ئەبووبەكردا و ماچی دەكرد و دڵی بۆی دەسووتا، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە دایكمەو تۆیش پیرۆزیت، نزاى بۆ بكە و بانگى بكە بۆ ئیسلام، بەڵكو خوا بە هۆی تۆوە لە دۆزەخ رزگارى بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى دایكی كرد، ئەویش موسڵمان بوو.[9]

ئوممولخەیر مەرگى ئەبووبەكری كوڕی بینی و لە میراتى ئەبووبەكریشی بەركەوت، رایەكیش دەڵێت پێش مەرگى ئەبووبەكری كوڕی وەفاتى كرد.[10]

 

سەلماى كچی عومەیس(رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی عومەیسەو خوشكی ئەسمائی كچی عومەیسە.

سەلما هاوسەری حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیب بوو، واتە ئامۆژنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە حەمزە كچێكی بوو بە ناوى ئەمەتولآ، هەرچەندە رایەكیش دەڵێت ئەسما ْ ژنى حەمزە بووە، بەڵام راستتر ئەوەیە سەلما ژنی بووە، پاش ئەوەى حەمزە شەهید كرا، سەلما شووی كرد بە شیدادى كوڕی هاد.[11]

 

سەلماى كچی قەیس(رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی قەیسی كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، كویەكەى ئوممولمونذیرەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە.[12]

سەلما هاودەم بە ژمارەیەك لە ئافرەتە پشتیوانیەكان چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە، بەشدارى نوێژی هەردوو قیبلەكە بووە.[13]

 

سەلماى كچی میحرەز(رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی میحرەزى كوڕی عامیرە، ئەم ئافرەت لە پشتیوانانە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[14]

 

سەلماى كچی ئەسلەم (رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی ئەسلەمە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە، هاوسەری نەهیكی كوڕی ئیسافە، كونیەكەى ئومموعەبدوڵایە، سەلما چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[15]

سەلماى كوڕی قەین (رضي الله عنه)

ناوى سەلماى كوڕی قەینەو یەكێكە لە سەركردەكانى فتووحاتى ئیسلامى لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا و لە فتووحاتى عێراقدا بەشدار بوو.[16]

 

سەلماى كوڕی نەوفەل(رضي الله عنه)

ناوى سەلماى كوڕی نەوفەلى كوڕی موعاویەیە، لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) منداڵ بوو، چونكە لە ساڵی سێیەمى كۆچی لەدایك بوو و لە كاتى وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تەمەنى نۆ ساڵان دەبوو.[17]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 711.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 709.

[3] - سنن ابن ماجة، الرقم 3499.

[4] - المعجم الكبير للطبراني، الرم 20597.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 705.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 353.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 353.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 30.

[9] - أسد الغابة، ج7، ص 354.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص354.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 706.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 707.

[13] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 26518.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 708.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 334.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 51.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 160.

 1158
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.