دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  صەخرى كوڕی حەرب(ئەبووسوفیان) (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

 

ناوى صەخری كوڕی حەربی كوڕی ئومەییەی ئومەویە، كونیەكەى ئەبوسوفیانە و زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە، دایكی ناوى صەفییەى كچی حەزەنى هیلالیە، ئەبووسوفیان باوكى موعاویەى هاوەڵی ناسراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دامەزرێنەری دەوڵەتى ئومەویە.[1]

ئەبووسوفیان دە ساڵ تەمەنى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر بوو،[2] بەڵام ئەگەر بەپێی گێڕانەوەكەى ذەهەبی بێت سەبارەت بە كات و تەمەنى مردنى، ئەوە نزیك بە پانزە ساڵ تەمەنى زیاتر بووە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[3]

ئیبن ئەثير دەڵێت دە ساڵ پێش ساڵی فیل لەدایك بووە.[4]

ئەبووسوفیان كەسایەتى گەورەو قسەرۆیشتووى ناو قوڕەیش بوو، هاوكات سەرقاڵی كارى بازرگانى كردنیش بوو.[5]

 

ژن و منداڵەكان

ئەبووسوفیان كوڕێكی هەبوو بە ناوى موعاویە كە هاوەڵێكی ناسراوى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و دامەزرێنەرى دەوڵەتى ئومەوى بوو،[6] كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە هاوەڵى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبوو،[7] كوڕێكی ترى ناوى عوتبە بوو كە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا والى طائیف بوو.[8]

كچێكی ناوى زەینەب بوو، خوشكی دایكی باوەڕداران ئومموحەبیبە و هاوسەری عوروەى كوڕی مەسعوود بوو.[9]

هیندى كچی ئەبووسوفیان ژنى حارثى كوڕی نەوفەل بوو.[10]

رەملەى كچی ئەبوسوفیان هاوسەری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و بە ئومموحەبیبە ناسرابوو، هەرچەند ناوى بە هیندیش هاتووە، بەڵام راستتر ئەوەیە ناوى رەملەیە.[11]

فاریعەش كچی بوو كە هەر لە قۆناغى پێش كۆچدا موسڵمان بوو.[12]

حەمنەى كچی ئەبوو سوفیان كە ئوممو حەبیبە پێشنیازى كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بەهاوسەری بگرێت.[13]

ئوممولحەكەم كە لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو.[14]

بێباوەڕی ئەبووسوفیان لە قۆناغى مەككەدا

ئەبووسوفیان دەڵێت ئومەییەى كوڕی ئەبی صەلت لە غەززە بوو، كاتێك ویستمان بێینەوە، ئومەییە پێی وتم، ئەی ئەبووسوفیان بۆچی نەچین دەمەتەقەیەك بكەین؟ وتم باشە، چووینە ئەوێ، پاش بڕێك قسەكردن، پێی وتم ئەی ئەبووسوفیان من لە كتێبەكانمدا ئەوەم بەدیكردووە لە ناوچەی خۆمان پێغەمبەرێك دەنێردرێت، جا من وا گومانم دەبرد ئەوە عوتبەی كوڕی رەبیعە بێت، بەڵكو لەوە دڵنیا بووم، دواتر كە گوێم لە زانایان گرت زانیم لە بەنى عەبدمەناف دەبێت، تاكە كەسێك لەوان شك ببەم عوتبەم بەدیكرد، بەڵام كاتێك پێت وتم تەمەنى زۆرە زانیم ئەو نیە، چونكە تەمەنى چل ساڵانى تێپەڕاندووە وسروشیشی بۆ نەهاتووە، پاش ماوەیەك لەو رووداوە، سروش دابەزى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە كاروانێكی قوڕەیشیەكاندا بووم بۆ بازرگانى دەچووین بۆ یەمەن، لەوێ دام بە لاى ئومەییەی كوڕی ئەبی صەلتدا، وەگ گاڵتەیەك پێم وت ئەی ئومەییە، ئەو پێغەمبەرەى چاوەڕێی بوویت دەركەوت، ئەویش وتى دەی ئەو لەسەر حەقەو شوێنی بكەوە، منیش وتم خۆت بۆچی دواى ناكەویت؟ وتى تەنها لە شەرمی ژنەكانى ثهقیف، چونكە من پێم دەوتن من ئەو پێغەمبەرەم، ئێستا بمبینن شوێن منداڵێكی بەنى عەبدمەناف كەوتووم؟![15]

ئەبووسوفیان لە مەككە هەر هەوڵێكی دەدا بۆ وەستاندنى پەیامەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەوانە لەگەڵ كەسایەتیە دیارەكانى ناو قوڕەیش چوو بۆ لاى ئەبووطالیبی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى لێكرد با موحەممەد واز بهێنێت و ئەوانیش واز دێنن، ئیتر موحەممەد بانگەواز نەكات و خۆی و ئەوانەى سەر بە ئایینەكەن ئاییندارى خۆیان بكەن و تەواو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە وەڵامدا فەرمووى ئەو تەنها یەك وتەى لەوان دەوێت، ئەویش تەنها یەكخواپەرستیە، ئەوانیش رازى نەبوون.[16]

ئەبووسوفیان لە غەزاى بەدردا

پێش غەزاى بەدر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە بەسبەس و عەدى كوڕی ئەبوو زەغبائی نارد تا هەواڵی كاروانەكەى ئەبووسوفیانى كوڕی حەرب وەربگرن و هەواڵى بۆ بهێننەوە، ئەوانیش كەوتنە ڕێ تا گەیشتنە بەدر، لەوێ هەردوكیان وشترەكانیان بەستنەوە و لاى ئاوێك مانەوە، گوێیان لە دەنگى دوو كەنیزەك بوو كە یەكێكیان بەوى تری دەوت سبەینێ كاروانەكە دێتەوە، مەجدى كوڕی عەمر بەنێوانیاندا تێپەڕ بوو و وتى راست دەكات، ئینجا هەریەك لە بەسبەس و عەدى سوارى وشترەكانیان بوون و گەڕانەوە تا هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵەكەیان پێدا، كاتێك ئەوان كەوتبوونە ڕێ و گەڕابوونەوە ئەبوسوفیان هات و زۆر وریا بوو، بە مەجدى كوڕی عەمرى وت هیچ كەست لاى ئەو ئاوە نەدیوە؟ وتى ناوەلآ بەڵام بینیم دوو سوار لاى ئەو تەپۆڵكەیە وشترەكانیان بەستبوونەوەو بڕێك ئاویان برد و دواتر چون، ئەویش چوویە شوێنەكەیان و بە پاشماوەى ئاڵفەكەدا زانى كە ئەو دوانە خەڵكی مەدینەن، بۆیە هەستى بە مەترسی كرد و بڕیاری دا رێی كاروانەكەى بەرەو كەنارى دەریا بگۆڕێت.[17]

دواتر نامەى نارد بۆ قوڕەیشیەكان ئێوە بۆیە دەهاتن بۆ جەنگ تا كاروانەكەتان رزگار بكەن، وا خوا رزگارى كرد، دەى ئیتر بگەڕێنەوە، بەڵام قوڕەیشیەكان ئامادە نەبوون بگەڕێنەوەو چوون بۆ جەنگى بەدر.[18]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی نارد تا زەینەبی كچی بهێنێت بۆ مەدینە، قوڕەیشیەكان كەوتنە شوێن زەید تا رێی پێ بگرن، زەیدیش وتى بەخوا هەركەس بێتە پێشەوە دەیدەمە بەر تیر، ئەبووسوفیان بەوەى زانى و هات و رێی پێگرت و وتى هۆی كابرا تیرەكانت لابەرە با قسە بكەین، زەیدیش وەستا، ئەبووسوفیان وتى تۆ وا بە ئاشكرا ئەو ئافرەتە دەبەیت و دەشزانیت لە چ نەگبەتی و نارەحەتیەكداین و موحەممەد چی پێكردوین، ئەگەر تۆ وا بە ئاشكرا ئەو ئافرەتە ببەیت، خەڵكی وادەزانن ئەوە لە زەبوونی ئێمەوەیەو دەترسین، بەخوا هیچ پێویستمان نیە ئەم ئافرەتە لاى خۆمان بهێڵینەوە، بەڵام بیگێڕەوە تا خەڵكەكە هێور دەبنەوەو خەڵكی بڵێن ئێمە گێڕاومانەتەوە، ماوەیەكى تر وەرەو بیبەرەوە بۆ لاى باوكى، ئەویش وایكرد.[19]

ئەبووسوفیان لە غەزاى ئوحوددا

ئەبووسوفیان لە غەزاى ئوحوددا هاودەم بە هیندی ژنى دژ بە موسڵمانان بەشدارى جەنگەكەى كرد.[20]

لە جەرگەى جەنگى غەزاى ئوحوددا حەنظهلە گەیشت بە ئەبوو سوفیان، ئەبووسوفیان لەسەر ئەسپێك بوو، حەنظهلە بە شمشێرەكەى داى لە ئەسپەكەى و ئەبووسوفیان كەوتە سەر زەوى، ئەبووسوفیان هاوارى دەكرد ئەی گرۆی قورەیشیەكان ئەمە منم ئەبووسوفیانى كوڕی حەرب، حەنظهلەش دەیویست بە شمشێرەكەى گەردنى لێبكاتەوە، بڕێ لە قورەیشیەكان دەنگى ئەبووسوفیانیان بیست و لەتاو سەختى جەنگەكە نەچوون بە دەمیەوە،[21] بەڵام شەداد چوو بە دەمیەوە،[22] بە رمێك داى لە حەنظهلەو رمەكە لە پشتیەوە دەرچوو و ئەبوو سوفیانیش رایكرد.[23]

كاتێك موسڵمانان شكان و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانێك چوونە بەرزایی شاخەكەوە، ئەبووسوفیان هاوارى دەكرد ئەرێ موحەممەد لەنێوتاندایە؟ سێ جار ئەو هاوارەى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو كەس وەڵامى نەداتەوە، دواتر وتى ئەرێ كوڕەكەى ئەبی قوحافەتان لەنێودایە؟ سێ جار ئەوەشی وت و كەس وەڵامى نەدایەوە، پاشان سێ جار وتى ئەرێ كوڕەكەى خەططابتان لەنێودایە؟ ئینجا چوویەوە بۆ لاى هاوەڵەكانى و وتى ئەوانە هەموویان كوژراون، ئیتر عومەر خۆی پێ نەگیرا و وتى ئەی دوژمنى خوا بەخوا درۆ دەكەیت، ئەوانەى ناوت بردن هەموویان زیندوون، ئەوەى تۆ پێی دڵگرانیت ماوە، ئەبووسوفیان وتى رۆژ بە رۆژە، ئەمڕۆ لەبری بەدر، جەنگ نۆرەیە، پاشان هاوارى دەكرد پایەدار بێت هوبەل، پایەدار بێت هوبەل، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆ وەڵامى نادەنەوە؟ وتیان چی بڵێین ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ فەرمووى بڵێن ( خوا پایەدارترە)، ئەویش وتى ئێمە عوززامان هەیەو ئێوە نیتانە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆ وەڵامى نادەنەوە؟ وتیان چی بڵێین ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ فەرمووی بڵێن (خوا پشت و پەنامانەو ئێوە هیچ پشت و پەنایەكتان نیە).[24]

دواتر ئەبووسوفیان هاوارى كرد وتى وادەى جەنگى داهاتوومان ساڵی داهاتوو دەبێت لە بەدر، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە یەكێك لە هاوەڵانى فەرموو بڵێ باشە، با ئەوە وادەى نێوانمان بێت.[25]

وادەى جەنگ بۆ ساڵی داهاتوو دانرا، بڕیار بوو لە بەدر جەنگ رووبدات، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى خۆیدا چوو بۆ ئەوێ، بەڵام ئەبووسوفیان نەهات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەشت رۆژ چاوەڕێ بوو، ئەبووسوفیان هاودەم بە خەڵكى مەككە تا نیوەی رێ هات و دواتر لە نیوەی رێدا وتى خەڵكینە با ساڵێك ئەم جەنگە بكەن كە ساڵی تەڕوتووشی بێت، ئێستا وشكەساڵیە، بۆیە من دەگەڕیمەوە، خەڵكەكەش لەگەڵیدا گەڕانەوە.[26]

 

كوشتنى زەید

كاتێك نەسطاسی كۆیلەى صەفوان ویستی زەیدى كوڕی دەثينه بكوژێت، ئەبووسوفیانیش لەوێ ئامادە بوو، ئەبووسوفیان چوو و هەمان ئەو پرسیارەى كرابوو لە خوبەیب لە زەیدیشی كرد، پێی وت ئەی زەید سوێندت دەدەم بە خوا، ئایا حەزت دەكرد ئێستا موحەممەد لەبری تۆ لەلامان بوایەو بماندایە لە گەردنى و تۆیش لەناو ژن و منداڵی خۆتدا بوویتایە؟ لە وەڵامدا زەید هەمان وەڵامەكەى خوبەیبی دایەوەو وتى نا سوێند بەخوا حەز ناكەم موحەممەد ئێستا لە شوێنی مندا بێت و تەنها دڕكێكیش بچێت بە پێیدا لەبەرامبەر ئەوەى من لەناو ژن و منداڵی خۆمدا بم، ئەبووسوفیانیش دەیوت كەسم نەدیوە وەك هاوەڵانى موحەممەد موحەممەدیان خۆش بوێت.[27]

 

ئەبووسوفیان لە غەزاى خەندەقدا

لە جەنگى خەندەقدا هەرجارەو بەشێك لە سوپاى بێباوەران هەنگاویان دەنا بۆ هێرش بردن، رۆژێك ئەبووسوفیان هێرشی دەبرد و رۆژێك خالیدی كوڕی وەلید و رۆژێك عەمری كوڕی عاص، زیاتریش پشتیان دەبەست بە تیرهاوێژەكانیان تا تیر بهاوێژن بۆ ئەوبەر خەندەقەكە،[28]

حوذەیفە باس لە غەزاى خەندەق دەكات و  دەڵێت لە خەندەقدا رەشەباو سەرمایەكى سەخت بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ألا رجل يأتيني بخبر القوم جعله الله معي يوم القيامة)، (ئەرێ كەسێك هەیە هەواڵی دوژمنم بۆ بهێنێت تا لە رۆژی دواییدا خوا لەگەڵ من دایبنێ؟) ئێمەش هەموو بێدەنگ بووین و كەسمان نەچووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمان شتی دووبارە كردەوەو ئێمەش هەر بێدەنگ بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ جارى سێیەم ئەوەى فەرموو و ئێمەش هەر بێدەنگ بووین، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی حوذەیفە هەستە و هەواڵی دوژمنمان بۆ بهێنە)، منیش چارم نەما چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ناوهێنان ناوى هێنام تا هەستم و بڕۆم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بڕۆ هەواڵی دوژمنم بۆ بهێنەو مەیانورووژێنە لێم)[29] ترس و بیمێكی زۆرم هەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كردم و فەرمووى (خوایە لە بەردەم و دواوەو راست و چەپیەوە بیپارێزیت) ئیتر سوێند بەخوا چی ترس و بیم لە دڵمدا هەبوو هیچی نەما،[30] زۆر بە وریایی و لەسەرخۆیی چوومە ناویانەوە، ئەبووسوفیانم بینی پشتى كردبووە ئاگرەكەو پشتى گەرم دەكردەوە،[31] كەسێكی گەورەو كەڵەگەت بوو و منیش نەمدەزانى ئەبووسوفیانە، ئەو دەیوت دەبێت بڕۆین،[32] منیش تیرێكم خستە ناو كەوانەكەوە و ویستم بیكوژم، بەڵام فەرمایشتەكەى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیر كەوتەوە كە فەرمووى مەیانورووژێنە لێم، بۆیە نەمكوشت، ئەگینا بۆم بهاویشتایە بە دڵنیاییەوە دەمپێكا.[33]

حوذەیفە دەڵێت كە چوومە ناو خەڵكەكە، ئەبووسوفیان وتى ئەی گرۆی قوڕەیشیەكان، با هەركەس بزانێت كێ لەپاڵیدایە، منیش خێرا بەوەى پاڵ خۆمم وت تۆ كێیت، وتى فلآنى كوڕی فلآنم، ئینجا ئەبووسوفیان باسی ناپاكى بەنوقورەيضه و سەختى رەشەباكەى كردو وتى وا من دەگەڕێمەوەو ئێوەش بگەڕێنەوە.[34]

ئەبووسوفیان نەیارى سەرسەخت و بەردەوامى ئیسلام بوو، تەنانەت بە بیستنى هەواڵی موسڵمانبوونى كەسانى تر دڵتەنگ دەبوو، ئەوەتا كاتێك بیستى خوفافى غیفارى موسڵمان بووە وتى ئەمشەو گەورەى غیفاریەكان لە ئایین هەڵگەڕایەوە.[35]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواى رووداوى بەنى نەضير سەلەمەى هاودەم بە عەمرى كوڕی ئومەییە نارد تا ئەبووسوفیان بكوژن،[36] چونكە پێشتر ئەبووسوفیان بە دەستەیەكى قوڕەیشیەكانى وتبوو كەسێك نیە بتوانێت موحەممەد تیرۆر بكات؟ چونكە وا ئەو بە بازاڕدا پیاسە دەكات، ئەوەبوو كابرایەكى زۆر دڵرەقی دەشتەكى ئامادە بوو تیرۆری بكات، كە هاتە مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەو  كابرایە دەیەوێت ناپاكى بنوێنێت، ویستى هێرش ببات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئوسەیدی كوڕی حوضهیر رێی پێ گرت و ویستی بیكوژێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرفەتى نەدا، كابرا دانى نا بە تاوانەكەیدا و وتى كە چۆن هاتووە، ئینجا موسڵمانیش بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی ئومەییەو سەلەمەى كوڕی ئەسلەمى نارد تا ئەگەر دەرفەتیان بۆ بوو ئەبووسوفیان بكوژن، ئەوەبوو چوونە مەككەوەو عەمر شەو تەوافی كەعبەى دەكرد كە موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ئەوی بینی و هەواڵی دا بە قوڕەیش، ئەوانیش وتیان عەمر نیازى چاك نیە، خێرا عەمر و سەلەمە گەڕانەوە بەرەو مەدینە.[37]

پاش رێككەوتنى حودەیبیە

ئەبووسوفیان دەڵێت جارێك كە لە شام بووین، هیرەقل ناردى بە شوێن كاروانی قوڕەیشیاندا، ئەمەش لە ماوەى رێككەوتنەكەى قوڕەیشدا بوو، ئەوانیش چوونە كۆڕەكەى هیرەقلەوە، گەورەكانى رۆمیش لە دەورى بوون، ئینجا داواى وەرگێڕێكی كرد، هیرەقل وتى كێ لە ئێوە خزمایەتى هەیە لەگەڵ ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتى دەكات؟ منیش وتم من لە هەموویان لێی نزیكترم، وتى نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانى بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەى وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، یەكەم شت پرسیاری لێكردم، وتى رەچەڵەكى لەنێوتاندا چۆنە؟ وتم خاوەن رەچەڵەكە، وتى ئەی كەس پێش ئەو ئەو قسانەى كردووە؟ وتم نا، وتى هیچ لە باوباپیرانى پاشا بون؟ وتم نا، وتى ئەی خەڵكی هەژار شوێنی دەكەون یان خانەدانەكان؟ وتم لاوازو هەژارەكان، وتى زیاد دەكەن یان كەم دەكەن؟ وتم زیاد دەكەن، وتى كەسیان دەستبەردارى ئایینەكەى دەبێت؟ وتم نا، وتى ئەی ئێوە پێشتر درۆتان لێ بیستوە؟ وتم نا، وتى ئەی ناپاكى هەیە؟وتم نا، ئێستاش لە رێككەوتنین لەگەڵی و نەماندیوە ناپاك بێت، وتى ئەی دژایەتیتان دەكرد؟ وتم بەڵێ، وتى جەنگتان لەگەڵی چۆنە؟ وتم هەر جارەو یەكێكمان سەركەوتوو بوین، وتى فەرمانى چی دەكات پێتان؟ وتم دەڵێت خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ بپەرستن و واز لە قسەی باوباپیرانتان بهێنن، فەرمانمان پێ دەكات بە نوێژ و زەكات و راستگۆیی و داوێن پاكى و پەیوەندى خزمایەتى، هیرەقل بە وەرگێڕەكەى وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكى، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانى هۆزەكانیاندا بون، وتم كەستان پێشتر شتى واى وتووە، وتت نا، وتم ئەگەر كەس وای وتبێت ئەوە دەكرا ئەو قسەی پێشینانى خۆی دووبارە بكاتەوە، وتم باوباپیرانى كەسیان پاشا بون، وتت نا، ئەگەر وابوایە دەموت داواى دەسەلآتەكەى باوكى دەكات، وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەى كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات، وتم خانەدانەكان شوێنی دەكەون یان هەژاران، وتت هەژاران، شوێنكەوتوانى پێغەمبەرانی پێشوویش هەژاران بون، وتم زیاد دەكەن یان كەم دەكەن، وتت زیاد دەكەن، ئیمانیش هەر وایە، وتم كەسیان واز دێنێت لە ئایینەكەى، وتت نا، چێژ و جوانى ئیمانیش وایە تێكەڵ بە دڵەكان دەبێت، وتم ناپاكى دەنوێنێت، وتت نا، پێغەمبەرانیش وان ناپاكى نانوێنن، وتم فەرمانى چیتان پێ دەكات، وتت فەرمان دەكات خواى تاك و تەنها بپەرستن و هاوەڵی بۆ دانەنێن و بت نەپەرستن و نویژ بكەن و راستگۆ و داوێن پاك بن، ئەگەر ئەوەى دەیڵێیت راست بێت، ئەوە ئەم شوێن پێیانەى منیش دەگرێت، من دەمزانى ئەو پێغەمبەرە دەردەكەوێت، بەڵام نەمدەزانى لە ئێوەیە، ئەگەر دەمزانى دەگونجا بە هەر هیلاكیەك خۆم دەگەیاندە لاى، ئەگەر لەلاى بوومایە قاچەكانیم دەشۆرد، پاشان داواى نامەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كرد كە بە دیحیەدا ناردبووى بۆ گەورەی بوصرا و درا بە هیرەقل و خوێندیەوە، كە لە خوێندنەوەى نامەكە بویەوە، گرمەو بۆڵە لە دەوری زیادى كرد و ئێمە كراینە دەرەوە، كە چووینە دەرەوە، بە هاوڕێكانم وت بەخوا باسوخواسى كوڕی ئەبی كەبشە گەورە بووە، وا پاشاى بەنیلئەفەر لێی دەترسێت، ئیتر دڵنیا بووم زیاتر سەردەكەوێت تا ئەوەى خوا ئیسلامى خستە دڵمەوە.[38]

كاتێك قوڕەیشیەكان بەڵێنی حودەیبیەیان شكاند و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاری دا هێرش بباتە سەر مەككە، ئەبووسوفیان هاتە مەدینە بەو هیوایەى ئاگربەستەكە درێژ بكاتەوە، ئینجا چوویە ماڵی ئومموحەبیبەى كچی، كاتێك ویستی لەسەر جێگەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابنیشێت، ئومموحەبیبە راخەرەكەى لابرد و نەیهێشت، ئەبووسوفیان پێی وت بۆچی وادەكەیت؟ ئومموحەبیبەش وتى ئەوە راخەرى پێغەمبەرى خوایەو تۆش كەسێكی بێباوەڕی پیسیت، ئەبوسوفیان وتى كچەكەم پاش خۆم خراپت لێ قەوماوە.[39]

دواتر ئەبووسوفیان چووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، بۆیە چوو تكاى لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى كرد تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى بۆ بكەن، كە چوو بۆ لاى عەلى، حەسەنى كوڕی عەلى منداڵێك بوو لە بەردەمیدا یارى ئەكرد، عەلیش وەك ئەوانى تر ئەبوو سوفیانى بێهیوا كرد و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارێكی داوە كەسمان بۆی نیە قسەی تێدا بكات.[40]

دوایی ئەبووسوفیان گەڕایەوە بۆ مەككەو بە خەڵكەكەى وت هیچ هیوایەك نەماوە.[41]

فەتحى مەككە

كاتێك قوڕەیش هەواڵیان بیست پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەو مەككە دێت، هەریەك لە ئەبووسوفیان و حەكیمی كوڕی حیزام و بودەیلى كوڕی وەرقا چوونە دەرەوە تا هەواڵێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەربگرن، ئەوەبوو هاتن تا گەیشتنە مەڕروظههران، لەوێ ئاگرێكی زۆر زۆریان بینی، ئەبوو سوفیان وتى ئەمە چیە؟ ئەڵێیت ئاگرى عەرەفەیە، بودەیل وتى ئەبێت ئاگرى بەنى عەمر بێت، ئەبوو سوفیان وتى بەنى عەمر زۆر ژمارەیان لەوە كەمترە، لەو قسانەدا بوون كە بڕێ پاسەوانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوانیان بینین و گرتنیان و بردنیان بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو ئەبووسوفیان موسڵمان بوو،[42] ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد لە پێشەوەى ریزی سوارەكان ئەبووسوفیان بوەستێنێ  تا سوپاى موسڵمانان ببینێت، عەبباسیش وایكرد.[43]

ذەهەبی گێڕانەوەیەكى هێناوە دەڵێت ئەبوو سوفیان و حەكیمی كوڕی حیزام و بودەیلی كوڕی وەرقا موسڵمان بوون و بەیعەتیان دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوانى نارد بۆ لاى خەڵكی مەككە تا بانگیان بكەن بۆ لاى ئیسلام.[44]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارى دا مەككە فەتح بكات، بۆیە فەرمانى كرد ئامادە بن و بە خەڵكەكەشی راگەیاند كە نیازى هەیە بەرەو مەككە بچێت، نزیكەى دوانزە هەزار هاوەڵی كۆچەری و پشتیوانى و هاوەڵانى تر ئامادە بوون،[45] كاتێك لە نزیك مەككە مانەوەو ئەبوو سوفیان چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ موسڵمان بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ویستى هێزی موسڵمانانى نیشان بدات، بۆیە عەبباسی راسپارد تا لە دەروازەیەكەوە ئەبووسوفیان بوەستێنێت تا سوپاكە بەلایدا بڕوات و بیبینێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپاى سوارەى دابەش كردبوو بۆ دوو دەستە، بەشێكی لەگەڵ زوبەیری كوڕی عەووام بوون كە هاتن و ئەبووسوفیان سوپاكەى بینی، بەدوایدا بەشی دووەم هات كە سەركردەكەى خالیدی كوڕی وەلید بوو و تێپەڕ بوون، ئەبووسوفیان وا شڵەژا بوو وتى ئەی عەبباس ئەمە پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)؟ وتى نا ئەوە خالیدی كوڕی وەلیدە.[46]

لە شەوی فەتحى مەككەدا عەبباس بە ئەبووسوفیانى وت ماڵوێران سەركەوە با بتبەم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و داواى پەنات بۆ بكەم، ئەبووسوفیانیش لە دواى عەبباسەوە سەركەوت، بەردەوام دەیاندا بە لاى ئاگرى موسڵماناندا و یەك یەك عەبباس دەستەكانى پێ دەناساند، كە گەیشتە لاى ئاگرەكەى عومەرى كوڕی خەططاب، عومەر چوو و ئەبووسوفیانى بینی، وتى ئەبوسوفیان، ئەی دوژمنى خوا، سوپاس بۆ خوا كە بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك تۆی خستە بەردەستم، ویستی بیكوژێت كە عەبباس نەیهێشت، عومەر بەوەوە نەوەستا لەگەڵیان چوو تا گەیشتنە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمە دوژمنەكەى خوا بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك كەوتووەتە بەردەستم، دەرفەت بدە تا بدەم لە گەردنى، عەبباس وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من پەنام داوە، ئینجا عەبباس وتى ئەی عومەر ئیتر بەسە، ئەگەر ئەمە كەسێك بوایە لە بەنى عەددى وات نەدەوت، بەڵام دەزانیت لە بەنی عەبدمەنافە وا دەڵێیت، عومەر وتى راوەستە عەبباس، سوێند بەخوا موسڵمانبوونەكەى تۆم لە موسڵمانبوونى خەططاب لا خۆشتر بوو، چونكە دەمزانى موسڵمان بوونى تۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە موسڵمانبوونى خەططاب خۆشترە، ئینجا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی عەبباس بیبە بۆ لاى خۆت و كە بەیانى هات بیهێنە بۆ لام، بۆ بەیانى عەبباس ئەبووسوفیانى هێنایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ماڵت وێران بێت ئەبووسوفیان ئیتر كاتى نەهاتووە بزانیت هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خودا؟! ئەبووسوفیان وتى بە دایكو باوكمەوە بەقوربانت بم چەندە لەسەرخۆ و خزم دۆست و بەخشندەیت، عەبباسیش وتى ماڵوێران دەی موسڵمان بە پێش ئەوەى بدات لە گەردنت، ئەبووسوفیانیش شایەتومانى هێنا.[47]

سەعدى كوڕی عوبادە لە فەتحى مەككەدا ئالآى پشتیوانانى بەدەست بوو، سەعد كە ئەبووسوفیانى بینی وتى ئەی ئەبوسوفیان ئەمڕۆ رۆژی كارەسات و كوشتارە، ئەمڕۆ لە كەعبەدا خوێن رێژی رەوا دەكرێت، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاى ئەبووسوفیاندا، ئەبووسوفیان وتى نازانیت سەعدى كوڕی عوبادە چی دەڵێت، ئەو ئاوهاى وتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سەعد درۆ دەكات، بەڵكو ئەمڕۆ رۆژێكە تیایدا خوا كەعبە بەرز رادەگرێت و تیایدا كەعبە بەرگى بەبەردا دەكرێت).[48]

بەم پێیە ئەبووسوفیان لە شەوی فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو.[49]

ذەهەبی لەبارەى موسڵمان بوونى ئەبووسوفیانەوە دەڵێت: لە رۆژی فەتحدا خوا فریاى كەوت و ئەبووسوفیان موسڵمان بوو، موسڵمانبوونەكەى نیمچە ناچاریەك و لە ترسەوە بوو، دواتر پاش تێپەڕبوونى چەند رۆژێك ئیسلامەتیەكەى چاك بوو.[50]

عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەبووسوفیان حەزى بە شانازى و ناوبانگە، بەڵكو پایەیەكىبۆ دابنێیت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵێ، هەركەس  بچێتە ماڵی ئەبووسوفیانەوە پارێزراوە، هەركەسیش دەرگاى ماڵی خۆی دابخات پارێزراوە).[51]

ئیبن كەثير گێڕانەوەیەكى تری موسڵمانبوونى ئەبووسوفیان دێنێت و دەڵێت ئەبووسوفیان دەستى جەعفەرى كوڕی گرتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رێى هاتنى بوو بەرەو مەككە، ئەبووسوفیان ویستی بچێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام دەرفەتى پێ نەدرا، ئەبووسوفیان وتى بەخوا ئەگەر مۆڵەت نەدات بچم بۆ لاى دەستی ئەمە دەگرم و سەری خۆم هەڵدەگرم تا كەس نەزانێت بۆ كوێ دەچم، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بیستەوە، دڵی بۆی نەرم بوو و هەستی بزواو دەرفەتى پێدا، ئەبووسوفیان و جەعفەرى كوڕی هاتن و موسڵمان بوون، موسڵمان بوونێكی چاك و دروستیش.[52]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 412.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 412.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 107.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 10.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 7.

[6] - أسد الغابة، ج5، ص 220.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 267.

[8] - أسد الغابة، ج3، ص 580.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 675.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص 513.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 651.

[12] - أسد الغابة، ج7،ص 233.

[13] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19305.

[14] - أسد الغابة، 7، ص 346.

[15] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7092.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 123.

[17] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 872، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص13.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 266.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 330.

[20] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 11.

[21] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16871.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 21.

[23] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16871.

[24] - صحيح البخاري، الرقم 2895.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 38.

[26] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 88.

[27] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 65.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 67.

[29] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[30] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 5487.

[31] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[32] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 5487.

[33] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 114.

[35] - أسد الغابة، ج2، ص 171.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[37] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 94.

[38] -صحيح البخاري، الرقم 7.

[39] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 100.

[40] - تاريخ الطبري، ج2، ص 154.

[41] - البداية والنهاية لابن ثر، ج4، ص 281.

[42] - صحيح البخاري، الرقم 4042.

[43] - صحيح البخاري، الرقم 4042.

[44] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 48.

[45] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 525 و 529.

[46] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 532.

[47] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 290.

[48] - صحيح البخاري، الرقم 4042.

[49] - أسد الغابة، 3، ص 10.

[50] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 106.

[51] - سنن أبي داود، الرقم 2642، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36243، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16995، حسنه الألباني في صحيح وضعيف سنن أبي داود، الرقم 3022.

[52] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 56.

 1754
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.