دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڕەحمانى كوڕی صەخر (ئەبوو هورەیرە) (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

 

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی صەخرە، ئیبن حەجەر دەڵێت ئەوە بلآوترین ناوە سەبارەت بە ئەبووهورەیرە هاتبێت و نەوەوى ئەوە بە راستتر دەزانێت،[1] ئەگەرنا چەندین ناوى تر سەبارەت بە ناوى ئەبووهورەیرە هاتون تا ئاستێك ئیبن ئەثير دەڵێت هێندە ناوى جیاواز سەبارەت بە ئەبووهورەیرە هاتووە هیچ كەسێكی تر نیە هێندە ئەگەرى ناوى زۆر لەبارەیەوە هەبێت.[2]

هەریەك لە ناوەكانى عەبدوڵا و بورەیر و سكین و عەبدشەمس و عەبد نوهم و عەبد غەنەم و عەبد عەمر و چەندینی تر هاتووە، بەڵام هەرچیەك بێت ناوەكەى رەوا نەبووەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕیوە، یان ناوى ناوە عەبدوڵا یان ناوى ناوە عەبدوڕەحمان.[3]

ذەهەبی دەڵێت راستترینیان ئەوەیە ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی صەخرە.[4]

زیاتر بە ئەبووهورەیرە ناسراوە، چونكە جارێك بێچووى پشیلە كێویەكى دیوەو لە كۆشی گرتووە، ئیتر پێی وتراوە ئەبووهورەیرە.[5]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە ئەبووهورەیرە دەڵێت من شوانەییم دەكرد و بێچووە پشیلەیەكم هەبوو كە بە شەو دەمخستە ناو دارێكەوە، كە رۆژ دەبوویەوە لەگەڵ خۆم دەمبرد و یاریم لەگەڵ دەكرد، ئیتر ئەو كونیەیان بەسەردا بڕیم.[6]

ئەم هاوەڵە یەكێكە لەو هاوەڵانەى كە زۆرترین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوەو زانستێكی زۆری لێ وەرگرتووە، هەر بۆیە هێرشێكی زۆریشی دەكرێتەسەر.

كاتێك طوفەیلى كوڕی عەمر لە ساڵی حەوتەمى كۆچیدا هات بۆ مەدینە، هاودەم بە طوفەیل نزیكەی حەفتا یان هەشتا كەس لە هۆزەكەى هاتن بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەنێویاندا ئەبووهورەیرەش هاتبوو.[7]

لە رێی هاتنیاندا بەرەو مەدینە، ئەبووهورەیرە خزمەتكارێكی خۆی لەگەڵ بوو، بەڵام خزمەتكارەكەى هەڵهات،[8] دواتر كە ئەبووهورەیرە هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا، خزمەتكارەكەى هاتەوە، ئەبووهورەیرەش لەپێناو خوادا ئازادى كرد.[9]

موسڵمانبوونى ئەبووهورەیرە لە سەرەتاى ساڵی حەوتەمى كۆچیدا بوو، واتە لە ساڵی غەزاى خەیبەردا،[10] بەم پێیە نزیكەی چوار ساڵ لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بووە،[11] بەڵام زانستێكی بێوێنەى لێ وەرگرتووە.

كاتێك ئەبوو هورەیرە موسڵمان بوو و بەرەو مەدینە هات، سەیری كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ نیە و سیباع بەرپرسی مەدینە بوو، ئەوەبوو سیباع بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانانى مەدینەو ئەبووهورەیرەش لە دوایەوە نوێژی كرد.[12]

دایكی ئەبوو هورەیرە بێباوەڕ بوو، ئەو كاتەش كە ئەبووهورەیرە موسڵمان بووبوو هێشتا ئەو بێباوەڕ بوو، ئەبوو هورەیرە بەسەرهاتى موسڵمانبوونى دایكی باس دەكات و دەڵێت: بەردەوام دایكم بانگ دەكرد بۆ ئیسلام، رۆژێك كە داوام كرد موسڵمان بێت، قسەیەكی ناشیرینی وت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە پێم ناخۆش بوو، بۆیە چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەگریام، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من دایكم بانگ دەكەم بۆ ئیسلام و ئەو رازى نابێت، جا ئەمڕۆ كە بانگم كرد بۆ ئیسلام، سەبارەت بە تۆ شتێكم لێ بیست كە پێم ناخۆش بوو، جا نزاى بۆ بكە بەڵكو خوا رێنموونى بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و فەرمووى (خوایە دایكی ئەبوو هورەیرە رێنموونى بكە)، منیش بە دڵخۆشیەوە دەرچووم، كە گەیشتمە بەردەرگاى ماڵەوە بینیم داخراوە، دایكم خشپەی پێی منی بیست و وتى ئەبووهورەیرە لە شوێنی خۆت راوەستە، دەنگى خوڕەى ئاوم دەبیست، دایكم جلوبەرگی پۆشی و لەچكەكەى دا بە سەریدا و دەرگاكەى كردەوەو دواتر بەبەرچاومەوە شایەتومانى هێنا، منیش گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و لە خۆشیدا دەگریام، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) موژدە بێت خوا نزاكەى وەرگرتیت و رێنموونى دایكی ئەبووهورەیرەی كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سوپاس و شتایشی خواى كرد، دواتر وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزام بۆ بكە خوا من و دایكم لاى بەندە باوەڕدارەكانى خۆشەویست بكات و ئەوانیش لاى ئێمە خۆشەویست بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد و فەرمووى (اللهم حبب عبيدك هذا وأمه إلى عبادك المؤمنين، وحبب إليهم المؤمنين)، (خوایە ئەم بەندە بچووكەى خۆت و دایكی لاى بەندە باوەڕدارەكانت خۆشەویست بكەو باوەڕدارانیش لا ئەوان خۆشەویست بكە)، ئیتر هەر باوەڕدارێك باسی منى دەبیست یان دەیبینیم منى خۆش دەویست.[13]

ئەبووهورەیرە لەناو ئەهلى صوففەدا لە مزگەوت دەمایەوە، تووشی برسێتیەكى زۆر دەبوو، دەڵێت جارێك زۆر برسی بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورماى بۆ ناردین، ئێمەش لە برساندا دوو دوو خورمامان دەخوارد.[14]

جار جارە ئەبووهورەیرە دەچوو بە نانەسكێ خزمەتى كچەكەی غەزوانى دەكرد تا رۆژان هات و رۆژان چوو و خواى گەورە ئەو ئافرەتەى كرد بە هاوسەری ئەبووهورەیرە.[15]

ئەبووهورەیرە دەڵێت جار هەبوو لە برساندا دەكەوتمە سەر زەوى، بەردم لە سكم دەبەست، رۆژێك لەسەر رێی خەڵك دانیشتم، ئەبووبەكر تێپەڕ بوو و منیش سەبارەت بە ئایەتێكی قورئان پرسیارم لێكرد، بەخوا بەس لەبەرئەوە پرسیارم لێكرد بەڵكو شتێك خواردنم پێ بدات، كەچی تێپەڕ بوو و هیچ، دواتر عومەر هات و هەمان شت روویدا، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات و كە منى بینی زەردەخەنەیەكی كرد و بە دەموچاومدا زانى حاڵم چۆنە، پاشان فەرمووى ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى(دوام كەوە)، منیش بەدوایدا چووم، چوویە ژوورەوەو داواى مۆڵەتى كرد و مۆڵەت بە منیش درا و چوومە ژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێك شیری بەدیكرد و فەرمووى ئەم شیرە لە كوێ بوو؟ وتیان ئەوە فلآنەكەس بە دیارى هێناى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرموى(بڕۆ بۆ لاى ئەهلى صوففەو بانگیان بكە بۆم)، منیش ئەوەم پێ ناخۆش بوو، وتم ئەو تۆزە شیرە بۆ ئەهلى صوففە؟ من شیاوترم بیخۆم تا خۆم پێ رابگیرێت، بەڵام هەر دەبێت فەرمانى خوا و پێغەمبەرەكەى بەجێبگەیەنم، چووم و بانگم كردن و هاتن، داواى مۆڵەتیان كرد و مۆڵەت دران و هەریەكەو لە لایەكەوە دانیشتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى بگرە بیاندەرێ، منیش یەك یەك دەمدا بە دەستیانەوەو ئەوانیش تێریان دەخواردەوە، هەموویان تێریان خواردەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قاپە شیرەكەى گرتەدەست و تەماشای منى كرد و پێكەنى، فەرمووى ئەی ئەبووهیر، وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى من و تۆ ماوینەتەوە، وتم راست دەفەرموویت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى دابنیشە بخۆرەوە، منیش دانیشتم و شیرم خواردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بخۆرەوە، منیش هەمدى خواردمەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام دەیفەرموو بخۆرەوە، ئیتر تێرم خواردەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە ئیتر جێی نابێتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەی بیدە بە من، منیش قاپە شیرەكەم پێ بەخشی، سوپاسی خواى كرد و بسم الله الرحمن الرحیم ى فەرموو و ئەوەى مابوویەوە خواردیەوە.[16]

ئەبووهورەیرە دەڵێت رۆژێك لە برساندا لە ماڵ چوومە دەرەوە، چوومە مزگەوت و دەستەیەك لە هاوەڵانم بینی، وتیان لەم كاتەدا بۆچی هاتوویتەتە دەرەوە؟ وتم برسێتی هێنامیە دەرەوە، ئەوانیش وتیان بەخوا ئێمەش برسێتی هۆكار بوو، چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمووى لەم كاتەدا بۆچی هاتوونەتە دەرەوە؟ وتمان برسێتی زۆری بۆ هێناوین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى قاپێكی كرد كە خورماى تێدا بوو، هەركەسەو دوو خورماى پێداین و فەرمووى (ئەو دوو خورمایە بخۆن و ئاوى بەدوادا بخۆنەوە، ئەوانە بۆ ئەمڕۆتان بەستان دەكەن)، منیش خورمایەكم خواردەوەو دانەیەكیانم هەڵگرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بۆچی هەڵتگرت؟ وتم بۆ دایكم، فەرمووى (بیخۆ، دوو خورماشت پێدەدەین بۆ دایكت).[17]

ئەبووهورەیرە زۆر نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و زۆربەی كات لە خزمەتیدا بوو، لەم چەند فەرموودەیەی خوارەوە بۆمان دەردەكەوێت كە لە ساتە جیاوازەكاندا لە خزمەتی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بووە:

ئەبوو هورەیرە دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بازاڕی مەدینە بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو و منیش بە دوایدا چووم، پێی فەرمووم (أین لكع)(كوا لوكەع)-وشەى لوكەع بۆ خۆشی بۆ منداڵ بەكاردەهێنرا-، سێ جار ئەوەى فەرموو، ئینجا فەرمووى (حەسەنى كوڕی عەلى بانگ بكە)، منیش چووم بینیم حەسەن دەڕوات بە رێدا و ملیوانێك لە ملیدایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە دەست ئاماژەی بۆ كرد و ئەویش ئاماژەى بۆ كرد-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باوەشی بۆ كردەوەو بە ئاماژەی دەست بانگى كرد-، كە حەسەن هات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرتیە كۆش و فەرمووى (خوایە من خۆشم دەوێت دەى تۆیش خۆشت بوێت و ئەوەشت خۆش بوێت كە ئەوی خۆش دەوێت)، ئەبووهورەیرە دەڵێت ئیتر دواى ئەو فەرمایشتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەس نەبوو هێندەى حەسەنى كوڕی عەلى لام خۆشەویست بێت.[18]

ئەبوو هورەیرە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من أحب الحسن و الحسين فقد أحبني، ومن أبغضهما فقد أبغضني[19] (هەركەس حەسەن و حوسەینی خۆش بوێت ئەوە منى خۆش ویستووە، هەركەسیش رقی بێت لێیان ئەوە رقی لە منە).

ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێك ئەقرەعى كوڕی حابیسی تەمیمی لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەسەنى كوڕی عەلى ماچ كرد، ئەقرەع وتى من دە كوڕم هەیە تا ئێستا هیچكامیانم ماچ نەكردووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سەیرێكی كرد و پاشان فەرمووى(من لا یرحم لا یرحم)،[20] (ئەوەى میهرو سۆزى نەبێت میهر و سۆزى بۆ نیە).

هەروەها ئەبوو هورەیرە دەڵێت رۆژێك پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بینی چوو بۆ بەر دەرگاى ماڵی فاطيمهو فەرمووى ئەی حەسەن، حەسەن هاتە دەرەوە بۆ لاى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەمى ماچ كرد و زمانى مژی و گرتیە كۆش، ئەبووهورەیرە دەڵێت سوێند بە خوا تا ئێستاش بەردەوام حەسەنم خۆش دەوێت.[21]

ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین كە سوورەتى جوموعە دابەزیە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)(واخرین منهم لما یلحقوا بهم)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوانە كێن؟ وەڵامى نەدامەوە، تا سێ جار پرسیم و ئەویش وەڵامى نەدامەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی خستە سەر سەلمان و فەرمووى(لو كان الإيمان عند الثريا، لناله رجال - أو رجل - من هؤلاء[22] (ئەگەر ئیمان لە سورەییاش بێت، بە دڵنیاییەوە كەسێك یان كەسانێك لەمانە دەستی خۆیانى پێدەگەیەنن).

ئەبووهورەیرە دەڵێت حەسەنى كوڕی عەلیم بینی لە ژوورەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و پەنجەكانى دەكرد بە ناو ریشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زمانى دەكرد بە دەمیدا، واتە زمانى حەسەنى دەكرد بە دەمى خۆیدا، ئینجا فەرمووى(خوایە من خۆشم دەوێت، دەى تۆیش خۆشت بوێت و ئەوەشت خۆش بوێت كە حەسەنى خۆش دەوێت).[23]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا باس لە فەزڵى هاوەڵانێكى دەكات دەفەرموێت (أرحم أمتي بها ابو بكر وأقواهم في دين الله عمر وأصدقهم حياء عثمان وأقضاهم على بن أبي طالب وأفرضهم زيد وأقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب وأعلمهم بالحلال والحرام معاذ بن جبل وأمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح وأبو هريرة وعاء)[24] (بەرەحمترینی ئوممەتم بە ئوممەتەكەم ئەبوبەكرەو بەهێزترینیان لە ئایینی خوادا عومەرەو بە شەرمترینیان عوثمانە و دادوەرترینیان عەلى كورى ئەبووطالیبەو شارەزاترینیان بە فەرز زەیدە و شارەزاترینیان بە قورئان خوێندنەوە ئوبەى كوڕى كەعبە و شارەزاترینیان بە حەلآڵ و حەرام موعازى كوڕی جەبەلەو ئەمیندارى ئەم ئوممەتەش ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراحە و ئەبوو هورەیرەش قاپ و جامێكە).

 

بۆچی ئەبووهورەیرە فەرموودەى زۆری دەگێڕایەوە؟

وەڵامى ئەم پرسیارە لە خودى ئەبووهورەیرەوە وەردەگرین، چونكە هەمان ئەو پرسیارەى لێكراوە.

ئەبووهورەیرە دەیوت خەڵكی دەڵێن ئەبووهورەیرە فەرموودەى زۆر دەگێڕێتەوە، جا ئەگەر دوو ئایەت لە قورئاندا نەبوونایە یەك فەرموودەشم نەدەگێڕایەوە، دواتر ئەم ئایەتەى خوێندەوە (إِنَّ الَّذِينَ يَكْتُمُونَ مَا أَنْزَلْنَا مِنَ الْبَيِّنَاتِ وَالْهُدَى مِنْ بَعْدِ مَا بَيَّنَّاهُ لِلنَّاسِ فِي الْكِتَابِ أُولَئِكَ يَلْعَنُهُمُ اللَّهُ وَيَلْعَنُهُمُ اللَّاعِنُونَ (159) إِلَّا الَّذِينَ تَابُوا وَأَصْلَحُوا وَبَيَّنُوا فَأُولَئِكَ أَتُوبُ عَلَيْهِمْ وَأَنَا التَّوَّابُ الرَّحِيمُ) (البقرة: 159-160)، برا كۆچەریەكانم سەرقاڵی كارى ناوبازاڕ بوون و برا پشتیوانیەكانم سەرقاڵی ئیشی ماڵەوە بوون، بەڵام ئەبووهورەیرە بەردەوام وابەستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و كاتێك ئەوان ئامادە نەبوون ئەو ئامادە بوو، ئەوەى ئەوان لەبەریان نەدەكرد، ئەبوو هورەیرە لەبەری دەكرد).[25]

ئەبووهورەیرە دەیوت ئەی خەڵكینە ئێوە دەڵێن ئەبوهورەیرە فەرموودەى زۆر دەگێڕێتەوەو كۆچەران و پشتیوانان هێندە فەرموودە ناگێڕنەوە، دەى برا كۆچەریەكانم سەرقاڵی كارى ناوبازاڕ بوون و برا پشتیوانیەكانم سەرقاڵی ئیشی ماڵەوە بوون، بەڵام من كەسێكی هەژارى ناو ئەهلى صوففە بووم كە دایم هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم، كاتَێك ئەوان ئامادە نەبوون من لەوێ بووم، كاتێك ئەوان بیریان دەرۆیشت من بیرم لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆكردبوویەوە، رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(هەركەس جلەكەى رابخات تا هەموو قسەكەم تەواو بكەم و دواتر كۆی بكاتەوە ئەوە هەموو ئەوە وەردەگرێت كە دەیڵێم) منیش عەبایەكى سەرشانم هەبوو بلآوم كردەوە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەموو قسەكانى كرد، ئینجا نام بە سنگمەوە، ئیتر لەو فەرمایشتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچیم بیرنەچووەتەوە.[26]

ئەبووهورەیرە دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموودەى زۆرت لێ دەبیستم و بیرم دەچێتەوە، فەرمووى(عەباكەت راخە)، منیش رامخست، دەستی پێدا هێنا و فەرمووى كۆی بكەرەوە، منیش كۆمكردەوە، ئیتر دواى ئەوە هیچ فەرموودەیەكم بیر نەچوویەوە.[27]

ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێك وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی دواییدا چ كەسێك بەختەوەرترە بە شەفاعەتى تۆ؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لقد ظننت يا أبا هريرة أن لا يسألني عن هذا الحديث أحد أول منك، لما رأيت من حرصك على الحديث، أسعد الناس بشفاعتي يوم القيامة من قال: لا إله إلا الله، خالصا من قبل نفسه)،[28] (ئەی ئەبووهورەیرە گومانم برد هیچ كەس پێش تۆ سەبارەت بەمە پرسیارم لێ نەكات، چونكە دەبینم زۆر سووریت لەسەر وەرگرتنى فەرموودە،  بەختەوەرترین كەس بە شەفاعەتى من لە رۆژی دواییدا ئەو كەسەیە بە پوختى و نیازپاكى لە ناخى دڵیەوە وتبێتی لا الە الا الله).

ئەوسی كوڕی خالید دەڵێت هەركات دەچووم بۆ لاى ئەبوو مەحذورە هەواڵی سەمورەى دەپرسی، هەركاتیش دەچووم بۆ لاى سەمورە هەواڵی ئەبوو مەحذورەى دەپرسی، رۆژێك وتم بە ئەبوو مەحذورە بۆچی دەچم بۆ لاى سەمورە هەواڵی تۆ دەپرسێت و دێم بۆ لاى تۆیش هەواڵی ئەو دەپرسیت، ئەویش وتى جارێك من و سەمورە و ئەبووهورەیرە پێكەوە بووین، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتەژوورەوە بۆ لامان و فەرمووى ئەوەتان كە كۆتا كەس دەمرێت لە دۆزەخدایە، ئەوسی كوڕی خالید دەڵێت ئەوەبوو یەكەمجار ئەبووهورەیرە مرد، دواتر ئەبوو مەحذورە مرد، دواتر ئەویش مرد.[29]

پێشتر لە باسی ژیانى سەمورەى كوڕی جوندوبدا روونكردنەوەمان سەبارەت بەم فەرموودەیە خستوەتەڕوو.

ئەبوووهورەیرە دەڵێت لە موئتەدا بەشدار بووم، ثابتی كوڕی ئەقرەم پێی وتم تۆ لە جەنگى بەدردا لەگەڵماندا نەبوویت، ئێمە لە بەدردا بە زۆرى ژمارەمان سەرنەكەوتین.[30]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 316.

[2] - أسد الغابة، ج6، ص 337.

[3] - أسد الغابة، ج6، ص 337.

[4] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 578.

[5] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 579.

[6] - سنن الترمذي، الرقم 3857، حسنه الألباني في مشكاة المصابيح، الرقم 3840.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 353.

[8] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 590.

[9] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 326.

[10] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 586.

[11] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 590.

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 4928، صححه شعيب الأرناؤوط.

[13] - صحيح مسلم، الرقم 4650، صحيح ابن حبان، الرقم 7261، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8053، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20974.

[14] - صحيح ابن حبان، الرقم 5309، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[15] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 327.

[16] - صحيح البخاري، الرقم 6069، صحيح ابن حبان، الرقم 6629، سنن الترمذي، الرقم 2460، السنن الكبرى لنسائي، الرقم 11377، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 4031، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 10439.

[17] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 10022،  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 593.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 5552 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 4550، صحيح ابن حبان، الرقم 7073، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8174، مسند الحميدي، الرقم 1004.

[19] - سنن ابن ماجة، الرقم 142، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7672، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6084، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4895، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 143.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 5657، صحيح مسلم، الرقم 4383، صحيح ابن حبان، الرقم 458، سنن أبي داود، الرقم 4562، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7105.

[21] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 6586.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 4617،

[23] - معجم ابن الأعرابي، الرقم 1326، معجم ابن المقرىء، الرقم 631.

[24] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص17، ئيبن ماجة بة دةقيَكى هاوشيَوةى ئةمة كة هةمان ئةم واتاية دةبةخشيَت هيَناويةتى، سنن ابن ماجة، الرقم 154، صحيح. مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12707، صحيح،  بةلآم لاى ئيبن ماجة و ئيمامى ئةحمةد باسي ئةبووهورةيرةى تيَدا نية، شيَخى ئةلبانى ئةمةى بة صحيح داناوة(أرحم أمتي بأمتي أبو بكر و أشدهم في أمر الله عمر و أصدقهم حياء عثمان و أقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب و أفرضهم زيد بن ثابت و أعلمهم بالحلال و الحرام معاذ بن جبل و لكل أمة أمين و أمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح).الجامع الصغير و زيادتة، 897.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 117.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 595و صححه الذهبي.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 118.

[28] -صحيح البخاري، الرقم 6211، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5669، مسند احمد بن حنبل، الرقم 8655، الإيمان لابن منده، الرقم 922.

[29] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6591، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 831، البداية والنهاية لابن كثر، ج6، ص26، تأريخ السلام للذهبي، ج4، ص233، سير أعلام النبلاء، ج3، ص185.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 383.

 1261
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.