دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەبباس(رضي الله عنه) - بەشی دووەم

هەڵوێستی ئیبن عەبباس لە شۆڕشەكەی حوسەینی كوڕی عەلیدا

كاتێك موعاویە مرد و یەزید نامەى نارد بۆ وەلیدی كوڕی عوقبە كە والی مەدینە بوو، تا بەیعەتى بۆ وەربگرێت، وەلید ناردى بە شوێن حوسەینى كوڕی عەلى و ئیبن زوبەیردا، هێشتا شەو بوو، داواى كرد لە هەردووكیان بەیعەت بدەن بە یەزید، ئەوانیش وتیان با رۆژ بێتەوە بزانین خەڵكی چی دەكەن، هەر ئەو شەوە لە مەدینە دەرچوون بەرەو مەككە، كە گەیشتنە ئەوێ حوسەین لە ماڵی عەبباس دابەزى، ئیبن عەبباس بەردەوام رێگری دەكرد لە چوونى حوسەین بۆ عێراق و دەیوت كارى وا نەكەیت.[1]

حوسەین هەر كە چوو بۆ لاى ئیبن عەبباس سەبارەت بەو كارەى راوێژی پێكرد، لە وەڵامدا ئیبن عەبباس راى وابوو كارى وا نەكات چونكە مەرگى ئەوى لێدەكەوێتەوە، بەڵام حوسەین پێی وت مەرگم لا خۆشترە لەوەى بەو بارە رازی بم.[2]

ئینجا ئیبن عەبباس پێی وت كوڕی فاطيمه بۆ كوێ دەچیت؟ وتى دەچم بۆ عێراق بۆ لاى هەوادارنم، ئەویش وتى پێم خۆش نیە ئەم دەموچاوەى تۆ بچێت بۆ لاى خەڵكێك كە باوكتیان كوشت، ئینجا زۆر قسەی بۆ كرد.[3]

پێی وت ئەگەر ئەو خەڵكەى كە داوایان لێكردویت بچیت بۆ لایان ئەمیرەكەی ئێستایان كوشتووەو بارى وڵاتیان رێكخستووەو دوژمنیان دەركردووە ئەوە بڕۆ بۆ لایان، بەڵام ئەگەر لە كاتێكدا بانگت دەكەن كە هێشتا ئەمیرەكەیان ماوەو كاربەدەستانى سەرقاڵی سامان وەرگرتنن لە خەڵكى وڵاتەكە، ئەوە تەنها تۆ بۆ جەنگ بانگ دەكەن و منیش هیچ دڵنیا نیم لەوەى لەخشتەت نەبەن و لە قسەت دەرنەچن و پشتت بەرنەددەن و لە دژت نەجەنگن و ببنە سەرسەختترین دوژمن بۆت، حوسەینیش وتى نوێژی ئیستیخارە دەكەم بزانم چۆن دەبێت.[4]

ئیبن عەبباس هەر خۆی پێ رانەگیرا و بۆ بەیانیەكەى هاتەوە بۆ لاى  وتى ئامۆزا گیان زۆر خۆم راگرت بەڵام خۆم پێ راناگیرێت و ئارامم بڕاوە، من زۆر دەترسم بەم كارەت لەناو بچیت، چونكە خەڵكی عێراق ناپاكن، لێیان نزیك مەبەرەوەو لەم خاكەدا بمێنەرەوە، تۆ سەییدی خەڵكی حیجازیت، ئەگەر خەڵكى عێراق راست دەكەن تۆیان دەوێت نامەیان بۆ بنێرە داوا بكە تا بەرپرسەكەیان دووربخەنەوەو دواتر بڕۆ بۆ لایان، ئەگەر ئەوەش ناكەیت دەى بڕۆ بۆ یەمەن چونكە لەوێ قەلآ و شیوی لێیەو خاكێكی فراوان و گەورەیە و هەوادارانێكی باوكیشت لەوێن و دووریت لەو خەڵكەو لەوێوە پەیام و بانگخوازانت بلآو بكەرەوە، پێم وایە ئەمەت بۆ باشترە، بەڵام حوسەین وتى ئامۆزا گیان دەزانم تۆ دڵت بۆم دەسووتێت و ئامۆژگاریم دەكەیت، بەڵام من خۆم پێچاوەتەوەو یەكلا بوومەتەوە كە بچم، ئیبن عەبباس وتى دەى هەر دەڕۆیت ژن و منداڵەكانت مەبە، دەترسم وەك چۆن عوثمان كوژرا تۆش ئاوا لەناو ژن و مناڵەكانتا بكوژرێیت و ئەوانیش تەماشا بكەن.[5]

ئیبن عەبباس لە سەردەمى دەسەلآتى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیردا

پاش مردنى یەزید و هاتنى موعاویەی كوڕی كە پیاوێكی خواناس بوو و كەم ژیاو وەفاتى كرد و كەسی لە دواى خۆی دیارى نەكرد، ئیتر بۆشاییەك لە دەسەلآتدا دروست بوو، ئەمە دەرفەتێكی باش بوو بۆ عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر تا بەیعەتى پێ بدرێت و ببێتە خەلیفە، گرنگتر لە هەمووى موعاویەی كوڕی یەزید پێش مەرگى خۆی بەیعەتى بۆ هیچ كەس وەرنەگرت.[6]

عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر لە مەككەوە خیلافەتى راگەیاند و موسڵمانان كەوتنە بەیعەتدان پێی، چەند كەسێك لەو نێوەندەدا بەیعەتیان پێ نەدا، عەبدوڵا ئومەویەكانى لە حیجاز دەرپەڕاند و هەموانیان بەرەو شام رایانكرد.[7]

ئەوانەى بەیعەتیان پێ نەدا بریتی بوون لە عەبدوڵاى كوڕی عومەرو عەبدوڵاى كوڕی عەبباس و ئیبنولحەنەفیە.[8]

هەریەك لە ئیبن عەبباس و ئیبنولحەنەفیە بە ژن و منداڵ و  كەسانیانەوە چوون بۆ مەككەو لەوێ مانەوە، ئیبن زوبەیر داواى كرد بەیعەت بدەن، ئەوانیش وتیان بەیعەتت پێ نادەین و خۆت سەرقاڵی كارى خۆت بە، هاوكات نە دژایەتی تۆ دەكەین و نە دژایەتى بەرامبەرت دەكەین، بەڵام ئیبن زوبەیر زۆری دەكرد لێیان تا بەیعەت بدەن، كار گەیشتە ئەوەى دەیوت بەخوا یان دەبێت بەیعەت بدەن، یان دەتانسووتێنم.[9]

دواى ئەوەی عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر ژمارەیەك لە هاشمیەكانى بەند كردبوو و بە هەوڵی موختار ئازاد كران، لەنێویاندا عەبدوڵاى كوڕی عەبباسیش هەبوو، ئەوەبوو پاش ماوەیەك عەبدوڵا كۆچی دوایی كرد و بەیعەتى هیچ كەسی لە گەردن نەبوو.[10]

عەبدوڵا لە رێی كۆچی هاشمیەكاندا لە ناوچەی طائیف كۆچی دوایی كرد، ئەمەش لە ساڵی شەست و حەوت یان شەست و هەشتی كۆچیدا بوو،[11] ئەوكاتیش تەمەنى لە سەروو حەفتا ساڵانەوە بوو، راى راستتر ئەوەیە تەمەنى حەفتاو دوو ساڵ دەبوو، ئیبنولحەنەفیە نوێژی لەسەر ئیبن عەبباس كرد.[12]

ئیبن عەبباس كەسێكى بەخۆ و كەڵەگەت بوو، زۆر كەشخە بوو، خەنەى بەكاردەهێنا، جلى جوانى دەپۆشی و زۆر بۆنى خۆشی بەكاردەهێنا، رەنگى سپى بوو.[13]

عەبدوڵاى كوڕی عەبباس زۆر رێزی هاوەڵانى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) لابوو، ئەوانیش زۆر رێزیان لێدەگرت.

ئیبن عەبباس دەڵێت جار هەبوو بۆ یەك بابەت پرسیارم لە (30) هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرد.[14]

كاتێك ئیبن عەبباسی گەورە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، رافیع زۆر پێی كاریگەر بوو، دەیوت ئەمڕۆ كەسێك مرد كە رۆژهەلآت و رۆژئاوا پێویستیان بە زانستەكەى بوو.[15]

موجاهید دەڵێت ئێمە لاى خەڵك شانازیمان دەكرد بە چوار كەسەوە، بە فیقهناسەكەمانەوە ئیبن عەبباس،...[16]

ئیبن عومەر دەیوت ئیبن عەبباس حیبری ئەم ئوممەتەیە،[17] ئیبنولحەنەفیەش هەمان شتی دووبارە دەكردەوە.[18]

عومەرى كوڕی خەططاب بە ئیبن عەبباسی دەوت: بەراستی تۆ زانستێك فێر بویت كە ئێمە نایزانین.[19]

ئیبن عەبباس دەیوت: هەر ناخۆشیەكم لە برایەكى موسڵمانم بەدی بكردایە، یەكێك لەم سێ ئەگەرانەم بۆ دادەنا، ئەگەر لە سەروو خۆمەوە بوایە، ئەوە پلەو پایەكەیم لەبەرچاو دەگرت، ئەگەر هاوتاى خۆم بوایە، زیاتر گەورەم رادەگرت، ئەگەریش لە خواروى خۆمەوە بوایە گوێم پێ نەدەدا، ئەوە رێی ژیانى منە، كێ حەزى پێ ناكات، ئەوە زەوى خوا فراوانە.[20]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 295.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 292.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[4] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 399.

[5] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 400-401.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 238.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج9، ص 63.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 239.

[9] - سير أعلام النبلاء، 3، ص 356.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 306.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 358-359.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 306.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 306.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 344 و قال الذهبي إسناده صحيح.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 372.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص445.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 339.

[18] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6308.

[19] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 345.

[20] - البداية والنهاية لابن كثير، ج9، ص 316.

 1401
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.