سوپاكەى ئوسامەى كوڕی زەید
لە كاتى نەخۆشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، رۆژی چوارشەممە بوو كە تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون، لەسەر ئەوە كەسانێ نارەزاییان دەربڕی، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەواو توورەبوو و لەتاو ئازاریش سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى(پاشان ئەى خەڵكینە ئەو قسەو باسە چیە پێم گەیشتوەتەوە لە هەندێكتان سەبارەت بەوەى ئوسامەم بە ئەمیر داناوە، ئەگەر تانە دەدەن لە ئەمیرایەتى ئوسامە پێشتریش تانەتان دا لەوەى باوكیم بە ئەمیر دانا، ئەرێ بەخوا ئەو كەسە بۆ ئەمیرایەتى دروست كرابووو دواى خۆیشی كوڕەكەشی بۆ ئەمیرایەتى دروست كراوە...)[1]
بەڵام ئوسامە خێرا نەچوو چونكە هەواڵی نەخۆشی پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بیست، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كرد، ئوسامە لە ناوچەی (ذي خشب) بوو،[2] دواتر لەسەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا ئەو سوپایە بە سەركردایەتى ئوسامە بەڕێكەوت، هەرچەندە داوا كرا تا خەلیفە جارێ ئەو سوپایە نەنێرێ بەڵام ئەو رازى نەبوو سوپایەك بوەستێنێ كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێكیخستبوو بۆ چوون، ئامادەش نەبوو ئەو سەركردەیەى لا ببات كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داینابوو، تەنها داواى لە ئوسامە كرد رێ بدات عومەر نەچێت تا یارمەتى بدات چونكە ئەوكات زۆرێك لە عەرەبەكان لە ئیسلام هەڵگەرابوونەوە، ئوسامەش رێی پێدا، ئوسامە چوو و هێرشی برد و سەركەوتنى بەدەستهێنا.[3]
لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپاكەى ئوسامەى رێكخست و ئوسامەى كوڕی زەیدى كردە سەركردەى سوپاكە، تیایدا بورەیدە ئالآكەى بەدەستەوە بوو،[4] دواتر كە زانرا بە نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بورەیدە ئالآكەى ئوسامەى كوڕی زەیدى هێنا و لەبەردەم ماڵی پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دایكوتا، دواتر كە بەیعەت درا بە ئەبووبەكری صدیق خەلیفە فەرمانى كرد بە بورەیدەى كوڕی حوصەیب تا ئالآكە هەڵگرێت و بیبات بۆ ماڵی ئوسامەى كوڕی زەید، ئەویش ئالآكەى برد بۆ سەربازگەى یەكەمى موسڵمانان كە ئوسامەى كوڕی زەیدی لێ بوو، هەرچەندە كاتى هەڵگەرانەوەى عەرەبەكان بوو و هەوڵ درا ئەبووبەكر رازى بكرێت تا ئوسامەى كوڕی زەید بەو سوپایەوە نەنێرێت بەڵام ئەبووبەكر رازى نەبوو سوپایەك بوەستێنێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كردبوو بە رۆیشتنى.[5]
كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئوسامە بە عومەرى وت بڕۆ بۆ لاى خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى مۆڵەتى لێ بكە تا سوپاكە بهێنمەوە مەدینە، چونكە كەسایەتیە دیارەكان لەگەڵ منن، من ترسم هەیە زیان بە خەلیفە بگات و بێباوەڕان گورزى خۆیان بوەشێنن، پشتیوانەكانیش بە عومەریان وت پێی بڵێ ئەگەر هەر سوور بوو لەسەر ئەوەى سوپاكە بڕوات، با كەسێكی بەتەمەنتر لە ئوسامە بكاتە بەرپرس، عومەریش چوو بۆ لاى ئەبووبەكر، عومەر كە گەیشتە لاى ئەبووبەكر و قسەكانى بۆ باسكرد، ئەبووبەكر وتى بەخوا ئەگەر سەگ و گورگ بمبەن بڕیارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناكشێنمەوە، عومەر ئەوكات پەیامەكەى پشتیوانانى گەیاند، ئەبووبەكریش ریشی عومەرى گرت و وتى دایكت رۆڵەرۆت بۆ بكات كوڕی خەططاب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى كردووە بە كاربەدەست و تۆیش داوام لێدەكەیت من لایبەرم؟ عومەریش چوویە دەرەوە بۆ لاى خەڵكەكەو پێی وتن بڕۆن وازبێنن، دایكتان رۆڵەرۆتان بۆ بكات، بەهۆی ئێوەوە خەلیفە زۆری پێكردم، ئینجا خەلیفە خۆی سوپاكەى ئوسامەى بەڕێكرد، بەڵام داواى كرد مۆڵەت بدات عومەرى لا بهێڵێتەوە تا پشتیوانى بێت، ئوسامەش رازى بوو.[6]
جەنگى هەڵگەڕاوەكان:
كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردو خەڵكێك لە عەرەب بێباوەڕ بوون، ئەبووبەكر ویستی جەنگیان بكات، عومەر وتى ئەی ئەبووبەكر چۆن جەنگى ئەو خەڵكە دەكەیت لەكاتێكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(أمرت أن أقاتل الناس حتى يقولوا لا إله إلا الله، فمن قالها فقد عصم مني ماله ونفسه إلا بحقه، وحسابه على الله)، (فەرمانم پێكراوە لەگەڵ خەڵك بجەنگم تا دەڵێن لا الە الا الله، جا هەركەس ئەوەى وت ئیتر سامان و گیانى لێم قەدەغە دەبێت بە حەقی خۆی نەبێت، حیسابیشی لاى خوایە)، ئەبووبەكر وتى بەخوا هەركەس جیاوازى بكات لەنێوان نوێژ و زەكاتدا لەگەڵی دەجەنگم، چونكە زەكات مافی سامانە، سوێند بەخوا ئەگەر گێسكێكیان دابێت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئێستا نەیدەن بە من ئەوە لەسەر ئەوە جەنگیان لەگەڵ دەكەم، عومەر دەڵێت هێندەى نەبرد خوا سینەى فراوان كردم بۆ راكەى ئەبووبەكر و زانیم راكەى ئەو راستە.[7]
ئەبووبەكری صدیق دژبە هەڵگەڕاوەكان جەنگى راگەیاند، بۆ ئەوەش مەترسی لەسەر مەدینە دروست دەبوو، بۆیە پاسەوانى شەوانەى بە دەورى مەدینەدا دانا و بڕێك كەسی كرد بە ئەمیری دەستە دەستەی ئەو پاسەوانانە، لەوانەش عەلى كوڕی ئەبوو طالیب و زوبەیری كوڕی عەووام و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص و عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود.[8]
پاش تەواوبوون لە ئەركى سوپاكەى ئوسامەى كوڕی زەید، ئەبووبەكری صدیق یانزە لیواى پێكهێنا بۆ جەنگى هەڵگەڕاوەكان، ئینجا لیوایەكى تایبەت كرد بە خالیدی كوڕی وەلید و رایسپارد بچێت بەرەو لاى طولەیحەى كوڕی خوەیلید، ئەگەریش لەو ئەركەى لێبوویەوە ئینجا بڕوات بەرەو لاى مالیكی كوڕی نوەیرە.[9]
ئەبووبەكر كاتێك خالیدی كردە بەرپرسی ئەو لیوایە بە خەڵكەكەى وت من بیستوومە لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (نعم عبدالله و أخؤ العشيرة خالد بن الوليد سيف من سيوف الله سله الله على الكفار و المنافقين)، (خالید بەندەیەكى چاكى خوا و پیاوماقووڵێكی ناو هۆزە، شمشێرێكە لە شمشێرەكانى خوا كە هەڵكیردووە بە ڕووى بێباوەڕان و دووروواندا)، ئینجا خالید كەوتەڕێ و ئەبووبەكر ماڵئاوایی لێكرد و بەڵێنی پێدا لە ناوچەی خەیبەر لەگەڵ سەركردەكانى تر پێیدەگاتەوە، ئەم پلانەش بۆ ئەوەبوو دوژمن بترسێـت.[10]
[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.
[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص305.
[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190-191.
[4] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص713.
[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190-191.
[6] - تاريخ الطبري، ج2، ص 246.
[7] - صحيح البخاري، الرقم 1346، صحيح مسلم، الرقم 54، صحيح ابن حبان، الرقم 216، سنن أبي داود، الرقم 134، سنن الترذمي، الرقم 2595، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2198، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 115.
[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 311.
[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 315.
[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 317.