دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی دەیەم

جەنگى یەمامە

خالیدی كوڕی وەلید دواى ئەوەى لەلایەن خەلیفە پۆزشی قبووڵ كرا، بە فەرمانى خەلیفە ئەبووبەكری صدیق چوو تا فیتنەى موسەیلەمەى درۆزن لەناوبەرێت[1] كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتى دەكرد و خەڵكێكی زۆری لەخشتە بردبوو، لەو كارەشیدا تەواو سەركەوتوو بوو، پێشتر لە باسی ژیانى خالید و لە چەند شوێنی تریشدا باسی جەنگى یەمامەمان كردووە، بۆیە دووبارەى ناكەینەوە.

كۆكردنەوەى قورئان

لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا زەید راسپێردرا تا قورئان كۆبكاتەوە، زەید دەڵێت ئەبووبەكر پێی وتم تۆ كەسێكی گەنج و عاقڵیت و تۆمەتبارت ناكەین، تۆ لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) سروشت بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنووسیەوە، دەى بنەوە قورئان و كۆی بكەرەوە، منیش وتم چۆن شتێك ئەكەن كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە، ئەویش وتى بەوا ئەمە خێرە، ئیتر ئەبووبەكر هێندەى پێ وتمەوە تا ئەوەى خواى گەورە دەروونى فراوان كردم بۆ ئەو نیازەى كە دەروونى ئەبووبەكرو عومەرى بۆ فراوان كردبوو، كەوتمە كۆكردنەوەى قورئان.[2]

زەید دەڵێت: دواى جەنگى یەمامە-كە ژمارەیەك لە هاوەڵان تیایدا شەهید بوون- ئەبووبەكر منى بانگ كرد، عومەریش لەلاى بوو، ئەبووبەكر وتى (عومەر هاتووە بۆ لام و دەڵێت: لە یەمامە خەڵكێكی زۆر كوژراوەو دەترسم بەم كوشتارە بەردەوامە ئەوانەى قورئانیان لەبەرە لەناوبچن و بەشێك لە قورئان نەمێنێت، بۆیە پێم باشە كۆی بكەنەوە، منیش پێم وتووە چۆن شتێك بكەم كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە؟ عومەر دەڵێت: بەخوا ئەوە خێرە، هێندە عومەر هات بۆ لام و لێی دووبارە كردمەوە تا ئەوەى خواى گەورە دەروونى والآكردم بۆ راكەى عومەرو منیش هەمان راى ئەوم هەیە)، عومەریش لەولاوە دانیشتبوو و هیچی نەدەوت، ئەبووبەكر درێژەى دا بە قسەكانى و وتى (تۆ پیاوێكی گەنج و عاقڵیت و لێت دڵنیاین و نووسەرەوەى سروشیش بوویت، دەى لێبنەوەو قورئان كۆبكەرەوە)، سوێند بەخوا ئەگەر ئەبووبەكر رایسپاردمایە كێوێك لەملاوە بۆ ئەولا بگوازمەوە هێندەى ئەو داواكاریەى لام سەخت نەبوو، منیش وتم چۆن ئێوە ئەو شتە دەكەن لە كاتێكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە، ئەبووبەكر وتى بەخوا ئەوە خێرە، ئیتر هێندە لێیان دووپات كردمەوە تا خوا دەروونى فراوان كردم بۆ راكەیان و كەوتمە كۆكردنەوەى قورئان، هەندێكی لەسەر پارچە پێستە نووسرابوویەوە، هەندێكی لەسەر ئێسقان و هەندێكی لەسەر گەلآى دار نووسرابوویەوە، هەندێكیشی لە سنگى پیاواندا بوو.[3]

فتووحات لە سەردەمى ئەبووبەكردا:

لە سەردەمى ئەبووبەكردا لە دوو مەیدانى جیادا فتووحات پێشڕەوی بەهێزی بەخۆیەوە دی، ئەوانیش بریتی بوون لە بەرەى عێراق و بەرەی شام، لێرەدا باسی فتووحات ناكەین، چونكە بە زمانى كوردى نووسینی زۆر و پێویست لەو بارەوە هەن، خوێنەر دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.

ژیانی ئاسایی لەگەڵ خەڵكدا:

كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و خالیدی كوڕی وەلید لە یەمەنەوە گەڕایەوە، بینی ئەبوبەكر بەرپرسە، دڵگران بوو بە وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بە دەربڕینێكی هەڵە خەمبارى خۆی دەربڕی، بۆیە عومەر لێی تووڕە بوو و ئەو قسانەشی گەیاند بە ئەبووبەكر كە راى خالید چۆن بووە، بەڵام ئەبووبەكر ئەو قسانەى نەگرتەدڵ و خەڵكی كۆكردەوەو وتارێكی پێشكەش كرد و باسی جیهادى كرد بۆیان، دواتر ئالآى دەدایە دەست سەركردەكان تا جەنگى هەڵگەڕاوەكان بكەن، ئالآى یەكەمیشی دایە دەست خالیدی كوڕی سەعید تا بەرەو شام بڕوات، هەرچەندە عومەر هێشتا لێی تووڕە بوو و هەوڵیدا بەر بە راكەى خەلیفە بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر لە نیازى خالید تێگەیشت و ئەوەى نەگرتەدڵ.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد ئیتر بیلال تواناى نەما بانگ بدات، شارەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بانگى بانگبێژەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) تێدا نەما، تەنانەت تواناى ئەوەى نەما لە مەدینەش بمێنێتەوە، بۆیە هات بۆ لاى خەلیفەى یەكەمى موسڵمانان ئەبووبەكرى صدیق و داواى مۆڵەتى لێكرد تا بچێت بۆ جیهاد، ئەوەبوو كاتێك ئەبووبەكر لە رۆژی هەینیدا لەسەر مینبەر بوو، بیلال ئەبووبەكری دواند، خەلیفە داواى لێكرد بیلال لە مەدینە بمێنێتەوە، بیلال لە وەڵامدا پێی وت لەبەر خوا ئازادت كردم یان لەبەر خۆت؟ ئەبووبەكر وتى لەبەر خوا، بیلال وتى دەى رێم بدە بچم بۆ جیهاد، خەلیفەش رێی پێدا و بیلالیش چوو بەرەو شام.[5]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بیلال بە ئەبووبەكرى وت من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (أفضل أعمال المؤمن الجهاد في سبيل الله)، (چاكترین كارى باوەڕدار جیهادى رێی خوایە)، جا منیش دەمەوێت تا مردن لە سەنگەرى جیهاددا بم، ئەبووبەكر وتى ئەی بیلال سوێندت دەدەم بە خوا لەبەر رێز و مافى من مەڕۆ، وا من پیر بووم و مەرگم نزیك بوەتەوە، ئیتر بیلال لەگەڵ ئەبووبەكر مایەوە تا وەفاتى كرد، ئینجا هات بۆ لاى عومەر و داواى مۆڵەتى كرد، عومەریش هەمان شتی پێ وت، بەڵام بیلال بە داواكەى رازى نەبوو، عومەر داواى لێكرد بانگ بدات،[6] بیلال وتى من بانگبێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم تا وەفاتى كرد، دواتریش بانگبێژی ئەبووبەكر بووم چونكە ئەو چاكەى هەبوو بەسەرمەوە، من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (ئەی بیلال كارێك نیە چاكتر بێت لە جیهادى رێی خوا)، بۆیە بیلال چوو بەرەو شام.[7]

بەڵام ئیبن كەثير دەڵێت راستتر و باوتر ئەوەیە بیلال دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگى نەداوە بۆ ئەبووبەكر و چووە بۆ شام.[8]

كاتێك ئەبووبەكری صدیق بووبوو بە خەلیفە، كچەكەى سەعد چوو بۆ لاى ئەبووبەكر، خەلیفەش جلەكەى خۆی وەك راخەر بۆ راخست، عومەر هاتە ژوورەوەو پرسیاری لێكرد ئەو ئافرەتە كێیە؟ ئەبووبەكر وتى كچی كەسێكە كە لە من و تۆیش زۆر چاكتر بووە، عومەر وتى ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو پیاوە كێیە؟ وتى كەسێك لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و شوێنی خۆی لە بەهەشت بەدەست خست و من و تۆیش هێشتا ماوینەتەوە.[9]

سالیمى مەولا جارێك لەگەڵ ئەبووبەكردا بوو كە نوێژی دەكرد، سالیم وتى ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نان ناخۆیت؟ ئەویش بە دەست ئاماژەی بۆ كردم، جارى دووەم هەمان شتی وتەوەو ئەویش بە ئاماژە پێی وت راوەستە، جارى سێیەم كە سالیم وتى، ئەبووبەكر وتى خواردنەكەتم بۆ بهێنە، نانى خوارد و دواتر دوو ركات نوێژی كرد، ئینجا چوویە مزگەوت و نوێژ دابەسرا.[10]

وەفاتى ئەبووبەكرى صدیق

لە مانگى جومادیلئاخیرەى ساڵی سیانزەى كۆچیدا ئەبووبەكری صدیق تووشی نەخۆشی بوو و ماوەى نزیكەی پانزە رۆژ نەخۆشیەكەى بەردەوام بوو، لەو ماوەدا عومەرى كوڕی خەططاب بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانان، لەو ماوەدا ئەبووبەكری صدیق عومەرى كوڕی خەتتابی بۆ جێگرتنەوەى خۆی دیارى كرد و عوثمانى كوڕی عەففانى بانگ كرد و داواى لێكرد بە نووسراوێك ئەوە بنووسێت، ئینجا نووسراوەكە خوێنرایەوە بەسەر موسڵماناندا و ئەوانیش رازى بوون.[11]

ئەبووبەكرى صدیق لە بیست و دووى جومادیلئاخیرەى ساڵی سیانزەى كۆچیدا وەفاتى كرد،[12] ئەو رۆژەى وەفاتى كرد رۆژی دووشەممە بوو، دەوترێت لە بەرەبەیاندا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت بەڵكو دواى نوێژی ئێوارە وەفاتى كرد، تەمەنیشی شەست و سێ ساڵان دەبوو.[13]

حەسەنى كوڕی عەلى ئامادەى كاتى وەفاتى ئەبووبەكرى صدیق بوو، حەسەن دەڵێت كاتێك ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات بە عائیشەى وت ئەى عائیشە سەیری ئەو وشترە بكە كە لە شیرەكەیمان دەخواردەوەو ئەو تەشتەى بەكارمان دەهێنا و ئەو بەرگەى دەمانپۆشی،  ئێمە كاتێك كاروبارى موسڵمانانمان بەدەست بوو ئەو شتانەمان بەكاردەهێنا، جا ئەگەر مردم ئەوانە ببە بۆ عومەر، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر مرد ئەو شتانەى نارد بۆ عومەر، ئەویش وتى خوا لێت رازى بێت ئەی ئەبووبەكر، بارى ئەوەى دواى خۆتت قورس كرد.[14]

ئەسید باسی ئەو رۆژە دەكات كە خەلیفەى موسڵمانان ئەبووبەكرى صدیق كۆچی دوایی كرد و دەڵێت:

كاتێ ئەبووبەكر وەفاتى كرد بە بەرگێ دایانپۆشی و گریان مەدینەى گرتەوەو خەڵكى شڵەژان چەشنى ئەو رۆژەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، عەلى كوڕی ئەبووطالیب خێرا بە گریانەوە گەڕایەوەو دەیفەرموو (ئەمڕۆ خیلافەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابڕا)، ئینجا هات تا گەیشتە بەردەرگاى ئەو ماڵەى ئەبووبەكری تێدا بوو، وەستا و وتى: (بەر رەحمەتى خوا كەویت ئەی ئەبووبەكر، تۆ یەكەم كەس بوویت موسڵمان بوویت، لەهەمووان پوختتر و دڵسۆزانەتر باوەڕت هێنا، دڵنیایی و بێگومانیت لە هەموان زیاتر بوو، لە هەموان لەخواترس تر و دەوڵەمەندتر بوویت و لە هەموان زیاتر لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت... پلەوپایەت لە هەموویان بەرزتر بوو، پێشرەوى هەموویان بوویت، پلەت لەهەموویان بەرزتر بوو، لە هەموویان زیاتر لە پێغەمبەرى خواوە نزیك بوویت، لەرووى رەوشت و هەڵوێستەوە لە هەموان زیاتر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویت، لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموویان جێ متمانەتر و پایەبەرزتر بوویت و بەڕێزتریان بوویت لە خزمەتیدا، دەى خواى گەورە لەسەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەى و موسڵمانان پاداشتى خێرت بداتەوە، كاتێ خەڵكى پێغەمبەرى خوایان بە درۆزن دەزانى تۆ بەراستت دەزانى، بۆیە خواى گەورە لە كتێبەكەى خۆیدا بە صدیق ناوى هێنایت (و الذي جاء بالصدق)، كاتێ خەڵكى بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پیسكە بوون، تۆ شوێنكەوتە و دڵنەواكەرى بوویت، كاتێ خەڵكى دانیشتن و لەگەڵی نەچوون تۆ لەگەڵیدا راوەستایت، لەكاتى سەختیدا بە جوانترین شێوە هاوەڵی ئەوت كرد، سوكناییت بۆ دەهێنا و هاوڕێی كۆچ و باروحاڵی نارەحەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت، دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەجوانترین شێوە خیلافەتت كرد بۆ ئوممەتەكەى، كاتێ خەڵكى لە ئیسلام هەڵگەرانەوە بەجۆرێك ئایینی خوات بەجێگەیاند كە خەلیفەى هیچ پێغەمبەرێكى پێشتر وا بەجێی نەگەیاندووە، كاتى لاوازى هاوەڵانت بەهێز بوویت، كاتى ترسی ئەوان سەرپێ راوەستایت، وێڕاى پێ ناخۆشبوونى دووروان و بێزارى و توورەیی بێباوەران دەستت گرتبوو بە  رێباز و بەرنامەى پێغەمبەرى خواوە، كاتێ دەوروبەرت شكستیان خوارد بە رووناكى خوا خیلافەتت گرتەدەست، لەسەروو هەموویانەوە بویت و لەهەموشیان كەمتر قسەت دەكرد و لە هەموان زیاتر راستیت دەپێكا و لە هەموان زیاتر بێدەنگ دەبوویت، رەوانبێژی و بڕیاردروستی و دلێری و دڵنیایی و كرداری چاك و شارەزاییت بە كارەكان لە هەموان زیاتر بوو، بۆ ئیسلام  سەرگەورەیەك بوویت و بۆ باوەڕدارانیش باوكێكى میهرەبان، كاتێ بە خاوخێزانەوە دەهاتنە لات بارى قورسی لاوازى ئەوانت دەگرتە ئەستۆ، چییان لەدەست دەدا تۆ دەتپاراست، چییان پشتگوێ بخستایە تۆ ئاگادارى دەبوویت، كاتى كەمصەبری ئەوان خۆڕاگر بوویت، ئەوەى ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا تۆ پێی گەیشتیت، بەهۆی تۆوە گەیشتن بەوەى كە چاوەڕێ نەبوون دەستیان بكەوێ، بۆ بێباوەران سزایەك بوویت و دەرژایت بەسەریاندا، بۆ باوەردارانیش بارانى رەحمەت و بەرەكەت بوویت، بارانى دەوڵەمەندى و سوكنایی و پارێزگارى بوویت... وەك شاخێ وابوویت كە رەشەبا نایجووڵێنێت و شكێنەرەكان لەناوى نابەن... كەسی لاواز و زەلیل لاى تۆ بەهێز بوو تا مافت بۆ وەردەگرتەوە، كەسی بەهێز و بە دەسە{تیش لاى تۆ زەلیل و لاواز بوو تا كاتێ مافت لێ وەردەگرتەوە، لەوەشدا دوور و نزیك لاى تۆ وەك یەك بوون...  بەخوا پێشڕەیو زۆرت كردو ئەوەى دواى تۆ دێت چاك ماندووی دەكەیت ... رازین بە قەزاى خودا و ملكەچی كارو فەرمانى دەبین، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موسڵمانان بە هیچ شتێ هێندەى مەرگى تۆ موصیبەتبار نابن... خواى گەورە بتگەیەنێتەوە بە پێغەمبەرەكەت و ئێمەش لە پاداشتت بێ بەش نەكات و دواى تۆ گومڕامان نەكات) خەڵكى بێدەنگ بووبوون تا وتەكانى تەواو بوون، دواتر هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریان و وتیان راستت فەرموو ئەى ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[15]



[1] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 219.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 431.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 4410، صحيح ابن حبان، الرقم 4571، سنن الترمذي، الرقم 3111.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 3.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص357.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 236، أسد الغابة، ج1، ص 307.

[7] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 1980، مسند الرويانى، الرقم 716، أسد الغابة، ج1، ص 307.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 334.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 59.

[10] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6251.

[11] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 18.

[12] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 87.

[13] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 18.

[14] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 36.

[15] -  البحر الزخار مسند البزار، الرقم 831، الشريعة للآجري، الرقم 1781، السنة لأبي بكر بن الخلال، الرقم 346، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841.

 1228
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.