دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی سێیەم

هاوسەرگیری عەلى و فاطيمه

عەلى كوڕی ئەبوطاليب دەڵێت خزمەتكارێكم وتى دەزانیت فاطيمه داواكراوە؟ وتم نا، وتى با، ئەی بۆ تۆ ناچیتە داواى؟ منیش وتم خۆ هیچم نیە تا بچمە داواى، ئەویش وتى ئەگەر بچیت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فاطيمهت پێ دەدات، هێندەى پێ وتم تا منیش چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە چوومە ئەوێ و لەبەردەمیدا دانیشتم نەمتوانى هیچ بڵێم، فەرمووى بۆچی هاتویت؟ ئیشێكت هەیە؟ منیش بێدەنگ بووم، هەمدى لێی دووبارە كردمەوە و بێدەنگ بووم، ئەویش فەرمووى (لەوانەیە هاتبیت بۆ داواى فاطيمه؟) وتم بەڵێ، فەرمووى ئەی هیچت هەیە بۆمارەییەكەی؟ وتم نا بەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى ئەی چیت كرد بە قەڵغانەكەت كە پێم دایت، سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەو قەڵغانە زۆر قورس و پتەو بوو، منیش وتم لاى خۆمە، فەرمووى (دەى لێم مارە كردیت، ئەو قەڵغانەى بۆ بنێرە تا بەوە حەلآڵ بێت بۆت).[1]

كاتێك عەلى ویستی هاوسەرگیری لەگەڵ فاطيمه بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى هیچت هەیە؟ عەلى وتى هیچم نیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی قەڵغانە قورسەكەت كوا؟ وتم لاى خۆمە، ئەوەبوو ئەو قەڵغانەى دا بە فاتیمە.[2]

كاتێك عەلى كوڕی ئەبوطالیب فاطيمهى كچی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بە هاوسەر گرت، بۆ ماڵێك دەگەڕا تا تیایدا نیشتەجێ بێت، بەڵام خانوویەكى دوور لە ماڵی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەست كەوت و لەوێ گواستیەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ ماڵیان و پێی فەرموون دەیەوێت نزیكیان بكاتەوە لە ماڵی خۆی، فاطيمهش وتى داوا لە حارثه بكە تا شوێنەكەى بگۆڕێتەوە لەگەڵمان تا نزیك بینەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (حارثه هێندە شوێنی خۆی بۆ چۆڵكردوین ئیتر رووم نایەت پێی بڵێم)، حارثه ئەوەى بیستەوەو و هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیستوومە دەتەوێت فاطيمه لێتەوە نزیك بێت و ئەوەش خانووەكانى منن، من خۆم و ئەوەشی هەمە بۆ خوا و پێغەمبەرى خوایە، سوێند بەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى تۆ لێم وەردەگریت لام زۆر خۆشترە لەوەی وازى لێ دێنیت بۆم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (راست دەكەیت، خوا بەرەكەت بڕژێت بەسەرتدا)، ئەوەبوو فاطيمه هاتە ناو خانوویەكى حارثه كە نزیك مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، حارثه لە نزیك مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند خانوویەكى هەبوو، هەر جارەو یەكێك لەو خانووانەى چۆڵ دەكرد بۆ خۆشەویستێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا هەموو خانووەكانى ئەو شوێنەى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوسەرەكانى.[3]

لە غەزاى ئوحوددا

لە غەزاى ئوحوددا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى دابوویە دەست عەلى كوڕی ئەبووطالیب، بەڵام دواتر ئالآكەى لەو وەرگرت و داى بە موصعەبی كوڕی عومەیر و عەلیش بەشدارى جەنگەكەى كرد.[4]

لە غەزاى ئوحوددا حاطيب دەنگێكی بیست هاوارى دەكرد موحەممەد كوژرا، حاطيب تەواو شڵەژا و گەڕا بەدواى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تا بینی لەگەڵ عەلى كوڕی ئەبی طالیبدایەو بریندار بووەو دەموچاوى دەشوات.[5]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەوتبوویە چاڵەكەوە، عەلى دەستی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) گرت و طهلحەش بەرزی دەكردەوە.[6]

دواتر كە جەنگەكە تەواو بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى نارد تا بزانێت قوڕەیشیەكان نیازیان هەیە رووەو مەدینە بچن یان بگەڕێنەوە بەرەو مەككە، ئەویش چوو و هەواڵی هێنایەوە كە بەرەو مەككە دەگەڕێنەوە.[7]

لە غەزاى بەدرى داهاتوودا كە وادەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو لەگەڵ قوڕەیش لە ساڵی داهاتوو لە هەمان بەروارى ئوحوددا لە بەدر بەیەك بگەن، عەلى كوڕی ئەبوطاليب بەشدار بوو و ئالآى موسڵمانانى بەدەستەوە بوو.[8]

 

لەدایكبوونى حەسەن

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بیست كە فاتیمەى كچی منداڵی بووە خێرا چوو بۆ ماڵیان، فەرمووى (أروني ابني ما سميتموه)،(ئادەى كوڕەكەمم نیشان بدەن، ناوى چیتان لێ ناوە؟) عەلى كوڕی ئەبوو طالیبیش وتى ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل هو حسن[9] (بەڵكو با ناوى حەسەن بێت)، بەوە ناوى نرا حەسەن.

پێشتر لە ژیانى حەسەنى كوڕی عەلیدا وردەكاریمان هێناوە لەسەر لەدایكبوون و ژیانى لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم).

لەدایكبوونى حوسەین:

پێشتریش لە ژیانى حوسەینی كوڕی عەلیدا باسی لەدایكبوونى حوسەین و وردەكاری ژیانیمان هێناوە.

 

لە غەزاى خەندەقدا

هەروەها عەلى لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدارى كرد و رۆڵی كاراى بینی، جا كاتێك بێباوەڕان كەلەبەرێكیان بەدیكرد و چەند كەسێكیان پەڕینەوە، یەكێك لەوانە عەمری كوڕی عەبدود بوو، عەمر وتى كێ بەرامبەرم دەوەستێت و دەجەنگێت؟ عەلى چوویە بەرامبەری، عەمر وتى برازا من حەز ناكەم بتكوژم، عەلى وتى جا من تۆ بانگ دەكەم بۆ لاى خوا و پێغەمبەرەكەى و ئیسلام، عەمر وتى هیچ پێویستیم بەوانە نیە، عەلى وتى دەى بانگهێشتی جەنگت دەكەم، ئەوەبوو جەنگان تا جەنگێكی قورسیان كرد و تیایدا عەلى عەمری كوشت.[10]

لە ساڵی شەشەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكى ئامادە كرد بۆ ناوچەی فەدەك، ئەمەش لە مانگى شەعباندا بوو، عەلى كوڕی ئەبووطالیبی كرد بە ئەمیری سریەكە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەد كەسی لەگەڵدا نارد و هێرشیان برد و دەستكەوتێكی زۆریان بەدەستهێنا و گەڕانەوە.[11]

 

رووداوى ئیفك

لە رووداوى ئیفكدا كە تیایدا دووڕوان بوختانیان دروستكرد بۆ دایكی باوەڕداران عائیشە و دواتر خوا بە دەقی ئایەت پاكى عائیشەى سەلماند و دووروویی دوروەكان دەركەوت، لەو ماوەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئوسامەى كوڕی زەید و عەلى كوڕی ئەبوو طالیبی بانگكرد تا راوێژیان پێ بكات سەبارەت بە جیایی و دووركەوتنەوەى لە عائیشە، ئوسامە شایەتى پاكى بۆ دا و وتى تەنها خێر و چاكەمان لێ دیوە، عەلیش پێی وت خوا بارت سەخت ناكات و ئافرەتى تر جگە لەو زۆرن، دەشتوانیت خزمەتكارەكە بانگ بكەیت تا راستیەكەت بۆ دڵنیا بكاتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بورەیرەى بانگ كرد و لێی پرسی ئەى بورەیرە هیچت دیوە كە گومانت لا دروست بكات، وتى نا سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە...هتد.[12]

جا ناحەزانێك كە تەنیا رووی لێدانى مێژووی ئیسلامى و هاوەڵانیان لەبەرچاوە، وا قسەكە لێكدەدەنەوە ە ئەوە ریشەیەكی دژایەتى نێوان عەلى و عائیشە بێت، لەكاتێكدا ئەوە ئیجتیهادێكی عەلى بوو لە مەسەلەكەدا و هیچى تر، ئەگەرنا دەیان وەسفی عائیشە لەلایەن عەلى و بە پێچەوانەوە لە فەرموودەكاندا بەدی دەكەین كە وەڵامی ئەو گومانە دەدەنەوەو لێرەدا لەبەر درێژنەكردنەوەى نووسینەكە نایانخەینەڕوو.

هەروەها عەلى لە غەزاى بەنوقوڕەيضهدا بەشدارى كردو ئالآیەكی بەدەستەوە بوو.[13]

لە رێككەوتنى حودەیبیەدا

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە مەبەستی عومرە چوو بەرەو مەككەو قوڕەیشیەكان رێیان پێگرت، دواجار بڕیاری رێككەوتنیان دا و پاش چەند دانووستانێك، دواجار لەگەڵ سوهەیلی كوڕی عەمر رێككەوتن، عەلى كوڕی ئەبووطاليب دەقی رێككەوتنەكەى دەنووسیەوە.[14]

كاتێك عەلى نووسی موحەممەدى پێغەمبەرى خوا، بێباوەڕەكان وتیان مەنووسە موحەممەدى پێغەمبەرى خوا، ئەگەر تۆ پێغەمبەر بوویتایە لەگەڵت نەدەجەنگاین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بیسڕەوە، عەلى وتى من نایسڕمەوە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی سڕیەوە.[15]

 

لە غەزاى خەیبەردا

رۆڵی كاراى عەلى كوڕی ئەبووطاليب لە غەزاى خەیبەردا بەرچاو دەكەوێت، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآى سوپاكەى دایە دەست عەلى و خواى گەورە فەتحى بەخشی بە موسڵمانان.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ فەتحى خەیبەر، عەلى لەبەر ئازارێ كە لە چاویدا هەبوو نەچوو، دوایى خۆی پێ رانەگیرا و وتى چۆن لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواكەوم؟ بۆیە بەو ئازارى چاوەوە خۆی گەیاند بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[16]

كاتێك فەتحى خەیبەر سەختى تێكەوت، بۆ شەوەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لأعطين الراية غدا رجلا يفتح على يديه، يحب الله ورسوله، ويحبه الله ورسوله)، (سبەینێ ئالآكە دەدەمە دەست كەسێك كە خوا لەسەر دەستی ئەو فەتحى خەیبەر دەبەخشێت، ئەو كەسە خواو پێغەمبەرى خواى خۆش دەوێت و خوا و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) ئەویان خۆش دەوێت)، هەموو هاوەڵان هیوایان وابوو ئەوان بن، بۆ بەیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى عەلى لە كوێیە؟ وتیان ئازاری چاوى هەیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تفی دا لە چاوانى عەلى و نزاى خێری بۆ كرد و عەلى چاك بوویەوە، ئینجا ئالآكەى دایە دەستی، ئینجا پێی فەرموو (انفذ على رسلك حتى تنزل بساحتهم، ثم ادعهم إلى الإسلام، وأخبرهم بما يجب عليهم، فوالله لأن يهدي الله بك رجلا خير لك من أن يكون لك حمر النعم[17] (لەسەرخۆ هەنگاو بنێ تا دەچیتە لایان، دواتر بانگیان بكە بۆ ئیسلام و پێیان بڵێ چییان لەسەر پێویستە، جا بەخوا ئەگەر خوا بەهۆی تۆوە كەسێك رێنموونی بكات زۆر بۆت باشترە لە كۆمەڵە وشتری سوور).

گێڕانەوەیەكی شیعەكان هاتووە كە پێشتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری ناردبوو كەچی لەسەر دەستی ئەو فەتح نەكرا، دواتر عومەرى نارد و لەسەر دەستى ئەویش فەتح نەكرا، دواتر ئالآكەى دایە دەست عەلى، ئەوەبوو خواى گەورە لەسەر دەستى ئەو فەتحى خەیبەری بەخشی، بەڵام ئەو كەسەی گێڕاویەتەوە بەوە ناسراوە كە كەسێكی شیعەیە،[18] جا شیعەكان بۆ پێشخستنى عەلى لە هەر هەنگاوێ كەمتەرخەمى ناكەن، چ جاى پێدانى زیادە بە دەقە مێژووییەكان.

 

لە فەتحى مەككەدا:

كاتێك قوڕەیشیەكان پەیمانیان شكاند و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا هێرش بباتە سەر مەككە و فەتحى بكات، ئەبووسوفیان هات تا رێككەوتنەكە درێژ بكاتەوە، كە چووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، بۆیە چوو تكاى لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى كرد تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى بۆ بكەن، ئەوەبوو كە چوو بۆ لاى عەلى حەسەنى كوڕی عەلى منداڵێك بوو لەبەردەمیدا یارى ئەكرد، عەلیش وەك ئەوانى تر ئەبووسوفیانى بێهیوا كرد و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارێكی داوە كە كەسمان بۆی نیە قسەی تێدا بكات.[19]

كاتێك حاطيبى كوڕی ئەبی بەلتەعە بە نهێنی نامەیەكى نووسی بۆ مەككە تا هەواڵی هێرشی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) پێ بدات، خواى گەورە ئەوەی ئاشكرا كرد، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبوو طاليب و زوبەیر و میقدادى كوڕی ئەسوەدى نارد بە شوێن ئەو ژنەى نامەكەى بردووەو ئەوانیش ژنەكەیان گرت و نامەكەیان لێ سەندەوەو گەڕانەوە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،[20] وردەكارى بەسەرهاتەكە لە ژیانى حاطيبى كوڕی ئەبی بەلتەعەدا لە پیتی (ح) دا باس كراوە.

پاش ئەوەى خالید بە هەڵە كوشتارێكی كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلی كوڕی ئەبوو طالیبی بانگ كرد و رایسپارد تا خوێن بایی تەواوى ئەو هۆزە بدات و هەموو بارێكی سەردەمى نەفامى بخاتە ژێر پێی، عەلی چوو بۆ ئەوێ و هەرچی خوێن باییەك هەبوو پێی دانەوە، دواتر چی زیانى دارایی هەبوو هەمووى بۆ قەرەبوو كردنەوە، تەنانەت ئەگەر قاپی بەردەم سەگەكانیش شكابوایە ئەوەشی بۆ قەرەبوو دەكردنەوە، دواتر كە تەواو بوو بڕێك سامان مایەوە، عەلى وتى ئەو زیادەش بۆ ئێوە با ئەگەر شتێك ئێمە نەیزانین و ئێوە بیزانن بەوە قەرەبوو بێتەوە، ئینجا گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی پێدا كە چی كردووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (چاكت كردو پێكات).[21]

عەلى كوڕی ئەبووطاليب لە غەزاى حونەینیشدا بەشدارى كرد و یەكێك لە ئالآكانى كۆچەرانى بەدەستەوە بوو،[22] هاوكات لە غەزاكەدا كاتێك موسڵمانان شكان و لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان كرد، عەلى یەكێك بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوەو بەرگری لێكرد.[23]

لە مانگى رەبیعولئاخیری ساڵی نۆیەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكی بە سەركردایەتى عەلى كوڕی ئەبووطاليب نارد بۆ لەناوبردنى بتى طهی ْ و سەد كەس لە پشتیوانانى لەگەڵ نارد و ئالآیەكى رەش و ئالآیەكى سپیشی دایە دەستى، ئەوانیش چوون و ئەركەكەیان بەجێگەیاند و بە بڕێك دەستكەوتەوە گەڕانەوە.[24]

هەر لە ساڵی نۆیەمى كۆچیدا كە ئەبووبەكری صدیق حەجى بۆ خەڵكەكە كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى بە سوارى وشترەكەى خۆی نارد، كە عەلى گەیشت بە ئەبووبەكر، وتى عەلى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆی كردووە بە بەرپرسی حەجەكە؟ عەلى وتى نا، بەڵكو منى ناردووە تا پەیامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەڵكەكە بخوێنمەوە، ئەوەبوو ئەبووبەكر بە پێشەنگى حەجەكە مایەوەو عەلیش تیایدا بەشدار بوو و پەیامەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) خوێندەوە.[25]

لە غەزاى تەبووكدا

عەلى لە غەزاى تەبووكدا بەشدارى نەكرد، ئەمە ش بە فەرمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئیبن كەثير سەبارەت بەو كەسانەى كە نەچون بۆ غەزاى تەبووك دەڵێت: ئەوانەى نەچوون بۆ غەزاى تەبووك چوار بەش بوون، بەشێك فەرمانیان پێكرابوو لەلایەن پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) تا نەچن و پاداشتیان بۆ هەیە وەك عەلى كوڕی ئەبووطاليب و موحەممەدى كوڕی مەسلەمەو ئیبن ئوم كلثوم، دەستەیەكی تر بیانوویان هەبوو لەبەرئەوەى لە لاوازان و نەخۆشان بوون، دەستەیەكیش ئەوانە بوون كە لە خەفەتى نەچوونەكەیان دەگریان، تاوانبارەكان بوون كە ئەبوولوبابەو هاوەڵەكانى بوون، دەستەى چوارەمیش سەركۆنەكراوان بوون كە بریتی بوون لە دوورووەكان.[26]



[1] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1020.

[2] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5408، السن الكبرى للبيهقي، الرقم 13421، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 583، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 3375 حسن صحيح.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 166.

[4] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 20.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 44، قال الذهبي إسناده مظلم.

[6] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 24.

[7] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 38.

[8] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 59.

[9] - صحيح ابن حبان، الرقم 7068، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4722، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11141، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 746، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3706، لكن حسنه شعيب الأرناؤوط، و صححه الذهبي في التلخيص.

[10] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 105.

[11] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 89.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص162، سير أعلام النبلاء للذهبي، الرقم 2، ص156.

[13] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 118.

[14] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 168.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 2572.

[16] - صحيح البخاري، الرقم 3986.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 2868، صحيح مسلم، الرقم 4527، صحيح ابن حبان، الرقم 7042، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7879، مسند احمد بن حنبل، الرقم 22215.

[18] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 187.

[19] - تاريخ الطبري، ج2، ص 154.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 2866.

[21] - السيرة النبوية لابن هشام، ج5، ص 96.

[22] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 150.

[23] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 151.

[24] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 164.

[25] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 168.

[26] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص27.

 707
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.