دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی شەشەم

لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا

چەند شەوێكی كەم بەسەر وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تێپەڕ بووبوو، ئەبووبەكرى صدیق نوێژی عەسری كرد بۆ موسڵمانان، كە لێبوونەوە هاتەدەرەوەو عەلیش لەگەڵیدا بوو دەرۆیشتن بە رێدا، ئەبووبەكر حەسەنى بینی كە لەگەڵ چەند منداڵێك یاری دەكرد، ئەبووبەكر حەسەنى گرتە قەلادۆشكان و دەیوت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچێت نەك لە عەلى، عەلیش پێدەكەنى.[1]

مێژوونووسی شیعە یەعقووبی دەقێكی هێناوەو دەڵێت: دەستەیەك لە كۆچەران و پشتیوانان دواكەوتن لە بەیعەت دان بە ئەبووبەكر و هەوادارى عەلى كوڕی ئەبووطاليب بوون، لەوانە عەبباسی كوڕی عەبدولموتەلیب و فەضلى كوڕی عەبباس و زوبەیری كوڕی عەووام و خالیدی كوڕی سەعید و میقدادى كوڕی عەمر و سەلمانى فارسی و ئەبووذەری غیفاری و عەممارى كوڕی یاسر و بەررائی كوڕی عازب و ئوبەی كوڕی كەعب.[2]

ئەم مەسەلەیە پەیوەست كراوە بە ناكۆكی نێوان شیعەو سوننە لەسەر مەسەلەى خیلافەت و ئیمامەت، شیعە پێیان وایە ئیمامەت لە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە میراتى بۆ عەلى و نەوەكانى ماوەتەوە تا رۆژی دوایی و ئەبووبەكر و هاوەڵانى تر ئەو مافەیان لێ زەوت كردووە، سوننەش پێیان وایە هیچ بنەڕەتێك نیە بۆ مەسەلەى ئیمامەتى عەلى و خیلافەتى ئەبووبەكریش دروست بووە و هەموو موسڵمانانیش لەسەری كۆدەنگ بون.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیمامەت بەشێكی چەسپاوى بیروباوەڕەو مافی عەلی كوڕی ئەبووطالیب و نەوەكانیەتى:

یەكەم: ئەو بنەرەتە كە بڕیارە بەهەشت ودۆزەخ یەكلا بكاتەوەو ریشەی قەڵەمڕەوی هەموو كۆمەڵگەی ئیسلامیە تا رۆژى دوایی، بۆچی بە ئایەتێك راشكاوانە باسنەكراوە، ئایا ئەمە ناراستی ئەو بانگەشەیە نیە؟ یان ئەوەیە ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان لە كۆكردنەوەى قورئاندا راستیگەلێكی ناو قورئانیان لابردووە؟ جا ئەگەر بڵێین یەكەمیان راستە، ئیتر بنەرەتى بانگەشەی ئیمامەت بە دەلیلی قورئانى لەكاردەكەوێت، ئەگەریش بڵێین دووەمیان راستە، ئەوە هیچ بنەرەتێكی دروست بۆ ئیسلام نامێنێتەوە كە لەسەری بڕۆین، چونكە ئەگەر ئەوان و هاوەڵانى تر قورئانیان ناتەواو تۆمار كردبێت، كەوابوو هەم قورئان تەواوى پەیامى خوا نیە، هەم چی فەرموودەیە لەكاردەكەوێت، هەم خوێندكارەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبنە خوێندكارانێكی باش پەروەردە نەكرا و و ناپاك و هەلپەرست (دوور لەوان).

دووەم: چۆن دەكرێت عەلى كوڕی ئەبووطالیب كە موژدەپێدراوى بەهەشت و زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و میراتگری دین و دنیایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بێت، كەچی ئامادە نەبێت لەسەر ئەو مافە خوداییە شەڕ بكات و دەرفەت بدات كەسانێكی تر رێرەوى بڕیاری خوا و ئایینی خوا بگۆڕن، لە كاتێكدا ئەو لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) چەندین جار لە غەزاكاندا چووەتە گەرمەى جەنگەوەو باكى نەبووە لە مان و نەمانى لە دنیادا.

ئەوەى لێرەدا بە كورتى قسەی لەسەر دەكەین بریتیە لە ئاماژەكانى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەریەك لە ئەبووبەكر و عەلى، كۆبوونەوەى بەنى ساعیدەو بەیعەتدان بە ئەبووبەكر، ئەوانەى لە بەیعەتدان دواكەوتن، بەیعەتدانى عەلى بە ئەبووبەكر.

چەند ئاماژەیەكى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەبووبەكر

جارێك جوبەیر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە ئافرەتێك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئافرەتەكە جارێكی تر بێتەوە بۆ لاى، ئافرەتەكە وتى ئەى ئەگەر هاتمەوەو تۆم نەبینی؟ وەك ئەوەى بڵێت ئەگەر مردبوویت، ئەویش فەرمووى (إن لم تجديني فأتي أبابكر[3] (ئەگەر منت بەدى نەكرد وەرە بۆ لاى ئەبووبەكر).

ئبن عەبباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نەخۆشیەكەیدا بە پارچە قوماشێك سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى (إنه ليس من الناس أحد أمن علي في نفسه وماله من أبي بكر بن أبي قحافة، ولو كنت متخذا من الناس خليلا لاتخذت أبا بكر خليلا، ولكن خلة الإسلام أفضل، سدوا عني كل خوخة في هذا المسجد، غير خوخة أبي بكر[4] (كەس نیە بەهۆی گیان و سامانیەوە منەتباری بم جگە لە ئەبووبەكری كوڕی قوحافە، ئەگەر من دۆستی زۆر نزیكم لەنێو خەڵكدا بگرتایە، بە دڵنیایەوە ئەبووبەكر دەبوو، بەڵام هاودەمى ئیسلام باشترە، لەم مزگەوتەدا چی خێمە هەیە بەروومدا دایخەن جگە لە خێمەكەى ئەبووبەكر).

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت كاتێك نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆری بۆ هێنا، منیش هاودەم بە ژمارەیەك لە موسڵمانان لەلاى بووم، بیلال بانگى دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەسێك بنێرن نوێژ بكات بۆ خەڵكەكە، منیش چووم بینیم عومەر لەناو خەڵكەكەدایەو ئەبووبەكر لەوێ نیە، وتم ئەی عومەر نوێژ بكە بۆ خەڵكەكە، عومەریش هەستا، كە الله اكبری كرد، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بیست هەواڵى ئەبووبەكری پرسی، ئەوەبوو دواى ئەوە ئەبووبەكر نوێژی كرد بۆ موسڵمانان،[5] دواتر عومەر پێی وتم ماڵوێران ئیبن زەمعە چیت پێكردم، بەخوا كە وتت بەرنوێژی بكە، وامزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى ئەوەى پێكردویت، ئەگەر وا تێنەگەیشتمایە بەرنوێژیم نەدەكرد بۆ خەڵكەكە، منیش وتم بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێنەكردم، بەڵام كە ئەبووبەكرم نەبینى، ئیتر تۆم بە شیاوتر زانى.[6]

سالیمى كوڕی عوبەید باسی ساتەكانى نەخۆشی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لە هۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ وتمان بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێوەی ئافرەتان هاودەمە ژنەكانى یووسفن، بە بیلال بڵێن با بانگ بدات و بە ئەبوبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك)، هەمدى لەخۆش خۆی چوو، بیلال بانگى دا و قامەتى كرد و ئەبووبەكریش چوو بەرنوێژی بكات بۆ خەڵكەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە هۆش خۆی و فەرمووى ئایا نوێژ دابەسراوە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (كەسێكم بۆ بانگ بكەن تا خۆمی پێوە بگرم)، ئەوەبوو بەریرەو كەسێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باڵی دایە سەر شانیان و بەو حاڵەوە چوو بۆ نوێژ، لەپاڵ ئەبووبەكردا دانیشێنرا، ئەبووبەكر ویستی بگەڕێتە دواوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری هێشتەوە تا نوێژەكە تەواو بوو.[7]

چەند ئاماژەیەكى تایبەت بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب:

بەرائی كوڕی عازب بەسەرهاتێكى بەشداربوونى لە حەجى ماڵئاوایی دەگێڕێتەوەو دەڵێت لەو حەجەدا بووین كە تیایدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەجى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نێوەندى رێدا دابەزى و فەرمانى كرد بە نوێژ، دەستى عەلى گرت و فەرمووى ئایا من بۆ باوەڕداران لە خودى خۆیان لەپێشتر نیم؟ وتیان با، فەرمووى ئایا بۆ هەر باوەڕدارێك من لە نەفسی خۆی لەپێشتر نیم؟ وتیان با، فەرمووى (فهذا ولي من أنا مولاه ، اللهم وال من والاه ، اللهم عاد من عاداه)،[8] دەى ئەمە وەلى هەر كەسە كە من مەولاى بم، خوایە لەگەڵ ئەوەبە كە لەگەڵیەتى و دژی ئەوە بە كە دژیەتى).

ئیبن عەبباس دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و ئازارەكەى زیادى كرد، فەرمووى (پەڕەیەكم بۆ بهێنن تا نووسراوێكتان بۆ بنووسم تا دواى ئەوە گومڕا نەبن)، عومەرى كوڕی خەططاب وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازار زۆری بۆ هێناوە، هاوكات كتێبی خوا لەنێوماندایە بەسمانە، ئیتر قسەو مشتومڕ لەنێو هاوەڵاندا زۆر بوو تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (قوموا عني ولا ينبغي عندي التنازع[9] (لەلام هەستن و بڕۆن و شیاو نیە لە لاى مندا ناكۆكی هەبێت)، ئیبن عەبباس كە ئەم فەرموودەى دەگێڕایەوە دەیوت رۆژی پێنج شەممە بوو، ئینجا دەستی كرد بە گریان و زۆر گریا.[10]

جا شیعەو هەوادارانیان پێیان وابووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستوویەتى ئەو نووسراوە بنووسێت بۆ عەلى كوڕی ئەبووطالیب، بەڵام عومەرى كوڕی خەططاب ئەوەى زانیوە، بۆیە رێی لێگرتووە.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت، خەڵكی بە عەلى كوڕی ئەبووطالیبیان وت ئەرێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حاڵی چۆنە؟ وتى سوپاس بۆ خوا باشەو چاك دەبێتەوە، عەبباس دەستى عەلى گرت و وتى مەگەر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نابینیت؟ بەخوا من تەواو واى دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم نەخۆشیەیدا كۆچی دوایی دەكات، با بچین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێ بكەین تا بزانین كارو بەرپرسیاریەتى دواتر بۆ كێ دەبێت، ئەگەر بۆ ئێمەیە با بیزانین، ئەگەریش بۆ ئێمە نیە پێی دەڵێین و وەسیەتمان بۆ دەكات، عەلى وتى بەخوا ئەگەر پرسیار لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەین لەوبارەوە-داواى بكەین-و رازى نەبێت پێمان ببەخشێت، ئەوە ئیتر هەرگیز خەڵكی پێمان نابەخشێت، منیش هەرگیز ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناكەم.[11]

بەیعەتدانى عەلى بە ئەبووبەكر:

لەم بارەیەوە دوو گێڕانەوەى سەرەكى هاتون كە بریتین لە:

گێڕانەوەی یەكەم:

كاتێك خەلیفەى باوەڕداران لە رۆژی دووەمدا بەیعەتى لە موسڵمانان وەردەگرت، هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبووطالیب و زوبەیری كوڕی عەووام لەوێ نەبوون، بۆیە ئەبووبەكر داواى عەلى كرد، بڕێك لە پشتیوانان چوون عەلییان هێنا، ئەبووبەكر وتى ئامۆزا و زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەتەوێت ریزی موسڵمانان دووكەرت بكەیت؟ عەلى وتى كێشەم نیە ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو بەیعەتى پێدا، ئینجا تەماشای كرد زوبەیر دیار نیە، بۆیە ناردى بە شوێنیدا و زوبەیر هات، زوبەیر وتى پورزا و حەوارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەتەوێت ریزی موسڵمانان دووكەرت بكەیت؟ ئەویش هەمان شتی عەلى كوڕی ئەبوو تالیب وتەوەو بەیعەتى پێدا.[12]

گێڕانەوەى دووەم:

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فاطيمه داواى لە ئەبووبەكر كرد تا لە بەجێماوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتى پێ بدات، ئەبووبەكر پێیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (چی بە میرات جێبهێڵین صەدەقەیە)، فاطيمه بەوە تووڕە بوو و دەنگى لە ئەبووبەكر وەرگرت و تا مرد ئەبووبەكری نەدواند، كە فاطيمه وەفاتى كرد عەلى بە شەو ئەسپەردەى كرد و ئەبووبەكری بانگ نەكرد، دواى مردنى فاطيمه دەموچاوى خەڵكی شیرین نەدەبینی، بۆیە بڕیارى دا لەگەڵ ئەبووبەكر رێكبكەوێت و بەیعەتى پێبدات، ئەو ماوەیەش-شەش مانگە- هێشتا بەیعەتى نەدابوو، بۆیە هەواڵی نارد بۆ ئەبووبەكر و وتى وەرە بۆ لامان و با كەس نەیەت لەگەڵتدا، چونكە حەزى نەدەكرد عومەر ئامادەى كۆڕەكە بێت، عومەر كە ئەوەى زانى وتى نا بەخوا بە تەنها ناچیت بۆ لایان، ئەبووبەكر وتى بۆ پێت وایە چیم پێ دەكەن؟ بەخوا دەچم بۆ لایان، ئەبووبەكر چوو بۆ لایان، عەلى قسەی كرد و وتى ئێمە فەزڵی تۆ دەزانین و ئاگادارین خوا چی پێ بەخشیویت، حەسودیش نابەین بەو خێرەى خوا پێیداویت، بەڵام تۆ تاكڕەوانە بێ ئێمە بڕیارت دا، ئێمە پێمان وابوو بە نزیكیمان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشكێكمان دەبێت، كە ئەبووبەكر ئەم قسانەى بیست چاوەكانى پڕ بوون لە فرمێسك، ئینجا ئەبووبەكر قسەی كرد و وتى سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە، خزمایەتى و نزیكی پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) لا ئازیزترە لە پەیوەندى خزمایەتى خۆم، بەڵام ئەوەی لە نێوان من و ئێوەدا سەبارەت بەو سامانە هەبووە، لەبەر چاكە بووەو بینیبێتم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی كردبێت منیش وامكردووە، عەلى بە ئەبووبەكری وت سبەى ئێوارە وادەى بەیعەت دەبێت، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر نوێژی نیوەڕۆى كرد، چوویە سەر مینبەر و شایەتومانى وتەوەو باسی عەلى و شكۆی كرد و باسی ئەوەشی كرد كە بەیعەتى نەداوە و بیانووى عەلى بۆ ئەوە چی بووە، دواتر داواى لێخۆشبوونى لە خوا كرد، ئینجا عەلى شایەتومانى وتەوەو باسی گەورەیی مافى ئەبووبەكری كرد و وتى ئەوەى كردوویەتى لەبەر حەسوودی بردن بە ئەبووبەكر و لەبەرچاو نەگرتنى فەزڵی نەبووە، بەڵكو پێی وابووە پشكی هەبووە لەو بوارەدا و ئەبووبەكر تاكڕەوانە بۆ خۆی بردووە، بەوە دڵمان نارەحەت بوو، موسڵمانان بەمە دڵخۆش بوون و وتیان راستت پێكا.[13]

ئیبن حەجەر دەڵێت: سەبارەت بە داواكارى ئامادەنەبوونى عومەر لەبەرئەوە بوو كە دەیانناسی عومەر لە گوفتار و كرداریشدا رەق و توندە، بەڵام ئەبووبەكر كەسێكی نەرم بوو، سەبارەت بەوەش كە دەڵێت ئەو ماوەیە بەیعەتى پێ نەداوە، لەوانەیە مەبەستی ئامادە نەبوونى بووبێت لە كۆڕ و كۆبوونەوەیدا.[14]

نەوەوى لە شەرحى فەرموودەكەدا دەڵێت: مەبەست بەوەى دەڵێت (فاتیمە تا مرد نەیدواند) ئەوەیە كە یان لەو بارەوە حسابی میرات- نەیدواندوووە، یان ئەوەیە خۆی لێ دوورگرتووە، نەك ئەوەى بە یەك بگەن و سەلام لە ئەبووبەكر نەكات و قسەی لەگەڵ نەكات، سەبارەت بە بەیعەت نەدانەكەى عەلیش ئەوە زانایان كۆكن لەسەرئەوەى مەرج نیە بۆ دروستی بەیعەت هەموو خەڵك و هەموو ئەهلى حەل و عەقدیش بەیعەت بدەن، بەڵكو مەرجەكە ئەوەیە چەندە لە كۆى زانا و سەركردەو پیاوماقولآنى ناو خەڵك بگونجێت بەیعەت بدەن، هەروەها مەرج نیە هەر كەس دەست بخاتە دەستی و بەیعەت بدات، كەسێك ملكەچ بێت و دژایەتى نیشان نەدات بەسە، عەلیش لەو ماوەیەدا ئاوا بووە، بەڵكو نەیارى نەنواندووەو ریزی كەرت نەكردووە، بەڵكو گلەییەك لە دڵیدا ماوەتەوەو وەستاوە تا ئەوە نەماوە، جا ئەم فەرموودەیە روونكردنەوەى دروستى خیلافەتى ئەبووبەكرە.[15] 

سەبارەت بە راستی ئەم دوو فەرموودەیە بەیهەقی دەڵێت: ئەو گێڕانەوەى كە دەڵێت عەلى تا دواى مردنى فاطيمه بەیعەتى نەداوە-گێڕانەوەى دووەم- مونقەطيعه، فەرموودەكەى ئەبووسەعیدی خودری كە دەڵێت پاش ثهقیفە لە بەیعەتى گشتیدا عەلى بەیعەتى داوە بە ئەبووبەكر راستترە.[16]

ئیبن كەثير سەبارەت بەوەى كام لەم دوو گێڕانەوەیە راستە دەڵێت: بەیعەتى پاش مەرگى فاطيمه بەیعەتى دووپات كردنەوە بوو و دووەم بەیعەت بوو، بەڵكو لەو ماوەدا عەلى لە دواى ئەبووبەكرەوە نوێژی دەكرد و بۆ راوێژ لاى ئەبووبەكر بوو و لەگەڵیشیدا چوو بۆ ذیلقیصصە.[17]

ئایا عەلى حەزى بە خیلافەت هەبووە؟

سەبارەت بەوەى ئایا عەلى حەزى بە خیلافەت هەبووە یان نا، ئەوا دەتوانین بە چەند بەڵگەیەك بیسەلمێنین كە بەڵێ، بەڵام سەبارەت بەوەى ئایا خیلافەتى بۆ واجب بووە یان نا، ئەوە هیچ بەڵگەیەكی صەحیح نیە بۆ واجب بوونى خیلافەت یان ئەوەى شیعە پێی دەڵێت ئیمامەت بۆ عەلى:

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت، خەڵكی بە عەلى كوڕی ئەبووطالیبیان وت ئەرێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حاڵی چۆنە؟ وتى سوپاس بۆ خوا باشەو چاك دەبێتەوە، عەبباس دەستى عەلى گرت و وتى مەگەر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نابینیت؟ بەخوا من تەواو واى دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم نەخۆشیەیدا كۆچی دوایی دەكات، با بچین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێ بكەین تا بزانین كارو بەرپرسیاریەتى دواتر بۆ كێ دەبێت، ئەگەر بۆ ئێمەیە با بیزانین، ئەگەریش بۆ ئێمە نیە پێی دەڵێین و وەسیەتمان بۆ دەكات، عەلى وتى بەخوا ئەگەر پرسیار لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەین لەوبارەوە-داواى بكەین-و رازى نەبێت پێمان ببەخشێت، ئەوە ئیتر هەرگیز خەڵكی پێمان نابەخشێت، منیش هەرگیز ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناكەم.[18]

لە گێڕانەوەكەى بوخاریدا سەبارەت بە بەیعەتدانى عەلى بە ئەبووبەكر، كاتێك عەلى قسەی كرد وتى ئێمە فەزڵی تۆ دەزانین و ئاگادرین خوا چی پێ بەخشیویت، حەسودیش نابەین بەو خێرەى خوا پێیداویت، بەڵام تۆ تاكڕەوانە بێ ئێمە بڕیارت دا، ئێمە پێمان وابوو بە نزیكیمان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشكێكمان دەبێت،[19] ئەمەش ئاماژەیە بەوەى نیازى هەبووە پشكی هەبێت.

حەسەنى كوڕی عەلى پێش مردنى حوسەینى براى بانگ كرد و ئەم وەسیەتەى بۆ كرد:

(براكەم باوكمان-عەلى- بەر رەحمەتى خوا بكەوێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد خۆی بۆ ئەم بارە-دەسەلآت- دانابوو و هیواى وابوو بۆ ئەو بێت، ئەوەبوو خوا دوورى گرت لێی و دایە دەست ئەبووبەكر، كە ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات هەمدى حەزى پێكرد، ئەوەبوو هەمدى دوورخرایەوە لێی و بەر عومەر كەوت، كە عومەر سەرەمەرگى هات كردى بە شوورا لە نێوان شەش كەسدا كە باوكمان یەكێك بوو لەوان، ئەوەبوو بەر عوثمان كەوت، كە عوثمانیش كوژرا بەیعەتى پێدرا، دوایی ململانێی لەگەڵ كرا تا شمشێری بۆ هەڵكرد و لەسەری جەنگا، بارەكە بۆی لەبار نەبوو و هیچی لێ دەست نەكەوت، سوێند بەخوا وانابینم خواى گەورە پێغەمبەرایەتى و خیلافەتیش لە ناو ئێمەى ئالوبەیتدا كۆبكاتەوە.[20]

 هەرچۆنێ بێت عەلى كوڕی ئەبووطاليب بەیعەتى دا بە ئەبووبەكری صدیق، زۆریش لێی رازى بوو، عەلى دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری پێشخست بۆ بەرنوێژی لەكاتێكدا من ئامادەو لەشساغیش بووم، ئەگەر بیویستایە منى پێشدەخست، بۆیە ئەو كەسەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ دینەكەمان پێی رازى بوو، ئێمەش بۆ دنیاكەمان پێی رازى بووین،[21] هەروەها دەیوت چاكترینی ئەم ئوممەتە دواى پێغەمبەرەكەى ئەبووبەكرو عومەرن.[22]

كاتێك ئەبووبەكری صدیق دژبە هەڵگەڕاوەكان جەنگى راگەیاند، بۆ ئەوەش مەترسی لەسەر مەدینە دروست دەبوو، بۆیە پاسەوانى شەوانەى بە دەورى مەدینەدا دانا و بڕێك كەسی كرد بە ئەمیری دەستە دەستەی ئەو پاسەوانانە، لەوانەش عەلى كوڕی ئەبوو طاليب و زوبەیری كوڕی عەووام و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص و عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود.[23]

پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتدان بە ئەبووبەكری صدیق، فاتیمەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عەبباسی مامى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوون بۆ لاى ئەبووبەكرو داواى میراتییان كرد، ئەبووبەكریش پێی راگەیاندن كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى دواى خۆی میراتى جێناهێڵێت و هەرچی جێهێشت ئەوە صەدەقەیە.[24]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فاطيمه داواى كرد لە ئەبووبەكر تا لە بەجێماوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتى پێ بدات، ئەبووبەكر پێی وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (چی بە میرات جێبهێڵین صەدەقەیە)، فاطيمه بەوە تووڕە بوو و دەنگى لە ئەبووبەكر وەرگرت و تا مرد هەروا بوو.[25]

دواى ئەوەى فاطيمهى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، عەلى كوڕی ئەبوو طاليب ئومامەى كچی زەینەبی بەهاوسەرگرت كە خوشكەزاى فاطيمه بوو،[26] ئەمەش لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكر صدیق و پاش جەنگى یەمامە بوو.[27]

حەسەنى كوڕی عەلى ئامادەى كاتى وەفاتى ئەبووبەكرى صدیق بوو، حەسەن دەڵێت كاتێك ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات بە عائیشەى وت ئەى عائیشە سەیری ئەو وشترە بكە كە لە شیرەكەیمان دەخواردەوەو ئەو تەشتەى بەكارمان دەهێنا و ئەو بەرگەى دەمانپۆشی،  ئێمە كاتێك كاروبارى موسڵمانانمان بەدسەت بوو ئەو شتانەمان بەكاردەهێنا، جا ئەگەر مردم ئەوانە ببە بۆ عومەر، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر مرد ئەو شتانەى نارد بۆ عومەر، ئەویش وتى خوا لێت رازى بێت ئەی ئەبووبەكر، بارى ئەوەى دواى خۆتت قورس كرد.[28]

كاتێ ئەبووبەكر وەفاتى كرد بە بەرگێ دایانپۆشی و گریان مەدینەى گرتەوەو خەڵكى شڵەژان چەشنى ئەو رۆژەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، عەلى كوڕی ئەبووطالیب خێرا بە گریانەوە گەڕایەوەو دەیفەرموو (ئەمڕۆ خیلافەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابڕا)، ئینجا هات تا گەیشتە بەردەرگاى ئەو ماڵەى ئەبووبەكری تێدا بوو، وەستا و وتى: (بەر رەحمەتى خوا كەویت ئەی ئەبووبەكر، تۆ یەكەم كەس بوویت موسڵمان بوویت، لەهەمووان پوختتر و دڵسۆزانەتر باوەڕت هێنا، دڵنیایی و بێگومانیت لە هەموان زیاتر بوو، لە هەموان لەخواترس تر و دەوڵەمەندتر بوویت و لە هەموان زیاتر لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت... پلەوپایەت لە هەموویان بەرزتر بوو، پێشرەوى هەموویان بوویت، پلەت لەهەموویان بەرزتر بوو، لە هەموویان زیاتر لە پێغەمبەرى خواوە نزیك بوویت، لەرووى رەوشت و هەڵوێستەوە لە هەموان زیاتر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویت، لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموویان جێ متمانەتر و پایەبەرزتر بوویت و بەڕێزتریان بوویت لە خزمەتیدا، دەى خواى گەورە لەسەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەى و موسڵمانان پاداشتى خێرت بداتەوە، كاتێ خەڵكى پێغەمبەرى خوایان بە درۆزن دەزانى تۆ بەراستت دەزانى، بۆیە خواى گەورە لە كتێبەكەى خۆیدا بە صدیق ناوى هێنایت (و الذي جاء بالصدق)، كاتێ خەڵكى بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پیسكە بوون، تۆ شوێنكەوتە و دڵنەواكەرى بوویت، كاتێ خەڵكى دانیشتن و لەگەڵی نەچوون تۆ لەگەڵیدا راوەستایت، لەكاتى سەختیدا بە جوانترین شێوە هاوەڵی ئەوت كرد، سوكناییت بۆ دەهێنا و هاوڕێی كۆچ و باروحاڵی نارەحەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت، دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەجوانترین شێوە خیلافەتت كرد بۆ ئوممەتەكەى، كاتێ خەڵكى لە ئیسلام هەڵگەرانەوە بەجۆرێك ئایینی خوات بەجێگەیاند كە خەلیفەى هیچ پێغەمبەرێكى پێشتر وا بەجێی نەگەیاندووە، كاتى لاوازى هاوەڵانت بەهێز بوویت، كاتى ترسی ئەوان سەرپێ راوەستایت، وێڕاى پێ ناخۆشبوونى دووروان و بێزارى و توورەیی بێباوەران دەستت گرتبوو بە  رێباز و بەرنامەى پێغەمبەرى خواوە، كاتێ دەوروبەرت شكستیان خوارد بە رووناكى خوا خیلافەتت گرتەدەست، لەسەروو هەموویانەوە بویت و لەهەموشیان كەمتر قسەت دەكرد و لە هەموان زیاتر راستیت دەپێكا و لە هەموان زیاتر بێدەنگ دەبوویت، رەوانبێژی و بڕیاردروستی و دلێری و دڵنیایی و كرداری چاك و شارەزاییت بە كارەكان لە هەموان زیاتر بوو، بۆ ئیسلام  سەرگەورەیەك بوویت و بۆ باوەڕدارانیش باوكێكى میهرەبان، كاتێ بە خاوخێزانەوە دەهاتنە لات بارى قورسی لاوازى ئەوانت دەگرتە ئەستۆ، چییان لەدەست دەدا تۆ دەتپاراست، چییان پشتگوێ بخستایە تۆ ئاگادارى دەبوویت، كاتى كەمصەبری ئەوان خۆڕاگر بوویت، ئەوەى ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا تۆ پێی گەیشتیت، بەهۆی تۆوە گەیشتن بەوەى كە چاوەڕێ نەبوون دەستیان بكەوێ، بۆ بێباوەران سزایەك بوویت و دەرژایت بەسەریاندا، بۆ باوەردارانیش بارانى رەحمەت و بەرەكەت بوویت، بارانى دەوڵەمەندى و سوكنایی و پارێزگارى بوویت... وەك شاخێ وابوویت كە رەشەبا نایجووڵێنێت و شكێنەرەكان لەناوى نابەن... كەسی لاواز و زەلیل لاى تۆ بەهێز بوو تا مافت بۆ وەردەگرتەوە، كەسی بەهێز و بە دەسە{تیش لاى تۆ زەلیل و لاواز بوو تا كاتێ مافت لێ وەردەگرتەوە، لەوەشدا دوور و نزیك لاى تۆ وەك یەك بوون...  بەخوا پێشڕەیو زۆرت كردو ئەوەى دواى تۆ دێت چاك ماندووی دەكەیت ... رازین بە قەزاى خودا و ملكەچی كارو فەرمانى دەبین، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موسڵمانان بە هیچ شتێ هێندەى مەرگى تۆ موصیبەتبار نابن... خواى گەورە بتگەیەنێتەوە بە پێغەمبەرەكەت و ئێمەش لە پاداشتت بێ بەش نەكات و دواى تۆ گومڕامان نەكات) خەڵكى بێدەنگ بووبوون تا وتەكانى تەواو بوون، دواتر هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریان و وتیان راستت فەرموو ئەى ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[29]



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 43 و اللفظ له، صحيح البخاري، الرقم 3370، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 33، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2464، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 239،

[2] - تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج2، ص 124.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 3480، صحيح مسلم، الرقم 4501، سنن الترمذي، الرقم 3696، صحيح ابن حبان، الرقم 6766، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15428، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16434، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7234، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1538.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 457، صحيح ابن حبان، الرقم 6970، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7834، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2337، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2528، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 11723.

[5] - سنن أبي داود، الرقم 4062، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858، قال الألباني في صحيح و ضعيف سن أبي داود حسن صحيح.

[6] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858.

[7] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1527، سنن ابن ماجة، الرقم 1230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 1234.

[8] - سنن ابن ماجة، الرقم 115، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18115، صححه الألباني في صحيح وضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 116.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 113.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 3174.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 5919، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2285.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4405، سكت عنه الذهبي في التلخيص.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 4011، صحيح مسلم، الرقم 3391، صحيح ابن حبان، الرقم 4900.

[14] - فتح الباري، ج7، ص 495.

[15] - شرح النوي على صحيح مسلم، ج12، ص 74،77،78.

[16] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1910.

[17] -  البداية والنهاية لابن كثر، ج5، ص 286.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 5919، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2285.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 4011، صحيح مسلم، الرقم 3391، صحيح ابن حبان، الرقم 4900.

[20] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 391-392.

[21] - فضائل الخلفاء الراشدين لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 190، الشريعة للآجري، الرقم 1775.

[22] -  ناية الإرب للنويري، ج19، ص 29.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 311.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 315.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 2943.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 246، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 502.

[27] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 353.

[28] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 36.

[29] -  البحر الزخار مسند البزار، الرقم 831، الشريعة للآجري، الرقم 1781، السنة لأبي بكر بن الخلال، الرقم 346، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841.

 1133
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.