دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەممارى كوڕی یاسر (رضي الله عنه)

ناوى عەممارى كوڕی یاسری كوڕی عامیری كوڕی مالیكى عەنەسیە، كونیەكەی ئەبولیەقظانە.[1]

یاسری باوكی هاودەم بە مالیك و حارثى براى لە یەمەنەوە هات بۆ مەككەو لەوێ بە دواى برایەكیاندا دەگەڕان، جا دوو براكەى گەڕانەوە، بەڵام یاسر لەوێ مایەوەو لاى ئەبووحوذەیفە مایەوە، ئەویش كەنیزەكێكی هەبوو بە ناوى سومەییەو ئەو كەنیزەكەى لێ مارە كرد، منداڵێكیان بوو بە ناوى عەممار، ئیتر ئەبووحوذەیفە ئازادى كرد، دواتر ئەبووحوذەیفە وەفاتى كرد، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامى خواى بۆ هات، عەممار هاودەم بە دایك و باوكى و عەبدوڵاى برایشی موسڵمان بوو.[2]

دایكی ناوى سومەییەى كچی خباطه، حەوتەم كەس بوو كە موسڵمان بوو و یەكەم شەهیدی ناوى ئیسلام بوو،[3] سومەییە خزمەتكارى ئەبووحوذەیفە بوو، ئەبووحوذەیفە سومەییەی لە یاسر مارە كرد، چونكە هاوپەیمانى لە نێوانیاندا هەبوو.[4]

هەریەك لە سومەییە و یاسری هاوسەرى و عەمماری كوڕی لە یەكەمین موسڵمان بووەكان بوون.[5]

كاتێك سومەییە موسڵمان بوو، ئەبووجەهل لەسەر موسڵمانبوونەكەى زۆر ئازارى دەدا، جلى ئاسنینی دەكردە بەرى و لەبەر گەرماى مەككەدا سزاى دەدا.

سومەییە ئافرەتێكى پیری بە تەمەنى لاواز بوو.[6]

جارێك ئەبووجەهل كە سزاى سومەییەی دەدا، هات و بە خەنجەرێك داى لە سكی و شەهیدی كرد.[7]

لە جەنگى بەدردا كە ئەبووجەهل كوژرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە عەممارى فەرموو (خوا بكوژەكەى دایكتى كوشت).[8]

پێش موسڵمانبوونى:

عەممارى كوڕی یاسر دەڵێت: جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچووین بەرێدا و خوشكەكەى خەدیجەمان بینی دامان بە لایدا لەسەر پێستەیەك بوو دەیفرۆشت، كە منى بینی بانگى كردمە كەنارەوە، پێی وتم ئەرێ هاوڕێكەت راى چۆنە بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە؟ منیش چووم و ئەوەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وت، ئەویش فەرمووى:  بەڵێ بەخوا پێم خۆشە، هەواڵەكەم دایەوە بە خوشكەكەى خەدیجەو ئەویش وتى دەى بۆ بەیانى وەرن، ئێمەش چووین و سەیرمان كرد مانگایەكیان سەربڕیوەو جلی جوانیان كردوەتە بەر باوكى خەدیجە، منیش بە خوشكەكەیم وت ئەویش بە باوكى وت، باوكیشی ئەوكات سەرخۆش بوو، خوشكەكەى خەدیجە وتى موحەممەد هاتوەتە داواى خەدیجەو ئەویش رازى بوو و خەدیجەى لێ مارە كرد، لە گۆشتەكە خواردنێكیان ئامادە كرد و هەموان نانیان خوارد و باوكی خەدیجە خەوت، دواتر كە لە خەو هەستا هاوارى كرد ئەم جلانە چین؟ ئەم خواردن و بەزمە چیە؟ كچەكەی پێی وت ئەو جلە هى موحەممەدى كوڕی عەبدوڵایەو ئەو مانگایەی بە دیارى بۆ هێناویت و تۆیش كە خەدیجەت لێ مارە كرد ئەو ماگایەمان سەربڕی، بەڵام خوەیلید نارازى بوو و كەوتە بۆڵەو هاواركردن.[9]

موسڵمانبوونى:

عەممارى كوڕی یاسر یەكێك بوو لەو حەوت كەسە یەكەمەى كە لە مەككە ئیمانى خۆیان ئاشكراكرد، ئەوانیش بریتی بوون لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و بیلال و صوهەیب و خەبباب و عەممار و سومەییە.[10]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامى بۆ هات و بوو بە پێغەمبەر، عەممار موسڵمان بوو، موسڵمانبوونى صوهەیب و عەممار لە یەك رۆژدا بوو، لە پێش ئەوانەوە نزیكەی سی و ئەوەندە كەس موسڵمان بووبوون، ئەوكات بانگەواز چووبوویە ماڵی ئەرقەمەوە،[11] بەڵام ئەم سەنەدە مونقەطيعه.[12]

راى دروست ئەوەیە كە عەممار یەكێك بووە لە دە یەكەم موسڵمان بووەكان و یەكێكیش بووە لە حەوت كەسی یەكەم كە موسڵمانبوونى خۆیان ئاشكرا كرد.

 

نارەحەتیەكانى مەككە:

عوثمانى كوڕی عەففان دەڵێت با سەبارەت بە عەممار فەرموودەیەكتان بۆ بگێڕمەوە، رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی گرتبووم و دەچووین بە ڕێدا، گەیشتینە لاى عەممار و دایك و باوكى كە سزا دەدران، باوكى عەممار وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رۆژگار ئاوایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (خۆڕاگر بە)، پاشان فەرمووى (خوایە لە بنەماڵەى یاسیر خۆش بە).[13]

كاتێك یاسر و سومەییە و عەممار لەسەر ئیسلامەتییان سزا دەدران، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (صبرا يا آل ياسر، موعدكم الجنة[14] (خۆڕاگر بن ئەى خێزانى یاسر، وادەتان بەهەشتە).

عەممار یەكێك بوو لەو دەستە یەكەمینەى كە موسڵمان بوونی خۆیان راگەیاند، وەك لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە یەكەم ئەو كەسانەى موسڵمانبوونى خۆیان ئاشكرا كرد و راگەیاند بریتی بوون لە حەوت كەس: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عەممار و سومەییەى دایكی عەممار و بیلال و صوهەیب و میقداد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر بە هۆی هۆزەكانیانەوە خوا لە زیانى بێباوەڕان پاراستنى، بەڵام ئەو پێنجەكەى تر لەلایەن بێباوەڕانەوە سزا دەدران، بەرگى ئاسنینیان دەكرایە بەر و دەبرانە بەر گەرماى خۆر، دواجار هەریەك لەوانە داواى دوژمنیان هێنایەدی-واتە بە ناچاری و بە رووكەش داواكەی بێباوەرانیان قبووڵ كرد- جگە لە بیلال كە ئامادەیی نەبوو داواكەیان قبووڵ بكات، ئیتر ئەوانیش دەیاندایە دەست مێردمندالآن تا رایكێشن بە دۆڵەكانى مەككەدا، ئەویش بەردەوام دەیوت أحد أحد.[15]

بێباوەڕان هێندە سزاى عەمماریان دا تا ناچاریان كرد قسە بڵێت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا وازیان لێهێنا، دواتر كە عەممار چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)فەرمووى خەبەر چیە؟ وتى خراپە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وازم لێنەهێنرا تا قسەم بە تۆ وت و بە چاكە باسی خواوەندەكانى ئەوانم كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دڵت چۆن بوو؟) وتى تەواو دڵنیایە بەئیمان، فەرمووى (فإن عادوا فعد)،[16] (ئەگەر هەمدى ناچاریان كردی وا بكەرەوە)

قەتادە دەڵێت ئەم ئایەتەى خوا (مَنْ كَفَرَ بِاللَّهِ مِنْ بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ) سەبارەت بە عەممار دابەزى.[17]

لە مەككەدا جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ بڕێك لە هاوەڵانى دانیشتبوو كە خەببابیشیان تێدا بوو، ئەو هاوەڵانەش لە كەسە لاواز و بێكەسەكان بوون، ئەقرەعى كوڕی حابیس لە گەڵ عویەینە تێپەڕ دەبوون، سەیریان كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ عەممار و صوهەیب و بیلال و خەبباب و چەند موسڵمانێكى ترى لاوازدا دانیشتووە، ئەوانیش گاڵتەیان پێكرد و دەیانوت كە وەفدى عەرەب دێن شەرم دەكەین بمانبینن لەگەڵ ئەوانەدا دانیشتبیت، ئەگەر هاتین بۆ لات تۆ ئەوانە دەركە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو، ئەوانیش وتیان دەى بەڵێنێكمان بۆ بنووسە، ئەویش ویستى بینووسێت و عەلى كوڕی ئەبوو تالیبی بانگ كرد تا بینووسێت، ئەوەبوو جبریل هات و ئەم ئایەتەى خواى بۆ هێنا (ولا تطرد الذين يدعون ربهم بالغداة والعشي يريدون وجهه ما عليك من حسابهم من شئ وما من حسابك علبهم من شئ فتطردهم فتكون من الظالمين وكذلك فتنا بعضهم ببعض ليقولوا أهؤلاء من الله عليهم من بيننا أليس الله بأعلم بالشاكرين)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەرەقەكەى فڕێ داو ئەو هاوەڵانەى بانگ كردەوەو پێی فەرموون (سلام علیكم)، ئەوانیش لێی نزیك بوونەوە.[18]

عەممار دواتر كۆچی كرد بۆ مەدینەو لە هەریەك لە غەزاكانى بەدر و ئوحود و خەندەق و بەیعەتى ريضوانیشدا بەشدارى كرد.[19]

كاتێك عەممار كۆچی كرد بۆ مەدینە لاى موبەشیری كوڕی عەبدولمونذیر دابەزى.[20]

عەممار یەكەم كەس بوو لە ئیسلامدا مزگەوتى دروست كرد، اتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رێی كۆچدا بوو، عەممار وتى دەبێت شوێنێك هەبێت بۆ سێبەر و نوێژكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە بە بەرد مزگەوتى قوبائی دروست كرد.[21]

كاتێك بڕیار درا مزگەوتى مەدینە دروست بكرێت، هاوەڵان هەموو ئیشیان تێدا دەكرد، هەموان یەك یەك خشتیان دەبرد، بەڵام عەممار دوو دوو خشتى هەڵدەگرت، جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە عەممارى بینی خۆڵەكەى سەر شان و دەموچاوى دەتەكاند و دەیفەرموو (ويح عمار، تقتله الفئة الباغية، يدعوهم إلى الجنة، ويدعونه إلى النار)، (هاوار بۆ عەممار، دەستەى یاخی بوو دەیكوژن، عەممار بانگیان دەكات بۆ بەهەشت و ئەوانیش بانگى دەكەن بۆ دۆزەخ)، عەمماریش دەیوت پەنا دەگرم بە خوا لە فیتنە.[22]

عەممار لە غەزاى (العشیرە) دا بەشدارى كرد و لە نزیكی عەلى كوڕی ئەبووطالیبەوە بوو.[23]

ئیبن مەسعوود دەڵێت لە بەدردا من و سەعد و عەممار لە دەستكەوتدا هاوبەش بووین، ئەوەبوو سەعد خۆی تەنها دوو دیلی پێ بوو، بەڵام ئێمە هیچ دیلێكمان پێ نەبوو.[24]

هەروەها عەممار لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدارى كرد و لە كاتى هەڵكەندنى خەندەقەكەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری عەممارى دەتەكاند و دەیفەرموو (تقتلك فئة باغية[25] (دەستەیەكی یاخیبوو دەتكوژن)

دەبینین لە دوو هەڵوێستی جیاوازدا پێغەمبەر خوا (صلى الله عليه وسلم) كە سەركردەى دەوڵەتیش بووە خۆی سەر و دەموچاوى هاوڵاتیەكى ناو دەوڵەتەكەى پاك كردوەتەوە، ئەمەش گەورەیی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نیشان دەدات.

خالید دەڵێت جارێك لەگەڵ عەممارى كوڕی یاسردا دەمەبۆڵەیەكمان بوو، عەمماریش چوو تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآم لەسەر بكات، منیش هەر لێی تووڕە دەبووم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بێدەنگ بوو، ئیتر عەممار دەستى كرد بە گریان و وتى ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گوێت لێیە چیم پێ دەڵێت؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرەو رووى من بەرزكردەوەو فەرمووى (هەركەس دژایەتى عەممار بكات خوا دژایەتى دەكات و هەركەسیش رقی لێی بێت خوا رقی لێی دەبێت)، منیش خێرا دەرچووم و ئیتر لەو ساتەوە هیچ  شتێك هێندەى ئەوە لام خۆشەویست نەبوو كە عەممار رازى بكەم، خێرا خۆم گەیاند بە عەممار و رازیم كرد.[26]

خالید دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من يعاد عمارا يعاده الله، ومن يسب عمارا يسبه الله[27] (هەركەس دژایەتى عەممار بكات خوا دژایەتى دەكات، هەركەس قسە بە عەممار بڵێت خوا قسەی پێ دەڵێت).

عەلى كوڕی ئەبووطالیب دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین كە عەممار هات و داواى مۆڵەتى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (مۆڵەتى بدەن، مەرحەبا لە پاكى پاكى پێبەخشراو).[28]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (عمار ملىء إيمانا إلى مشاشه[29] (عەممار تا سەر ئێسقانى پڕە لە ئیمان).

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عمار ما عرض عليه أمران إلا اختار الأرشد منهما[30] (عەممار هەر كات دوو پرسی بۆ بخرێتە روو، ئەوە دروستترینیان هەڵدەبژێرێت).

بە دڵنیاییشەوە لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا عەممار رێی راستی هەڵبژارد و كەوتە شوێن ئیجتیهادەكەى عەلى و تا شەهیدبوونى دەستبەردا نەبوو لێی و پشتیوانى بوو.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە تەبووكەوە بەرەو مەدینە دەگەڕایەوە، دەستەیەك لە دوورووان ویستیان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوبەرن و لە سەروو عەقەبەوە فڕێی دەنە خوارەوە، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ئەوەى زانیبوو، ئەوەبوو فەرمانى كرد خەڵكی بچن و خۆی لەگەڵ دەستەیەك لە عەقەبەوە سەركەوت، ئەو دەستە دوورووەش دەموچاویان داپۆشیبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەریەك لە عەممارى كوڕی یاسر و حوذەیفەى كوڕی یەمان لەگەڵی بڕۆن، ئەو دوانەش بە پیادە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوون، كاتێك ئەو دەستەیە ناپاكییان نواند پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووڕە بوو و حوذەیفەش تووڕەییەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بینی، بۆیە گەڕایەوە بۆیان و بە كەوانەكەى دەستى كەوتە دەموچاوى سوارەكانیان، ئەوانیش زانییان دەستەكەیان ئاشكرا بووە، خێرا خۆیان تێكەڵ كردەوە بە خەڵكەكە، ئینجا حوذەیفە گەڕایەوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد خێرا بكەن تا عەقەبەیان بڕی و چاوەڕێی خەڵكەكەیان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە حوذەیفەى فەرموو ئەو خەڵكەت ناسیەوە؟ ئەویش وتى تەنها سوارەكانیان دەناسمەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەى باس كرد بۆ حوذەیفە و ناوى ئەو دووروانەى فەرموو بە حوذەیفە كە كێ و كێ بون.[31]

لە سەردەمى ئەبووبەكری صدیقدا

مشتومڕێكی مێژوویی هەیە سەبارەت بەوەى ئایا عەممارى كوڕی یاسر بەیعەتى داوە بە ئەبووبەكری صدیق یان دواتر بەیعەتى داوە.

مێژوونووسی شیعە یەعقووبی دەقێكی هێناوەو دەڵێت: دەستەیەك لە كۆچەران و پشتیوانان دواكەوتن لە بەیعەت دان بە ئەبووبەكر و هەوادارى عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوون، لەوانە عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب و فەضلى كوڕی عەبباس و زوبەیری كوڕی عەووام و خالیدی كوڕی سەعید و میقدادى كوڕی عەمر و سەلمانى فارسی و ئەبووذەری غیفاری و عەممارى كوڕی یاسر و بەررائی كوڕی عازب و ئوبەی كوڕی كەعب.[32]

پێشتر لە ژیانى جوندوبی كوڕی جونادەو چەند شوێنی تردا ئەم مەسەلەمان باسكردووە.

عەممار لە خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا بەشدارى جەنگى دژ بە هەڵگەڕاوەكانى كرد و لە جەنگى یەمامەدا هاوارى دەكرد ئەی گرۆی موسڵمانان لە بەهەشت رادەكەن، من عەممارى كوڕی یاسیرم، دەى وەرن.[33]

 

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا

عومەرى كوڕی خەططاب كاتێك مووچەی بڕیەوە بۆ خەڵكی، پشكی عەممارى بە شەش هەزار دانا.[34]

عومەرى كوڕی خەططاب عەممارى كوڕی یاسیری هاودەم بە ئیبن مەسعوود نارد بۆ عێراق و ئەركی كارگێڕی و مامۆستایی پێ بەخشین و نامەیەكى هاودەم بەوان نارد بۆ خەڵكەكەو تیایدا نووسیبووى: من دوانم لە كەسە ناوازەكانى ناو هاوەڵان بۆ ناردون كە بەشداربووى بەدر بوون، گوێڕایەڵیان بن و پێشەنگییان پێوە بكەن، من لەبەر ئێوە خۆم لە نزیكی ئەو دوانە بێبەش كردووە.[35]

كاتێك خەڵكی بەصرە هێرشیان برد بۆ نەهاوەند و بۆیان فەتح نەكرا، عەممار بە خەڵكی كووفەوە چوو بۆ یارمەتییان و خوا فەتحى بەخشی، دواتر كە ویستیان دەستكەوتەكان دابەش بكەن، خەڵكی بەصرە ویستیان بەشی خەڵكی كووفە نەدەن، جا یەكێك لە بەصریەكان بە عەممارى وت ئەی گوێ قرتاو دەتەوێت تۆیش لە دەستكەوتەكانماندا بەشدار بیت؟ عەممار وتى قسەت بە گوێ چاكەكەم وت، ئەم گوێیەم لە غەزادا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وای لێهات، دواتر نامەى نووسی بۆ خەلیفە عومەر و مەسەلەكەى بۆ خستەڕوو، خەلیفەش وەڵامى نوسی هەركەس بەشدارى جەنگەكە بووبێت دەستەكەوتى بۆ هەیە.[36]

جارێك خەبباب چوو بۆ لاى عومەرى كوڕی خەططاب، ئەویش وتى نزیك بەرەوە ئەی خەبباب كەس لەم كۆڕەدا لە تۆ شیاوتر نیە بەم دانیشتنە عەممار نەبێت.[37]

دواتر خەلیفە عومەر عەممارى لە پۆستەكەى لابرد، چەند هۆكارێك باسكراوە، لەوانە خەڵكێك لاى خەلیفە قسەی زۆریان لەسەر كردووەو ئەویش بێ عاجزبوون لایبردووە، یان دەوترێت عومەر كە پرسیاری كرد لە جەریر عەممار چۆنە؟ وتى شارەزایی سیاسەتى نیە، بۆیە بڕیاری دا لایبەرێت، عومەر بە عەممارى وت پێت ناخۆش نەبوو لامانبردیت؟ عەممار وتى كە ئەو ئەركەت پێ سپاردم پێم ناخۆش بوو، كە لاشت بردم پێم ناخۆش بوو.[38]

عەممار لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا

لە ساڵی سی و پێنجى كۆچیدا میصر شڵەژانێكی بەخۆوە دی، موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكری صدیق و موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفەو ژمارەیەكی تر لە نەیارانى عوثمان نزیكەی شەش سەد سواریان لە میصرەوە ئامادە كرد و بەڕێكەوتن بەرەو مەدینە و بوون بە چوار بەشەوە بە  سەركردایەتى عەمرى كوڕی بودەیلی كوڕی وەرقائى خوزاعى و عەبدوڕەحمانى بەلوى و كینانەی كوڕی بیشر و سوودانى كوڕی حمران، موحەمەدى كوڕی ئەبووبەكریش لەگەڵیاندا هات، بەڵام موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفە لە میصر مایەوە تا خەڵكى تر هان بدات و بەرگری لەوانە بكات كە رۆیشتوون، والى میصریش نامەیەكی نووسی بۆ خەلیفەو ئاگادارى كردەوە لەو رووداوە و وتى وەك عومرەكار دێن و وا خۆیان نیشان دەدەن، كە لە مەدینە نزیك بوونەوە، خەلیفە فەرمانى كرد بە عەلى كوڕی ئەبووطاليب تا پێشهاتنیان بۆ مەدینە بیانگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆیان، عەلیش داواى لە عەممارى كوڕی یاسر كرد هاودەمى بكات، بەڵام عەممار رازى نەبوو، چونكە ئەویش تووڕە بوو لە عوثمان لەبەرئەوەى پێشتر عوثمانى كوڕی عەففان سزا دابوو، ئەوەبوو عەلى خۆی چوو بۆ لایان.[39]

ئیبن كەثير دەقێكی هێناوە دەڵێت بەهۆی قسەوتنى بە عەبباسی كوڕی عوتبەی كوڕی ئەبوولەهەب لەلایەن خەلیفەوە هەم عەممار و هەم عەبباس تەمبێ كران، عەممار ئەوەى لەدڵ گرت و كەوتە هاندانى خەڵك لە دژی عوثمان، هەرچەندە سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص رێگری لێكرد لەو كارەى، بەڵام ئەو وازى نەهێنا.[40]

ذەهەبیش دەقێكی هێناوە كە تووڕەیی عەممارى نیشانداوە بەرامبەر بە عوثمان،[41] بەڵام ئەو دەقانە هیچیان صەحیح نین و هاوكاتیش لەگەڵ واقیعی ئەو كاتە ناگونجێن، چونكە سیفەتى عوثمان نەبووە توندى و زبری بەرامبەر نەیارەكانیشی بەكاربهێنێت نەك بەرامبەر بە عەممارى كوڕی یاسر و سزاى بدات، عوثمانىَ كە ناسرابوو بەوپەڕی نەرمى و شەرم، چۆن لەسەر قسەوتنێكی نێوان دوو كەس سزاى لێدان بەكاردەهێنێت بۆ هەردووكیان، هەروەها سەنەدى ئەو گێڕانەوانەش لەو بارەوە هاتون هیچیان صەحیح نین.

لە دەقێكی تردا ذەهەبی دەڵێت: عەممار لە هەندێ مەسەلەدا رەخنەى لە عوثمان دەگرت كە ئەگەر وازى لەو كارەى بهێنایە باشتر بوو، رەزاى خوا لە هەردووكیان.[42]

ئیبنولعەرەبی دەڵێت سەبارەت بە لێدانى ئیبن مەسعوود و مووچەپێنەدانى ئەوە ساختەیە، سەبارەت بە لێدانى عەمماریش هەروەك ئەوى پێشوو درۆ و ساختەیە، ئەگەر ناوسكى بتەقیایە هەرگیز نەدەژیا، زانایان لەو بارەیەوە بڕێ پۆزشیان هێناوەتەوە كە هی ئەوە نیە باسیان بكەین چونكە خودى باسەكە لەسەر پووچی و نادروستى دامەزراوە، ئیتر هیچ حەقێك لەسەر پووچی بنیادنانرێت، بە شوێن پێی نەفاماندا رێ نابڕین، چونكە ئەو رێی ئەوان كۆتایی نیە.[43]

جا عوثمانىَ كاتێك خەواریج و ئاشووبگێڕان هاتبوون بیكوژن، ئامادە نەبوو هاوەڵان بەرگری لێ بكەن و رشتنی خوێنی خۆی پێرەواتر بوو لە ئازارى هاوەڵان، هیچ ناكات بنەوێتە ئازاردانى كەسێك كە چەندین فەرموودەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەسەرە، خودى عوثمان لە بارەى فەزڵی عەممارەوە فەرموودەى گێڕاوەتەوە، عوثمانى كوڕی عەففان دەڵێت با سەبارەت بە عەممار فەرموودەیەكتان بۆ بگێڕمەوە، رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی گرتبووم و دەچووین بە ڕێدا، گەیشتینە لاى عەممار و دایك و باوكى كە سزا دەدران، باوكى عەممار وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رۆژگار ئاوایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (خۆڕاگر بە)، پاشان فەرمووى (خوایە لە بنەماڵەى یاسیر خۆش بە).[44]

لەسەردەمى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا

عەممار لە سەردەمى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا كەسی نزیك و هاودەم و پشتگیری خەلیفە بوو، تەنانەت بۆ بێدەنگكردنى نەیارەكانى هەوڵی زۆری دا، لە هەریەك لە جەنگى جەمەل و صفیشنیش بەشدارى كرد و دواجار لە جەنگى صفیندا شەهید بوو.[45]

پێش ئەوەى جەنگى صفین رووبدات، عەممار داواى بڕێك شیری كردو وتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (كۆتا خواردنەوە لە دنیادا دەیخۆیتەوە شیرە)، ئەوەبوو شیری بۆ هێنرا و شیرەكەى خواردەوە، دواتر كە چووە ناو جەنگەكەوە كوژرا.[46]

لە رۆژی هەینیدا سوپاى عێراق بە سەركردایەتى عەممارى كوڕی یاسیر و سوپاى شام بە سەركردایەتى عەمرى كوڕی عاص بەریەككەوتن و جەنگێكی سەخت لە نێوانیاندا روویدا، دواتر گەڕانەوە، ئینجا لە رۆژی شەممەشدا دووبارە جەنگ روویدا، بەو جۆرە چەند رۆژێك جەنگ روویدا تا دواجار عەممار شەهید كرا.[47]

سەبارەت بە بكوژەكەى عەممار راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت ئەبولغادیەی موزەنى بووە، شمشێرێكی دا لە عەممار و دواتر كەسێكی تر خۆی دا بەسەریدا و سەری عەممارى لێكردەوەو دواتر هەركامیان دەیوت من كوشتوومە، عەمری كوڕی عاصیش وتى بەخوا ئەمانە لەسەر دۆزەخ جەنگیانە، خۆزگە بیست ساڵ لەمەوبەر دەمردم، رایەكیش دەڵێت بەڵكو عوقبەى كوڕی عامیرى جوهەنى و عەمرى كوڕی حارث و شریكی كوڕی سەلەمە پێكەوە كوشتیان.[48]

شەهیدكردنەكەشی لە ساڵی سی و حەوتى كۆچیدا بوو، لە جلەكانى خۆیدا كفن كرا، كاتێك عەممار شەهید كرا تەمەنى نزیكەی نەوەدو یەك یان نەوەد و سێ یان نەوەدو چوار ساڵ دەبوو.[49]

قەیسی كوڕی عەبباد دەڵێت بە عەممارم وت ئەرێ ئەم بەرگریەتان لە عەلى رایەكى خۆتانە یان بەڵێنێكە لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) پێتان درا؟ ئەویش وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها ئەو بەڵێنەی بەو داوە كە بە هەموو خەڵكی داوە، واتە هیچی تایبەت نەكرد بە عەلى.[50]

كاردانەوەكانى شەهیدبوونى عەممار

خوزەیمە تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیب ژیا، لە فیتنەى نێوان هاوەڵاندا بەشدارى نەكرد، بەڵكو شمشێرەكەى لە كالان نابوو، لە جەمەلدا هەرچەندە ئامادە بوو بەڵام شمشێری لە كالان دەرنەكرد،[51] بەڵام كاتێك لە جەنگى صفیندا بینی عەممارى كوڕی یاسر كوژرا، پێشتر دەیوت جەنگ ناكەم تا بزانم كێ عەممار دەكوژێت، هەركەس كوشتى ئەوكات دەجەنگم، چونكە بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: دەستەى باغى عەممار دەكوژن، كە عەممار كوژرا خوزەیمە وتى وا گومڕایی و نەپێكانم بۆ روون بوویەوە، شمشێری لە كالان دەركرد و جەنگا تا كوژرا،[52]  واتە خوزەیمە حوكمى عەلى پێ رەوا و دروست بوو و لەناو ریزی سوپاى ئەودا مایەوەو كوژرا.[53]

كاتێك عەممار كوژرا، عەمرى كوڕی حەزم چوو بۆ لاى عەمری كوڕی عاص و وتى وا عەممار كوژرا و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو دەستەى یاخی ئەو دەكوژن، عەمری كوڕی عاصیش خێرا راچڵەكى و خۆی كرد بە ژووردا بۆ لاى موعاویەو موعاویە وتى چی بووە؟ عەمر وتى عەممار كوژرا، موعاویە وتى جا كوژرا چی بوو؟ عەمر وتى بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (دەستەى یاخی بوو دەیكوژن)، موعاویە قسەیەكی پێ وت و وتى مەگەر ئێمە كوشتمان، بەڵكو عەلى و هاوەڵانى كوشتیان كە هێنایان تا خستیانە بەر رمەكانمان.[54]

عەبدوڵاى كوڕی عەمر لاى موعاویە سەركۆنەى زۆری كردن كە بكوژى عەممار بوون و ئەوان دەستەی یاخی بوون، ئیتر موعاویە وتى جا كە وایە بۆچی لەگەڵ ئێمەیت؟ ئەویش وتى چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم گوێڕایەڵی باوكم بم، ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایە لەگەڵت نەدەهاتم.[55]

هاوەڵان زۆر رێزی عەمماریان لابوو، جارێك كەسێك پرسیاری كرد لە ئەبووهورەیرە، ئەویش وتى پرسیار لە من دەكەیت لە كاتێكدا زانایانى هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناوتاندان و كەسێ كە پەنادراوە لە شەیتان لەناوتاندایە كە عەممارى كوڕی یاسیرە![56]

عەممار كەسێك بوو زۆر كەم قسەی دەكرد، كە قسەشی دەكرد زۆر بە كورتى قسەی دەكرد.[57]

ئیبن كەثير دەڵێت: بە كوژرانى عەممار ئەوە روون بوویەوە كە عەلى حەقەو موعاویە یاخیبووە.[58]

جارێك عەممارى كوڕی یاسر چوویە مزگەوت و دوو ركات نوێژی كرد، خەڵكەكە وتیان ئەرێ بۆ نوێژەكەت كورت كرد؟ ئەویش وتی ئێوە وادەبینن نوێژەكەم كورت بوو؟ وتیان بەڵێ، وتى نزایەكم تێدا كرد كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فێری كردم، ئینجا عەممار چوو، كەسێك كەوتە شوێنی و سەبارەت بە نزاكە پرسیاری لێكرد، ئەویش وتى نزاكە ئەمە بوو (اللَّهُمَّ بِعِلْمِكَ الْغَيْبَ وَقُدْرَتِكَ عَلَى الْخَلْقِ أَحْيِنِي مَا عَلِمْتَ الْحَيَاةُ خَيْرًا لِي وَتَوَفَّنِي إِذَا كَانَتِ الْوَفَاةُ خَيْرًا لِي اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ خَشْيَتَكَ فِي الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ وَكَلِمَةَ الْعَدْلِ وَالْحَقِّ فِي الْغَضَبِ والرضا وأسألك القصد في الفقر والغنا وَأَسْأَلُكَ نَعِيمًا لَا يَبِيدُ وَقُرَّةَ عَيْنٍ لَا تَنْقَطِعُ وَأَسْأَلُكَ الرِّضَا بَعْدَ الْقَضَاءِ وَأَسْأَلُكَ بَرْدَ الْعَيْشِ بَعْدَ الْمَوْتِ وَأَسْأَلُكَ لَذَّةَ النَّظَرِ إِلَى وَجْهِكَ وَأَسْأَلُكَ الشَّوْقَ إِلَى لِقَائِكَ فِي غَيْرِ ضَرَّاءَ مُضِرَّةٍ وَلَا فِتْنَةٍ مُضِلَّةٍ اللَّهُمَّ زَيِّنَّا بزينة الإيمان واجعلنا هداة مهتدين).[59]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 575.

[2] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 407.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 136.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7،ص 712.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 264.

[9] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12840، البداية والنهاية لابن كثير، ج2، ص 295-296، البحر الزخار، الرقم 1262.

[10] - أسد الغابة، ج3، ص 40.

[11] - أسد الغابة، ج3، ص 39.

[12] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 409.

[13] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 427، ضعفه أحمد شاكر، كما ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[14] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5626، قال الألباني  في فقه السيرة (1/111) حديث حسن صحيح.

[15] - صحيح ابن حبان، الرقم 7192، سنن ابن ماجة، الرقم 149، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15717، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3698، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5203، قال الحكام صحيح الإسناد و لم يخرجاه و وافقه الذهبي، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 150 حسن صحيح.

[16] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15716، المستدرك على الصحيحين، الرقم 3295، صححه الذهبي في التلخيص.

[17] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 411.

[18] - البداية والنهاية، ج6، ص57، حلية الأولياء، 1، ص147.

[19] - أسد الغابة، ج4، ص 141.

[20] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 250.

[21] - أسد الغابة، ج4، ص 143.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 438، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1075.

[23] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 247.

[24] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 108.

[25] - صحيح مسلم، الرقم 5300،

[26] - صحيح ابن حبان، الرقم 7190، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5657، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7994، مسند احمد بن حنبل، الرقم 16492،  صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح الجامع الصغير و زيادته.

[27] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16499، السنن الكبرى لنسائي، الرقم 7995، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5652، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط.

[28] - سنن ابن ماجة، الرقم 145، صحيح ابن حبان، الرقم 7184، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5647، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 756، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 386، سنن الترمذي، الرقم 3815 و قال حسن صحيح، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن بن ماجة، الرقم 146.

[29] - صحيح ابن حبان، الرقم 7185، سنن ابن ماجة، الرقم 146، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5663، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 29738، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 387، صححه الذهبي في التلخيص، حسنه شعيب الارناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 147.

[30] - سنن ابن ماجة، الرقم 147واللفظ له، سنن الترمذي، الرقم 3816، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8001، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24266، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 148.

[31] - البداية والنهاية لانب كثير، ج5، ص 19.

[32] - تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج2، ص 124.

[33] - أسد الغابة، ج4، ص 144.

[34] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 422.

[35] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 422.

[36] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 422.

[37] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 421.

[38] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 423.

[39] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 175.

[40] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 171.

[41] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 434.

[42] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 416.

[43] - العواصم من القواصم.

[44] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 427، ضعفه أحمد شاكر، كما ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[45] - أسد الغابة، ج4، ص 144.

[46] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18495، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 2720، صححه شعيب الأرناؤوط.

[47] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 262-268.

[48] - أسد الغابة، ج4، ص 145.

[49] - أسد الغابة، ج4، ص 145.

[50] - صحيح مسلم، الرقم 5089.

[51] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 259.

[52] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5641.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 278.

[54] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2595، مسند احمد بن حنبل، الرقم 17444، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15615، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط،

[55] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 269.

[56] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 418.

[57] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 424.

[58] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 267.

[59] -  صحيح ابن حبان، الرقم 1995، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1205، قال شعيب الأرناؤوط إسناده قوي، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 1305.

 2461
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.