دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عوثمان) بووە - بەشی دووەم

عوثمانى كوڕی عوثمان (رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی عوثمانى یەقەفیە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو، عوثمان دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوا تەوبە لە بەندەكەى وەردەگرێت ساڵێك پێش مردنى، دواتر فەرمووى مانگێك پێش مردنى، پاشان فەرمووى رۆژێك پێش مردنى، پاشان فەرمووى پێش ئەوەى غەرغەرەى مەرگ بكات).[1]

عوثمانى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی قەیسی كوڕى ئەبیلعاصى سەهمیە، یەكێكە لە بەشداربوانى فەتحى میصر و هاودەم بە باوكى بەشدارى كرد، لە كۆتاییەكانى خیلافەتى عومەردا بوو بە دادوەرى میصر و لە ماوەى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففانیشدا لەو پۆستەیدا مایەوە.[2]

عوثمانى كوڕی وەهب(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی وەهبى مەخزوومیەو یەكێكە لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككە.[3]

عوثمانى كوڕی ئەبیلعاص(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی ئەبیلعاصەو لە موسڵمانبوانى پاش فەتحى مەككەیە كە كاتێك وەفدى ثهیقف هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون ئەویش هات لەگەڵیاندا و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەوى وەك بەرپرسی طائیف هێشتەوە، دواتریش لە سەردەمى ئەبووبەكر و عومەریشدا لەو پۆستەیدا مایەوە، تا ئەوەى عومەر لە ساڵی پانزەى كۆچیدا كردى بە بەرپرسی عومان و بەحرەین، دواى ئەوە عوثمان چوو لە  بەصرە نیشتەجێ بوو تا لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیاندا لەساڵی پەنجا یان پەنجاو یەكی كۆچیدا وەفاتى كرد.[4]

عوثمان دەڵێت كە چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (پێشەوایەتی قەومەكەت بكە)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شتێك لە دەروونى خۆمدا بەدیدەكەم، فەرمووى نزیك بەرەوە، لەبەردەم خۆیدا داینیشاندم و دەستی هێنا بەسەر سنگمدا و دواتر فەرمووى پشت بكەرەوە، دواتر دەستی خستە نێوەراستی پشتم، دواتر فەرمووى (أم قومك، فمن أم قوما فليخفف، فإن فيهم الكبير، وإن فيهم المريض، وإن فيهم الضعيف، وإن فيهم ذا الحاجة، وإذا صلى أحدكم وحده، فليصل كيف شاء[5] (پێشەوایەتی قەومەكەت بكە، هەركەس پێشەوایەتی –بەرنوێژی- قەومێكی كرد با ئاسانكارى بكات چونكە كەسی بەتەمەن و نەخۆش و  خاوەن كارى گرنگیان تێدایە، ئەگەریش خۆی تەنها نوێژی كرد با چەندە دەیەوێت نوێژ بكات).

عوثمان لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدارى فتووحاتى كرد و رۆڵێكی كاراى هەبوو لە فتووحاتدا.[6]



[1] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4410.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 460.

[3] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 463.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 451.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 746.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 130.

 1377
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.