نزیكی عومەر لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)
جوانترین بەڵگە بۆ زۆری نزیكی عومەر لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) ئەم وتەى عەلى كوڕی ئەبووطالیبە، كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب وەفاتى كرد، خەڵكێ نزایان دەكرد بۆ عومەر، عەلی كوڕی ئەبووطالیبیش وتى رەحمەتى خوات لێ بێت، هیوام وایە خواى گەورە لەگەڵ دوو هاوڕێكەت كۆت بكاتەوە-پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر- چونكە من زۆر جار لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەبیست دەیفەرموو من و ئەبووبەكر و عومەر بووین، من و ئەبووبەكر و عومەر وامانكرد، من و ئەبووبەكر و عومەر چووین.[1]
زەیدى كوڕی سەعنە دەڵێت: كاتێك سەیری موحەممەدم كرد، چی ئاماژەو نیشانەى پێغەمبەرایەتى هەبوو لە دەموچاوى موحەممەددا بەدیم كرد، تەنها دوو نیشانە نەبێت، ئەوانیش بریتی بوون لەوەى كە دەبوو لەسەرخۆیی و داناییەكەى پێش نەزانی بكەوێت و نەفامى نواندن بەرامبەرى دانایی و نەرمونیانى ئەو زیاتر بكات، منیش نەرمیم لەگەڵ دەنواند و خۆم لێ نزیك دەكردەوە بۆ ئەوەى تێ:ەڵی بكەم و بزانم ئەو نیشانەى تێدایە، ئەوەبوو جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ژوورەكەى دەرچوو و عەلى كوڕی ئەبووطالیبیشی لەگەڵدا بوو، كابرایەكى دەشتەكى هات بۆ لاى و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خەڵكی فلآنە گوند موسڵمان بوون و منیش وتوومە ئەگەر موسڵمان بن بەردەوام رۆزییان بۆ دێت، كەچی لەو كاتەوەى موسڵمان بوون قات و قڕی و نەبوونى رووی تێكردون و باران نابارێت بۆیان، منیش ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەترسم بەو بۆنەیەوە واز لە ئیسلام بهێنن، بەڵكو كەسێك بنێریت فریایان بكەوێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) تەماشای كابرایەكى كرد كە لەوێدا بوو وابزانم عومەر بوو، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هیچ شتێكى لێ نەماوە، منیش لێی نزیك بوومەوەو وتم ئەی موحەممەد پێت چۆنە بڕێ خورماى باخى فلآنە كەسم لێ بكڕیت تا فلآنە رۆژ ئینجا بەهاكەی وەرگرم لێت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (نا ئەی كابراى جوولەكە، من بڕێ خورماى دیاریكراوت لێ دەكڕم تا فلآنە كات و ناوى باخى فلآنە كەس نابەم)، منیش وتم باشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورماكەى لێ كڕیم و ناردى بۆ ئەو خەڵكەو فەرمووى (خێرا بڕۆ بۆ لایان و بەوە فریایان بكەوە)، هێشتا چەند رۆژێك مابوو بۆ ماوەكە، دوو یان سێ رۆژ مابوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەسپەردەكردنى تەرمی كابرایەكى پشتیوانى هاودەم بە ئەبووبەكرو عومەر و عوثمان ودەستەیەكى تر لە هاوەڵانى دەرچوو، دواى ئەوەى نوێژی لەسەر تەرمەكە كرد، لە دیوارێك نزیك بوویەوەو پاڵی پێوەدایەوە، منیش جلەكانم كۆكردەوەو بە دەموچاوێكی گرژەوە تەماشام دەكرد، دواتر وتم ئەی موحەممەد ئەرێ مافەكەى خۆمم نادەیتەوە؟ من پێشتر تێكەڵی بنەماڵەى ئێوەم كردووەو نەمدیوە ئاوا دەستخەڕۆی كەس بكەن، ئینجا تەماشای عومەرى كوڕى خەتتابم كرد بینیم چاوەكانى پڕ بون لە فرمێسك و فرمێسك بەسەر كوڵمیەوەیەتى، بە خیسەیەكەوە تەماشاى كردم و وتى ئەی دوژمنى خوا چۆن قسەی وا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەڵێیت؟ سوێند بەوەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بە حەق ناردووە ئەگەر لەبەر ئەو نەبوایە بەم شمشێرەم دەمدا لە گەردنت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە هێوری تەماشایەكى عومەرى كرد و فەرمووى: (إنا كنا أحوج إلى غير هذا منك يا عمر، أن تأمرني بحسن الأداء، وتأمره بحسن التباعة، اذهب به يا عمر فاقضه حقه، وزده عشرين صاعا من غيره مكان ما رعته)، (ئەی عومەر ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستى تری تۆ هەیە، دەبێت فەرمانم پێبكەیت چاك قەرزەكەم بدەمەوەو فەرمان بەویش بكەیت بە جوانى داواى قەرزەكەى بكاتەوە، ئەی عومەر بیبە و مافەكەى بدەرەوە و بیست صاعیش زیاد لەوەى بدەرێ لەبەرامبەر ئەوەى وا ترساندت)، ئینجا عومەر منى برد و قەرزەكەى دامەوەو بیست صاعیش زیادەى پێدام، منیش وتم ئەو زیادەیە چیە؟ وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم تا بەرامبەر بەوەى تۆم ترساند ئەم زیادەت بدەمێ، منیش وتم ئەی عومەر من دەناسیت؟ وتى نا، تۆ كێیت؟ وتم من زەیدی كوڕی سەعنەم، وتى زانا جوولەكەكە؟ وتم بەڵێ، وتى ئە بۆچی وات وت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وا لەگەڵیدا هەڵوێستت نواند؟ وتم ئەی عومەر من چی ئاماژەو نیشانەى پێغەمبەرایەتى هەبوو لە دەموچاوى موحەممەددا بەدیم كرد، تەنها دوو نیشانە مابوو، ئەوانیش بریتی بوون لەوەى كە دەبوو لەسەرخۆیی و داناییەكەى پێش نەزانی بكەوێت و نەفامى نواندن بەرامبەرى دانایی و نەرمونیانى ئەو زیاتر بكات، بۆیە بۆ ئەو دوانە هەوڵمدا تا بزانم ئەوانەشی هەیە؟ دەى عومەر تۆ بەشایەت دەگرم وا من رازیم خوا پەروەردگارمەو ئیسلام ئایینمەو موحەممەدیش پێغەمبەرى خوایە، بەشایەتت دەگرم نیوەى سامانەكەم دەكەم بە خێر بۆ ئوممەتى موحەممەد(صلى الله عليه وسلم)، عومەر وتى بڵێ بۆ بەشێك لەو ئوممەتە چونكە فریاى هەموو ئەو ئوممەتە ناكەویت، منیش وتم بەشێك لەم ئوممەتە، ئینجا عومەر و زەید پێكەوە گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر خوا (صلى الله عليه وسلم) و زەید لە خزمەتیدا شایەتومانى هێنا، ئیتر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەشدارى چەندین غەزاى كرد، دواجار لە غەزاى تەبووكدا لە رێی هاتنەوەیاندا كۆچی دوایی كرد.[2]
عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە خێركردن، منیش سامانێكی زۆرم هەبوو، وتم بەخوا ئەمجار پێش ئەبووبەكر دەكەوم، بۆیە كردم بە دووبەشەوەو بەشێكیم برد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی عومەر ئەو سامانە زۆرە؟ ئەی چیت بۆ خێزانەكەت جێهێشتووە؟) وتم نیوەى، ئینجا ئەبووبەكر هات و سامانێكی زۆری هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبووبەكر ئەو سامانە زۆرە؟ ئەی چیت بۆ خێزانەكەت جێهێشتووە؟) وتى خواو پێغەمبەرى خوام بۆ جێهێشتوون.[3]
عومەرى كوڕی خەططاب داواى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا رووپۆش بۆ ژنەكانى بەكاربهێنێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)رازى نەبوو، ئەوەبوو شەوێك سەودەى هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ژنێكی بالآبەرز بوو چوویە دەرەوە، عومەر وتى ئەی سەودە تۆمان ناسیەوە، ئەوەبوو دواى ئەوە ئایەتى حیجاب دابەزی.[4]
عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەنارى گرت لە ژنەكانى، چووم بۆ لاى حەفصەو وتم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە كوێیە؟ وتى لە ژوورە بچووكەكەیدایە، منیش چوومە ژوورەوە، دەبینم رەباحى خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێیە و لەبەردەرگاى ژوورەكە دانیشتووە، هەردوو قاچی لەسەر قەدى دارخورمایەكى بڕاو رووەو خوار شۆڕ كردبوویەوە، ئەو دارخورمایە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویە سەری و دادەبەزی، منیش وتم ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم بۆ وەربگرە، رەباحیش سەیرێكی ژوورەكەى كرد و دواتر تەماشاى منی كرد و هیچی نەوت، منیش دووبارە وتم ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتێكم بۆ وەربگرە، هەمتر رەباح سەیرێكی ژوورەكەى كرد و تەماشایەكى منى كردەوەو هیچ نەوت، ئەمجار بە دەنگى بەرز پێم وت ئەی رەباح لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتێكم بۆ وەربگرە، چونكە وادەزانم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وایزانیبێت من لەبەر حەفصە هاتوم، بەخوا ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانم پێ كبات بدەم لە گەردنى حەفصەدەدەم لە گەردنى، لەگەڵ قسەكانیشمدا دەنگم بەرز دەكردەوە، ئەویش ئاماژەیەكى پێدام سەركەوەمنیش چوومە ژوورەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینیم لەسەر حەسیرێك راكشابوو، چووم و دانیشتم، دەمبینی حەسیرەكە بەسەر جەستەیەوە شوێنەوارى جێهێشتبوو، سەیرم كرد كۆگاكەى تەنها نزیكەى مشتێ گەنمى تێدابوو لەگەڵ دارگەلآیەك كە بۆ خۆشە بەكاردەهات و كونەیەك لەولاوە هەڵواسرابوو، ئیتر چاوەكانم پڕ بوون لە فرمێسك، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئەی كوڕی خەططاب بۆچی دەگریت؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چۆن نەگریم كە دەبینم حەسیرەكە شوێنەوارى لەسەر جەستەت جێهێشتووەو ئەوەش كۆگاكەتە دەبینم هیچی تێدا نیە، لەولاشەوە قەیسەرو كیسرا دەبینم چیان هەیە، تۆش پێغەمبەر و هەڵبژێردراوى خوایت و ئەوەش كۆگاكەتە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى كوڕی خەططاب ئایا رازى نیت رۆژی دوایی بۆ ئێمە بێت و دنیاش بۆ ئەوان بێت؟) وتم بەڵێ رازیم.[5]
سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص دەڵێت جارێك عومەر داواى مۆڵەتى كرد بچێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و بڕێك ئافرەتیش لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون وپرسیاریان هەبوو و دەنگیان بەرز دەكردەوەو قەرەباڵغییەكیان نابوویەوە، كە زانییان عومەر دێت بەپەلە كەوتنە خۆكۆكردنەوەو چوونە پشت پەردە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى عومەرى دا بێتەژوورەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێدەكەنى، عومەر وتى هەموو تەمەنت پێكەنین بێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سەرم لەو ئافرەتانە سوڕما كە لاى من بوون، كەدەنگى تۆیان بیست بەپەلە چوونە پشت پەردە)، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ شیاوتریت تا سامت هەبێت لایان، ئەمانە چ ناحەزێكن بە خۆیان، لە من دەترسن و سام لە پێغەمبەرى خوا ناكەنەوە؟ ئافرەتەكان وتیان بەڵێ، تۆ رەق و زبرتریت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە عومەرى فەرموو (والذي نفسي بيده، ما لقيك الشيطان قط سالكا فجا إلا سلك فجا غير فجك)،[6] (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە، شەیتان لە هەررێیەكدا پێت بگات خێرا رێگەكەى دەگۆڕێت و رێیەكى تر دەگرێتەبەر).
ژنان بۆ مەرگى روقییەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگریان و عومەرى كوڕی خەططابیش رێگرى دەكرد لێیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى وازبێنە ئەى عومەر، پاشان فەرمووى (إياكن ونعيق الشيطان، فإنه مهما يكون من العين والقلب فمن الرحمة، وما يكون من اللسان واليد فمن الشيطان)، (خۆدوور بگرن لە قیژەى شەیتان، چونكە تا لە چاو و دڵەوە بێت ئەوە لە رەحم و سۆزەوەیە، ئەوەش لە زمان و دەستەوە بێت ئەوە لە شەیتانەوەیە)، فاتیمەى خوشكی لە كەنارى گۆڕى روقییەوە بۆ روقییەى خوشكی دەگریا، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە لایەكى جلەكەى فرمێسكی چاوانى فاتیمەى دەسڕی.[7]
دوكەین دەڵێت ئێمە نزیكەى چوارسەد كەس دەبووین كە هاتین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى خواردنمان لێكرد،[8] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە دەڵێت چوارسەد و چل كەس دەبووین، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە عومەرى فەرموو (هەستەو خواردنیان پێ بدە)، عومەر بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) فەرموو كە كەمە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد كە پێیان بدات، ئەویش وتى بەسەرچاو ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە هەستا و ئەوانى برد بۆ ژوورێك و كلیلەكەى هێنا و دەرگاكەى كردەوە، سەیرمان كرد هێندەى بەچكەوشترێك چەندە ئەوەندە خورما هەیە، دەستمان كرد بە بردنى خورما و هەركەسمان بەشی پێویستى خۆی خورماى برد، دواى هەموویان من لامكردەوە چونكە من كۆتا كەسیان بووم، كەچی دەتوت ئەو خورمایە دەستى لێنەدراوە.[9]
عومەر لە موژدەپێدراوانى بەهەشتە
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (دخلت الجنة فرأيت فيها دارا أو قصرا، فقلت لمن هذا؟ فقالوا لعمر بن الخطاب، فأردت أن أدخل، فذكرت غيرتك)، (چوومە بەهەشت و تیایدا خانوویەك یان كۆشكێكم بینی، وتم ئەمە هی كێیە؟ وتیان هی عومەرى كوڕی خەططابە، ویستم بچمە ژوورەوە، بیری غەیرەتتم كەوتەوە ئیتر نەچوومە ژوورەوە)، ئیتر عومەر دەستی كرد بە گریان و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) غەیرەم بەرامبەر بە تۆ؟[10]
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (أبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة في الجنة والزبير في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة، وسعد في الجنة، وسعيد في الجنة، وأبو عبيدة بن الجراح في الجنة)،[11] (ئەبووبەكر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوثمان لە بەهەشتە، عەلى لە بەهەشتە، طهلحە لە بەهەشتە، زوبەیر لە بەهەشتە، عەبدورەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتە، سەعد لە بەهەشتە، سەعید لە بەهەشتە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح لە بەهەشتە).
جارێك موغیرە لاى سەعیدی كوڕی زەید قسەی بەرامبەر بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب كرد، سەعید هەستاو وتى من شایەتى دەدەم بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (عشرة في الجنة: النبي في الجنة، وأبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة بن عبيد الله في الجنة، والزبير بن العوام في الجنة، وسعد بن مالك في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة)،
(دە كەس لە بەهەشتدان: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەهەشتدایە، ئەبووبەكر لە بەهەشتدایە، عومەر لە بەهەشتدایە، عوثمان لە بەهەشتدایە، عەلى لە بەهەشتدایە، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا لە بەهەشتدایە، زوبەیری كوڕی عەووام لە بەهەشتدایە، سەعدى كوڕی مالیك لە بەهەشتدایە، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتدایە)، ئینجا زەید وتى بمویستایە كەسی دەیەمیشم دەوت، وتیان كێیە؟ بێدەنگ بو، دواتر زۆریان لێكرد تا بیڵێت، ئەویش وتى سەعیدی كوڕی زەید-واتە خۆی-.[12]
جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كێوی حیرا ْ وەستابوو، كێوەكە لەریەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئارام بگرە حیرا ْ، چونكە ئەوەی بەسەرتەوەیە یان پێغەمبەرە یان صدیقە یان شەهیدە)، ئەو دەمەش هەریەك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان و عەلى و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵاو زوبەیرى كوڕی عەووام و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص لەسەر كێوەكە بوون.[13]
زەید دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد و فەرمووى (بڕۆ بۆ لاى ئەبووبەكر دەبینیت لە ماڵی خۆیەو لەسەر كۆش دانیشتووەو خۆی كۆكردوەتەوە، پێی بڵێ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامت لێ دەكات و پێت دەفەرمویت موژدەى بەهەشتت لێ بێت، پاشان بڕۆ تا دەگەیتە ثهنییە و لەوێ دەگەیت بە عومەر لەسەر گوێدرێژێكەو رووتاوەى سەری دەركەوتووە، پێی بڵێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلامت لێ دەكات و دەفەرمویت موژدەى بەهەشتت لێ بێت، ئینجا بڕۆ تا دەچیتە بازاڕ و دەگەیت بە عوثمان كە تیایدا كڕین و فرۆش دەكات، پێی بڵێ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامت لێ دەكات و دەفەرمویت موژدەى بەهەشتت لێ بێت پاش نارەحەتیەكى سەخت، منیش چووم و هەموو ئەو شتانەم بینی و فەرمانى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بەجێگەیاند، بە هەركامم دەوت ئەویش دەیوت ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەكوێیە؟ منیش دەموت لە فلآنە شوێنە، هەموان لەگەڵم هاتن تا چووینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عوثمان وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) زەید هاتووە بۆ لام و پاش گەیاندنى سەلامى تۆ وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى: :(موژدەى بەهەشتت لێ بێت پاش نارەحەتیەكى سەخت)، ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چ بەلآیەكم دێتەڕێ؟ سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە گۆرانیم نەوتووەو نیازو خواستم نەبووەو دەستى راستم نەداوە لە دواێنم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئائەوەیە).[14]
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا كە باس لە فەزڵى هاوەڵانێكى دەكات دەفەرموێت (أرحم أمتي بها ابو بكر وأقواهم في دين الله عمر وأصدقهم حياء عثمان وأقضاهم على بن أبي طالب وأفرضهم زيد وأقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب وأعلمهم بالحلال والحرام معاذ بن جبل وأمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح وأبو هريرة وعاء)[15](بە رەحمترینی ئوممەتم بە ئوممەتەكەم ئەبوبەكرەو بەهێزترینیان لە ئایینی خوادا عومەرەو بە شەرمترینیان عوثمانە و دادوەرترینیان عەلى كورى ئەبووطالیبەو شارەزاترینیان بە فەرزەكان زەیدە و شارەزاترینیان بە قورئان خوێندنەوە ئوبەى كوڕى كەعبە و شارەزاترینیان بە حەلآڵ و حەرام موعازى كوڕی جەبەلەو ئەمیندارى ئەم ئوممەتەش ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراحە و ئەبوو هورەیرەش قاپ و جامێكە).
عەمرى كوڕی عاص دەڵێت پرسیار كرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لەپیاوان؟ فەرمووى ئەبووبەكر، وتیان دواتر، فەرمووى عومەر، وتیان دواتر، فەرمووى ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح.[16]
ئەبووسەعیدی خودری دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خەوتبوم كە خەوم دی خەڵكی دەخرانەڕوو بۆم و جلیان لەبەر بوو، هەبوو جلەكەى تا لاى مەمكى بوو، هەبوو لە خواروو ئەوەوە بوو، عومەرم پێ نیشان درا جلێكی لەبەر بوو كە بەدوایدا دەخشا)، هاوەڵان وتیان چۆن ئەوە لێكدەدەیتەوە؟ فەرمووى ئایینە،[17] واتە ئایینداریەكەى عومەر هێندە زۆرە.
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت جارێك خەوم بینی كە جامێك شیرم بۆ هێنرا، منیش لێم خواردەوە تا بینیم لە پەنجەكانمەوە دەردەچوو، دواتر زیادەكەیم بەخشی بە عومەرى كوڕی خەططاب، وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو خەوە بەچی لێكدەدەیتەوە؟ فەرمووى زانستە.[18]
عومەرى كوڕی خەططاب سێ جار پێشنیازى كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خواى گەورەش ئایەتى دابەزاند كە هەمان پێشنیازى عومەر وەك ئەو بڕیارەى خوا بوو، عومەر دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆزگە مەقامى ئیبراهیممان بكردایە بە موصەلا، ئەوەبوو ئایەت دابەزى (واتخذوا من مقام إبراهیم مصلى)، وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆزگە فەرمانت بكردایە ژنەكانت لە پشت پەردەوە قسەیان بكردایە چونكە ئەوان لەگەڵ كەسی چاك و خراپیش قسە دەكەن، ئەوەبوو ئایەتى حیجاب دابەزى، كاتێكیش ژنەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) غیرەیان بەكارهێنا، عومەر وتى جا ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقتان بدات لەوانەیە خواى گەورە لە ئێوە هاوسەرانى چاكترى پێ ببەخشێ، ئەوەبوو ئایەت لەو بارەوە دابەزی،[19] لە گێڕانەوەكەى موسلیمدا چوارەمیشی هێناوە كە لە پێشنیازى كوشتنى دیلەكانى بەدریشدا ئایەتى قورئان پشتیوانى راكەى عومەرى كرد.[20]
حاڵەتى پێنجەمیش هەبوو كە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی كرد لەسەر سەرۆكى دوورووەكان عومەر زۆر تكاى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژ نەكات لەسەرەی، ئەوەبوو دواتر خواى گەورە ئایەتى دابەزاند و فەرمانى كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژ لە سەر دووڕووەكان نەكات.[21]
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەبووبەكر پیاوێكی زۆر چاكە، عومەر پیاوێكی زۆر چاكە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح پیاوێكی زۆر چاكە، ثابتى كوڕی قەیس پیاوێكی زۆر چاكە، موعاذي كوڕی عەمر پیاوێكی زۆر چاكە، موعاذی كوڕی جەبەل پیاوێكی زۆر چاكە، سەهلى كوڕی بەيضاْ ْ پیاوێكی زۆر چاكە).[22]
عەبدوڵاى كوڕی حەنطهب دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە تەماشایەكى ئەبووبەكر و عومەرى كرد و فەرمووى (ئەو دوانە چاو وگوێن).[23]
[1] - صحيح البخاري، الرقم 3495، صحيح مسلم، الرقم 4506، سنن ابن ماجة، الرقم 97، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7847، مسند احمد بن حنبل، الرقم 872.
[2] - صحيح ابن حبان، الرقم 287، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6588، قال الحافظ ابن حجر في الإصابة: رجال الإسناد موثوقون.
[3] - مفضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 499.
[4] - صحيح البخاري، الرقم 145.
[5] - صحيح مسلم، الرقم 2782، صحيح ابن حبان، الرقم 4249، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 153.
[6] - صحيح البخاري، الرقم 3135، صحيح مسلم، الرقم 4514، صحيح ابن حبان، الرقم 7003، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7861، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1415.
[7] - مسند الطيالسي، الرقم 2807، قال الذهبي هذا منكر.
[8] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 977.
[9] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 17243، صححه شعيب الأرناؤوط.
[10] - صحيح البخاري، الرقم 4931، صحيح مسلم، الرقم 4512واللفظ له، صحيح ابن حبان، الرقم 6996، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7857، مسند الطيالسي، الرقم 1810.
[11] - سنن الترمذي، الرم 3766، صحيح ابن حبان، الرقم 7112، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1612، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 802، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح الجامع الصغيرو زيادته، الرقم 50.
[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 7103 واللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4052، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 7454.
[13] - صحيح مسلم، الرقم 4543.
[14] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 491.،
[15] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص17، ئیبن ماجە بە دەقێكى هاوشێوەى ئەمە كە هەمان ئەم واتایە دەبەخشێت هێناویەتى، سنن ابن ماجة، الرقم 154، صحيح. مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12707، صحيح، بەلآم لاى ئیبن ماجە و ئیمامى ئەحمەد باسی ئەبووهورەیرەى تێدا نیە، شێخى ئەلبانى ئەمەى بە صحیح داناوە(أرحم أمتي بأمتي أبو بكر و أشدهم في أمر الله عمر و أصدقهم حياء عثمان و أقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب و أفرضهم زيد بن ثابت و أعلمهم بالحلال و الحرام معاذ بن جبل و لكل أمة أمين و أمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح).الجامع الصغير و زيادتة، 897.
[16] - صحيح ابن حبان، الرقم 7108، صححه شعيب الأرناؤوط.
[17] - صحيح البخاري، الرقم 23، صحيح مسلم، الرقم 4507.
[18] - صحيح البخاري، الرقم 82، صحيح مسلم، الرقم 4508.
[19] - صحيح البخاري، الرقم 396.
[20] - صحيح مسلم، الرقم 4516.
[21] - صحيح البخاري، الرقم 1311، صحيح مسلم، الرقم 4517.
[22] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7957.
[23] - سنن الترمذي، الرقم 3691، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4380، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 654، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2091، حسنه الذهبي في التلخيص، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3671.