دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئایا ئەبووبەکری صدیق ترسی هەبووە لەگێڕانەوەی فەرموودە؟

یەکێك لەو مەسەلانەى ئەمڕۆ لەنێو موسڵماناندا –بەدەستی نێوخۆیی بێت یان دەرەکی- دەوروژێنرێت، مەسەلەی حوججیەتی فەرموودەکانى پێغەمبەری خوایە (صلی اللە علیه وسلم)، ئایا دەبنە بەڵگە و ئیشیان پێ دەکرێت؟ یان تەنها قورئان بەسە؟ لەم روانگەوە، ئەوانەى بڕوایان وایە تەنها قورئان وەحی خواییە و فەرموودە بە حوججە ناگیرێت، باس لەوە دەکەن کە ئەبووبەکری صدیق –کە یەکەم خەلیفەی پێغەمبەری خوایە (صلی اللە علیه وسلم)- ترسی هەبووە لە نووسینەوەو گێڕانەوەى فەرموودەکانى پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم)  و رێگری لێکردووە، جا ئەگەر هاوەڵی هەرە نزیک و یەکەم خەلیفەی پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم)، لە نزیکترین کاتى دواى وەفاتى پێغەمبەردا (صلی اللە علیه وسلم) رێی نەدابێت بە نووسینەوەو گێڕانەوەو ئیشپێکردنی فەرموودە، ئەمڕۆ ئێمە چۆن ئیشی پێ بکەین.

 

زەهەبی گێڕانەوەیەکی هێناوە کە عائیشەى کچی ئەبووبەکر دەڵێت: باوکم فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە (صلی اللە علیه وسلم) کۆکردبوویەوە، فەرموودەکانیش پێنج سەد فەرموودە بوون، ئەو شەوە –هەتا درەنگانێک- ئەمدیو و ئەودیوی دەکرد، منیش –ئەو حاڵەی ئەبووبەکر-م پێ ناخۆش بوو، وتم ئێش و ئازارت هەیە یان شتێکت بیستووە ئاوا ئەمدیو و ئەودیو ئەکەیت؟ کە رۆژ بوویەوە، پێی وتم: کچە شیرینەکەم، ئادەى ئەو فەرموودانەم بۆ بهێنە کە لاتن، منیش بۆم برد، داواى کرد ئاگرمان بۆ برد و ئەویش فەرموودەکانى سووتاند، منیش وتم: بۆچی سووتاندنت؟ ئەویش وتى: ترسی ئەوەم هەبوو بمرم و ئەم نووسینەم لا بمێنێتەوەو بڕێ فەرموودەی تێدا بێت کە لە کەسێکەوە وەرمگرتون و دڵنیابوومەتەوە لە راستییان، کەچی راستیەکەی بەو چەشنە نەبێت کە بۆی گێڕاومەتەوە، منیش ئەوەم نەقڵ کردبێت.[1]

 

زەهەبی راستەوخۆ دواى ئەوەی ئەم گێڕانەوەیە دەهێنێت، خۆی کە زانای بواری فەرموودە و مێژوونووسیشە، راستی و نادروستی ئەم گێڕانەوەیە یەکلا دەکاتەوەو دەڵێت (ئەم گێڕانەوەیە راست نیە).

 

پاشان، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان دەردەکەوێت کە ئەبووبەکری صدیق نەوەک شتی وای نەکردووە، بەڵکو بە وردی ئیشی کردووە لەسەر فەرموودەکانى پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) و لەسەر ئەو رێڕەوە رۆیشتووە، بەڵگەش بۆ ئەمە:

 

یەکەم: لە یەکەم وتاریدا رێڕەوی فەرمانڕەوایی خۆی لە خیلافەتدا روونکردەوە:

 

(من شوێنکەوتەم نەک ئەوەی موبتەدیع بم)[2]

 

(تا کاتێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بم گوێڕایەڵم بن، هەرکات سەرکەشیم کرد لە خوا و پێغەمبەرەکەی هیچ ئەرک نیە لەسەرتان گوێڕایەڵم بن).[3]

 

دووەم: لە ماوەى خیلافەتەکەیدا لە مەسەلە هەستیارەکاندا بەپێی فەرموودەکانى پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) دەجووڵایەوە، لەوانە:

 

-لە مەسەلەى ناردنی سوپاکەی ئوسامەی کوڕی زەیددا ئامادەبوو لەپێناو جێبەجێکردنی فەرموودە و رێنمایی پێغەمبەری خوادا (صلی اللە علیه وسلم)، پێچەوانەى رای زۆربەی هاوەڵان بڕیار بدات، بۆیە کاتێک هاوەڵان داوایان لێکرد لەبەر بارودۆخی هەڵگەڕاوەکان ناردنی سوپاکەى ئوسامە دوابخات، لە وەڵامدا وتی: (سوێند بەخوا سوپایەک هەڵناوەشێنمەوە کە پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) پێکیهێناوە تەنانەت ئەگەر حاڵ بگاتە ئەوەی باڵندە و ئاژەڵە دڕندەکانى دەوروبەری مەدینە بمانفڕێنن، ئەگەر سەگەکان قەپ بکەن بە قاچی دایکانى باوەڕداراندا و رایانکێشن، هەر دەبێ سوپاکەی ئوسامە بەڕێ بکەم).[4]

 

- پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) فاطيمهى کچی پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) داواى ئەو بەشەزەویانەى فەدەکی لە ئەبووبەکری صدیق دەکرد کە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی اللە علیه وسلم) بەر پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) کەوتبوون، ئەبووبەکریش رزاى نەبوو ئەو بەشەی پێ بدات، چونکە لە پێغەمبەری خواى (صلی اللە علیه وسلم) بیستبوو دەیفەرموو (چی بە میرات جێبهێڵین صەدەقەیە)،[5] مەسەلەکە گەیشتە عاجزبوونی فاتیمە، کەچی ئەبووبەکر لەپێناو بەجێگەیاندنى فەرموودەکەی پێغەمبەردا (صلی اللە علیه وسلم) بەرگەی ئەو حاڵەتەی گرت ئەگەرچی عائیشەی کچی خۆیشی بەهۆی ئەو فەرموودەوە لە هەر میراتیەکی پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم)بێبەش دەبوو.

 

-کاتێک خالیدی کوڕی وەلید لە کوشتنی مالیکی کوڕی نوەیرەدا ئیجتیهادێکی کرد و عومەری کوڕی خەتتاب پێی وابوو دەبێت خالید لەو پۆستە لاببرێت، ئەبووبەکر هەمان رەفتاری بەرامبەر بە خالید گرتەبەر کە پێغەمبەری خوای (صلی اللە علیه وسلم) لە مەسەلەی کوشتاری بەنى جذیمە و خوێن باییەکەی لەئەستۆ گرت[6] و خالیدی لە پۆستەکە هێشتەوە، بەڵگەشی بۆ ئەو کارەی ئەوەبوو کە پێغەمبەر (صلی اللە علیه وسلم) وەسفی خالیدی کردووە بەوەی (شمشێرێکە لە شمشێرەکانى خوا  کە خواى گەورە هەڵیکردووە بە رووی بێباوەڕان و دووڕواندا).[7]

 

سێیەم: لە کتێبەکانى فەرموودەدا 142 فەرموودە لە ئەبووبەکری صدیقەوە گێڕدراونەتەوە کە هەژدەیان لە بوخاری و موسلیمدا هاتون.[8]

 

ئامادەکردنی: ستافی زانستی ماڵپەڕی ئیبن صەلاحی شارەزوور

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1] - تذكرة الحفاظ، ج1، ص 11.

 

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 136.

 

[3] - السيرة النبوية لابن هشام، ج2، ص 661، صحح إسناده ابن كثير في البداية والنهاية ج5، ص 269.

 

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 335.

 

[5] - صحيح البخاري، الرقم 2943.

 

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 322.

 

[7] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 46.

 

[8] - تهذيب الأسماء للنووي، ج2، ص 182.

 

 
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.