ئەكثهمى كوڕی جەون یان دەوترێ كوڕی ئەبولجەونە كە ناوى عەبدولعوززا بووە، دەشوترێ بەڵكو ئەبوو میعبەدى خوزاعى بووەو هاوسەرى ئوم مەعبەد بووە.
ئەم هاوەڵە بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (رأيت الدجال فإذا أشبه الناس به أكثم بن عبدالعزى)، (دەجالم بینی، ئەو كەسەى زۆر لەو دەچوو ئەهمى كوڕی عەبدولعوززایە)، ئەكثهمیش بەوە غەمبار بوو و پرسیارى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئایا ئەو لێكچوونە زیانم پێ دەگەیەنێت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا أنت مؤمن و هو كافر)،[1] (نا، تۆ باوەڕداریت و ئەو بێباوەڕە).
ئیبن حەجەر پێی وایە ئەم فەرموودەى باسی هاوشێوەیی دەجال دەكات سەبارەت بە ئەكثهم نیە.[2]
بەڵام لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەكثهمى فەرموو (يا أكثم بن الجون رأيت عمرو بن لُحَيّ يجر قُصْبَه في النار فما رأيت رجلاً أشبه برجل منك به)، (ئەى ئەكثهمى كوڕى جەون عەمرى كوڕی لوحەیم بینی لە دۆزەخدا رێخۆڵەى خۆی رادەكێشا، كەسم نەدیوە هێندەى تۆ لەو كابرایە بچێت)، ئەكثهم وتى ئەى ئەو لەو چوونەم زیانم پێ دەگەیەنێت؟ فەرمووى (نا، تۆ باوەڕداریت و ئەو بێباوەڕە). عەمر یەكەم كەس بوو ئایینی ئیسماعیلی گۆڕی و بتپەرستى خستە ناو عەرەبەوە.[3]
بەڵام ئەو بەسەرهاتە لە كتێبەكانى فەرموودەدا واهاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بە مەعبەدى كوڕی ئەكثهمى كەعبی فەرمووە.[4]
ئەكثهم فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە لە غەزایەكدا كەسێكیان دیوە زۆر دلێرانە جەنگاوە، بۆیە وتوویانە ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەراستى فلآنەكەس زۆر دلێرانە دەجەنگێت، ئەویش لە وەڵامیاندا فەرمووى (ئەو لە دۆزەخدایە)، ئیبن حەجەر دەڵێت ئەو رووداوە لە جەنگى خەیبەردا روویدا، بەمەش دەردەكەوێت ئەكثهم لە غەزاى خەیبەردا بەشدار بووە.[5]
پەندو وانە:
نموونە هێنانەوە بە كەسێكى چاك بۆ كەسێكى خراپ شتێكى دروست و رەوایە، چونكە واتاى ئەوە نیە هەموو شتیان لەیەك بچێت، بەڵكو ئەگەر ئەو لایەنەى كە بە نیازیەوە چواندنەكە باس دەكرێت باس بكرێت با لە بوارى تردا لەیەك نەچن شتێكى رەوایە و لە نموونەى ژیانى پغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چەند نموونەى وادەبینین كە تیایدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نموونەى لەیەكچوونى هێناوەتەوە لەسەر كەسی خراپ و بێباوەڕ، بەڵام لایەنى لەیەك چوونەكەى باسكردووە.
[1] - أسد الغابة، ج1، 170.
[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص107.
[3] - أسد الغابة، ج1، 170.
[4] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20706، المستدرك على الصحيحين، الرقم8877، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 5541.
[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص107.