دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەمانات (رضي الله عنه)

ناوى ئەماناتى كوڕی قەیسى كیندیە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، تەمەنێكى زۆر ژیاوە تا ئەوەى عەوضهى شاعیر لە شیعرەكانیدا بە نموونەى تەمەندرێژی باسی كردووە:

ألا ليتني عُمِّرتُ يا أم خالد

كعمر أماناة بن قيس بن شيبانِ

 

لقد عاش حتى قيل ليس بميتٍ

وأفنى فِئَاماً من كهولٍ وشبانِ[1]

ناوى لەناو هاوەڵاندا هاتووەو قسەو باسی جۆراوجۆریشی لەسەرە، ئەویش لەبەر زۆر ژیانى، تەنانەت راى واى لەسەر هاتووە وتوویانە 320 ساڵ ژیاوە، یان راوبۆچوونى وا هەبووە وتویانە ئەو كەسە هەر نەمردووە، ئەمانەش لەروى شەرعیەوە راست نین، چونكە هەم لەگەڵ ماوەى هاوەڵاندا ناگونجێت، هەم لەگەڵ ماوەى ژیانى خەڵكانى ئەو سەردەمەدا نەگونجاو بووە، چونكە كەس لەو سەردەمەدا نەژیاوە كە تەمەنى تەنانەت بگاتە 200 ساڵیش نەك 320 ساڵ.[2]

زانایان لەسەر ئەوە كۆكن كە هەركەس دواى سەدساڵ لە وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەشەی هاوەڵبوونى كردبێت بڕواى پێ نەكەن،[3] ئەوەش لەبەر ئەو فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە مانگێ بەر لە مردنى فەرمووى (أرأيتكم ليلتكم هذه فإن على رأس مائة سنة منها لا يبقى على وجه الأرض ممن هو اليوم عليها أحد)،[4] (ئەمشەوتان ئەبینن، لەمشەوەوە تا سەد ساڵى تر لەم سەرزەویەدا یەك كەس نامێنێ كە ئەمرۆ لەسەریەتى).

بۆیە ئەگەریش بوترێت ماوەى زیاترى ژیانى پێش ئەو سەردەمە بووە هەر نەگونجاوە، ئەگەرنا رووداوى وا بەرچاو دەبوویە باسێكى زەق و بەرچاوى وا كە لە هەموو سەرچاوەكاندا باس بكرێت، بەڵام هێندە هەیە ئەم هاوەڵە تەمەنێكى زۆری هەبووە، بەڵام سەبارەت بەو ساڵانەى وتراوە راستى نیەو زانایانیش كە ئەو ژمارەیان هێناوە وەك تۆمارێكى قسەی ناو خەڵك هێناویانە نەك وەك راستیەك كە بڕوایان پێی هەبێت، تەنانەت ئین ئەثير هەر ئەو ساڵانە ناهێنێت و دەڵێت ماوەیەكى زۆر ژیاوە، بەڵام ئیبن حەجەر هێناویەتى دەڵێت هێندە ژیاوە تەنانەت وتراوە 320 ساڵ ژیاوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو ژمارەیە زیادەڕەوی قسەى خەڵك بووە، ئەمەش گومان دروست ناكات لەسەر هاوەڵ بوونى، چونكە سەرچاوەكان هێناویانە كە وەك وەفد چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەگەڵ خۆیشیدا یەزیدی كوڕی موسڵمان بووە.[5]

ئیبن عەبدولبەر سەنەدێكى هێناوە ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت بە تەمەنترین هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتی بوون لە ئەبووبەكر و سوهەیلی كوڕی بەيضاء.[6]

ئەمانات كوڕێكى هەبوو بەناوى یەزید كە موسڵمان بوو و تا وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە موسڵمانى مایەوە، بەڵام لە سەردەمى ئیمامى ئەبووبەكردا لەئیسلام هەڵگەڕایەوەو بەو بێباوەڕیەوە كوژرا.[7]

بەم پێیە مەرجى هاوەڵ بوون یەزیدی كوڕی ناگرێتەوە، چونكە مەرجێكى هاوەڵبوون دواى چوونە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوەیە ئەو كەسە بە باوەڕدارى ژیانى دنیاى جێ هێشتبێت.



[1] - أسد الغابة، ج1، ص173.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 110.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص8-9.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 115 و 549 و 585، صحيح مسلم 4709، صحيح ابن حبان، الرقم 3041، سنن أبو داود، الرقم 3805، سنن الترمذي، الجامع الصحيح، الرقم 2229، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5698، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1976، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 5441 و 5839، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 12883.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص173، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 110.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص668.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 110.

 3360
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.