دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (ثه علەبە) بووە

ثهعلەبەى كوڕی حاطبى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی حاطبى كوڕى عەمرى كوڕی عوبەیدە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[1] دایكی ناوى ئومامەى كچی صامتە.[2]

هەروەها ثهعلەبەى كوڕی حاطب برایەكى هەبوو بە ناوى حارث.[3]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەرى و پشتیوانەكان، برایەتى خستە نێوان معتبی كوڕی حەمراء و ثهعلەبەى كوڕی حاطبهوە.[4]

ثهعلەبە لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[5]

ثهعلەبە هەریەك لەم مندالآنەشی هەبوو: (عوبەیدوڵا، عەبدوڵا، عومەیر، ریفاعە، عەبدورەحمان، عياض، عومەیرە).[6]

ثهعلەبەى كوڕی حاطب

دەوترێت یەكێك بووە لەوانەى مزگەوتى (ضرار)یان دروست كردووە،[7] فەرموودەیەكى لاوازى لەبارەوە هاتووە، ئەویش ئەوەیە كە لە ئەبوو ئومامەى باهیلیەوە هاتووەو دەڵێت: ثهعلەبەى كوڕی حاطبي ئەنصاری هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لاى خوا نزام بۆ بكە سامانێكم پێ ببەخشێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هاوار بۆت ئەی ثهعلەبە كەمێكت پێ ببەخشرێ و لەسەری سوپاسگوزار بیت باشترە لە زۆرێك كە بەرگەى نەگریت و دەرەقەتى نەیەیت)، بەڵام ثهعلەبە جارێكى تر لێی دووبارە كردەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (ئایا رازى نیت بەوەى وەك پێغەمبەرى خوا بیت؟ سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەگەر بمەوێت شاخەكان وەك زێڕ و زیو لەگەڵم رێ بكەن ئەوا دەكرێت) ثهعلەبە وتى سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە ئەگەر نزام بۆ بكەیت و خوا سامانم پێ ببەخشێت-دەوڵەمەندم بكات- هەرچی مافێك هەیە دەیدەم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و فەرمووى (خوایە سامان ببەخشە بە ثهعلەبە)، ئەوەبوو ثهعلەبە بڕێ مەڕو مالآتى گرتەبەر و بەرەبەرە زیادیان كرد، ئیتر واى لێ هات لە مەدینەدا سەخت بوو رایانگرێت، بۆیە دەچووە دەرەوەى مەدینەو چوو لە دۆڵێك لە دەرەوەى مەدینە دانیشت، ئیتر واى لێهات تەنها نوێژی نیوەرۆ و عەسری بە جەماعەت دەكرد و فریاى ئەوانى تر نەدەكەوت، دواتر مەڕەكانى زیادیان كرد تا واى لێهات جگە لە نوێژی هەینی وازى هێنا لە نوێژەكان، بەردەوام مەڕەكانیشی زیادیان دەكرد، واى لێهات هەینیان كاروانیەكانى دەبینی و لەوان هەواڵی وەردەگرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەرێ ثهعلەبە چی كرد؟) وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بڕێ مەڕو مالآتى زۆری هەبوو و لە مەدینە جێی نەدەبوویەوە، ئیتر بۆیان باس كرد چی كردووەو چی بەسەرهاتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى هاوار بۆ ثهعلەبە)، سێ جار ئەوەى فەرموو، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(خذ من أموالهم صدقة...)، بەوە فەرزى زەكات دابەزى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دوو كەسی دانا بۆ كۆكردنەوەى زەكات، كەسێك لە جوهەینەو كەسێكیش لە بەنى سولەیم، بۆیشی نووسین كە چۆن زەكات كۆبكەنەوە لە موسڵمانان، بەو دوانەى فەرموو (بڕۆن بۆ لاى ثهعلەبەو فلآنە كەس لە بەنى سولەیم و زەكاتیان لێ وەربگرن)، ئەو دوانەش چوون بۆ لاى ثهعلەبەو داوایان لێكرد زەكات بدات، ئینجا نامەكەی پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) خوێندەوە بۆى، ئەویش وتى ئەوە سەرانەیە، ئەمە خوشكی سەرانەیە، نازانم ئەمە چیە، بڕۆن تا تەواو دەبن لە ئیشەكەتان ئینجا بگەڕێنەوە بۆ لاى من، ئەوانیش چون بۆ لاى كابراى سولەمى و پاش ئەوەی زەكاتەكەیان لێ وەرگرت گەڕانەوە بۆ لاى ثهعلەبە، ئەویش وتى ئادەى نامەكەم بدەنێ با سەیری بكەم، كە سەیری كرد وتى ئەمە بێت و خوشكی سەرانەیە، بڕۆن بزانم چۆن دەبێت، ئەو دوانەش گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو دوانەى بینی پێش ئەوەى بیاندوێنێ فەرمووى (هاوار بۆ ثهعلەبە)، نزاى بەرەكەتیشی كرد بۆ كابراى سولەمى، دوو هاوەڵەكە هەواڵیان پێدا كە ثهعلەبە چی كردووە و كابراى سولەمیش چۆن چاكى ناو سامانەكەى داناوە بۆ زەكات، خواى گەورە ئەم ئایەتەى دابەزاند(ومنهم من عاهد الله لئن آتانا من فضله لنصدقن و لنكونن من الصالحين....بما كانوا يكذبون)، یەكێك لە كەسە نزیكەكانى ثهعلەبە لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، كە ئەوەى بیست چوو بۆ لاى ثهعلەبە و وتى قوڕت بەسەر ثهعلەبە خواى گەورە ئایەتى واى لەسەر دابەزاندویت، خێرا ثهعلەبەش چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى لێكرد زەكاتەكەى لێ وەربگرێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوا رێی نەداوم صەدەقەكەت لێ وەربگرم)، ثهعلەبە خۆڵی دەكرد بەسەریدا و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو (ئەوە كارى خۆت بوو، من فەرمانم پێ كردیت و تۆیش گوێڕایەڵیت نەكردم)، ئیتر بە ناچارى گەڕایەوە ماڵەوە، دواتریش كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و ئەبووبەكر بوو بە خەلیفە ئامادە نەبوو زەكاتى لێ وەربگرێت، كە ئەبووبەكر مرد عومەریش زەكاتى لێ وەرنەگرت، دواتریش كە عوثمانى كوڕی عەففان بوو بە خەلیفە زەكاتى لێ وەرنەگرت.[8]

لەبەرئەوەى فەرموودەكە لاى هەریەك لە ئیبن حەجەر و زاناى فەرموودەناسی عێراقی و ئەلبانیش بە زۆر لاواز هاتووە، بۆیە بە چەند خاڵێك ئەگەرى ناراستی ئەم گێڕانەوەیە دەخەینەڕوو:

یەكەم: زەكات كە لە ئیسلامدا فەڕز كراو لە كەس قبووڵ نەدەكرا زەكات نەدات، ئیتر چۆن ئەمە بەرامبەر بەم هاوەڵە كرا؟ خەلیفە ئەبووبەكر دژ بەوانە جەنگا كە زەكاتیان نەدەدا و جیهادى دژیان راگەیاند، جا ئێستا كەسێك خۆی هاتبێت تكاى كردبێت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەلیفەش تا زەكات بدات ئەوان قبووڵی نەكەن و سزایشی نەدەن؟!! زەكات نەدان لە ئیسلامدا تاوانێكی شەخصی وا نیە كە تەنها لەنێوان بەندەو خودادا بێت و سزاكەى بەس لاى خوا بێت، بەڵكو سزاى دنیاییشی لەسەرە وەك چۆن خەلیفەى یەكەمى موسڵمانان ئەبووبەكری صدیق لە یەك تاكە كەسی قبووڵ نەكرد جیاوازى بكات لەنێوان نوێژ و زەكات و هەركام لەوانەى بە پایەی ئیسلام دانا و سزایشی بۆ زەكات نەدان دانا.

دووەم: بۆ ئەو هاوەڵانەى لە ساتى سەختیدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەچوون واتە لە جەنگى حونەین خواى گەورە لێخۆشبوونى خۆی نیشاندا، هەروەها لەو بێباوەڕانە خۆش بوو كە دەستیان چووبووە خوێنی موسڵمانان و دواتر موسڵمان بوون، ئێستا چۆن بە ئەنجامدانى تاوانێك و بەدوایدا تەوبەكردن تەوبەى بەندەیەك وەرناگیرێت؟ خواى گەورە دەفەرموێت (إن الله يغفر الذنوب جميعا)، ئەى چۆن لێخۆشبوونى نەبێت بۆ كەسێك كە ساتێكیش ئامادە نەبووە بێباكى خۆی لە ئیسلام نیشان بدات.

 

ثهعلەبەى كوڕی حەكەم (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕى حەكەمى كوڕى عورفوطهى كینانیە،[9] نیشتەجێی بەصرە بوو، دواتر چوو بۆ كووفە و لەوێ نیشتەجێ بوو.[10]

ثهعلەبە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، خەڵكی ویستیان مەڕو مالآتێك تالآن بكەن، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری كرد و رێی نەدا.[11]

ئەمەش لە جەنگى حونەیندا و دەڵێت بیستم هاواركەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوارى دەكرد كەس تالآنى نەكات.[12]

ثهعلەبەى كوڕی حەكەم دەڵێت من لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) هێشتا مێردمنداڵ بووم.[13]

ئەم هاوەڵە لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد.[14]

ثهعلەبەى كوڕی خیدام (رضي الله عنه)

ثهعلەبەى كوڕی خیدام یەكێك بوو لە هاوەڵە پشتیوانەكان، یەكێك بوو لەوانەى كە لە غەزاى تەبووكدا دواكەوتن.[15]

سەبارەت بە ناو و ژمارەى ئەو كەسانەى لە غەزاى تەبووكدا دواكەوتن راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت دە كەس بون، بۆچوونێك دەڵێت حەوت كەس بوون و چوار كەسیان خۆیان بەستبوویەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا ئەو كاتەى خوا لێیان خۆش دەبێت، بۆچوونێك ناوى سێ كەس دێنێت،[16]رایەكیش ناوى شەش كەس دێنێت كە بریتین لە (ئەوسی كوڕی خيذام، ئەبوولبابە، ثهعلەبەى كوڕی وەدیعە، كەعبی كوڕی مالیك، مرارەى كوڕی رەبیع، هیلالی كوڕی ئومەییە).[17]

زۆرجار بە جیا لە سەرچاوەكاندا ناوى یەكێك لەو شەش هاوەڵە دێت كە خۆی بەستوەتەوە بە پایەكانى مزگەوتەوە تا تەوبەیەك بێت لەو كارەى و خواى گەورە لێی خۆش بێت، بەڵام لەو شەش كەسە ئەوانەى خۆیان بەستەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) سێ كەس بوون  و بریتی بوون لە ئەوس و ئەبوو لبابە و ثهعلەبە.[18]

سەبارەت بەو كەسانەى كە نەچون بۆ غەزاى تەبووك ئیبن كەثير دەڵێت: ئەوانەى نەچوون بۆ غەزاى تەبووك چوار بەش بوون، بەشێك فەرمانیان پێكرابوو لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا نەچن و پاداشتیان بۆ هەیە وەك عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موحەممەدى كوڕی مەسلەمەو ئیبن ئوم كلثوم، دەستەیەكی تر بیانوویان هەبوو لەبەرئەوەى لاواز و نەخۆش بوون، دەستەیەكیش ئەوانە بوون كە لە خەفەتى نەچوونەكەیان دەگریان، ئەمانە تاوانبارەكان بوون و بریتی بوون لە ئەبوولوبابەو هاوەڵەكانى، دەستەى چوارەمیش سەركۆنەكراوان بوون كە بریتی بوون لە دوورووەكان.[19]

 

ثهعلەبەى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە بەنى عەمرى كوڕی عەوف.[20]

 

ثهعلەبەى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی زەیدی كوڕی حارثى كوڕی حەرامە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[21] كوڕێكی هەبوو بە ناوى ثابت كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[22]

ژنەكەى ثهعلەبە ناوى ئوممو ئوناسی كچی سەعد بوو.[23]

ثهعلەبەى كوڕی زەید یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەدر، هەروەها لە غەزاى طائیفیشدا بەشدارى كردو تیایدا شەهید بوو.[24]

ثهعلەبەى كوڕی ساعیدە (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی ساعیدەى كوڕی مالیكە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى ئوحود و تیایدا شەهید بوو.[25]

ثهعلەبەى كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی سەعدى كوڕی مالیكی كوڕی خالیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[26]

برایەكى هەبوو بە ناوى سەهلى كوڕی سەعد كە لە هاوەڵانى دیارو نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[27]

خوشكێكیشی هەبوو بە ناوى عومەیرە كە ئەویش لە هاوەڵان بوو.[28]

ثهعلەبەى كوڕی سەعد لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدارى كردو لە ئوحوددا شەهید بوو.[29]

ثهعلەبەى كوڕی سەعیە (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی سەعیەیەو سەرەتا جوولەكە بوو  و دواتر موسڵمان بوو.[30]

لەگەڵ دوو كەسی ترى جوولەكەى بەنى قورەيضه موسڵمان بوو، ئەو دوانەش بریتی بوون لە ئەسەدى كوڕی عوبەید و ئەسەدى كوڕی سەعیە.[31]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێرشی برد بۆ بەنى قورەيضه و گەمارۆی دان ودواتر ناچار بوون خۆیان بدەن بە دەست بڕیارى سەعدى كوڕى موعاذەوە، شەوێ پێش ئەوە ئەسەد موسڵمان بوو، لەگەڵیشیدا ئەو دوانەش موسڵمان بوون.[32]

ئیبنولهیبان كە جوولەكەیەكى شام بوو چەند ساڵێ بەر لە ئیسلام هات بۆ مەدینە، لەوێ وەسفی تەواوى كۆتا پێغەمبەرى بۆ كردن، لەسەرەمەرگیدا پێی وتن: من لەبەر هاتنى ئەو پێغەمبەرە هاتوم بۆ ئێرە، ئەم قسەى ئەم جوولەكە خواناسە لە شەوى فەتحى بەنى قورەەيضهدا بوو بە خێر بۆ ئەم سێ كەسە و ئەوانیش ئەم قسەیان بەبیری ئەوانى تر هێنایەوە، بەڵام ئەوان سوودیان لێ نەبینى.[33]

ئەم سێ كەسە داوایان كرد لە بەنى قورەيضه تا لەخوا بترسن و باوەڕ بهێنن بە پێغەمبەرایەتى موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، بۆیە ئەم سیانە دابەزینە خوارەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  و موسڵمانبونى خۆیان راگەیاند، جولەكەكانیش وتیان موحەممەد تەنها كەسە زۆر خراپەكانى ئێمەى بۆ چووە، مەبەستیان ئەم سیانە و عەبدوڵاى كوڕی سەلام بوو كە موسڵمان بووبوون.[34]

 

ثهعلەبەى كوڕی سەلام (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی سەلامەو برای عەبدوڵاى كوڕی سەلامە، واتە لە جوولەكەكان بوو، رایەك هەیە ئەویش یەكێك بووە لەوانەى لەسەر موسڵمان بوونەكەیان ئایەتى خوا دابەزى (من أهل الكتاب أمة قائمة...).[35]

 

ثهعلەبەى كوڕی سوەید(رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی سوەیدە، ئەم هاوەڵەش لە پشتیوانانەو براى ئەوسی كوڕی سوەیدە.[36]

ثهعلەبەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی عەمرى جذامیەو یەكێكە لەوانەى كە لەلایەن زەیدى كوڕی حارثهوە بەدیل گیران و دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئازادكردنیان.[37]

ثهعلەبەى كوڕی عەمرى كوڕی میحصەن (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی عەمرى كوڕی میحصەنە، دەوترێت كونیەكەى ئەبوعەمرە بووە،[38] ئەم هاوەڵەش لە پشتیوانانە لە بەنى نەجار،[39] دایكی ناوى كەبشەی كچی ثابتى كوڕی مونذیرە كە خوشكی حەسسانى كوڕی ثابت بوو، واتە حەسسانى كوڕی ثابت خاڵۆی ثهعلەبە بوو.[40]

ژنەكەى ثهعلەبە ناوى كەبشەی كچی مالیك بوو.[41]

كچێكی هەبوو بە ناوى ئوممو ثابت كە بەیعەتی دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[42]

ثهعلەبەى كوڕی عەمرى كوڕی میحصەن لە غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد،[43] لە جەنگى (جسر أبو عبید) لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، واقیدیش دەڵێت لە خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا وەفاتى كرد.[44]

ثهعلەبەى كوڕی عەنمە (رضي الله عنه

ناوى ثهعلەبەى كوڕى عەنمەى كوڕی عەدى كوڕى نابی كوڕى عەمرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[45]

ثهعلەبە لە هەردوو بەیعەتى یەكەم و دووەمى عەقەبەدا بەشدارى كرد، دواتریش كە هاتەوە مەدینە یەكێك بوو لەوانەى دەچوون بتەكانى بەنى سەلەمەیان دەشكاند تا هۆزەكەى خۆیان لە بێتوانایی بتەكان ئاگادار بكەنەوە و پێیان بڵێن ئەو بتانە شیاوى پەرستن نین.[46]

هەریەك لە موعاذی كوڕی جەبەل و ثهعلەبەى كوڕی عەنمەو عەبدوڵاى كوڕی  ئەنیس پێكەوە دەچوون بتەكانى بەنى سەلەمەیان دەشكاند.[47]

ثهعلەبەى كوڕى عەنمە لە غەزاى بەدر و خەندەقیشدا بەشدار بوو و لە خەندەقدا شەهید بوو، شەهیدبوونەكەشی بە دەستى هوبەیرەى كوڕی ئەبی وەهب بوو، رایەكى تریش دەڵێت لە غەزاى خەیبەردا شەهید بوو.

ثهعلەبە سەبارەت بە مانگ پرسیارى كرد چۆن سەرەتاى مانگ بە بچووكى دەردەكەوێت و دواتر بەرەبەرە گەورە دەردەكەوێت، ئەوەبوو ئەم ئایەتە دابەزى (يسألونك عن الأهلة....).[48]

ثهعلەبەى كوڕی قەيظى (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی قەيظى كوڕی صەخرى كوڕی سەلەمەیە، لە پشتیوانانە، رایەك هەیە دەڵێت بەشداربووى غەزاى بەدر بووەو تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب ماوە و لە جەنگى صفیندا بەشدارى كردووە.[49]

 

ثهعلەبەى كوڕی وەدیعە (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی وەدیعەیە و یەكێكە لە هاوەڵە پشتیوانیەكان، یەكێك بوو لەوانەى لە غەزاى تەبووك دواكەوتن و دواتریش خۆیان بەستەوە بە پایەكانى مزگەوتەكەى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم).[50]

سەبارەت بە ناو و ژمارەى ئەو كەسانەى لە غەزاى تەبووكدا دواكەوتن راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت دە كەس بون، بۆچوونێك دەڵێت حەوت كەس بوون و چوار كەسیان خۆیان بەستبوویەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا ئەو كاتەى خوا لێیان خۆش دەبێت، بۆچوونێك ناوى سێ كەس دێنێت،[51]رایەكیش ناوى شەش كەس دێنێت كە بریتین لە (ئەوسی كوڕی خيذام، ئەبوولبابە، ثهعلەبەى كوڕی وەدیعە، كەعبی كوڕی مالیك، مرارەى كوڕی رەبیع، هیلالی كوڕی ئومەییە).[52]

زۆرجار بە جیا لە سەرچاوەكاندا ناوى یەكێك لەو شەش هاوەڵە دێت كە خۆی بەستوەتەوە بە پایەكانى مزگەوتەوە تا تەوبەیەك بێت لەو كارەى و خواى گەورە لێی خۆش بێت، بەڵام لەو شەش كەسە ئەوانەى خۆیان بەستەوە بە پایەكانى مزگەوتى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) سێ كەس بوون  و بریتی بوون لە ئەوس و ئەبوو لبابە و ثهعلەبە.[53]

سەبارەت بەو كەسانەى كە نەچون بۆ غەزاى تەبووك ئیبن كەثير دەڵێت: ئەوانەى نەچوون بۆ غەزاى تەبووك چوار بەش بوون، بەشێك فەرمانیان پێكرابوو لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا نەچن و پاداشتیان بۆ هەیە وەك عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موحەممەدى كوڕی مەسلەمەو ئیبن ئوم كلثوم، دەستەیەكی تر بیانوویان هەبوو لەبەرئەوەى لاواز و نەخۆش بوون، دەستەیەكیش ئەوانە بوون كە لە خەفەتى نەچوونەكەیان دەگریان، ئەمانە تاوانبارەكان بوون و بریتی بوون لە ئەبوولوبابەو هاوەڵەكانى، دەستەى چوارەمیش سەركۆنەكراوان بوون كە بریتی بوون لە دوورووەكان.[54]

ثهعلەبەى كوڕی ئەبووبەلتەعە (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەى كوڕی ئەبوو بەلتەعەیە و براى حاطبى كوڕی ئەبووبەلتەعەیە، لاى ئەبووعیساى ترمذی لە ریزی هاوەڵاندا ناوى هاتووە.[55]

 

ثهعلەبەى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى ثهعلەبەیەو لە پشتیوانانە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان، ئەم هاوەڵە پاش فەتحى میصر لە میصر نیشتەجێ بوو.[56]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 400.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 460.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 461.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 264.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 400.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 460.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 400.

[8] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 4173، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1310، ضعفه ابن حجر العسقلانى و الحافظ العراقي، كما أشار به الألباني و ضعفه في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 4081.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 401.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص 352.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 401.

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 5246،

[13] - أسد الغابة، ج1، ص 352.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 33.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص402.

[16] - صحيح البخاري، الرقم 4165.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152، أسد الغابة، ج1، ص217.

[18] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص27.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 402.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 402.

[22] - أسد الغابة، ج1، ص 328.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 569.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 402.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 403.

[26] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 208.

[27] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 664.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص 37.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 403.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص 355.

[31] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص51.

[32] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص79.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص160.

[34] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص51.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 404.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 404.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 406.

[38] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 122.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص 359.

[40] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 508.

[41] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 418.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص 178.

[43] - أسد الغابة، ج1، ص 360.

[44] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 406.

[45] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 406.

[46] - أسد الغابة، ج1، ص 360.

[47] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 583.

[48] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 406.

[49] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 407.

[50] - أسد الغابة، ج1، ص 362.

[51] - صحيح البخاري، الرقم 4165.

[52] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152، أسد الغابة، ج1، ص217.

[53] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص152.

[54] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص27.

[55] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 400.

[56] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 409.

 2478
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.