دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ثومامە (رضي الله عنه)

ثومامەى كوڕی عەددى (رضي الله عنه)

ناوى ثومامەى كوڕی عەددى قورەیشیە، لە دەستەى یەكەمى كۆچەرانە، لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا و ماوەیەكى خیلافەتى راشیدین بەرپرسی صەنعاء بوو، تا كاتى شەهیدبوونى عوثمانى كوڕى عەففانیش بەرپرسی صەنعاء بوو، كاتێك ئەو هەواڵەیان پێدا زۆر گریا، دواتر كە هاتەوە سەر خۆ وتى ئیتر خیلافەتى پێغەمبەرایەتى داماڵرا.[1]

 

ثومامەى كوڕی ئەبو ثومامە (رضي الله عنه)

ناوى ثومامەى كوڕی ئەبوو ثومامە بەكرى جذامیە، لە بەكرى كوڕى سوادەى جذامیەوە لە مەولایەكیانەوە هاتووە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆ ثومامەى باپیرەى.[2]

 

ثومامەى كوڕی ئوثال(رضي الله عنه)

ناوى ثومامەى كوڕی ئوثالى كوڕی نوعمانى كوڕی مەسلەمەی حەنەفیەو[3] كونیەكەى ئەبوو ئومامەى یەمامیە،[4] گەورەى هۆزەكەى خۆی بوو.[5]

ثومامە دژایەتیەكى زۆری پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد و دەیویست بیكوژێت، بەڵام نەیدەتوانى،[6] ئەوەبوو جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاى ثومامەدا، لەوكاتەدا ثومامە ویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكوژێت، بەڵام مامى رێی نەدا ئەوە بكات،[7] ثومامە بە بێباوەڕی بەرەو عومرە چوو، سوارەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویان گرت و هێنایان بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[8]

ئەبووهورەیرە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستەیەكى سوارەى رووەو نەجد نارد، كەسێكیان لە بەنى حەنیفە هێنا كە پێی دەوترا ثومامەى كوڕی ئوثال، ثومامەیان بەستەوە بە پایەیەكى مزگەوتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات و فەرمووى ثومامە ئازاد بكەن، ثومامەش چوویە ناو باخێكی نزیك لە مزگەوت و خۆی شۆرد و دواتر هاتەوە مزگەوت و وتى (أشهد أن لا إلە إلا الله و أن محمدا رسول الله).[9]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ثومامەى بینی بەسترابوویەوە بە پایەى مزگەوتەوە، پێی فەرموو چیت لایە ئەی ثومامە؟-یانى قسەت چیە؟- ئەویش وتى ئەی موحەممەد قسەى چاكم لایە، ئەگەر بمكوژیت خاوەن خوێنێكت كوشتووە، ئەگەریش چاكە بنوێنیت بەرامبەر سوپاسكەرێك چاكە دەنوێنیت، ئەگەریش پارەو سامانت دەوێت داواى بكە تا چەندت دەوێت پێت بدرێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وازى لێ هێنا تا بەیانى، هەمان شتى لێ دووبارە كردەوە، ثومامەش وتى هەمان شتم لایە كە پێم وتیت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) جێی هێشت تا بەیانى، بۆ رۆژی سێیەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمان شتى لێ دووبارە كردەوە، ثومامەش هەمان وەڵامى دایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ثومامە ئازاد بكەن، ئەویش چوو بۆ باخە خورمایەكى نزیك مزگەوت و خۆی شۆرد و هاتەوە ناو مزگەوت و وتى (أشهد أن لا إلە إلا الله و أن محمدا رسول الله)، ئەى موحەممەد سوێند بەخوا لەم سەر رووى زەویەدا كەس نەبوو هێندەى تۆ رقم لێی بێت، بەڵام ئێستا دەموچاوى تۆ شیرینترین و خۆشەویستترین دەموچاوە، سوێند بەخوا هیچ ئایینێك نەبوو هێندەى ئایینەكەى تۆ لام بێزراو بێت، ئێستا ئایینەكەى تۆ خۆشەویستترین ئایینە، سوێند بەخوا هیچ شارێك نەبوو هێندەى شارەكەى تۆ لام بێزراو بێت، بەڵام ئێستا شارەكەى تۆ لام خۆشەویستترین شارە، دەستە سوارەكەى تۆ منیان بردو منیش لەو كاتەدا نیازم هەبوو عومرە بكەم، جا بۆچوونى جەنابت چۆنە؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مزگێنی پێدا و فەرمانى پێكرد عومرە بكات، كاتێك ثومامە چوویە مەككە كەسێك پێی وت: ئەرێ لێت شێواوە؟ وتى نا بەڵكو موسڵمان بوم لەگەڵ پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم)، سوێند بەخوا لە یەمامەوە دەنكە گەنمێكتان بۆ نایەت تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى ئەوە نەدات،[10] ئیتر ثومامە گەڕایەوە بۆ یەمامەو رێی نەدەدا هیچ دانەوێڵەیەك بچێت بۆ مەككە، قوڕەیش حاڵیان سەخت بوو، نامەیان نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داوایان لێكرد رەحمى هەبێت بۆ خزمانى و نامە بنێرێت بۆ ثومامە تا رێ بدات خواردن بنێردرێت بۆیان، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پەیامى نارد بۆ ثومامە تا دانەوێڵە بنێرێت بۆ مەككە.[11]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كاتێك ثومامە خۆی شۆرد جلەكانیشی پاك كردەوە.[12]

موسڵمانبوونەكەى ثومامە زۆر لە دڵەوە بوو و كاتێكیش خەڵكی یەمامە لە ئیسلام هەڵگەڕانەوە و موسەیلەمەى درۆزن لە یەمامە دەركەوت و بانگەوازى دەكرد ثومامە دژایەتى پەیامەكەى موسەیلەمەى دەكرد و خەڵكى لە درۆى موسەیلەمە ئاگادار دەكردەوە ،[13] ثومامە دەیوت ئەى خەڵكینە وریابن بەرامبەر بە موسەیلەمە چونكە لە یەك كاتدا دوو پێغەمبەر بۆ یەك كار كۆ نابنەوە، موحەممەد پێغەمبەرى خوایەو دواى ئەویش هیچ پێغەمبەرێك نیە، هیچ پێغەمبەرێك نایەت هاوبەشی پێغەمبەرایەتى موحەممەد بێت، پاشان ئەم ئایەتانەى دەخوێندەوە بۆیان (حم تنزيل الكتاب من الله العزيز العليم غافر الذنب قابل التوب شديد العقاب ذي الطول لا إله إلا هو إليه المصير)، وتى ئەمە پەیامى خوایە، ئایا ئەوە وەك قسەكەى موسەیلەمەیە، كاتێك خالیدی كوڕی وەلید هاتە یەمامە سوپاسی ئەو كارەى ثومامەى كرد و راستى ئیماندارى ئەوى بۆ دووپات بوویەوە.[14]

ثومامە هاودەم بەوانەى گوێڕایەڵی بوون لەسەر ئیسلام مانەوەو هۆزەكەى خۆیان بەجێهێشت و خۆیان گەیاند بە عەلائی حەضرەمى و دژ بە هەڵگەڕاوەكانى ناو بەحرەین جیهادیان كرد،[15] كاتێك عەلائى حەضرەمى گەیشتە بەحرەین، ثومامە بە سوپایەكى گەورەوە بەرەو لاى چوو و خەڵكێكی زۆری تریش چوونە ناو ئەو سوپایە،[16] كاتێك سەركەوتن ثومامە جل وبەرگێكى گەورەكەیانى كڕی، خەڵكێ لە بەنى قەیس بینییان ثومامە ئەو بەرگەى كردوەتەبەر، وایانزانى ئەو بكوژی خاوەن بەرگەكە بووە، بۆیە ثومامەیان كوشت.[17]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 412.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 412.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 363.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 410.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 3397.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 364.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 550.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 364.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 452و 459 و 2312،

[10] - صحيح البخاري، الرقم 4123، صحيح مسلم، الرقم 3397، مستخرج أبي عوانة، الرقم 5369، صحيح ابن حبان، الرقم 1255، سنن أبي داوود، الرقم 2318، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12004، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 9622، السنة لأبي بكر بن الخلال، الرقم 1675.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 364.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 364.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص 365.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 550.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 411.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 328.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 411.

 2137
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.