دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو ژنە هاوەڵانەی ناویان (جەمیلە) بووە

جەمیلەى كچی زەید(رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی زەیدەو خوشكی عەلبەى كچی زەیدە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانەو بەیعەتى داوە بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[1]

جەمیلەى كچی سەعد(رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی سەعدى كوڕی رەبیعە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە،[2] كونیەكەى ئومووسەعدە.[3]

سەعدى باوكى لەگەڵ براكەیدا (مامى جەمیلە) لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوون و هەردووكیان لە یەك گۆڕدا ئەسپەردە كران.[4]

جەمیلە لەگەڵ زەیدی كوڕی ثابتدا هاوسەرگیری كرد و خاریجە و یەحیا و ئیسماعیل و سولەیمانى لێ بوو.[5]

جەمیلەى كچی سینان (رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی سینانە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە،[6] دایكی ناوى خەولەیە.[7]

جەمیلەى كچی صەیفی(رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی صەیفیە، دایكی ناوى نوارى كچی قەیسە، جەمیلە شووی كرد بە عەتیكی كوڕی قەیس.[8]

جەمیلەى كچی عەبدوڵا (رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی عەبدوڵاى كوڕی حەنظهلەیە، لە پشتیوانانەو لەو ئافرەتانەیە كە بەیعەتیان داوە بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).

جەمیلەى كچی عەبدولعوززا (رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی عەبدولعوززاى كوڕی قەطهنى خوزاعیە، ئەم ئافرەتە موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، هەروەها ئەم ژنە هاوسەری عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوام بوو.[9]

جەمیلەى كچی عەمر (رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی عەمرى كوڕی زەیدە، دایكی ناوى ئەنیسەی كچی عاصیمە، ئەم ئافرەتەش لەوانەیە كە بەیعەتیان داوە بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، سەرەتا شووى كرد بە عوبادەى كوڕی صامت و وەلیدی لێ بوو، دواتر شووی كرد بە رەبیعی كوڕی سوراقە و عەبدوڵا و موحەممەدى لێ بوو، دواتر شووى كرد بە كلدەى كوڕی ئەبووخالید.[10]

جەمیلەى كچی ئەبولئەفلەح(رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی ئەبولئەفلەح بوو، ئەم ئافرەتە سەرەتا ناوى عاصیە بوو بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا جەمیلە.[11]

لە ساڵی حەوتى كۆچیدا عومەر جەمیلەى بەهاوسەر گرت و عاصمی لێ بوو، دواتر تەلآقی دا، ئینجا یەزیدى كوڕی حارث بەهاوسەرى گرت و عەبدوڕەحمانى لێ بوو.[12]

جەمیلە كاتێك هاوسەرى عومەر بوو هێشتا ناوى عاصیە بوو وتى عومەر رقمە لە ناوەكەى خۆم ناوێكی ترم لێ بنێ، ئەویش ناوى نا جەمیلە، ئەویش تووڕە بوو و وتى هیچت بۆ نەدۆزیمەوە جگە لە ناوى كەنیزەیەك؟ بۆیە چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رقم لە ناوەكەمە ناوێكی ترم لێ بنێ، ئەویش ناوى نا جەمیلە، بەڵام ئەو تووڕە بوو و وتى كە پێشتریش عومەر وا ناوى ناوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أما علمت أن الله عند لسان عمر و قلبه[13] (مەگەر نازانیت خوا لەگەڵ زمان و دڵی عومەرە؟).

 

جەمیلەى كچی ئەبووجەهل(رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی ئەبووجەهلى كوڕی هیشامى مەخزموومیە.

جەمیلە دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاماندا و داواى ئاوى كرد و منیش ئاوم بۆ برد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خير أمتي قرني، ثم الذين يلونهم[14] (چاكترینی ئوممەتەكەم سەردەمەكەى منن، دواتر ئەوانەى دواى ئەوان دێن).

جەمیلەى كچی ئوبەى (رضي الله عنها)

ناوى جەمیلەى كچی ئوبەى كوڕی سەلوولە، خوشكی عەبدوڵاى كوڕی سەلوولى سەرۆكى دوورووەكانى مەدینەیە.[15]

ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[16]

جەمیلە سەرەتا ژنى حەنظهلەى كوڕی ئەبی عامر بوو، بەڵام لە رۆژی ئوحوددا حەنظهلە شەهید بوو، دواتر شووی كرد بە ثابتى كوڕی قەیس.[17]

ئەم ئافرەتە یەكەم ئافرەت بوو كە لە ئیسلامدا تەلآقی خولعى بەكارهێنا.

جەمیلە هاوسەری ثابتى كوڕی قەیسی كوڕی شەمماس بوو، بڕیاری دا لە ثابت جیا بێتەوەو چووە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و داواى تەلآقی كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى مارەییەكەت چیە؟ ئەویش وتى باخێكە، فەرمووى ئامادەى بیدەیتەوە بە ثابت؟ وتى بەڵێ، بەوەش یەكەم ئافرەت بوو لە ئیسلامدا خولعى بەكارهێنا.[18]

كاتێك جەمیلە لە ثابت جیا بوویەوە سكى پڕ بوو بە موحەممەد، كاتێك موحەممەدى بوو سوێندى خوارد شیری خۆی پێ نەدات، ثابت هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باس كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (نزیكی بكەرەوە لێم) واتە منداڵەكەى مەبەست بوو، ئەویش نزیكی كردەوە لێی، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تفى دا لە دەمى و ناوى نا موحەممەد و بە خورمایەكى عەجوە لێوی سوى و فەرمووى (بیبە خواى گەورە رۆزى دەریەتى).[19]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 560.

[2] - أسد الغابة، ج7، ص 60.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 560.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1803.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 560.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 60.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 561.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 561.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 563.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 561.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 556.

[12] - أسد الغابة، ج7، ص 59.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 558.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 559.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 556.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 556.

[17] - أسد الغابة، ج7، ص 58.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 556.

[19] - أسد الغابة، ج5، ص 85.

 2080
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.