دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حارث) بووە -بەشی یەكەم-

حارثى سەهمى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ئەبی قاربی قورەیشى سەهمیە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى ئەجنادەیندا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[1]

 

حارثى كوڕى ئەبی هالە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ئەبی هالەیە، براى هیندى كچی ئەبی هالەیە.

یەكەم هاوەڵ بوو لە مەككە لەلاى بەیتدا شەهید بوو، كاتێك خوا فەرمانى كرد بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تا پەیامەكەى ئاشكرا بگەیەنێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە لاى كەعبە وەستا و فەرمووى بڵێن لا إلە إلا الله براوە دەبن، ئەوەبوو بێباوەڕان بەرەو رووى چوون تا ئازارى بدەن، خێرا حارثى كوڕی ئەبی هالە چوو و كەوتە لێدانیان و دوورخستنەوەیان، ئەوانیش كەوتنە لێدانى تا كوشتیان.[2]

حارثى كوڕى بیلال(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی بیلالى موزەنیە، لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەرپرسیارێتی هەبوو، دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاوەو خالیدی كوڕی وەلید لە كاتى فتووحاتى عێراقدا لەگەڵ موثهنناى كوڕی حارثهدا دایناوە.[3]

 

حارثى كوڕى تەمیم (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی تەمیمى كوڕی ئەبی عەمرى ئومەویە، لە جەنگى بەدردا لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بەشدار بوو و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص ئەوى بەدیل گرت.

حارث دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و هێندە پیر بوو تا لەپێ كەوت.[4]

حارثى كوڕى توبەیع(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی توبەیع یان كوڕی تەبیعە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،[5] دواى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[6]

 

حارثى كوڕى ثابت (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ثابتى كوڕی سەعیدە، لە پشتیوانانە، لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.

حارثى كوڕى ثابتى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ثابتى كوڕی عەبدوڵایە، لە پشتیوانانە، لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، هەرچەندە ئیبن ئەثير پێی وایە ئەو دوو حارثه یەك بن بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت ئیبن ئەثير نەیپێكاوە چونكە رەچەڵەكى ئەو دوانە جیایە.[7]

حارثى كوڕى جەمماز(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی جەممازى كوڕی مالیكە، برایەكى هەبوو بە ناوى كەعب، برایەكى تریشی هەبوو بە ناوى سەعد.[8]حارث كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا.[9]

حارثى كوڕی جەمماز لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوو.[10]

حارثى كوڕى جوندوب(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی جوندوبی عەبدیە، یەكێك بووە لە ئەندامانى وەفدى عەبدولقەیس و هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[11]

حارثى كوڕى حارث (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حارثى ئەشعەری شامیە، كونیەكەى ئەبوو مالیكە، لەو هاوەڵانەیە كە لە شام نیشتەجێ بوو.[12]

حارثى كوڕى حارثى سەهمى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حارثى كوڕی قەیسی قورەیشی سەهمیە، ئەم هاوەڵە دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى ئەجنادەین بەشدارى كرد، دەوترێت لە ئەجنادەیندا شەهید بووە، رایەكى تریش دەڵێت لە جەنگى یەرمووكدا شەهید بووە.[13]

 

حارثى كوڕى حارثى غامیدى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حارثى غامیدیەو كونیەكەى ئەبولمەخاریقە، لە هاوەڵانى دانیشتووی حیمصدا ئەژمار كراوە، حارث دەڵێت ئێمە لە (منى) بووین لەگەڵ باوكم، وتم باوكە ئەو خەڵكە بۆچی كۆبوونەتەوە؟ ئەویش وتى ئەوانە لە دەورى لەدین دەرچوویەك كۆبوونەتەوە، منیش سەركەوتم بینیم پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) و خەڵكی بانگ دەكات بۆ یەكخواپەرستی.[14]

 

 

حارثى كوڕى حارثى كوڕی كیلدە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حارثى كوڕی كیلدەى ثهقەفیە،[15] لەو كەسانەیە كە دواى فەتحى مەككە موسڵمان بوون.[16]

حارثى كوڕى حارثى ئەزدى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حارثى ئەزدیە، فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە،[17] حارث دەڵێت گوێم لێ بوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە لە خواردن دەبوویەوە دەیفەرموو (اللهم لك الحمد طعمت و سقيت و أرويت لك الحمد غير مكفور و لا مودع و لا مستغنى عنك ربنا).[18]

حارثى كوڕى حاطيب(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حاطيبى كوڕی حارثى قورەیشی جومەحیە، باوكیشی لە هاوەڵانە، برایەكى هەبوو بە ناوى موحەممەد، حارث لە مەككە لەدایك بوو و لەگەڵ باوك و دایكیدا كۆچی كرد بۆ حەبەشە و لەوێ موحەممەدى براى لەدایك بوو.[19]

دایكى ناوى حارثى كچى موجەللیلە.[20]

حارث فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

حارث دەڵێت كەسێك لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دزى كرد و هێنرا بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى بیكوژن، هاوەڵانیش وتیان دەى ئەو تەنها دزى كردووە، فەرمووى دەى دەستى ببڕن، ئەوەبوو دەستى بڕا، ئینجا هەمتر دزى كرد و دەستەكەى تریشی بڕا، ئینجا لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكردا دزى كرد و قاچێكى بڕا، ئینجا هەمتر دزى كرد و قاچەكەى تریشی بڕا، بۆ جارى پێنجەم كە دزى كرد ئەبووبەكر وتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) شارەزاتر بوو بەمە كاتێك فەرمانى كرد بكوژرێت، بیبەن و بیكوژن.[21]

حارث دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى موعاویەدا مەروانى كوڕی حەكەم كە والى مەدینە بوو بەرپرسیارێتی دا بە حارث، دواتریش لە سەردەمى شۆڕشەكەى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیردا عەبدوڵا لە ساڵی شەست و شەشدا حارثى كرد بە والى مەككە.[22]

حارثى كوڕى حاطيب (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حاطيبى كوڕى عەمرە،[23] لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە،[24] دایكى ناوى ئومامەى كچى صامت بوو، دایكیشی لە هاوەڵان بوو و بەیعەتى دابوو بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[25]

حارث براى ثهعلەبەى كوڕی حاطيبه.[26]

خوشكێكی هەبوو بە ناوى حەفصە كە ئەویش هاوەڵى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[27]

حارث ژنێكى هەبوو بە ناوى ئومموعەبدوڵا كە خواى گەورە منداڵێكى پێدان بە ناوى عەبدوڵا.[28]

حارث لەگەڵ ثهعلەبەى برایدا لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو،[29] هەرچەندە رایەكى تر دەڵێت كاتێك حارث ویستى بەشدارى بكات پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوى گێڕایەوەو دواتریش بەشدارى پشك و پاداشتیشی كرد.[30]

دواتر حارث لە هەریەك لە غەزاكانى ئوحود و خەندەق و حودەیبیە و خەیبەریشدا بەشدار بوو و لە خەیبەردا شەهید بوو.[31]

ئیبن كەثير هێناویەتى كە حارثى كوڕى حاطيب لە غەزاى خەیبەردا شەهید بووە،[32] بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت بە سەنەدى لاواز هاتووە كە حارث تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب ماوە و لە جەنگەكاندا بەشدار بووە.[33]

بەڵام راى یەكەم راستترە، ئیبن سەعد دەڵێت حارث لە خەیبەردا بەشدار بوو و كەسێكی جوولەكە لەسەر قەلآكەوە حارثى فڕێ دایە خوارەوە، بەوە حارث شەهید بوو.[34] 

حارثى كوڕى حەسسان (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی حەسسانى ذهیلە، یان بە بچووككراوەییش ناوى هاتووە بە حورەيث، ئەم كەسە لە دەرەوەى مەدینە نیشتەجێ بوو و وەك وەفدا هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، كاتێك ژنى هێنا وا باو بوو ئەوەى ژنی دەهێنا چەند رۆژێك لە نوێژی جەماعەتى بەیانى دوادەكەوت، ئەو وتى بەخوا ژنێك لە جەماعەتى نوێژی بەیانیم بكات بە دڵنیاییەوە ژنێكی خراپ دەبێت.[35]

حارث دەڵێت كاتێك ویستم بچم بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە ناوچەى رەبذەدا تێپەڕ بووم، لەوێ پیرەژنێكم بینی كە لە بەنى تەمیم بوو و لە چۆڵەوانیەكدا بوو،[36] وتى بۆ كوێ دەچن؟ وتم دەچم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش وتى دەى منیش لەگەڵ خۆتان بەرن ئیشم پێیەتى،[37] منیش لەگەڵ خۆمدا بردم تا چووینە مزگەوت، بینیم ئالآیەكى رەش هەڵكرابوو و خەڵكی لە دەورى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون، وتم ئەوە چیە؟ وتیان پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیەوێت عەمرى كوڕی عاص بنێرێت بۆ هێرش بردن، بیلالیش شمشێرێكى بەدەستەوە بوو و لە بەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) وەستابوو، منیش لە مزگەوتدا دانیشتم تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە مزگەوت، مۆڵەتى دام و منیش چوومە خزمەتى، فەرمووى (هیچ لەنێوان ئێوەو بەنى تەمیمدا هەبووە؟) وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئێمە دامان بەو ناوچەدا و پیرەژنێكی بەنى تەمیمم بینی و هێنام لەگەڵ خۆم و وا ئێستاش لەبەر دەرگاى مزگەوتە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داواى كرد بێتە ژوورەوە، ئەویش هاتەژوورەوە، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێت چۆنە (دهناء) بكەیتە دیوارى نێوان ئێمەو بەنى تەمیم چونكە ئەو ناوچە هی ئێمە بوو، پیرەژنەكەش بەوە تووڕە بوو و نیوەئەژنۆ دانیشت و وتى ئەى پێغەمبەرى خوا ئەى موضهرەكەت ناچار بە كوێ بن؟[38] منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە ئەم پیرەژنەمان هێناو نەماندەزانى نەیارى ئێمە دەبێت، پەنا دەگرم بە خوا و بە پێغەمبەرى خوا كە من وەك وەفدى عاد بم، فەرمووى ئێ نوێنەرى عاد چیە؟ (لەویش شارەزاتر بوو بە مەسەلەكە، بەڵام ویستى راى وەرگرێت)، وتم عاد كە تووشی وشكەساڵی بوون نوێنەری خۆیان نارد، نێردراوەكەیان پێی دەوترا قەیل، داى بە لاى موعاویەى كوڕی بەكردا و مانگێك لاى مایەوە و مەى لا دەخواردەوەو دوو كەنیزەكیش گۆرانییان بۆ دەوت كە پێییان دەوترا دوو جەرادەكە (دوو گۆرانى بێژی ناسراوى ئەوكات بوون)، كاتێك مانگەكە تەواو بوو چوو بۆ شاخى تیهامەو هاوارى كرد خوایە تۆ دەزانیت من نەهاتوم تا نەخۆشێك تیمار بكەم و نەهاتوم بۆ ئازادكردنى دیلێك، خوایە بارانت بڕژە بەسەر عاددا، ئەوەبوو كۆمەڵێك هەورى رەش هات و دەنگى لێوە دەهات هەڵبژێرە، ئەویش ئاماژەى دا بە هەورێكی رەشیان، دەنگى لێوە هات بەخوڕ ببارەو كەس لە عاد مەهێڵە،[39] دەڵێت كاتێك بیستم رەشەبایان بۆ چووە هەموویانى لەناوبردووە)، بۆیە هەركات پیاوێك یان ژنێك بە وەفد بچوایە دەیانوت وەك نێردراوەكەى عاد مەبە.[40]

ئەم هاوەڵە دواتر لە كووفە نیشتەجێ بوو.[41]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 592.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 605.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 565.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 608.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 565.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 467.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 565.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 468.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 72.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 566.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 566.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 468.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 567.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 567.

[15] - أسد الغابة، ج1، ص 471.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 567.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 566.

[18] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3291.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 568.

[20] - أسد الغابة، ج1، ص 471.

[21] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 8223، السنن الصغرى، الرقم 4915، الآحاد  و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 725،  المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3327، قال الذهبي في التلخيص إسناده منكر،

[22] - أسد الغابة، ج1، ص 471.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 568.

[24] - أسد الغابة، ج1، ص 472.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 349.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 568.

[27] - أسد الغابة، ج7، ص 74.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 461.

[29] - البدايةوالنهاية لابن كثير، ج3، ص 238.

[30] - البدايةوالنهاية لابن كثير، ج3، ص 317.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 461.

[32] - البدايةوالنهاية لابن كثير، ج4، ص 214.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 568.

[34] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 461.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 569.

[36] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15648.

[37] - أسد الغابة، ج1، ص 473.

[38] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15648.

[39] - سنن الترمذي، الرقم 3279، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3273.

[40] مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15648، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[41] - أسد الغابة، ج1، ص 473.

 3355
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.