دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەببانى كوڕی مونقيذ(رضي الله عنه)

ناوى حەببانى كوڕی مونقيذى كوڕی عەمرە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە مازنیەكان.[1]

ژنەكەى ناوى زەینەبوصصوغراى كچی رەبیعەیە، لەم ژنەى دوو منداڵی هەبوو بە ناوەكانى یەحیا و واسیع،[2] كوڕێكی تری ناوى سەعد بوو، سەعد و واسیعی كوڕی هەردووكیان لە رۆژی (الحرة)دا كوژران.[3]

حەببان كەسێكی لاواز و سادە بوو و لە كڕین و فرۆشدا زوو هەڵدەخەڵەتا، بۆیە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێشنیارى بۆ كرد لە كڕین و فرۆشدا ماوەى سێ رۆژ مۆڵەتى پاشگەزبوونەوە دابنێت، هەروەها زمانى كەمێك فس بوو و بە قورسی قسەی دەكرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو (قل لا خلابة)،(لە كڕین و فرۆشدا بڵێ بێ هیچ فێڵ و خەڵەتاندنێك)، كەچی ئەو نەیدەتوانى و دەیوت (لا خذابة).[4]

شەوكانى سەبارەت بەم فەرموودەیە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو دەربڕینەى فێركرد تا لەكاتى كڕیندا بیڵێت تا كەسی بەرامبەر بزانێت ئەم كەسە لە ناسینی كالآ و زانینی نرخدا بەرچاو روون و شارەزا نیە تا ئەو كەسە چی بۆ خۆی بە باش دەزانێت بۆ ئەویش واى بوێت، سەبارەت بە مەرجی سێ رۆژەكەش زانایان راجیان، ئایا ئەو مەرجە تایبەت بووە بەم كابرایەوە-حەببان- یان هەركەس دەگرێتەوە كە ئەو مەرجە دابنێت.[5]

ئەم هاوەڵە لە غەزاى ئوحود و غەزاكانى دواتریشدا بەشدار بوو.[6]

لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا حەببان ژنەكەى تەلآق دا، ئەوكات ژنەكەى شیری دەدا، ماوەى حەڤدە مانگ تێپەڕ بوو و ئەو ژنە لەبەر شیردانەكە نەدەكەوتە حەیزەوە، دواى چەند مانگێك لەو تەلآقدانە حەببان نەخۆش كەوت، پێی وترا ئەگەر بمریت ژنەكەت میراتى بەردەكەوێت، ئەویش وتى بمبەن بۆ لاى عوثمان، برا بۆ لاى عوثمان و هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبوو تالیب و زەیدی كوڕی ثابت لاى عوثمان بوون،  كاتێك مەسەلەكەى باسكرد، عوثمان بەو دوو هاوەڵەى لاى خۆی وت راتان چیە؟ ئەوانیش وتیان رامان وایە ئەگەر بمرێت ژنەكەى میراتى بەردەكەوێت، ئەگەریش ژنەكە بمرێت ئەوا حەببان میراتى بەردەكەوێت، چونكە لەو ئافرەتانە نیە كە ئیتر قەت تووشی حەیز نەبن، لەو ئافرەتانەش نیە كە هەرگیز تووشی حەیز نابن، ئەوەبوو حەببان گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو كچە شیرەخۆرەكەى لاى ژنەكەى بردەوە، ئیتر ژنەكە كە شیردانى نەما كەوتە حەیزەوە، بەڵام دوو جار كەوتە حەیزەوە تا ئەوەى حەببان مرد هێشتا ژنەكەى حەیزى نەبوو، بۆیە ژنە تەلآقدراوەكەى حەببان میراتى بەركەوت،[7] حەببان دوو ژنى هەبوو، یەكێكیان قورەیشی بوو و ئەوی تریان پشتیوانى بوو، ئەوەى كە حەببان تەلآقی دابوو ژنە پشتیوانیەكە بوو.[8]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 534.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 534.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 408.

[4] - معرفة السنن و الآثار للبيهقي،الرقم 3393.

[5] - نيل الأوطار للشوكانى، ج5، ص 288.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 534.

[7] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 14363، مصنف عبدالرزاق الصنعاني، الرقم 10754، مسند الشافعي، الرقم 1325.

[8] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 15430.

 2071
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.