دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حەبیب) بووە

حەبیبى كوڕی بودەیل(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی بودەیلى كوڕی وەرقائى خوزاعیە، هەم خۆی و هەم باوكى و هەم عەبدوڵاى برایشی هەرسێیان هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون.[1]

حەبیبى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبیى كوڕی حارثه، حەبیب هاودەم بە ئەبیلغادیە پێكەوە كۆچیان كرد بۆ مەدینە، حەبیب دەڵێت دایكى ئەبیلغادیەشمان لەگەڵدا بوو، هەموو موسڵمان بووین، كە چووینە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژنەكە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاریم بكە، فەرمووى (إياك وما يسوء الأذن[2] (وریابە دوور بە لە بیستنى شتێك كە گوێ پێی بێزار دەبێت).

عائیشەى دایكى باوەڕداران دەڵێت جارێك حەبیبى كوڕی حارث هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)و وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من كەسێكم تاوانم زۆرە، ئەویش فەرمووى: ئەى حەبیب لاى خوا تەوبە بكە، حەبیب وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من تەوبە ئەكەم و هەمدى ئەگەڕێمەوە سەر تاوانەكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەى هەركات تاوانت كرد تەوبە بكە)، ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جا ئەوكات تاوانەكانم زۆر دەبن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى حەبیبى كوڕی حارث لێخۆشبوونى خوا لە تاوانەكانى تۆ زۆرترە).[3]

حەبیبى كوڕی حەبیب(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی بەغيضى كوڕی مەروانى كوڕی عامیرى مازنیە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو تۆ حەبیبى كوڕی حەبیبیت.[4]

ئەمە ئاماژەیە بەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نەوەك تەنها ناوى ناشیرینی كەسەكانى گۆڕیوە، بەڵكو ناوى ناشیرینی باوكى كەسەكانیشی گۆڕیوە.

 

حەبیبى كوڕی حەمامە (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی حەمامەیەو لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[5]

حەبیبى كوڕی حوباشە (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی حوباشەیە،[6] لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[7] لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بە هۆی برینێكەوە كە تووشی بوو كۆچی دوایی كرد، كاتى مردنەكەشی لە شەودا بوو و هەر بە شەویش ئەسپەردە كرا، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر كرد.[8]

 

حەبیبى كوڕی خیراش (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی خیراشی كوڕی حورەيثى كوڕى صامتى تەمیمیە، لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو.[9]

حەبیبى كوڕی خیراشی عەصەرى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی خیراشی عەصەریە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى موحەممەد كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[10]

حەبیب فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتى (المسلمون إخوة لا فضل لأحد على أحد إلا بالتقوى[11] (موسڵمانان بران، هیچ كەس فەزڵی بەسەر كەسی تردا نیە تەنها بە تەقوا نەبێت).

 

حەبیبى كوڕی رەبیعە (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی رەبیعەیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەبووعەبدوڕەحمان، لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)لە غەزاكاندا بەشدارى كرد.[12]

 

حەبیبى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی زەیدى كوڕی تەمیمە، لە پشتیوانانە، لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[13]

حەبیبى كوڕی زەیدى خەزرەجى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی زەیدى كوڕی عاصمە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، ئەم هاوەڵە یەكێك بووە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە.[14]

دایكی ناوى نەسیبەى كچی كەعب بوو، برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، هەریەك لە حەبیب و عەبدوڵاى براى و زەیدی باوكى و نەسیبەى دایكی بەشدار بوون لە بەیعەتى عەقەبەدا، هەروەك هەرچواریان پێكەوە لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدارییان كرد.[15]

دایكی حەبیب كە بە ئوممو عمارە ناسرابوو لە غەزاى ئوحوددا دوانزە جار بریندار بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و دەستیشی بڕا، كاتێك دواى جەنگەكە گەڕایەوە بۆ مەدینە هێندە رێز و گەورەیی هەبوو ئەبووبەكرى خەلیفەى باوەڕداران دەچوو بۆ لاى و پرسیاری لێدەكرد.[16]

كاتێك دەنگۆى دەركەوتنى موسەیلەمەى درۆزن هەبوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەبیبى نارد بۆ لاى موسەیلەمە، موسەیلەمە پرسیارى لێكرد ئایا شایەتى ئەدەیت موحەممەد نێردراوى خوایە؟ حەبیب دەیوت بەڵێ، كاتێك موسەیلەمە دەیوت ئەی شایەتى دەدەیت من پێغەمبەرى خوام؟ حەبیب دەیوت من كەڕم و هیچ نابیستم، چەند جارێك حەبیب ئەمەى دووبارە كردەوە، بۆیە موسەیلەمە كوشتى و پارچە پارچەی كرد،[17] دواى ئەوە دایكی و عەبدوڵاى برایشی مانەوەو لە جەنگى یەمامەدا كە دژ بە موسەیلەمە كرا بەشدارییان كرد.[18]

حەبیبى كوڕی عەبد شەمس(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی عەبد شەمسی كوڕی موغیرەیە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[19]

حەبیبى كوڕی عەمرى سەلامانى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی عەمرى سەلامانیە.[20]

حەبیب دەڵێت ئێمە حەوت كەس بووین لە وەفدى سەلامان كە چووین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك گەیشتین بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەمانبینی لە مزگەوت دەچوویە دەرەوەو بۆ لاى تەرمێك دەچوو، وتمان سەلاموعەلەیك ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (وعلیكم)ئێوە كێن؟ وتمان ئێمە لە هۆزى سەلامانین و هاتوین تا لەسەر ئیسلام بەیعەتت پێبدەین، ئێمە خەڵكێكی زۆری هۆزەكەمان جێهێشتووە و ئەوانیش هاوڕاى ئێمەن، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لاى كردەوە بە لاى ثهوبانى خزمەتكاریدا و فەرمووى ئەوانە ببەرە شوێنی مانەوەى وەفدەكان، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە نوێژى نیوەڕۆی كرد لەنێوان مینبەر و ماڵەكەى خۆیدا دانیشت، ئێمەش چووینە پێشەوە بۆ لاى و سەبارەت بە نوێژ و شەریعەتى ئیسلام و روقییە پرسیارمان لێكرد، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ هەر كاممان پێنج ئۆقیەى پێ بەخشین، پاشان گەڕاینەوە بۆ خاكى خۆمان، ئەم چوون و مانەوەو هاتنەوەشمان لە مانگى شەوالى ساڵی دەى كۆچیدا بوو.[21]

حەبیب دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چاكترین كار چیە؟ فەرمووى (نوێژ لە كاتى خۆیدا)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەى ئەگەر حەوزی ئاوێك چاك بكەم تا وشترەكەم تینوێتى بشكێت ئایا پاداشتم بۆ هەیە؟ فەرمووى (نعم فی كل كبد حری أجر)،[22] (بەڵێ بۆ هەر خاوەن جەرگێكى تینوو پاداشت هەیە).

حەبیبى كوڕی عەمرى ئەجەئى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی عەمرى ئەجەئیە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نووسراوێكی بۆ نووسی كە تیایدا نووسرابوو: (هذا كتاب من محمد رسول الله لحبيب بن عمرو أخي بني أجأ ولمن أسلم من قومه وأقام الصلاة وآتى الزكاة أن له ماله وماءه ما عليه حاضره وباديه على ذلك عهد الله وذمة رسوله[23] (ئەم نووسینە لە موحەممەدى پێغەمبەرى خواوەیە بۆ حەبیبی كوڕی عەمر براى بەنى ئەجەء و ئەوانەی لە هۆزەكەى موسڵمان بون و نوێژ دەكەن و زەكات دەدەن، سامان و ئاوى شوێنی نیشتەنى و دەشتیان بۆ هەیە، بۆ ئەمەش بەڵێنى خوا و زیممەى پێغەمبەرى خوایان بۆ هەیە).

حەبیبى كوڕی عەمرى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی عەمرى كوڕی میحصەنە، لە پشتیوانانە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە رێدا بوو بەرەو یەمامە تا لەو جەنگەدا بەشدار بێت، بەڵام لە رێدا شەهید كرا.[24]

حەبیبى كوڕی عومەیر(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی عومەیرى كوڕى حماشەیە، لە پشتیوانانە.[25]

حەبیب رۆژێك منداڵەكانى كۆكردەوەو وتى:

لە كۆڕی گەمژەكاندا دامەنیشن، چونكە دانیشتن لەگەڵیاندا دەردە،

هەركەس  دەروونى خۆی رابگرێت بەرامبەر بە گەمژە ئەوە بە خۆڕاگریەكەى خۆشحاڵ دەبێت،

هەركەس گەمژەى خۆش بوێت پەشیمان دەبێتەوە،

هەركەس لەسەر ئازارى كەمى گەمژە خۆڕانەگرێ لەبەردەم ئازارى زۆریشیدا خۆی راناگرێت،

ئەوەى لەسەر ناخۆشیەكان خۆڕاگر بێت بەوە دەگات كە حەزى لێیە،

هەركامتان ویستى فەرمان بكات بە چاكەو رێگرى بكات لە خراپە ئەوا با ئەوە نەكات تا خۆی لەسەر خۆڕاگرتن لەسەر ناڕەحەتى رادەهێنێت و بڕواى تەواوى هەبێت بە پاداشتى خوا، چونكە هەركەس متمانەى بە خوا هەبێت هەست بە ئازار ناكات.[26]

 

حەبیبى كوڕی مەڕوان (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبی كوڕی مەڕوانى تەمیمی مازنیە، سەرەتا ناوى بەغيض بوو، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە حەبیب.[27]

بەغيض كوڕێكى هەبوو بە ناوى حەبیب، كاتێك حەبیبى كوڕی چوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى تۆ كێیت؟ وتى حەبیبی كوڕی بەغيض، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بەڵكو تۆ حەبیبی كوڕی حەبیبیت.[28]

حەبیبى كوڕی ئەبولیوسر(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی ئەبولیوسرى كوڕی عەمرە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە،[29] دوو براى هەبوو بە ناوەكانى یەزید و عومەیر، یەزید لەگەڵ حەبیبى برایدا كوژرا، عومەیریش لە جەنگى جیسردا كوژرا.[30]

حەبیب و هەردوو براكەى تا دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیاون و دواجار لە سەردەمى دەوڵەتى ئومەوى لە رووداوى (الحرة) دا شەهید بوو.[31]

حەبیبى كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی یەزیدەو لە پشتیوانانە لە بەنى عەمر، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و لەو جەنگەشدا شەهید بوو.[32]

حەبیبى كوڕی ئەسلەم (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی ئەسلەمە، لە پشتیوانانە و یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[33]

حەبیبى كوڕی ئەسید(رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كوڕی ئەسیدی كوڕی جاریەی ثهقەفیە، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[34]

حەبیبى كیلاعى (رضي الله عنه)

ناوى حەبیبى كلاعیەو بە ئەبوو ضهمرە ناسراوە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى ضهمرە كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[35]

عەبدولعەزیز لە ضهمرەى باوكیەوە و ئەویش لە حەبیبی باوكیەوە گێڕاویەتیەوە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (نوێژی بە كۆمەڵ بیست و پێنج بەرامبەر فەزڵی هەیە بەسەر نوێژی كەسێكدا كە بە تەنها دەیكات).[36]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 14.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 540.

[3] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4955، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1603، إسناده ضعيف.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 17.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 18.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 540.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 16.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 540.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 541.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص 541.

[11] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3463، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2005، قال الحافظ ابن حجر في الإصابة إسناده متروك.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 19.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص 542.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 19.

[15] - أسد الغابة، ج1، ص 542.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 281.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 320.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 19.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 21.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 22.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 332.

[22] - الجزء المتمم لطبقات ابن سعد، الرقم 411.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 280.

[24] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 321.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 22.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص 546.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 25.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 17.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 26.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص 550.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 26.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 26.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 14.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 14.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 26.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 26.

 2034
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.