دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوسەینی كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی پێنجەم -

دەرچوونى حوسەین بەرەو عێراق

پاش ئەوەى حوسەین هەواڵی موسلیمی پێگەیشت، لە مەككەوە رێی گرتەبەر.[1]

حوسەین هەواڵی نارد بۆ مەدینە تا هاوڕاكانى لەوێ پەیوەستى بن، ئەوەبوو نزیكەى نۆزدە ژن و پیاو و منداڵی بەنى عەبدولموتەلیب بەڕێكەوتن بۆ لاى، موحەممەدى برایشی چوو بۆ لاى و لە مەككە پێی گەیشت و وتى دەرچوونت لەمڕۆدا باش نیە، بەڵام حوسەین بەگوێی نەكرد، ئینجا موحەممەد ویستى رێگری بكات لە كوڕەكەى خۆی، بەڵام حوسەین سەركۆنەى كرد لەسەر ئەو هەڵوێستەى.[2]

حوسەین لە دەى ذیلحیججەدا بە ژن و مناڵ و كەسوكارو شەست كەسی ترەوە بەڕێكەوت.[3]

سەرەتا كاروانى عەمرى كوڕی سەعید كە ئەمیری حیجاز بوو رێی گرت بە دەرچوونى حوسەین و خەریك بوو جەنگ رووبدات، بەڵام حوسەین نەیهێشت جەنگ رووبدات، دواتر لە رۆیشتن بەردەوام بوو تا گەیشتە كاروانێكی یەمەنیەكان كە جل و بەرگیان پێ بوو و دەچوون بۆ لاى یەزید، حوسەین جل و بەرگەكەى كڕی لێیان و وتى كێ حەز دەكات لەگەڵمان بێت با بێت و كێش نایەوێت دەتوانێت بگەڕێتەوە.[4]

لە رێدا حوسەین گەیشت بە كابرایەكى ثهعلەبی، كابرا پێی وت ئەى كچەزاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)دەتبینم خەڵكێكی كەمت لەگەڵە، بەڵام حوسەین ئاماژەی كرد بە كۆڵێك كە پێی بوو وتى ئەوە پڕە لە نامە[5](ى پشتیوانى خەڵكی عێراق).

فەرەزدەق دەڵێت لە رێدا گەیشتم بە حوسەین، حوسەین وتى بە راى تۆ خەڵكی كووفە چۆن دەبن لەگەڵم، بارێك نامەى ئەوانم پێیە كە بۆیان ناردوم، منیش وتم مەڕۆ پشتت بەردەدەن،[6] هەروەها پێم وت دڵەكان لەگەڵ تۆن و شمشێرەكان لەگەڵ ئومەویەكانن.[7]

بەیەكگەیشتنى هاشمی و ئومەوی

لە رێدا حوسەین نێردراوێكی نارد بۆ كووفە تا بەخەڵك بڵێت وا بەڕێوەیە و ئامادە بن، كەچی نێردراوەكە كەوتە دەست سەربازانى ئیبن زیاد و كوژرا.[8]

لەولاشەوە موسلیم كە هەواڵی جموجووڵی عوبەیدوڵاى بیست بە چوار سەد كەسەوە بەرەو كۆشك چوو، كەچی تا گەیشتە كۆشك تەنها شەست كەسی لەگەڵ مایەوە، ئیتر دەمەو ئێوارە بوو، جەنگێكی سەختیان كرد و دواجار شكستیان خوارد و موسلیم رایكرد و پەناى بردە بە ماڵی ئافرەتێكی كیندی،[9] ئەو ئافرەتە كوڕێكی هەبوو كە مەولاى موحەممەدى كوڕی ئەشعەث بوو، ئەو كوڕە چوو هەواڵی لە موسلیم دا، بۆیە عوبەیدوڵا خێرا پۆلیسی نارد و موسلیمیش لەگەڵیان جەنگا، بەڵام موحەممەد پەناى بەخشی بە موسلیم، بۆیە موسلیم خۆی دا بە دەستەوە، كەچی موسلیمی برد بۆ عوبەیدوڵا،[10] پێش ئەوەى بكوژرێت موسلیم داواى كرد لە ئیبن سەعد تا هەواڵ بگەیەنێتە حوسەین نەیەت و بگەڕێتەوە، چونكە ئەو خەڵكە درۆیان لەگەڵ كردووە، ئەویش خێرا كەسێكی نارد بۆ حوسەین، ئەوەبوو ئەو كەسە خۆی گەیاندە حوسەین و هەواڵەكەى پێدا،[11] هاوكات هەواڵی ئەوەشی پێدرا كە نێردراوەكەشی لە رێدا ناردبووى ئەویش كوژراوە،[12] عەلى ئەكبەرى كوڕی حوسەین وتى بابە گیان بگەڕێرەوە ئەوانە خەڵكی عێراقن، ناپاكی و كەموەفاییان ناسراوە،[13] بەڵام بەنى عەقیل كە زانییان موسلیم كوژراوە وتیان گەڕانەوە نیە،[14] بۆیە حوسەینیان گەرم دەكرد تا هەر بڕوات، دواجار حوسەین بڕیاریدا كێ دەیەوێت با بگەڕێتەوەو كێش دێت با بێت، ئەوەبوو خەڵكێك گەڕانەوە.[15]

ئیبنولجەوزى دەڵێت: زانایانى ژیاننامە (مێژوو) دەڵێن كاتێك حوسەین زانى چی بەسەر موسلیمدا هاتووە ویستى بگەڕێتەوە، بەڵام براكانى موسلیم وتیان بەخوا ناگەڕێیتەوە تا تۆڵەى خۆمان نەكەینەوە، حوسەینیش وتى دواى نەمانى ئێوە خێر لە ژیاندا نیە، بۆیە درێژەی دا بە رۆیشتنەكەى.[16]

هەموو ئەوانەى لەگەڵ حوسەین بوون پەنجا كەس بوون، نۆزدەیان لە بنەماڵەی خۆی بوون، حوسەین وتى خەڵكینە واز بێنن با بگەڕێینەوە، بەڵام ئەوان وتیان ناگەڕێینەوە.[17]

لەولاشەوە عوبەیدوڵا ئامادەسازى دەكرد و سەربازانى كۆكردەوەو سامانێكی زۆری دا پێیان، هەروەها چوار هەزار سەربازى دایە دەست عومەرى كوڕی سەعد، بەڵام عومەر رازى نەبوو جەنگى حوسەین بكات، عوبەیدوڵا وتى ئەگەر وانەكەیت كەنارت دەخەم و لەسەر دەسەلآت لاتدەبەم و ماڵەكەشت دەڕووخێنم و لە گەردنیشت دەدەم،[18] بەرامبەر بەوەش تەماعى خستە بەردەم كە ئەگەر ئەو كارە بكات ئەوا ناوچەی (رەى)ش دەخاتە ژێر دەستى.[19]

دواتر كە حوسەین هەر بەردەوام بوو لە رێدا گەیشت بە كاروانێكی سوپایی ئومەویەكان بە سەركردایەتى حەررى كوڕی یەزیدى تەمیمی كە هەزار سەربازى لەگەڵ بوو، بەڵام نێوانیان تێكنەچوو، بەڵكو زۆر نەرمونیان بوون پێكەوە، تەنانەت كە كاتى نوێژى نیوەڕۆ هات و بانگ درا حوسەین چوویە دەرەوەو وتارێكی پێشكەش كرد و وتى من لەسەر داواى ئێوە هاتوم جا ئەگەر بەڵێنتان ببەنە سەر باشە، ئەگەریش  بەڵێنتان نابەنە سەر یان حەز بە هاتنم ناكەن لەكوێوە هاتوم دەگەڕێمەوە، ئینجا حوسەین بە حەڕری وت بەرنوێژی بكە بۆ سوپاكەت، حەڕر وتى بەڵكو تۆ بەرنوێژی بكە بۆ سوپاكەى خۆت و ئێمەش، ئەوەبوو حوسەین بەرنوێژی كرد و هەردوو سوپا پێكەوە ریزیان بەست، دواتر حەڕر گەڕایەوە بۆ شوێنی خۆی، نوێژی عەسریشیان بە هەمان شێوە پێكەوە كرد، ئینجا حوسەین پاش نوێژی عەسر وتارێكی تری پێشكەش كردن و دووبارە باسی كرد كە من بە نامەى ئێوە هاتوم و ئەگەریش حەز ناكەن دەگەڕێمەوە، حەڕریش وتى بەخوا ئێمە ئاگادارى ئەو نامەو نێردراوانە نین، حوسەینیش دوو باوەش لەو نامانەى دەركرد كە بۆی هاتبوون و لەبەردەستیاندا بلآوى كردنەوە، حەڕر وتى ئێمە لەوانە نین ئەم نامانەیان ناردون بۆت، فەرمانیشمان پێكراوە كە گەیشتیتن بە تۆ لەگەڵت بین تا دەتبەینە كووفە، بەڵام حوسەین رازى نەبوو و فەرمانى كرد بە یاوەرانى تا بگەڕێنەوە، بەڵام حەڕر رێی نەدا بگەڕێنەوە و وتى هەر دەبێت بێیت بۆ لاى ئیبن زیاد، حوسەین دەیوت نایەم و حەڕریش دەیوت منیش دەستبەردار نابم تا بێیت، دواجار حەڕر وتى فەرمانم پێ نەكراوە لەگەڵت بجەنگم تەنها فەرمانم پێكراوە بتبەم بۆ كووفە، بۆیە ئەگەر هەر نایەیت ئەوە رێیەكى تر بگرە بەر كە نەچێتە كووفەو نەشگەڕێیتەوە بۆ مەدینە تا من نامە بنووسم بۆ ئیبن زیاد و تۆش خۆت نامەیەك بنووسە بۆ ئیبن زیاد یان بۆ یەزید، ئیتر حوسەین رێی گرتەبەر و حەڕریش لەولاوە هەمان رێی گرتەبەر، حوسەین قسەی دەكرد بۆ خەڵكەكەو حەڕریش دەیوت با نەكاتە جەنگ و بكوژرێیت، حوسەینیش دەیوت من ترسی كوژرانم نیە، بۆیە حەڕر كاریگەر بوو بە قسەكانى حوسەین و كەنارى گرت، لە رێدا چەند كەسێك لە كووفەوە هاتن و حوسەین پرسیاری لێكردن هەواڵ چیە، یەكێكیان وتى دڵی خەڵك لەگەڵ تۆیە و شمشێرەكانیان لە دژت هەڵكراون.[20]

ئینجا بەو جۆرە بەردەوام چوون تا گەیشتنە نەینەوا، لەوێ ئیبن زیاد نامەیەكى نووسی بۆ حەڕر و داواى لێكرد حوسەین و هاوەڵانى لە شوێنێكی بێ ئاو رابگرێت تا فەرمانى نوێی پێدەگات، حەڕریش ئەو فەرمانەى وت بە حوسەین و پەیڕەیوشی كرد، زوهەیر كە لەگەڵ حوسەین بوو وتى ئەى نەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەنگى ئەمانە بكەین ئاسانترە تا ئەوەى یارمەتیتیان بۆ بێت، حوسەین وتى بەڵام من دەست ناكەم بە جەنگەكە، زوهەیر وتى دەی بمانبە بۆ ئەو گوندەى ئەوێ كە لە كەنارى فوراتەو شوێنێكی باشە، ئەگەر رێمان لێ بگرن لەگەڵیان دەجەنگین ، بەڵام حوسەین بە گوێی نەكرد، ئەوەبوو بۆ بەیانیەكەى عومەرى كوڕی سەعد هات و خۆی گەیاند بە سوپاكە، هەرچەندە زۆر لە كەسانى نزیكی داوایان لێكردبوو نەچێت بۆ جەنگى دژ بە حوسەین بەڵام هەر هات.[21]

تینوێتى زۆری هێنا بۆ حوسەین و یاوەرانى، سوپاى بەرامبەریش نەیدەهێشت بچن ئاو بهێنن، حوسەین داواى كرد لە عومەر شەوێك مۆڵەتى بدات، ئەوەبوو كۆبوونەوەو زۆر قسەیان كرد، تەنانەت سەربازەكانیش تێكەڵ بوون و قسەیان دەكرد، لەوێ حوسەین پێشنیازى بۆ عومەر كرد كە یەكێك لە سێ داواكەى قبووڵ بكات،یان خۆی بچێت بۆ لاى یەزید، یان بچێت بۆ سەنگەرێكی جیهاد، یان بگەڕێتەوە بۆ مەدینە، پاش نزیكەى سێ بۆ چوار جار دانیشتنى حوسەین و عومەر دواجار عومەر ئەو پێشنیازانەى بە نامەیەكدا نادر بۆ ئیبن زیاد.[22]

عوبەیدوڵا بیستى حوسەین نیازى هەبووە بگەڕێتەوە هەڵوێستى گۆڕاو وتى با بۆ كوێ حەز دەكات بڕوات، بەڵام شیمر كە لەلاى بوو وتى نابێت دەرفەت لەدەست بدەیت و لە دەستت دەرنەچێت،[23] ئەو لە خاكى تۆدایە بۆیە وا دەڵێت، ئەگەر ئێرە جێبهێڵێت و بەیعەتت پێ نەدات بەهێزتر دەبێت و دێتەوە بۆت، جا باشترە لە لاوازیدا لێی بدەیت و دەرفەتى پێ مەدە، با بە بڕیارى تۆ رازى بێت،[24] ئەم قسانە كاریان كردە سەر ئیبن زیاد، بۆیە داواى كرد لە عومەر هێرش بباتە سەر حوسەین،[25] پێی وت تۆم نەناردووە تا دەست بگریتەوە لە حوسەین و دەرفەتى پێبدەیت و لاى من سكالآى بۆ بكەیت، بزانە ئەگەر حوسەین بە بڕیارەكەم رازى بوو باشە و بیاننێرە بۆ لام، ئەگەر نا بدە بەسەریاندا و بیانكوژە، ئەگەریش ئەوەت پێ ناكرێت واز بێنەو كەنار  بگرە با شیمر ئەو كارە بكات،[26] بەڵام ئەو رازى نەبوو، خێرا عوبەیدوڵا بە شیمری وت بڕۆ ئەگەر عومەر جەنگى دژ بە حوسەینی كرد باشە، ئەگەرنا عومەر بكوژەو خۆت ببەرە بەرپرسی خەڵكەكە.[27]

كاتێك شیمر هات و نامەكەى دا بە عومەر، عومەر پێی وت بەخوا دەزانم تۆ بویتە رێگری ئەو پێشنیازەو بارەكەت شێواند، ئێمە هیوامان وابوو خواى گەورە بارەكە چاك بكات.[28]

ئەو ماوە وا رۆیشت و شەو هات و هەردوو لا چاوەڕێی رووداوەكانى بەیانى بوون،[29] حوسەین ئیتر بەرەبەرە هەستى كرد بە ناپاكى بەڵێنەكانى عێراقیەكان، لە شوێنی مانەوەى خۆی دانیشتبوو و سەرقاڵی خوێندنى قورئان بوو و فرمێسكیش بەسەر كوڵمەكانیدا دەخلیسكا، كابرایەك هاتە ژوور و پێی وت بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم ئەی كچەزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی هاتویتەتە ئەم وڵاتە، ئەویش وتى ئەوە هەمووى نامەى خەڵكی كووفەیە كە بۆیان ناردووم كەچی ئێستا وا دەبینم نیازى كوشتنى منیان هەیە، ئەگەریش ئەوە بكەن هیچ سنوورێكی خوا نامێنێت نەیبەزێنن و خواى گەورەش كەسی وا زاڵ دەكات بەسەریاندا كە سەرشۆڕیان بكات.[30]

سەربازانى ئومەوی هاتن بەرەو لاى حوسەین، حوسەینیش بە عەبباسی براى وت بزانە بۆچی هاتون، ئەویش پرسیارى كرد لێیان، ئەوانیش وتیان نامەى ئەمیرمان پێگەیشتووە فەرمانى پێكردوین داوات لێبكەین ملكەچی بڕیارى بیت یان لەگەڵت بجەنگین، ئەویش وتى ئەمشەو مۆڵەتمان بدەن، ئەوانیش مۆڵەتیان پێدان و گەڕانەوە.[31]

شەوى عاشوورا بوو، حوسەین هاوەڵانى كۆكردەوەو سوپاسی خواى كرد و وتى من وایدەبینم ئەو خەڵكە سبەینێ لەگەڵتان دەجەنگن، منیش مۆڵەتى هەمووتانم داوەو گەردنتان ئازاد بێت، كام لەئێوە هێز و تواناى هەیە با یەكێك لە ئالوبەیتم بباتە لاى خۆی و هەموو بلآوەى لێ بكەن، چونكە ئەوان تەنها بۆ من دەگەڕێن، بەڵام كەسوكارەكەى وتیان دواى تۆ ژیانمان ناوێت بەخوا لێت جیا نابینەوە، هاوەڵەكانى تریشی هەمان شتیان وت.[32]

ئەو شەوە تا بەیانى حوسەین و یارانى سەرقاڵی نوێژ و پەرستش بوون.[33]

بەیانى هات و حوسەین ئەم نزایەى كرد: خوایە تۆ متمانەى منیت لە هەموو نارەحەتیەك و دەربازكەری منیت لە هەموو سەختیەك، لەم بارەى تووشم بووە تۆ پەناى منیت، تۆ خاوەنى هەموو بەخششێك و خاوەنى هەموو چاكەیەكیت.

ئینجا روویكردە عومەرى كوڕی سەعید و پێی وت: پەلە مەكەن، سوێند بەخوا من تەنها بە نامەى كەسانى وەك ئێوە هاتوم كە دەیانوت سوننەت مردووەو دووروویی زاڵ بووەو سنوورەكانى شەریعەت پەیڕەو ناكرێن دەى وەرە بۆ لامان بەڵكو خوا بە هۆی تۆوە بارى ئوممەت چاك بكات، بۆیە منیش هاتوم، جا ئەگەر حەز بەوە ناكەن ئەوە من دەگەڕێمەوەو ئێوەش بزانن دروستە من بكوژن یان خوێنم حەلآڵ بكەن؟ مەگەر من كچەزاى پێغەمبەرەكەتان نیم، كوڕی ئامۆزاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نیم؟ مەگەر حەمزەو عەبباس و جەعفەر مامەكانم نیم؟ مەگەر نەتانبیستووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە من و براكەم دەیفەرموو ئەم دوانە گەورەى گەنجانى بەهەشتن؟

بەڵام شیمر گاڵتەى دەهات بە قسەكانى حوسەین، عومەریش بە حوسەینی وت ئەگەر بە دەستى من دەبوو بە گوێم دەكردیت، حوسەینیش نزاى كرد لە خەڵكی عێراق و وتى خوایە خەڵكی عێراق لەخشتەیان بردم و ئەوەیان كرد بە براكەم كە كردیان، خوایە ریزیان تێكبدەو لەناویان بەرە.[34]

عومەریش نوێژی بەیانى كرد و حوسەینیش بەرنوێژی كرد بۆ یارانى، حوسەین و هاوەڵانى وا كۆبووبوونەوە، زوهەیر لاى راستەوەو حەبیبی كوڕی موتەههەر لاى چەپ و عەبباسی برای حوسەینیش ئالآكەى بەدەستەوە بوو و ژن و مناڵەكانیش لە پشتەوە بوون.[35]

لە بەرامبەردا سوپاكەى عومەر وابوو: عەمرى كوڕی حەججاج لاى راستی سوپا، شیمر لاى چەپی سوپا، عوروەى كوڕی قەیس بەرپرسی سوارەكان، شبتى كوڕی ریبعی بەرپرسی پیادەكان، ئالآكەیش بە دەستى دورەیدەوە بوو.[36]

حەررى كوڕی یەزید كە لە سوپاى ئومەویدا بوو كاتێك پێشنیازەكانى حوسەینی بینی و سەیری كرد راكەى وەرنەگیرا وتى ئەرێ لەخوا ناترسن ئەو رایەیان وەرناگرن سوێند بەخوا ئەگەر تورك و دەیلەم داوای وایان بكردایە بۆتان نەبوو رازى نەبن، كەچی ئەوان هەر سوور بوون راكەى ئیبن زیاد پەیڕەو بكەن، بۆیە حەڕ هەڵگەڕایەوە لە ئومەویەكان و كەوتە كوشتنیان و دوان لەوانى كوشت و خۆیشی كوژرا.[37]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 298.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 304.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 304.

[4] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 401.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 305.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 304.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 297.

[8] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 402.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 308.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[12] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 404.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 80.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[16] - المنتظم لابن الجوزى، ج5، ص 329.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[18] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[19] - أسد الغابة، 2، ص 29.

[20] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 407-409.

[21] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 411-412.

[22] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 413.

[23] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[24] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 414.

[25] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[26] - الكامل في اتاريخ، ج3، ص 414.

[27] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 300.

[28] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 415.

[29] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 417.

[30] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 169.

[31] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 301.

[32] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 301.

[33] - المنتظم لابن الجوزى، ج5، ص 338.

[34] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 302.

[35] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 417.

[36] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 418.

[37] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 170.

 2561
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.