دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەدالەتی هاوەڵان رەزای خوایان لێ بێت

ئەهلى سوننەو جەماعە پێیان وایە هەموو هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مەرجى عەدالەتیان تێدایە، لەمەوە بەجێگەیاندنى فەرزەكان و دووركەوتنەوە لە قەدەغەكراوەكان بەرهەم دێت، بەدوایدا پەیرەوى كارە چاكەكان و دووركەوتنەوە لە كارە ناحەز و سووكەكان دێت.

بە واتایەكى تر عەدالەت بە واتاى دروستى پەیوەندى نێوان تاك و خوداى گەورە و پەیوەندى نێوان تاك و بەندەكان دێت.

ئیبن حەجەر دەڵێت:( اتفق أهل السنة على أن الجميع عدول ولم يخالف في ذلك إلا شذوذ من المبتدعة)، [1] (ئەهلى سوننە یەكدەنگن لەسەر ئەوەى هەموو هاوەڵان عەدالەتیان هەیە و كەس لەوەدا راجیا نیە جگە لە بڕێكى زۆر كەمى بیدعەچییان).

ئیبن عەبدولبەر دەڵێت: (إجماع أهل الحق من المسلمين وهم أهل السنة والجماعة على أنهم كلهم عدول[2] (یەكدەنگى ئەهلى حەق و راستى موسڵمانان كە ئەهلى سوننە و جەماعەیە ئەوەیە هاوەڵان هەموویان عەدالەتیان هەیە).

ئەو ئایەت و فەرموودانەش كە سەبارەت بە پلەوپایەى هاوەڵان باسمانكردن بەڵگەن بۆ عەدالەتى هاوەڵان.

لەراستیدا سێ وشە هەن كە پێویستە وریا بین تێكەڵیان نەكەین و واتاى هەركامیان بزانین:

  1. هەڵە: ئەمە هەموو مرۆڤێكى سەرزەوى پشكى هەیە تیایدا، وەك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت(كل بنو آدم خطاء و خير الخطائين التوابون[3] واتە(هەموو ئادەمیزادێ هەڵەكارە، چاكترینی هەڵەكارانیش ئەوانەن كە تەوبە دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ لاى خوا).

    بەڵام ئەمەش دوو جۆری هەیە، جۆرێكیان بە ئەنقەستە كە ئەمە تاوانە، واتە سزاى لەسەرە، جۆری دووەمیان بە ئەنقەست نیە، ئەمەیان بۆ خەڵكى ئاسایی ئومێدى لێخۆشبوونى خوایی هەیە، بەڵام بۆ پێغەمبەران ئیجتیهاد بووە، واتە تاكە پێغەمبەرێك نیە نیازى خراپی هەبووبێت لە هەڵەیەكدا كە كردوویەتى،  بەڵكو ئیجتیهادێكى كردووەو نەیپێكاوە، هەروەها ئەمە بۆ موجتەهیدانى ناو ئوممەتى ئیسلامیش هەیە وەك پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:(إذا حكم الحاكم فاجتهد ثم أصاب فله أجران، وإذا حكم فاجتهد ثم أخطأ فله أجر)،[4](ئەگەر حاكم حوكمى كرد و ئیجتیهادى كرد دواتر پێكاى ئەوە دوو پاداشتى بۆ هەیە، ئەگەر حوكمى كرد و ئیجتیهادى كرد و دواتر نەیپێكا و هەڵەى كرد ئەوە پاداشتێكى بۆ هەیە).

  2. عیصمەت: ئەمە تایبەتە بە پێغەمبەرانى خوا كە خواى گەورە هەرچی نیازێكى خراپە هەیە لە دڵیاندا دەریكردووەو تەواوى نیاز و كاریان تەنها و تەنها بۆ خواو لەبەر خوایە، ئیتر ئەوان مەعصومن لە نیازى هەر كارێكى خراپ.
  3. عەدالەت: ئەمە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەگرێتەوە، جگە لە هاوەڵانیش دەگرێتەوە واتە ئەوانەى بە رێی هاوەڵاندا هەنگاو بنێن و بەپێی قورئان و سوننەت بجووڵێنەوەو هەڵسوكەوت بكەن پشت بەخوا مەرجى عەدالەت دەیانگرێتەوە، ئەوەى لێرەدا مەبەستە ئەوەیە هەموو هاوەڵان عەدالەتیان هەبووە.


[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 10.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 19.

[3] - سنن الترمذي، الرقم2483، سنن ابن ماجة4248، الرقم، المستدرك على الصحيحن، الرقم7685، مسند أحمد بن حنبل، الرقم12795، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم2852، سنن الدارمي، الرقم 2680،حسنه الألباني في الجامع الصغير وزيادته، الرقم 8644.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 6939، صحيح مسلم، الرقم 3326، سنن أبي دواد، الرقم 3120، سنن ابن ماجة، الرقم 2311، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5745، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17440، مسند الشافعي، الرقم 1128، صحيح ابن حبان، الرقم 5138، سنن الدارقطنى، الرقم 3920، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 18933، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 3267.

 2745
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.