دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدى كوڕی خاریجە(رضي الله عنه)

ناوى زەیدی كوڕی خایجەى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[1]

خاریجەى باوكى لە بەیعەتى عەقەبە[2] و غەزاى بەدر[3] و ئوحودیشدا بەشدارى كرد و لەو غەزایەدا شەهید بوو.[4]

زەید برایەكى هەبوو بە ناوى سەعد كە ئەویش لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو،[5] خوشكێكیشی هەبوو بە ناوى حەبیبە كە خاریجەى باوكى مارەى كرد لە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكریش لەم ئافرەتە منداڵێكی بوو بە ناوى ئومموكلثوم،[6] ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو كە حەبیبەى كچی خاریجە سكی هەبوو بەو كچەیەوە.[7]

زەید دەڵێت: جارێك پرسیارم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) صەلەوات دان لەسەر جەنابت چۆنە؟ فەرمووى  صەلەواتم لەسەر بدەن، پاشان بڵێن: (اللهم بارك على محمد و آل محمد كما باركت على آل إبراهيم إنك حميد مجيد).[8]

زەید یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[9] لە غەزاى ئوحوددا باوكى و سەعدى براى شەهید بوون.

نوعمانى كوڕی بەشیر دەڵێت: جارێك زەیدی كوڕی خاریجە لەشەقامێكی مەدینەدا تێپەڕ دەبوو، بەینی نیوەڕۆ و عەسر بوو، هێندەمان بینی  كەوت و مرد، ئەوەبوو تەرمەكەى برایەوە بۆ ماڵەوەو لەنێو سێ پارچە قوماشدا داپۆشرا، جا دواى نوێژی ئێوارە هێشتا كاتى نوێژی خەوتنان نەهاتبوو، ژنانێ لە پشتیوانان لە دەورى تەرمەكەى بوون و دەگریان، لەژێر پارچە قوماشەكانەوە دەنگێكیان بیست، دەنگەكە دوو جار دەیوت خەڵكینە بێدەنگ بن، خێرا خەڵكی قوماشەكەیان لەسەر دەموچاو و سەروسنگى لابرد، زەید وتى: موحەممەد پێغەمبەرى خوایە، پێغەمبەرى نەخوێندەوار و سەرمۆری پێغەمبەرانە، ئەمە لە كتێبی یەكەمدا باس كراوە، دواتر لەسەر زمانى زەیدەوە وتراوە زەید باسی خیلافەتى ئەبووبەكر و عومەر و عوثمانى كردووە.[10]

نوعمان دەڵێت ئەو رۆژە زەید زۆر ساغ و بێ كێشە بوو، ئازارێكی قوڕگى بۆ پەیدا بوو، لەنێوان نوێژی نیوەڕۆ و عەسردا بوو كە مرد، كاتێك بە چەند بەرگێك دامانپۆشى، من نوێژی ئێوارەم كردبوو و سەرقاڵی زیكرەكان بوم كە كەسێك هات و وتى زەید پاش مردنەكەى قسەی كردووە، منیش خێرا چووم بۆ لاى، دەبینم دەستەیەك لە پشتیوانان لەدەوریدان و دەیوت-یان دەیانوت وتوویەتى-.[11]

ئەم رووداوەو ئەم مردنەى زەیدى كوڕی خاریجە لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا روویداوە.[12]

ئیبن كەثير دەڵێت ئەم بەسەرهاتە لە چەند روویەكەوە بە چەند گێڕانەوەیەكى ناسراوى صەحیح و دروست هاتووە.[13]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 602.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 104.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 223.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 44.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 53.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 105.

[8] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7415، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 1292.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 603.

[10] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4996.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 157.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 156.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 292.

 1352
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.