دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدى كوڕی دەثينه(رضي الله عنه)

ناوى زەیدی كوڕی دەثينهى كوڕی موعاویەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[1] لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدارى كرد.[2]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە برایەتى خستە نێوان خالیدی كوڕی ئەبولبوكەیر و زەیدی كوڕی دەثينهوە.[3]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دە كەسی لە هاوەڵانى بە سریەیەك نارد، عاصیمی كوڕی ثابتی ئەنصارى كرد بە ئەمیریان، كە گەیشتنە ناوچەیەكى نێوان عوسفان و مەككە، دەستەی بەنوولیحیان بە نزیكەى دووسەد كەسەوە هاتن و كەوتنە شوێنیان، كە گەیشتنە شوێنەكەیان بینییان ناوكى خورما جێماوە، وتیان ئەم ناوكە هی خرماى مەدینەیە، بۆیە كەوتنە شوێنیان، كاتێك عاصیم و هاوەڵەكانى ئەوانیان بینی هەستیان بە مەترسی كرد و لە شوێنێك خۆیان پەنا دا، بەڵام بەنولیحیان گەمارۆیان دان و وتیان خۆتان بدەن بە دەستەوە لە پەنادا دەبن و كەستان ناكوژین، عاصمی ئەمیری سریەكە وتى بەخوا من خۆم نادەمە بەر پەناى بێباوەڕ، خوایە هەواڵی ئێمە بگەیەنەرە پێغەمبەرەكەت، بەنولیحیان تیربارانیان كردن، عاصم و حەوت كەسی تریان شەهید بوون، سێ كەسەكەى تر كە مابوونەوە خۆیان دا بە دەستەوەو داوای پەنایان كرد، یەكێك لەو سێ كەسە خوبەیب بوو، یەكێكی تریشیان زەیدی كوڕی دەثينه بوو، كاتێك گەیشتنە لاى بەنولیحیان خێرا ئەوانیان بەستنەوە، ئەوى تر لە سیانەكە وتی ئەمە سەرەتاى ناپاكیەكەیانە، بەخوا من لەگەڵتان نایەم، ئەو كوژراوانەمان پێشەنگى رەوان، ئەوانیش بە زۆر رایاندەكێشا تا لەگەڵیان بچێت بەڵام ئەو نەدەچوو، بۆیە ئەویشیان كوشت، ئینجا خوبەیب و زەیدى كوڕی دەثينه مانەوەو  ئەوانیان فرۆشتن بە خەڵكی مەككە، بەنو حارثى كوڕی عامیر خوبەیبیان كڕی، چونكە خوبەیب لە جەنگى بەدردا باوكى ئەوانى كوشتبوو، خوبەیبیان كڕی و بە دیلی لاى خۆیان هێشتیانەوە، لە ماڵەوە لە شوێنێك بەندیان كردبوو تا ئەو كاتەى بیكوژن.[4]

زەیدی كوڕی دەثينهش لەلایەن صەفوانى كوڕی ئومەییەوە كڕدرا تا لەبری ئومەییەى باوكى كە لە جەنگى بەدردا كوژرابوو بیكوژێت ، هەر لە ناوچەی تەنعیم زەیدیش شەهید كرا.[5]

بردنى هەریەك لە خوبەیب و زەید بۆ تەنعیم پێكەوە بوو، واتە لە یەك كاتدا و لە یەك شوێندا و بە دەستی یەك دەستە شەهید كران، هەردووكیشیان پێش ئەوىە بكوژرێن داوایان كرد دوو ركات نوێژ بكەن،[6] هەریەك لە خوبەیب و زەیدیش شێوەی كوشتنیشیان یەك جۆر بوو كە بریتی بوو لە لەخاچدانیان.[7]

كاتێك نەسطاسی كۆیلەى صەفوان ویستی زەید بكوژێت، ئەبووسوفیان چوو و هەمان ئەو پرسیارەى لە خوبەیب كرابوو لە زەیدیشی كرد، پێی وت ئەی زەید سوێندت دەدەم بە خوا، ئایا حەزت دەكرد ئێستا موحەممەد لەبری تۆ لەلامان بوایەو بماندایە لە گەردنى و تۆیش لەناو ژن و منداڵی خۆتدا بوویتایە؟ لە وەڵامدا زەید هەمان وەڵامەكەى خوبەیبی دایەوەو وتى نا سوێند بەخوا حەز ناكەم موحەممەد ئێستا لە شوێنی مندا بێت و تەنها دڕكێكیش بچێت بە پێیدا لەبەرامبەر ئەوەى من لەناو ژن و منداڵی خۆمدا بم، ئەبووسوفیانیش دەیوت كەسم نەدیوە وەك هاوەڵانى موحەممەد موحەممەدیان خۆش بوێت، ئینجا نەسطاس زەیدی كوشت.[8]

پێش ئەوەى زەید بكوژن، بە خاچەوە هەڵیانواسیبوو و جار جارە رمێكیان پێوە دەنا، ئینجا داوایان لێدەكرد واز لە ئیسلام بهێنێت لەبەرامبەردا ئازادى دەكەن، بەڵام زەید ئامادە نەبوو واز بهێنێت و سات دواى سات زیاتر باوەڕی چەسپاو دەبوو، دواجار شەهیدیان كرد، جا ئەو رۆژەی خوبەیب و زەید شەهید كران، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(سەلام لە ئێوەش).[9]

شەهیدكردنى ئەم هاوەڵەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی سێیەمى كۆچیدا بوو.[10]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 342.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 604.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 389.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2901، سنن أبي داود، الرقم 2301

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5143،

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 56.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 246.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 65.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 66.

[10] - أسد الغابة، ج2، ص 343.

 1484
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.