دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ژنە هاوەڵانێك كە ناویان (زەینەب) بووە

زەینەبی كچی ثابت (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی ثابتى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە، چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتی پێدا.[1]

زەینەبی كچی حەنظهلە(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی حەنظهلەى كوڕی قەسامەیە، هاودەم بە باوكى و پووری هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دواتر زەینەب شووی كرد بە ئوسامەى كوڕی زەید و پاش ماوەیەك ئوسامە تەلآقی دا، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(كێ زەینەبی كچی حەنظهلە دەخوازێت و من خزمى بم)،[2] ئینجا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى نوعەیمی كوڕی عەبدوڵاى كرد، نوعەیم وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وا دیارە مەبەستت منە، فەرمووى بەڵێ، نوعەیم زەینەبی خواست و كوڕێكی لێی بوو و ناوى نا ئیبراهیم.[3]

زەینەبی كچی حوباب(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی حوبابە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە هاوسەری قەیسی كوڕی عەمرە و لەم مێردەى منداڵێكی هەبوو بە ناوى سەعید، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[4]

زەینەبی كچی خەبباب(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی خەببابی كوڕی ئەرەتە،[5] باوكى یەكێكە لە گەورە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە پێشتر لە پیتی (خ) دا باسمان كردووە.

زەینەب دەڵێت: جارێك باوكم بۆ سریەیەك دەرچوو، ئیتر لەو ماوەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەهات و سەردانى دەكردین، تەنانەت بزنێكیشمان هەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی دەدۆشین.[6]

زەینەبی كچی زەید(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی زەیدی كوڕی حارثهیە، باوكى یەكێكە لە گەورە هاوەڵانى خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خوشكی ئوسامەى كوڕی زەیدە كە ئەویش یەكێكە لە گەورە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[7]

كاتێك زەید كوژرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو سەردانى ماڵی زەیدی كرد، كچەكەى زەید هەنیسكی گریان گرتبووی و بە گریانەوە رووەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زۆر بە تاسەوە دەستی كرد بە گریان، سەعدى كوڕی عوبادە كە لەوێ بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو گریانە چیە؟ فەرمووى: (ئەوە تاسەی خۆشەویستە بۆ خۆشەویستەكەى)،[8] ئەو كچەی زەید ناوى زەینەب بوو.[9]

زەینەبی كچی سەهل(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی سەهلی كوڕی موصعەبە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، چوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[10]

زەینەبی كچی سوەید(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی سوەیدى كوڕی صامتە، لە پشتیوانانە، هاوسەری سەعیدی كوڕی زەیدە و لەم مێردەى منداڵێكی بوو بە ناوى عاتیكە.[11]

زەینەبی كچی صەیفی (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی صەیفیە، لە پشتیوانانە، چوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[12]

زەینەبی كچی عەبدوڵا (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی عەبدوڵایە، باوكى بە ئەبووسەلەمە ناسراوە، دایكیشی ناوى ئومموسەلەمەیە كە پاش وەفاتى ئەبووسەلەمە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەرگیری كرد.

كاتێك دایك و باوكى زەینەب كۆچیان كردبوو بۆ حەبەشە، زەینەب لەوێ لەدایك بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دایكی بەهاوسەر گرت هێشتا زەینەب لە شیر نەبڕابوویەوە، هاوكات ئەسمائی كچی ئەبووبەكریش شیری پێدەدا، بەوەش زەینەب بووبوو بە خوشكی شیری زوبەیری كوڕی عەوام.[13]

 

زەینەبی كچی عەووام (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی عەووامى كوڕی خوەیلیدە، خوشكی زوبەیری كوڕی عەووامە، ئەم ئافرەتە چەند منداڵێكی هەبوو بە ناوەكانى خالید و یەحیا و شەیبەو عەبدوڵا و فاخیتە، هاوسەرەكەى ناوى حەكیمی كوڕی حەڕامە.[14]

 

زەینەبی كچی عوثمان (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی عوثمانى كوڕی مەظعوونە، كاتێك باوكى وەفاتى كرد، قودامەى مامى زەینەبی مارەكرد لە عەبدوڵاى كوڕی عومەر، بەڵام هەریەك لە دایكى زەینەب و خودى زەینەب بەو هاوسەرگیریە رازى نەبوون و پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) لەوە ئاگادار كردەوە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەرگیریەكەى هەڵوەشاندەوە، دواتر موغیرەى كوڕی شوعبە بەهاوسەری گرت.[15]

زەینەبی كچی قەیس(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی قەیسى كوڕی مەخرەمەیە، لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی دوو قیبلەى كردووە.[16]

 

زەینەبی كچی قەیسى ئەنصارى (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی قەیسی كوڕی شەمماسە، لە پشتیوانانە، دایكی ناوى خەولەى كچی عەمرى خەزرەجیە، خەولە هاوسەری خوبەیبی كوڕی یەسافە و لەم مێردەى منداڵێكی بوو بە ناوى ئونەیسە، زەینەب چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[17]

 

زەینەبی كچی مەظعوون (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبى كچی مەظعوونى كوڕی حەبیبە، هاوسەری عومەرى كوڕی خەططابە، دایكی عەبدوڵاى كوڕی عومەر و حەفصەی كچی عومەرە كە دایكی باوەرداران و هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەم ئافرەتە لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططابدا كۆچی كرد بۆ مەدینە، ئەوەش كە دەڵێت گوایە پێش كۆچكردن بۆ مەدینە مردبێت راست نیە.[18]

زەینەبی كچی موصعەب(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی موصعەبی كوڕی عومەیرە، دایكیشی ناوى حەمنەى كچی جەحشە، موصعەبی باوكى لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو، زەینەب تا دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا.[19]

زەینەبی كچی ئەبوورافیع(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی ئەبوورافیعە، باوكى خزمەتكارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، زەینەب ئامادەی ساتەكانى پێش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، دەڵێت: فاطيمهم بینی كە حەسەن و حوسەینی هێنا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە دوو كوڕەكەتن، دەى میراتیان پێ ببەخشە، ئەویش فەرمووى:  حەسەن شكۆ و پێشەنگى منى بۆ هەیە، حوسەینیش بوێری و بەخشندەیی منى بۆ هەیە.[20]

زەینەبی كچی ئەبووسوفیان (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی ئەبووسوفیانى كوڕی صەخرە، خوشكی دایكی باوەڕداران ئومموحەبیبەیە، هاوسەری عوروەى كوڕی مەسعوودە، عوروە ژنی زۆری هەبوو، كاتێك موسڵمان بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكرد تەنها چوار ژنی بهێڵێتەوە، ئەویش چوار ژنی هەڵبژارد، یەكێك لەوانەش زەینەبی كچی ئەبووسوفیان بوو.[21]

زەینەبی كچی ئەبووموعاویە(رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی موعاویەیە، هاوسەری عەبدوڵاى كوڕی مەسعوودە، زەینەب دەڵێت: جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ژنان خێر و صەدەقە بكەن، منیش چووم تا بچم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دەبینم ئافرەتێكی پشتیوانیش هاتووە كە هەمان ئەو كارەى هەبوو كە من هەمبوو، بۆیە پێكەوە چووین بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دەبینین بیلال لەبەردەرگایە، ئێمەش وتمان بڕۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارێكمان بۆ بكە بەڵام مەڵێ ئێمە كێین، بڵێ ئێمە هەتیومان هەیە، ئایا دروستە خێر و صەدەقە ببەخشین بۆ خەرجی ئەو هەتیوانەو مێردەكانمان، بیلالیش چوویە ژوورەوەو هەواڵەكەى پێدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەوانە كێن؟ وتى ژنێكی پشتیوانیەو زەینەب، فەرمووى كامە زەینەب؟ وتى ژنەكەى عەبدوڵا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (دوو پاداشتیان بۆ هەیە، پاداشتى خزمایەتى و پاداشتی خێرو صەدەقەكەش).[22]

 

زەینەبی كچی ئەصرەم (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی ئەصەرمى عەبدەریە، ئەم ئافرەتە هاوسەری زوهەیری كوڕی ئەبی ئومەییە بوو، لەم مێردى دوو كوڕی هەبوو بە ناوەكانى میعبەد و عەبدوڵا.[23]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 667.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 671.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 72.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 671.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 674.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 46.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 674.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 678.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 676.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 678.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 675.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 678.

[15] - سنن الدارقطني، الرقم 3099.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 678.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 678.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 680.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 679.

[20] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 7024.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 675.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 680.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 666.

 1317
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.