دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (ص) دەستپێدەكات و زانیاری لەسەریان كەمە

صالیحى ئەنصاری (رضي الله عنه)

ناوى صالیحەو لە پشتیوانانە، ئەبووسەعید دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەرچووین بۆ مزگەوتى بەنى عەمر، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاى بەنى سالیمدا، یەكێك لە پیاوەكانى ئەوانى بانگ كرد كە ناوى صالیح بوو، ئەویش هاتە دەرەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی گرت تا چوویە مزگەوتەوە، لەوێ صاڵیح دەستی لە دەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كردەوەو چوو بۆ لایەكی مزگەوتەكەو لەوێ خۆی شۆرد و دواتر هاتەوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە بەردەرگاى مزگەوت بوو، فەرمووى ئەی صالیح بۆ كوێ چوویت؟ ئەویش وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك تۆ منت بانگ كرد، لەگەڵ ژنەكەم سەرجێم دەكرد، كە دەنگى تۆم بیست هاتم، جا كە تۆ چوویتە مزگەوتەوە، حەزم نەكرد بەبێ خۆشۆردن بێمە ناو مزگەوتەوە.[1]

 

صامیت (رضي الله عنه)

ناوى صامیتەو مەولاى حەبیبی كوڕی خیراشە، دەوترێت هاودەم بە گەورەكەى لە غەزاى بەدردا بەشدار بووە.[2]

 

 

صەبیحەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى صەبیحەى كوڕی حارثى كوڕی حەمیدی تەیمیە، لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككەیە، دواتریش تا سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططاب ژیا و عومەر چەند كارى پێ سپارد و لە سەفەرێكیشیدا بۆ مەككە هاودەمى عومەر بوو.[3]

صەخرەى كچی ئەبووجەهل(رضي الله عنها)

ناوى صەخرەى كچی ئەبووجەهلەو باوكى لە غەزاى بەدردا بە بێباوەڕی كوژرا، صەخرە لە حەجى ماڵئاواییدا بەشدارى كرد، دواى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا.[4]

صەدمەى ئەوسی (رضي الله عنه)

ناوى صەدمەیە، سەبارەت بە ناوى باوكى هەریەك لە ئەنەس و ئەبی ئەنەس و قەیس هاتووە، لە پشتیوانانەو بە ئەبووقەیس ناسراوە، هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاودەم بە هاوەڵەكانى پێكەوە باوەڕیان هێنا، صەدمە تەمەنێكى زۆری هەبوو و نزیكەی سەد و بیست ساڵ ژیا.[5]

 

صەردى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى صەردى كوڕی عەبدوڵاى ئەزدیە، لە ساڵی دەی كۆچیدا هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و موسڵمان بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كردى بە بەرپرسی موسڵمانانى ناو هۆزەكەى، تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد صەرد لە پۆستەكەى خۆیدا مایەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى نەگۆڕی.[6]

هاودەم بە صەرد نزیكەى پانزە كەسێكیش لە هۆزەكەى هاتن بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ماوەى دە رۆژ لە مەدینە مانەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد جیهادى بێباوەڕانى سنوورى خۆیان بكەن، ئەوەبوو كە چوونەوە بە سەركردایەتى صەرد هێرشیان بردە سەر شارى جەرش، لەوێ صەرد بانگەوازى كردن بۆ لاى خوا، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، دواتر ماوەى مانگێك گەمارۆی دان، جار جارە هێرشی دەبردە سەر مەڕومالآتیان و لێی دەبردن، دواتر كەنارى گرت بۆ لاى شاخێك و دوژمن وایانزانى صەرد شكاوە ئەویش ریزەكانى رێكخستەوەو هێرشی بردە سەریان و كوشتاریان لێكردن و دەستكەوتێكیان لێ گرتن، ئینجا دوو نوێنەری جەرشیەكان چوون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ موسڵمانبوونى خۆیان راگەیاند.[7]

صەعبەى كچی جەبەل(رضي الله عنها)

ناوى صەعبەى كچی جەبەلەو خوشكی موعاذى كوڕی جەبەلە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە، هاوسەری ثهعلەبەى كوڕی عوبەیدەو منداڵێكی لێی بوو بە ناوى عوبەید.[8]

صەعبەى كچی سەهل(رضي الله عنها)

ناوى صەعبەى كچی سەهلى كوڕی زەیدە، لەپشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[9]

صەعبی كوڕی جەثثامە(رضي الله عنه)

ناوى صەعبی كوڕی جەثثامەى كوڕی قەیسی لەيثيه.

صەعب دەڵێت كەرەكێویەكم بە دیارى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی گێڕامەوە، منیش بێتاقەت بووم و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بەدەموچامدا خوێندەوە، فەرمووى (تەنها لەبەرئەوە گێڕامانەوە كە ئیحراممان بەستووە).[10]

صەعب دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و بەشدارى فتووحاتى كردووە، لەوانە لە فەتحى عێراق و وڵاتى فارس و فەتحى ئيصطهخردا بەشدار بووە.[11]

سەبارەت بە كاتى مردنى چەند رایەك هاتووە، رایەك دەڵێت لە سەردەمى ئەبووبەكردا مردووە، رایەك دەڵێت لە كۆتایی خیلافەتى عومەردا بووە، رایەكیش دەڵێت لە خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا مردووە،[12] دوو راى دواتر لە  راستیەوە نزیكترن، چونكە صەعب بەشدارى فتووحاتى سەردەمى عومەرى كوڕى خەططاب بووە.

 

صەعصەعە(رضي الله عنه)

ناوى صەعصەعەى كوڕی ناجیەیەو باپیری فەرەزدەقی شاعیرە، هەرچەندە هەندێ بە مامى فەرەزدوق ناویان بردووە، بەڵام باپیری بووە، فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[13]

 

صەعیق(رضي الله عنه)

ناوى صەعیقەو كوڕێكی هەیە بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، بە سەنەدێكی لاواز هاتووە كە صەعیق دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تووڕە مەبن بە شكاندنى قاپ و قاچاخ، چونكە ئەوانیش وەك ئەجەلى مرۆڤەكان ئەجەلیان هەیە).[14]

صەلتى كوڕی مەخرەمە(رضي الله عنه)

ناوى صەلتى كوڕی مەخرەمەیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر خورماى پێدا.[15]

صەلتى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى صەلتى كوڕی نوعمانى كوڕی عەمرە، هاودەم بە باوكى و مامەكانى چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و تا سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابیش ژیا.[16]

 

صەلصال(رضي الله عنه)

ناوى صەلصالەو هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاریەكى كرد، قەیسی كوڕی عاصم لەوێ بوو، وتى خۆزگە ئەو ئامۆژگاریەت شیعر بوایە بۆ ئەوەى لەبەرمان بكردایە، صەلصال وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من دەیكەم بە شیعر، ئەوەبوو كردى بە شیعر.[17]

 

صەمائی كچی بوسر (رضي الله عنها)

ناوى صەممائی كچی بوسری مازینیە، برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا،[18] صەمماْ  و عەبدوڵاى براى و باوكیشیان هەموویان هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون.[19]

صەمما ْ  دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تصوموا يوم السبت إلا في ما افترض عليكم، وإن لم يجد أحدكم إلا لحاء عنبة، أو عود شجرة فليمضغه[20] (رۆژانى هەینی رۆژوو مەگرن تەنها ئەوە نەبێت كە لەسەرتان فەرزە، ئەگەر یەكێكیشتان هیچی دەست نەكەوت تەنها لاسكى هێشووە ترێیەك نەبێت یان لق و چیلكەى دارێك، ئەوا با بیجوێت).

صەیفیی كوڕی ساعیدە(رضي الله عنه)

ناوى صەیفیی كوڕی ساعیدەیەو لە پشتیوانانە، هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بەشدارى چەند غەزاى كردووە، دواتر لە كەدید وەفاتى كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە جلەكەى خۆیدا كفنى كرد.[21]

 

صەیفیی كوڕی سەواد(رضي الله عنه)

ناوى صەیفیی كوڕی سەوادەو لەپشتیوانانە لە سولەمیەكان، یەكێك بووە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەى دووەم، دواتریش بەشدار بووە لە غەزاى بەدردا.[22]

 

صەیفیی كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى صەیفیی كوڕی عەمرى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لەوانەى لە غەزاى تەبووكدا هیچ چەك و پێویستی جەنگى نەبوو بەشدارى بكات و هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا پێداویستی جەنگى بۆ دابین بكات، بەڵام هیچ نەبوو، بۆیە لەتاو خەفەتى بەشدارى نەكردن دەستی كرد بە گریان، ئەم هاوەڵەو چەندێكی تر وابوون تا ئایەتى خوا لەبارەیانەوە دابەزى.[23]

 

صەیفیی كوڕی قەيظى (رضي الله عنه)

ناوى صەیفیی كوڕی قەيظيهو براى حوبابە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود وتیایدا شەهید بووە.[24]

صەیفیی كوڕی ئەبی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى صەیفیی كوڕی ئەبی عامیرەو براى حەنظهلەیە كە فریشتەكان شۆردیان، لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوو.[25]

صوباحى خزمەتكار (رضي الله عنه)

ناوى صوباحەو خزمەتكارى عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەندێ بەرپرسیارێتی سپارد بە صوباح، رایەكیش دەڵێت صوباح مینبەرەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دروست كردووە،[26] بەڵام پێشتر لە بەرگى یەكەمدا ئەوەمان روونكردووەتەوە.

صوباحى عەبدی (رضي الله عنه)

ناوى صوباحى كوڕی عەبباسی عەبدیە، لەگەڵ جاروود هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[27]

 

صوبەیح(رضي الله عنه)

ناوى صوبەیحەو خزمەتكارى ئوسەیدە، یەكێكە لەو كەسانەى كە لە بارەیانەوە ئایەت دابەزى (ولا تطرد الذين يدعون ربهم...).[28]

صوبەیحى خزمەتكار (رضي الله عنه)

ناوى صوبەیحەو خزمەتكارى سەعیدی كوڕی عاص بوو، ئەم هاوەڵە خۆی ئامادە كرد تا بەشدارى غەزاى بەدر بێت، بەڵام لە رێدا نەخۆش كەوت، بەڵام لە هەموو غەزاكانى دواتردا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كرد.[29]

صوحارى عەبدی (رضي الله عنه)

ناوى صوحارە، سەبارەت بە ناوى باوكى هەریەك لە عەباس و عابس و صەخر هاتووە، كونیەكەى ئەبووعەبدوڕەحمانەو كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[30]

صوحار دەڵێت جارێك وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من كەسێكم زۆر جار نەخۆشم، جا مۆڵەتم بدە لە گۆزەیەكدا شەربەت بگرمەوە، ئەویش مۆڵەتى دام.[31]

صوحار دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (رۆژی دوایی نایەت تا چەند هۆزێك دەبرێن بە ناخى زەویدا و دەوترێت كێ لە بەنى فلآن ماوە)، صوحار دەڵێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى قەبیلە، زانیم مەبەستی عەرەبە، چونكە عەجەمەكان بە ناوى شوێنەكانیانەوە دەناسرێنەوە.[32]

صوحار هەوادارى عوثمانى كوڕی عەففان بوو و كاتێك عوثمان شەهید كرا، صوحار یەكێك بوو لەوانەى داواى تۆڵەی خوێنی عوثمانى دەكرد، لە سەردەمى موعاویەدا وتاربێژێكی بەهێز و ناسراو بوو.[33]

ئەم هاوەڵە دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو و هەر لەوێیش وەفاتى كرد.[34]

صومەیتە(رضي الله عنها)

ناوى صومەیتەیەو لە ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، چونكە ئافرەتێكی هەتیو بوو، صومەیتە فەرموودەى گێڕاوەتەوە.[35]

صونابیح(رضي الله عنه)

ناوى صونابیحى كوڕی ئەعسەرە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، صونابیح دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إني فرطكم على الحوض، وإني مكاثر بكم الأمم، فلا تقتتلن بعدي)،[36] (من پێشتان دەكەوم لەسەر حەوز و لەنێو ئوممەتاندا شانازى بە زۆریتانەوە دەكەم، دەى دواى من مەكەونە یەكتر كوشتن).

صوهەیبی كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى صوهەیبی كوڕی نوعمانەو فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فضل صلاة الرجل في بيته على صلاته حيث يراه الناس، كفضل المكتوبة على النافلة[37] (فەزڵی نوێژی پیاو لە ماڵی خۆی بەرامبەر بەو نوێژەی كە خەڵك دەیبینن، وەك فەزڵی نوێژی فەرز بەسەر نوێژی سوننەتەوە وایە).

صیرمەى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى صیرمەى كوڕی مالیكەو لە پشتیوانانە، لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) پیاوێكی بەتەمەن بوو، ئێوارەیەك كە هاتەوە بۆ ماڵەوە تا بەربانگ بكاتەوە، هێشتا خواردن ئامادەنەبوو، بۆیە خەوی لێكەوت و درەنگ بێداربوویەوەو ئیتر نانى نەخوارد و برسێتی زۆری بۆ هێنا، بۆ بەیانى هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد، ئەوەبوو ئایەتى قورئان دابەزی (وكلوا واشربوا حتى یتبین لكم...).[38]

 

صیلەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى صیلەى كوڕی حارثى غیفاریە، تا سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابیش ژیا و لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد و لەوێ نیشتەجێ بوو.[39]

 



[1] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3399.

[2] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 404.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 407.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 736.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 422.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 421.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 338.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7،ص 736.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 737.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 1739.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 426.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 426.

[13] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 429.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 431.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 444.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 445.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص445.

[18] - أسد الغابة، ج7، ص 190.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 747.

[20] - سنن أبي داود، الرقم 2081، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2010، سنن الدارمي، الرقم 1746، سنن الترمذي، الرقم 708، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2721، مسند الشاميين للطبراني، الرقم 424، صححه الألبانيفي صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2421.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 453.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 453.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 455.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 455.

[25] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 454.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 404.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 404.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 406.

[29] - أسد الغابة، ج3، ص 8.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 408.

[31] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15651، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7230، المطالب العالية لابن حجر، الرقم 1864، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[32] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15650، المستدرك على الصحيحين، الرقم 8441، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7231، صححه الذهبيفي التلخيص، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 409.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 408-409.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 748.

[36] - صحيح ابن حبان، الرقم 6070، مسند احمد بن حنبل، الرقم 18667، سنن ابن ماجة، الرقم 3941، صححه شعيب الأرناؤوط، صصحه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 3944.

[37] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7151، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3375.

[38] - مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 409، قال ابن حجر في الإصابة، ج3، ص 424: هذا مرسل صحيح الإسناد.

[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 446.

 1334
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.