دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی چوارەم

پلەوپایەى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

عەمرى كوڕی عاص دەڵێت پرسیار كرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لە پیاوان؟ فەرمووى ئەبووبەكر، وتیان دواتر، فەرمووى عومەر، وتیان دواتر، فەرمووى ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح.[1]

عائیشە دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی گەورەیی فاطيمهی كرد، منیش قسەم كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئایا بەوە رازى نیت هاوسەرى دنیا و ئاخیرەتیشم بیت؟) وتم بەرێ وەلآ، فەرمووى(دەى تۆ هاوسەری دنیا و ئاخیرەتی منیت).[2]

هاوەڵان دەیانزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەندە عائیشەی خۆشدەوێت، بۆیە هەركات بیانویستبا دیاریەكى بۆ ببەن، دەوەستان تا بچێت بۆ ماڵی عائیشە ئینجا دیاریەكەیان بۆ دەبرد، جا دەستەیەك لە ژنانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە هاوڕاى ئومموسەلەمە بوون، بە ئومموسەلەمەیان وت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قسە بكە تا بە خەڵكەكە بڵێت هەركەس دەیەوێت دیاری ببات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی ببات با لە ماڵی هەر ژنێكی بێت، ئومموسەلەمەش چوو ئەوەى وت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، جارێكی تر ژنەكانى تری ئومموسەلەمەیان بۆ هەمان مەبەست ناردەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، لە جارى سێیەمدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تؤذيني في عائشة فإن الوحي لم يأتني وأنا في ثوب امرأة إلا عائشة[3] (سەبارەت بە عائیشە ئازارم مەدە، چونكە هیچ كات لەژێر یەك جل لەگەڵ ئافرەتێك بووبم سروشم بۆ نەهاتووە مەگەر لەگەڵ عائیشە).

جارێك هەندێ لە هاوسەرەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆبوونەوە تا ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو خۆشەویستیە زۆرەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیبوو بۆ عائیشە، فاطيمهى كچی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) نارد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و تیان پێی بڵێ بۆ خاترى خوا لە خۆشەویستى بۆ عائیشە دادپەرەوەر بێت، ئەویش چوو و ئەوەى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (كچە ئازیزەكەم ئایا ئەو ئافرەتەت خۆش ناوێت كە من خۆشم دەوێت؟) فاطيمه وتى با، گەڕایەوەو هەواڵەكەى دایەوە بە هاوسەرەكانى ترى، ئینجا بڕیاریان دا زەینەبی كچی جەحش بنێرن، زەینەب چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتووڕە بوو و وتى ژنەكانت دەڵێن بۆ خاترى خوا بەرامبەر بە خۆشەویستیت بۆ عائیشە دادپەروەر بە، هێندە دەنگى بەرز كردەوە تا كار گەیشتە ئەوەى قسەیەكى وت بە عائیشە، عائیشەش لەولاوە دانیشتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد وەك پێی بفەرموێت قسەت نیە؟ عائیشەش كەوتە وەڵامدانەوەى زەینەب تا بێدەنگى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد و فەرمووى:  ئەوە كچی ئەبووبەكرە.[4]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(فضل عائشة على النساء كفضل الثريد على سائر الطعام)،[5] (فەزڵ و گەورەیی عائیشە بەسەر ژنانەوە وەك فەزڵی تریتی پڕ بە گۆشت وایە بەسەر هەموو خواردنەكاندا).

فیتنە لە ماڵی عائیشەوە

ئیبن عومەر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتارى دەداو ئاماژەی كرد بە ماڵی عائیشەو فەرمووى(هنا الفتنة-ثلاثا- من حيث يطلع قرن الشيطان[6] (فیتنە لێرەوەیە، فیتنە لێرەوەیە، فیتنە لێرەوەیە، لێرەوە شاخى-یان هەوادارانى- شەیتان دەردەكەون).

جا نەیارانى عائیشە ئەوە دەكەن بە تانە كە عائیشە سەری فیتنەیە، بەڵام بە خوێندنەوەى فەرموودەكە كە لە دەقی تردا روونكراوەتەوە دەردەكەوێت مەبەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماڵی عائیشە نەبووە، بەڵكو مەبەستی ئەو بەرەیە بووە كە بەری رۆژهەلآت دەكات.

ئیبن عومەر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رووی كردبوویە رۆژهەلآت و فەرمووى(بزانن فیتنە لێرەوەیە، بزانن فیتنە لێرەوەیە، بزانن فیتنە لێرەوەیە، لێرەوە كە شاخى شەیتان دەردەكەوێت).[7]

لە گێڕانەوەیەكی تردا ئیبن عومەر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی عائیشەوە هاتە دەرەوەو  فەرمووى(فیتنە ئا ئەلێرەوەیە كە شاخى شەیتان دەردەكەوێت) مەبەستی رۆژهەلآت بوو.[8]

جا رۆژهەلآتەكەى رووەو بەحرەین بوو كە یەكەم فیتنە لەوێ بە دەركەوتنى موسەیلەمەى درۆزن دەركەوت.[9]

لە كاتى وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

عائیشە دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و ئازارى زیادى كرد، مۆڵەتى لە هاوسەرەكانى تری خواست تا لە ماڵی من بمێنێتەوە، ئەوانیش رازى بوون، ئەوەبوو دوو كەس ئەملاولا، پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) گرت و ئەویش قاچەكانى بە زەویدا دەخشان، -ئەوانیش بریتی بوون لە عەبباس و عەلى كوڕی ئەبووطالیب-.[10]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت دەیفەرموو (أین أنا غدا؟)، (سبەی لە ماڵی كام هاوسەرمم؟) چونكە حەزى دەكرد لە ماڵی عائیشە بێت، ئەوەبوو هاوسەرەكانى تری مۆڵەتیان دا تا كام ماڵی پێ خۆشە لەوێ بمێنێتەوە، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی عائیشە مایەوە تا وەفاتى كرد.[11]

سالیم باسی ساتەكانى نەخۆشی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لە هۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ وتمان بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێوەی ئافرەتان هاودەمە ژنەكانى یووسفن، بە بیلال بڵێن با بانگ بدات و بە ئەبوبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك)، هەمدى لەخۆش خۆی چوو، بیلال بانگى دا و قامەتى كرد و ئەبووبەكریش چوو بەرنوێژی بكات بۆ خەڵكەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە هۆش خۆی و فەرمووى ئایا نوێژ دابەسراوە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (كەسێكم بۆ بانگ بكەن تا خۆمی پێوە بگرم)، ئەوەبوو بەریرەو كەسێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باڵی دایە سەر شانیان و بەو حاڵەوە چوو بۆ نوێژ، لەپاڵ ئەبووبەكردا دانیشێنرا، ئەبووبەكر ویستی بگەڕێتە دواوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری هێشتەوە تا نوێژەكە تەواو بوو.[12]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش بوو و لە ماڵی عائیشە بوو، عەبدوڕەحمان چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سیواكی پێ بوو دەیهێنا بە دانیدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى سیواكەكەى كرد، عائیشە سیواكەكەى لە عەبدوڕەحمان وەرگرت و پاكى راگرت و دواتر داى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سیواكەكەى بەكارهێنا.[13]

عائیشە دەڵێت فاطيمه هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بەڕێدا دەتوت هەمان رێكردنى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى مەرحەبا لە كچەكەم، ئینجا لاى خۆیەوە داینیشاند، دواتر چپەیەكی بۆ كرد و فاطيمه گریا، وتم بۆچی دەگریت؟ دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چپەیەكی تری بۆ كرد و فاطيمه دەستی كرد بە پێكەنین، منیش وتم تا ئێستا نەمدیوە خەم و خۆشی ئاوا لەیەك نزیك بن، وتم چۆن بوو واگریایت و دواتر پكەنیت؟ فاطيمهش وتى نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا ناكەم، دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، چووم هەمان پرسیارم لێكردەوە، ئەویش وتى چپاندى بە گوێمدا (جیبریل هەموو ساڵێك یەك جار قورئانى لەگەڵ دەور دەكردمەوە، ئەمساڵ دوو جار لەگەڵم دەورى كردەوە، وادەزانم ئەمە ئاماژەی مەرگمە، تۆیش یەكەم كەسیت بە من دەگەیتەوە)، منیش دەستم كرد بە گریان، دواتر فەرمووى(ئایا رازى نابیت تۆ گەورەى ژنانى بەهەشت –یان گەورەی ژنانى باوەڕداران- بیت؟) منیش بەوە پێكەنیم.[14]

عائیشە دەڵێت پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی كە لە سەرەمەرگیدا بوو، جامێك ئاوى لەلا بوو، دەستی دەكرد بە ناو ئاوەكەدا و دەموچاوى پێ دەسڕی و دەیفەرموو (اللهم أعنی على سكرات الموت)،[15] (خوایە هاوكارم بە لەسەر ئازار و نارەحەتیەكانى مەرگ).

 

لە خیلافەتى باوكیدا

دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری صدیق بوو بە خەلیفە و عائیشەش لەو ماوەدا لە مەدینە مایەوەو رێنمایی و زانستی پێشكەش بە موسڵمانان دەكرد.

عائیشە چوو بۆ لاى فاطيمهى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەرێ كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەرمەرگدا بوو، بینیم خۆت دا بەسەر پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و دواتر گریایت، ئینجا هەمدى خۆت دا بەسەریدا و پێكەنیت، ئەویش وتى لە یەكەمیاندا پێی وتم دەمرێت، منیش گریام، لە دووەمیاندا پێی وتم من لەناو كەسوكاریدا لە هەموان زووتر پێی دەگەمەوە و هەروەها من گەورەى ژنانى بەهەشتم جگە لە مەریەمى كچی عیمران، منیش پێكەنیم.[16]

حەسەن دەڵێت كاتێك ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو، بە عائیشەى وت ئەى عائیشە سەیری ئەو وشترە بكە كە لە شیرەكەیمان دەخواردەوەو ئەو تەشتەى بەكارمان دەهێنا و ئەو بەرگەى دەمانپۆشی، ئێمە كاتێك كاروبارى موسڵمانانمان بەدەست بوو ئەو شتانەمان بەكاردەهێنا، جا ئەگەر مردم ئەوانە ببە بۆ عومەر، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر مرد ئەو شتانەى نارد بۆ عومەر، ئەویش وتى خوا لێت رازى بێت ئەی ئەبووبەكر، ئەركى ئەوەى دواى خۆتت سەخت كرد.[17]

 

لە خیلافەتى عومەردا

دواى وەفاتى ئەبووبەكر، عومەرى كوڕی خەططاب بوو بە خەلیفەو عائیشە لەو سەردەمەشدا هەمان شێوەی پێشووتر سەرقاڵی بەخشینەوەى زانست بوو.

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب مووچەی بۆ خەڵكی بڕیەوە، بۆ هاوسەرەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دە هەزارى بڕیەوە، بەڵام بۆ عائیشە دوانزە هەزارى بڕیەوە، چونكە دەیزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى زیاتر خۆشدەویست.[18]

هەروەها كە عومەر بە دەستى ئەبوولوئلوئەى مەجووسی بریندار كرا، شەش كەسی دانا تا لەنێو خۆیاندا كەسێك بۆ خیلافەت هەڵبژێرن، ئینجا وتى بڕۆن مۆڵەت لە عائیشە وەربگرن و لە ماڵەكەى ئەودا راوێژەكەتان بكەن، ئەوانیش وایانكرد.[19]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب پێكرا، بە عەبدوڵاى كوڕی وت بڕۆ بزانە كێ منى كوشت؟ ئەویش وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەبوولوئلوئەی كۆیلەى موغیرەى كوڕی شوعبە تۆی كوشت، عومەریش وتى سوپاس بۆ خوا كە مەرگى منى بە دەستی كەسێك نەهێنا كە تاكە سوجدەیەكیشی بردبێت بۆ خوا، ئەی عەبدوڵا بڕۆ بۆ لاى عائیشەو پرسیاری لێ بكە بزانە مۆڵەت دەدات لەلاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر ئەسپەردە بكرێم؟[20]

عەمرى كوڕی مەیموون دەڵێت ئامادە بووم كاتێك عومەر بە عەبدوڵاى كوڕی وت بڕۆ بۆ لاى دایكی باوەڕداران عائیشەو بڵێ عومەر سەلامت لێ دەكات، دواتر پرسیاری لێ بكە بزانە مۆڵەت دەدات لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر ئەسپەردە بكرێم؟ عائیشەش وتى من ئەوەم بۆ خۆم دانابوو، بەڵام ئەمڕۆ لە خۆم دەگوزەرم بۆ عومەر، كە عەبدوڵا هاتەوە عومەر وتى چیت كرد؟ ئەویش وتى مۆڵەتى دا، عومەر وتى هیچ شتێ هێندەى ئەو شوێنە لام گرنگ نیە، جا كە مردم بمبەن بۆ ئەوێ و دواتر سەلام بكەن، دواتر هەمدى بڵێ عومەرى كوڕی خەططاب داواى مۆڵەت دەكات، ئەگەر عائیشە هەمدى مۆڵەتى دا ئەوكات ئەسپەردەم بكەن، ئەگەریش دەرفەتى نەدا بمگێڕنەوەو بمبەن بۆ گۆڕستانى موسڵمانان.[21]



[1] - صحيح ابن حبان، الرقم 7108، صححه شعيب الأرناؤوط.

[2] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6771، صحيح ابن حبان، الرقم 7204، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الارناؤوط.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2462، سنن الترمذي، الرقم 3896، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8624، قال الذهبي في سير أعلام النبلاء، ج2، ص 143 متفق على صحته.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2462.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 3266، صحيح مسلم، الرقم 4582، صحيح ابن حبان، الرقم 7220، سنن الدارمي، الرقم 2042، سنن ابن ماجة، الرقم 3278، سنن الترمذي، الرقم 3904، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8621، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12345.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 2954.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 6697، صحيح مسلم، الرقم 5275.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 5278.

[9] - صحيح ابن حبان، الرقم 6758.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 194.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 4194.

[12] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1527، سنن ابن ماجة، الرقم 1230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 1234.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 864.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 3446.

[15] - سنن ابن ماجة، الرقم 1618، المستدرك على الصحيحين، الرقم 3666، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6872، مسند احمد بن حنبل، الرقم 23800، صححه الذهبي في التلخيص، ضعفه شعيب الأرناؤوط، كما ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 1623.

[16] - صحيح ابن حبان، الرقم  7062، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[17] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 36.

[18] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 351.

[19] - الكامل في التاريخ، ج2، ص 460.

[20] - الكامل في التأريخ لابن الأثير، ج2، ص 447.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 1339.

 1888
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.