دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڕەحمان) بووە - بەشی دووەم

عەبدوڕەحمانى كوڕی عائيذ(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عائيذى كوڕی موعاذە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە، عەبدوڕەحمان هاودەم بە باوكى بەشدارى غەزاى ئوحودى كرد، دواتریش بەشدارى غەزاكان بوو، لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[1]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەبد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەبد یان كوڕی عوبەیدى ئەزدیە، كونیەكەى ئەبووراشیدەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە، سەرەتا ناوى عەبدولعوززا بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڕەحمان.[2]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەبد دەڵێت هاودەم بە سەد كەس لە هۆزەكەم چووین بەرەو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە نزیك بووینەوە وەستاین، هۆزەكەم وتیان تۆ پێش بكەوە، ئەگەر بارەكەت پێ باش بوو ئێمەش رازین، ئەگەرنا دەگەڕێینەوە، منیش تەمەنم لە هەموویان كەمتر بوو، چووم و وتم بەیانیت باش ئەی موحەممەد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئەوە سەلامى موسڵمانان نیە لەنێو خۆیاندا) وتم ئەى چۆنە؟ فەرمووى (ئەگەر هاتیت بۆ لاى دەستەیەكی موسڵمانان بڵێ السلام علیكم و رحمة الله)، منیش وتم السلام علیك یارسول الله و رحمة الله و بركاتە، ئەویش فەرمووى (وعلیك السلام و رحمة الله و بركاتە)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ناوت چیەو تۆ كێیت؟ وتم من ئەبووموعاویەی كوڕی عەبدلات و عوززام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بەڵكو تۆ ئەبووراشید عەبدوڕەحمانیت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر رێزی گرتم و لەپاڵ خۆیەوە داینیشاندم و عەباكەى خۆی دا بەسەر شانمدا و گۆچانەكەى خۆی پێ بەخشیم، منیش موسڵمان بووم، خەڵكێك كە لەوێ دانیشتبوون وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەبینین زۆر رێزی ئەم كابرایەت گرت، ئەویش فەرمووى(ئەمە پیاوماقوڵی هۆزەكەیەى، جا ئەگەر پیاوماقوڵى هۆزێك هات بۆ لاتان رێزی بگرن)، منیش خزمەتكارێكم هەبوو كە ناوى سەرحان بوو ئەویش لەگەڵم موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبووراشید ئەوە كێیە لەگەڵت؟ وتم خزمەتكارێكمە پێی دەوترێت سەرحان، فەرمووى ئەى چۆنە ئەی ئەبووراشید ئازادى بكەیت و بەرامبەر هەر بەشێكی جەستەى خوا بەشێكی جەستەت لە دۆزەخ رزگار بكات؟ منیش رزگارم كرد و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ شایەت بە ئەو لەپێناو خوادا ئازادە، دواتر چوومەوە بۆ لاى هۆزەكەم و ئەوانیش هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون.[3]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا خەلیفە لێپێچینەوەى دانابوو بۆ هەموو كاربەدەستانى و نیوەی سامانەكەى لێ وەردەگرتن و لە بەیتولمال دایدەنا، جا كە عەبدوڕەحمان لە فەلەستینەوە هاتەوەو موعاویە بەرپرسی لێپێچینەوە بوو، عەبدوڕەحمان دەستی كرد بە گریان، ئەویش وتى بۆچی دەگریت، وتى لە ترسی لێپێچینەوە ناگریم، بەڵكو بیری لێپێچینەوەى رۆژی دواییم كەوتەوەو گریام، موعاویەش وازى لێهێنا و لێپێچینەوەى لەگەڵ نەكرد.[4]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەبدوڵاى بەلوى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەبدوڵاى بەلویە، كونیەكەی ئەبووعەقیلە، سەرەتا ناوى عەبدولعوززا بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڕەحمان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و دەستێكی كاراى وەشاند و دواتر شەهید بوو.[5]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەمرى ئەنصارى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەمرى كوڕی یەزیدە، باوكى بە ئەبی صەعصەعە ناسراوە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[6]

عەبدوڕەحمان دەڵێت بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (خوایە لە پشتیوانان خۆش بەو لە مندالآنى پشتیوانان خۆش بە، لە نەوەكانى پشتیوانان خۆش بە).[7]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەون (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەونى كوڕی عەددیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى جیسردا شەهید بوو.[8]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عەووام (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەووامى ئەسەدیەو براى زوبەیری كوڕی عەووامە، لە غەزاى بەدردا لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بەشدارى كرد، دواتر لە فەتحى مەككەدا كە موسڵمان بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى لە عەبدولكەعبەوە گۆڕی بۆ عەبدوڕەحمان، دواتر عەبدوڕەحمان لە سەردەمى خیلافەتى راشیدینیشدا ژیاو بەشدارى جەنگى یەرمووكى كرد و تیایدا شەهید بوو.[9]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عوثمانى تەیمی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عوثمانى كوڕی عوبەیدوڵاى تەیمیە، رایەك دەڵێت لە رێككەوتنى حودەیبیەدا موسڵمان بووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، بەپێی راى یەكەم بەشداربووە لە عومرەى پاش حودەیبیەدا.[10]

عەبدوڕەحمان دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە  سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا بەشدارى جەنگى یەرمووكى كرد، دواى ئەوەش تا سەردەمى دەسەلآتى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر ژیا و لە مەككەو لە ساڵی حەفتاو سێی كۆچیدا بە دەستی ئومەویەكان كوژرا.[11]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عوپمانى جومەحى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عوثمانى كوڕی مەظعوونە، باوكى یەكێكە لە هاوەڵە ناسراوەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە ساڵی دووەمى كۆچیدا وەفاتى كرد، بۆیە عەبدوڕەحمان لە كاتى وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تەمەنى زیاد لە نۆ ساڵان دەبوو.[12]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عودەیس(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عودەیسى كوڕی عەمرى بەلەویە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە فەتحى میصردا بەشداری كرد، دواتر یەكێك بوو لە بەشداربوانى فیتنەى سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففان و دژ بە خەلیفە  لە میصرەوە هات بەرەو مەدینە، دواتر لەلایەن موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیانەوە بەند كرا، عەبدوڕەحمان رایكرد و لە كاتى راكردنیدا كوژرا.[13]

عەبدوڕەحمانى كوڕی قەتادە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی قەتادەى سولەمیە، عەبدوڕەحمان دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (خلق الله آدم، ثم أخذ الخلق من ظهره، فقال: هؤلاء في الجنة ولا أبالي، وهؤلاء في النار ولا أبالي)، (خوا ئادەمى دروست كرد، دواتر لە پشتی ئەوەوە خەلقی بەدیهێنا، دواتر فەرمووى ئەمانە لە بەهەشتدان وباكم نیە، ئەمانەش لە دۆزەخدان و باكم نیە)، جا كەسێك وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیتر لەسەر چی ئیش بكەین؟ فەرمووى(على مواقع القدر) لەسەر جێپێكانى قەدەر.[14]

عەبدوڕەحمانى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی قەیسەو فەرموودەیەكی لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، عەبدوڕەحمان دەڵێت كابرایەك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى من ستەملێكراوم، ئەویش فەرمووى (ستەملێكراوان لە رۆژی دواییدا سەركەوتوانن).[15]

عەبدوڕەحمانى كوڕی قەيظى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی قەيظى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە، هاودەم بە باوكى بەشدار بوو لە غەزاى ئوحوددا، بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد و تیایدا شەهید بوو.[16]

عەبدوڕەحمانى كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی كەعبی كوڕی عەمرە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە و كونیەكەى ئەبولەیلایە، لە غەزاى ئوحود و خەندەق و غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد، بەڵام لە غەزاى تەبووكدا لەبەر كەمدەستی نەیدەتوانى بەشدارى بكات و لە خەفەتى بەشداری نەكردنى دەستی كرد بە گریان.[17]

دەستەیەك لە هاوەڵان هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ژمارەیان حەوت كەس بوو، بریتی بوون لە سالیمی كوڕی عومەیر و عولبەی كوڕی زەید و عەبدورەحمانى كوڕی كەعب و عەمرى كوڕی حومام و عەبدوڵاى كوڕی موغەففەل و هەرمى كوڕی عەبدوڵا و عیرباضى كوڕی ساریە، داوایان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا پڕچەكیان بكات تا بتوانن بەشدارى غەزاى تەبووك بن، چونكە ئەمانە كەمدەرامەت و دەستكورت بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی راگەیاندن هیچی لەبەردەست نیە تا داواكەیان بێنێتەدى، یامینی كوڕی عەمر دەڵێت گەیشتم بە عەبدوڕەحمانى كوڕی كەعب و عەبدوڵاى كوڕی موغەففەل دەگریان، وتم بۆچی دەگرین؟ وتیان چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا چەكمان پێبدات بۆ بەشدارى جەنگ بەڵام هیچی لا نەبوو و ئێمەش هیچمان پێ نیە تا بتوانین لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزاكە بكەین، منیش وشترێكم پێدان و بڕێك شیریشم پێدان، ئەوەبوو لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوون و بەشداریان كرد.[18]

عەبدوڕەحمانى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی مالیكی كوڕی شیدادە، سەرەتا ناوى عوروە یان مەڕوان بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڕەحمان.[19]

عەبدوڕەحمانى كوڕی موحەممەد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی موحەممەدى كوڕی مەسلەمەیە، لە پشتیوانانە، باوكی یەكێكە لە هاوەڵە ناسراوەكان، عەبدورەحمان هاودەم بە باوكى بەشدارى غەزاى ئوحود و غەزاكانى دواتریش بوو، لە بەیعەتى ريضوانیشدا بەشدارى كرد.[20]

عەبدوڕەحمانى كوڕی مودلیج(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی مودلیجەو فەرموودەیەكی لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتى(من كنت مولاە فعلي مولاە).[21]

عەبدوڕەحمانى كوڕی مورەققەع(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی مورەققەعى سولەمیە، یەكێكە لە بەشداربوانى فەتحى خەیبەر.[22]

عەبدوڕەحمانى كوڕی موعاذ(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی موعاذى كوڕی عوثمانى قوڕەیشی تەیمیە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككە.[23]

عەبدوڕەحمانى كوڕی موقرین (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی موقرینى موزەنیە، سەرەتا ناوى عەبد عەمر بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڕەحمان.[24]

عەبدوڕەحمانى كوڕی میربەع(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی میربەعە، لە پشتیوانانە، برایەكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام باوكیان لە دووڕووەكان بوو، لە جەنگى جیسر ئەبی عوبەیددا بەشدارى كرد و تیایدا هاودەم بە عەبدوڵاى براى شەهید بوو.[25]

عەبدوڕەحمانى كوڕی نەححام (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی نەححامە، لە فەرموودەیەكی صەحیحدا باسی هاتووە كە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(هەركەس تیرێك ئاراستەى دوژمن بكات خواى گەورە بەوە پلەیەك بەرزی دەكاتەوە)، عەبدوڕەحمان وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پلەیەك چیە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أما إنها ليست بعتبة أمك ما بين الدرجتين مائة عام)،[26] ( ئەوە وەك دەرگاكەى دایكت نیە، نێوانى دوو پلە ماوەى سەد ساڵە).

عەبدوڕەحمانى كوڕی هوبەیب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی هوبەیبى كینانیە، برایەكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە هەردووكیان پێكەوە لە غەزاى ئوحوددا بەشدارییان كرد و تیایدا شەهید بوون.[27]

عەبدوڕەحمانى كوڕی وائیل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی وائیلی كوڕی عامیرە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود و لە غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد، لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[28]

عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبووبەكری صدیق(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبووبەكرە، باوكى نزیكترین هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت و یەكەم خەلیفەى موسڵمانان بوو، عەبدوڕەحمان هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و موحەممەدى كوڕیشی هاوەڵ بوو.[29]

سەرەتا ناوى عەبدولكەعب بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڕەحمان.[30]

عەبدوڕەحمان بە بێباوەڕی بەشدارى بەدرو ئوحودى كرد، دواتر لە حودەیبیەدا موسڵمان بوو،[31] رایەكیش دەڵێت لەپێش فەتحى مەككەدا هاودەم بە موعاویە و ژمارەیەك گەنجى قوڕەیش چوو بەرەو مەدینەو موسڵمان بوون.[32]

جارێك ئەبووبەكر میواندارى دەستەیەكى كرد و بە عەبدوڕەحمانى كوڕی وت میوانەكانت ببە وا من دەچم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، تا دێمەوە خزمەتیان بكە، عەبدوڕەحمانیش چوو و چی هەبوو داینا بۆیان و وتى بخۆن، ئەوانیش وتیان ئەى گەورەى ماڵ لە كوێیە؟ عەبدوڕەحمان وتى نانەكەتان بخۆن، ئەوانیش وتیان نان ناخۆین تا گەورەى ماڵ نەیەتەوە، ئەویش وتى خزمەتمان قبووڵ بكەن، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، عەبدوڕەحمان زانى باوكى بێتەوە تووڕە دەبێت، بۆیە كە ئەبووبەكر هاتەوە عەبدوڕەحمان ماوەیەك خۆی ون كرد، دواتر ئەبووبەكر بە میوانەكانى وت چیتان كرد؟ ئەوانیش وتیان چی بووە؟ ئەبووبەكر وتى ئەی عەبدوڕەحمان، ئەویش بێدەنگ بوو و وەڵامى نەدایەوە، هەمدى بانگى كرد و ئەویش وەڵامى نەدایەوە، ئەبووبەكر تووڕە بوو و قسەیەكی پێ وت و وتى سوێندت دەدەم ئەگەر دەنگم دەبیستیت وەڵامم بدەرەوە، عەبدوڕەحمان هاتە دەرەوەو وتى پرسیار لە میوانەكانت بكە، ئەوانیش وتیان راست دەكات، خزمەتى كردین، ئەبووبەكر وتى یانى چاوەڕوانى من بوون؟ بەخوا ئەمشەو نان ناخۆم، ئەوانیش وتیان دەى بەخوا تا تۆ نان نەخۆیت ئێمەش نان ناخۆن، ئەبووبەكر وتى شەوی وەك ئەمشەو خراپم نەدیوە، ماڵوێرانان چیتانە؟ بۆچی میوانداری و خزمەتمان قبووڵ ناكەن؟ عەبدوڕەحمان خواردنەكە بهێنە، ئەوەبوو خواردنەكەى هێنا و ئەبووبەكر بیسمیلاهى كرد و لێی خوارد و ئەوانیش دەستیان كرد بە خواردن،[33] بۆ بەیانى ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد و وتى ئەوان سوێندەكەیان بردە سەر و من سوێندەكەم خست، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵكو تۆ بەوەفاتر بوویت بە سوێندەكەت و چاكترینیان بوویت).[34]

عەبدوڕەحمان كەسێكی پیاوچاك بوو، هاوكات حەزی بە گاڵتەو بزەبەخشی هەبوو.[35]

لە حەجى ماڵئاواییدا كە عائیشەش هاودەم بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو و عەبدوڕەحمانیش بەشدار بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد عائیشە ببات تا عومرەكەى بكات و دواتر بگەڕێتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[36]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش بوو و لەماڵی عائیشە بوو، عەبدوڕەحمان چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سیواكی پێ بوو دەیهێنا بە دانیدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى سیواكەكەى كرد، عائیشە سیواكەكەى لە عەبدوڕەحمان وەرگرت و پاكى راگرت و دواتر داى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سیواكەكەى بەكارهێنا.[37]

لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد و حەوت گەورە سەركردەى بێباوەڕانى كوشت، پاشان بەشدارى فتووحات بوو، لە جەنگى جەمەلدا هاوشانى عائیشەی خوشكی بەشدار بوو.[38]

كاتێك موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ویستی بەیعەت بۆ یەزیدی كوڕی وەربگرێت، عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبووبەكر هاودەم بە حوسەینی كوڕی عەلى و عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر نارازى بوون بەوە، عەبدوڕەحمان وتى خۆ ئەمە حوكمى قەیصەرى نیە، كە قەیصەر مرد قەیصەرێكی تر بێتە شوێنەكەى، بەخوا بەمە رازى نابین، هەرچەندە موعاویە ویستی رازى بكات بەڵام رازى نەبوو، پێش مەرگى موعاویە عەبدوڕەحمان مرد و دەسەلآتدارى یەزیدی نەبینی.[39]

جارێك لە دوورى دە میل لە مەككە بوو و خەوتبوو كە ئیتر هەڵنەسایەوەو مرد، ئینجا برا بۆ مەككەو لەوێ ئەسپەردە كرا، كاتێك عائیشەی خوشكی هەواڵی مەرگى ئەوى بیست، چوویە لاى گۆڕەكەى و گریا.[40]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى، دەوترێت لە ساڵی پەنجاو سێ دا كۆچی دوایی كرد،[41] هەریەك لە ساڵانى پەنجاو چوار و پەنجا و پێنج و پەنجاو شەش و پەنجاو هەشت بۆ كاتى وەفاتى هاتووە.[42]

عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی عەقیل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی عەقیلى ثهقەفیە، عەبدوڕەحمان دەڵێت لەناو وەفدى ثهقیفدا بووم چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سەرەتا بمانزانیبا هەركەس زووتر دەچێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خۆی لێ نزیك دەكاتەوە زۆر زۆر رقمان لێی دەبوو، كەچی دواتر كە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچووین، ئەو كەسەى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزیك بوایە لە هەموو كەس خۆشترمان دەویست.[43]

عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی عومەیرە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی عومەیرەی موز ەنیە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو.[44]

عەبدوڕەحمان دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە موعاویەی فەرموو (اللهم اجعلە هادیا مهدیا و اهد بە)،[45] (خوایە بیكەیتە رێنموونى كراو و رێنموونی كەر و خەڵكی بەهۆیەوە رێنموونى بكە).

عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی لەیلا (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی لەیلاى ئەنصاریە، هاودەم بە باوكى لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، جا هەندێ ئەم هاوەڵە لەگەڵ عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبی لەیلاى تابعیدا تێكەڵ دەكەن.[46]

عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەزهەر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەزهەری كوڕی عەوفە، برازاى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفە، كونیەكەی ئەبووجوبەیرە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى حونەین، تا سەردەمى دەسەلآتى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر ژیا.[47]

عەبدوڕەحمانى كوڕی یەعمور (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی یەعمورى دیئلیە، كونیەكەى ئەبولئەسوەدە، دواتر لە كووفە نیشتەجێ بوو.[48]

عەبدوڕەحمان دەڵێت بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (الحج عرفات، فمن أدرك عرفة ليلة جمع قبل أن يطلع الفجر فقد أدرك، أيام منى ثلاثة أيام، فمن تعجل في يومين فلا إثم عليه، ومن تأخر فلا إثم عليه[49] (حەج عەرەفاتە، هەركەس پێش خۆرهەلآتن شەو گەیشتە عەرەفە ئەوە گەیشتووە، رۆژانى مینا سێ رۆژە، هەركەس لە دوور رۆژدا پەلەى كرد ئەوە هیچ تاوانى لەسەر نیە، هەركەسیش دواكەوت ئەوە هیچ تاوانى لەسەر نیە).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 320.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 330.

[3] - الكنى و الأسماء للدولابي، الرقم 192.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 331.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 325.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 316.

[7] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرم 4108.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 333.

[9] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 344-345.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 332.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 332.

[12] - أسد الغابة، ج3، ص 488.

[13] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 334.

[14] - صحيح ابن حبان، الرقم 339، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17324، المستدرك على الصحيحين، الرقم 82، صححه الذهبي في التلخيص، قال شعيب الارناؤوط صحيح لغيره.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 355.

[16] - أسد الغابة، ج3، ص 505.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 355.

[18] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1970.

[19] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 358.

[20] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 358.

[21] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 359.

[22] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 359.

[23] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 361.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 363.

[25] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 227.

[26] - صحيح ابن حبان، الرقم 4687، صححه شعيب الارناؤوط.

[27] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 364.

[28] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 365.

[29] - أسد الغابة، ج3، ص 481-483.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 326.

[31] - أسد الغابة، ج3، ص 481-483.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 326.

[33] - صحيح البخاري، الرقم 5794.

[34] - صحيح مسلم، الرقم 3927.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 326.

[36] - صحيح البخاري، الرقم 1494.

[37] - صحيح البخاري، الرقم 864.

[38] - أسد الغابة، ج3، ص 481-483.

[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 327.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 327.

[41] - أسد الغابة، ج3، ص 481-483.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 327.

[43] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 205.

[44] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 342.

[45] - سنن الترمذي، الرقم 3859، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17566، صححه الألباني في مشكاة المصابيح، الرقم 6235.

[46] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 357.

[47] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 284.

[48] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 368.

[49] - صحيح ابن حبان، الرقم 3955، صححه شعيب الأرناؤوط.

 1515
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.