دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی پێنجەم

پلەوپایەى ئەبووبەكر لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ئەبووبەكر یەكێكە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (أبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة في الجنة والزبير في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة، وسعد في الجنة، وسعيد في الجنة، وأبو عبيدة بن الجراح في الجنة[1] (ئەبووبەكر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوثمان لە بەهەشتە، عەلى لە بەهەشتە، طهلحە لە بەهەشتە، زوبەیر لە بەهەشتە، عەبدورەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتە، سەعد لە بەهەشتە، سەعید لە بەهەشتە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح لە بەهەشتە).

رۆژێك موغیرە لاى سەعیدی كوڕی زەید قسەی بەرامبەر بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب كرد، سەعید هەستاو وتى من شایەتى دەدەم بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (عشرة في الجنة: النبي في الجنة، وأبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة بن عبيد الله في الجنة، والزبير بن العوام في الجنة، وسعد بن مالك في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة)، (دە كەس لە بەهەشتدان: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەهەشتدایە، ئەبووبەكر لە بەهەشتدایە، عومەر لە بەهەشتدایە، عوثمان لە بەهەشتدایە، عەلى لە بەهەشتدایە، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا لە بەهەشتدایە، زوبەیری كوڕی عەووام لە بەهەشتدایە، سەعدى كوڕی مالیك لە بەهەشتدایە، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتدایە)، ئینجا زەید وتى بمویستایە كەسی دەیەمیشم دەوت، وتیان كێیە؟ بێدەنگ بو، دواتر زۆریان لێكرد تا بیڵێت، ئەویش وتى سەعیدی كوڕی زەید-واتە خۆی-.[2]

زەید دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد و فەرمووى(بڕۆ بۆ لاى ئەبووبەكر دەبینیت لە ماڵی خۆیەو لەسەر كۆش دانیشتووەو خۆی كۆكردوەتەوە، پێی بڵێ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامت لێ دەكات و پێت دەفەرموێت موژدەى بەهەشتت لێ بێت).[3]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كێوی حیرا ْ  وەستابوو، كێوەكە لەریەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئارام بگرە حیرا ْ، چونكە ئەوەی بەسەرتەوەیە یان پێغەمبەرە یان صدیقە یان شەهیدە)، ئەو دەمەش هەریەك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان و عەلى و طهلحەو زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص لەسەر كێوەكە بوون.[4]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە حەسسانى فەرموو ئایا سەبارەت بە ئەبووبەكر هیچ شیعرت وتووە؟ ئەویش وتى بەڵێ، فەرمووى بیڵێ تا بیبیستم، ئەویش وتى:

       وثاني اثنين في الغار المنيف وقد      طاف العدو به إذ صعد الجبلا

       وكان حب رسول الله قد علـــموا       من البريــة لم يعدل به رجــلا

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى بیست پێكەنى تا دانەكانى پێشەوەى دەركەوت، پاشان فەرمووى راستت وت ئەی حەسسان، هەروایە كە تۆ وتووتە.[5]

عەمرى كوڕی عاص دەڵێت پرسیار كرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لەپیاوان؟ فەرمووى ئەبووبەكر، وتیان دواتر، فەرمووى عومەر، وتیان دواتر، فەرمووى ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح.[6]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەبووبەكر پیاوێكی زۆر چاكە، عومەر پیاوێكی زۆر چاكە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح پیاوێكی زۆر چاكە، ثابتى كوڕی قەیس پیاوێكی زۆر چاكە، موعاذي كوڕی عەمر پیاوێكی زۆر چاكە، موعاذی كوڕی جەبەل پیاوێكی زۆر چاكە، سەهلى كوڕی بەيضاء  پیاوێكی زۆر چاكە).[7]

عەبدوڵاى كوڕی حەنطهب دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە تەماشایەكى ئەبووبەكر و عومەرى كرد و فەرمووى(ئەو دوانە چاو وگوێن).[8]

كۆبوونەوەى بەنى ساعیدە[9]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد پشتیوانان لە كەپری بەنى ساعیدە كۆبوونەوە،[10] ئەوان لە دەورى سەعدى كوڕی عوبادە كۆبوونەوە، پشتیوانان پێیان وابوو دەبێت ئەوانیش پشكی خیلافەتیان هەبێت، ئینجا ئەبووبەكر و عومەر و ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح كە هەواڵەكەیان زانى، چوون بۆ لاى پشتیوانان، پشتیوانان دەیانوت با ئێمە ئەمیرێكمان هەبێت و ئێوەش ئەمیرێكتان هەبێت، ئەبووبەكر قسەی كرد و وتەكانى هەموویانى قەناعەت پێكرد، لە میانەى وتەكانیدا وتی ئەمیرایەتى لە ئێمەو وەزیری لە ئێوە، بەڵام حوبابی كوڕی مونذیر وتى نابەخوا، ئەمیرێك لە ئێوەو ئەمیرێك لە ئێمە، ئەبووبەكر تێیگەیاند كە بۆچی واى وتووە، پاشان وتى بەیعەت بدەن بە عومەر یان بە ئەبوووعوبەیدە، خێرا عومەر وتى بەڵكو بەیعەت بە تۆ دەدەین و تۆ گەورەو چاكترینمانیت، تۆ لە هەموومان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستتر بوویت، عومەر دەستى ئەبووبەكری گرت و بەیعەتى پێدا و خەڵكەكەش بەیعەتیان پێدا.[11]

بەیعەتدان بە ئەبووبەكر

مێژوونووسی شیعە یەعقووبی دەقێكی هێناوەو دەڵێت: دەستەیەك لە كۆچەران و پشتیوانان لە بەیعەت دان بە ئەبووبەكر دواكەوتن و هەوادارى عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوون، لەوانە عەبباسی كوڕی عبدولموطهلیب و فەضلى كوڕی عەبباس و زوبەیری كوڕی عەووام و خالیدی كوڕی سەعید و میقدادى كوڕی عەمر و سەلمانى فارسی و ئەبووذەری غیفاری و عەممارى كوڕی یاسر و بەررائی كوڕی عازب و ئوبەی كوڕی كەعب.[12]

ئەم مەسەلەیە پەیوەست كراوە بە ناكۆكی نێوان شیعەو سوننە لەسەر مەسەلەى خیلافەت و ئیمامەت، شیعە پێیان وایە ئیمامەت لە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە میراتى بۆ عەلى و نەوەكانى ماوەتەوە تا رۆژی دوایی و ئەبووبەكر و هاوەڵانى تر ئەو مافەیان لێ زەوت كردووە، سوننەش پێیان وایە هیچ بنەڕەتێك نیە بۆ مەسەلەى ئیمامەتى عەلى و خیلافەتى ئەبووبەكریش دروست بووە و هەموو موسڵمانانیش لەسەری كۆدەنگ بون.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیمامەت بەشێكی چەسپاوى بیروباوەڕەو مافی عەلی كوڕی ئەبووطالیب و نەوەكانیەتى:

یەكەم: ئەو بنەرەتە كە بڕیارە بەهەشت ودۆزەخ یەكلا بكاتەوەو ریشەی قەڵەمڕەوی هەموو كۆمەڵگەی ئیسلامیە تا رۆژى دوایی، بۆچی بە ئایەتێك راشكاوانە باسنەكراوە، ئایا ئەمە ناراستی ئەو بانگەشەیە نیە؟ یان ئەوەیە ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان لە كۆكردنەوەى قورئاندا راستیگەلێكی ناو قورئانیان لابردووە؟ جا ئەگەر بڵێین یەكەمیان راستە، ئیتر بنەرەتى بانگەشەی ئیمامەت بە دەلیلی قورئانى لەكاردەكەوێت، ئەگەریش بڵێین دووەمیان راستە، ئەوە هیچ بنەرەتێكی دروست بۆ ئیسلام نامێنێتەوە كە لەسەری بڕۆین، چونكە ئەگەر ئەوان و هاوەڵانى تر قورئانیان ناتەواو تۆمار كردبێت، كەوابوو هەم قورئان تەواوى پەیامى خوا نیە، هەم چی فەرموودەیە لەكاردەكەوێت، هەم خوێندكارەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبنە خوێندكارانێكی باش پەروەردە نەكرا و و ناپاك و هەلپەرست (دوور لەوان).

دووەم: چۆن دەكرێت عەلى كوڕی ئەبووطالیب كە موژدەپێدراوى بەهەشت و زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و میراتگری دین و دنیایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بێت، كەچی ئامادە نەبێت لەسەر ئەو مافە خوداییە شەڕ بكات و دەرفەت بدات كەسانێكی تر رێرەوى بڕیاری خوا و ئایینی خوا بگۆڕن، لە كاتێكدا ئەو لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) چەندین جار لە غەزاكاندا چووەتە گەرمەى جەنگەوەو باكى نەبووە لە مان و نەمانى لە دنیادا.

ئەوەى لێرەدا بە كورتى قسەی لەسەر دەكەین بریتیە لە ئاماژەكانى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەریەك لە ئەبووبەكر و عەلى، كۆبوونەوەى بەنى ساعیدەو بەیعەتدان بە ئەبووبەكر، ئەوانەى لە بەیعەتدان دواكەوتن، بەیعەتدانى عەلى بە ئەبووبەكر.

چەند ئاماژەیەكى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەبووبەكر

جارێك جوبەیر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە ئافرەتێك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئافرەتەكە جارێكی تر بێتەوە بۆ لاى، ئافرەتەكە وتى ئەى ئەگەر هاتمەوەو تۆم نەبینی؟ وەك ئەوەى بڵێت ئەگەر مردبوویت، ئەویش فەرمووى(إن لم تجديني فأتي أبابكر[13] (ئەگەر منت بەدى نەكرد وەرە بۆ لاى ئەبووبەكر).

ئبن عەبباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نەخۆشیەكەیدا بە پارچە قوماشێك سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى(إنه ليس من الناس أحد أمن علي في نفسه وماله من أبي بكر بن أبي قحافة، ولو كنت متخذا من الناس خليلا لاتخذت أبا بكر خليلا، ولكن خلة الإسلام أفضل، سدوا عني كل خوخة في هذا المسجد، غير خوخة أبي بكر[14] (كەس نیە بەهۆی گیان و سامانیەوە منەتباری بم جگە لە ئەبووبەكری كوڕی قوحافە، ئەگەر من دۆستی زۆر نزیكم لەنێو خەڵكدا بگرتایە، بە دڵنیایەوە ئەبووبەكر دەبوو، بەڵام هاودەمى ئیسلام باشترە، لەم مزگەوتەدا چی خێمە هەیە بەروومدا دایخەن جگە لە خێمەكەى ئەبووبەكر).

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت كاتێك نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆری بۆ هێنا، منیش هاودەم بە ژمارەیەك لە موسڵمانان لەلاى بووم، بیلال بانگى دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەسێك بنێرن نوێژ بكات بۆ خەڵكەكە، منیش چووم بینیم عومەر لەناو خەڵكەكەدایەو ئەبووبەكر لەوێ نیە، وتم ئەی عومەر نوێژ بكە بۆ خەڵكەكە، عومەریش هەستا، كە الله اكبری كرد، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بیست هەواڵى ئەبووبەكری پرسی، ئەوەبوو دواى ئەوە ئەبووبەكر نوێژی كرد بۆ موسڵمانان،[15] دواتر عومەر پێی وتم ماڵوێران ئیبن زەمعە چیت پێكردم، بەخوا كە وتت بەرنوێژی بكە، وامزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى ئەوەى پێكردویت، ئەگەر وا تێنەگەیشتمایە بەرنوێژیم نەدەكرد بۆ خەڵكەكە، منیش وتم بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێنەكردم، بەڵام كە ئەبووبەكرم نەبینى، ئیتر تۆم بە شیاوتر زانى.[16]

سالیمى كوڕی عوبەید باسی ساتەكانى نەخۆشی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لە هۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ وتمان بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێوەی ئافرەتان هاودەمە ژنەكانى یووسفن، بە بیلال بڵێن با بانگ بدات و بە ئەبوبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك)، هەمدى لەخۆش خۆی چوو، بیلال بانگى دا و قامەتى كرد و ئەبووبەكریش چوو بەرنوێژی بكات بۆ خەڵكەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە هۆش خۆی و فەرمووى ئایا نوێژ دابەسراوە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (كەسێكم بۆ بانگ بكەن تا خۆمی پێوە بگرم)، ئەوەبوو بەریرەو كەسێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باڵی دایە سەر شانیان و بەو حاڵەوە چوو بۆ نوێژ، لەپاڵ ئەبووبەكردا دانیشێنرا، ئەبووبەكر ویستی بگەڕێتە دواوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری هێشتەوە تا نوێژەكە تەواو بوو.[17]

چەند ئاماژەیەكى تایبەت بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب:

بەرائی كوڕی عازب بەسەرهاتێكى بەشداربوونى لە حەجى ماڵئاوایی دەگێڕێتەوەو دەڵێت لەو حەجەدا بووین كە تیایدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەجى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نێوەندى رێدا دابەزى و فەرمانى كرد بە نوێژ، دەستى عەلى گرت و فەرمووى ئایا من بۆ باوەڕداران لە خودى خۆیان لەپێشتر نیم؟ وتیان با، فەرمووى ئایا بۆ هەر باوەڕدارێك من لە نەفسی خۆی لەپێشتر نیم؟ وتیان با، فەرمووى (فهذا ولي من أنا مولاه ، اللهم وال من والاه ، اللهم عاد من عاداه)،[18] دەى ئەمە وەلى هەر كەسە كە من مەولاى بم، خوایە لەگەڵ ئەوەبە كە لەگەڵیەتى و دژی ئەوە بە كە دژیەتى).

ئیبن عەبباس دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و ئازارەكەى زیادى كرد، فەرمووى (پەڕەیەكم بۆ بهێنن تا نووسراوێكتان بۆ بنووسم تا دواى ئەوە گومڕا نەبن)، عومەرى كوڕی خەططاب وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازار زۆری بۆ هێناوە، هاوكات كتێبی خوا لەنێوماندایە بەسمانە، ئیتر قسەو مشتومڕ لەنێو هاوەڵاندا زۆر بوو تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (قوموا عني ولا ينبغي عندي التنازع[19] (لەلام هەستن و بڕۆن و شیاو نیە لە لاى مندا ناكۆكی هەبێت)، ئیبن عەبباس كە ئەم فەرموودەى دەگێڕایەوە دەیوت رۆژی پێنج شەممە بوو، ئینجا دەستی كرد بە گریان و زۆر گریا.[20]

جا شیعەو هەوادارانیان پێیان وابووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستوویەتى ئەو نووسراوە بنووسێت بۆ عەلى كوڕی ئەبووطالیب، بەڵام عومەرى كوڕی خەططاب ئەوەى زانیوە، بۆیە رێی لێگرتووە.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت، خەڵكی بە عەلى كوڕی ئەبووطالیبیان وت ئەرێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حاڵی چۆنە؟ وتى سوپاس بۆ خوا باشەو چاك دەبێتەوە، عەبباس دەستى عەلى گرت و وتى مەگەر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نابینیت؟ بەخوا من تەواو واى دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم نەخۆشیەیدا كۆچی دوایی دەكات، با بچین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێ بكەین تا بزانین كارو بەرپرسیاریەتى دواتر بۆ كێ دەبێت، ئەگەر بۆ ئێمەیە با بیزانین، ئەگەریش بۆ ئێمە نیە پێی دەڵێین و وەسیەتمان بۆ دەكات، عەلى وتى بەخوا ئەگەر پرسیار لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەین لەوبارەوە-داواى بكەین-و رازى نەبێت پێمان ببەخشێت، ئەوە ئیتر هەرگیز خەڵكی پێمان نابەخشێت، منیش هەرگیز ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناكەم.[21]



[1] - سنن الترمذي، الرم 3766، صحيح ابن حبان، الرقم 7112، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1612، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 802، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح الجامع الصغيرو زيادته، الرقم 50.

[2] - صحيح ابن حبان، الرقم 7103 واللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4052، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 7454.

[3] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 491.،

[4] - صحيح مسلم، الرقم 4543.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 174.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 7108، صححه شعيب الأرناؤوط.

[7] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7957.

[8] - سنن الترمذي، الرقم 3691، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4380، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 654، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2091، حسنه الذهبي في التلخيص، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3671.

[9] - خوێنەری ئازیز، ئەم بابەتە مشتومرێكی زۆرى دەوێت و پێویستی بە توێژینەوەیەكى سەربەخۆ هەیە، بۆیە لێرەدا بە كورتى دەیخەینەڕوو .

[10] - صحيح البخاري، الرقم 2350.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 3488.

[12] - تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج2، ص 124.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 3480، صحيح مسلم، الرقم 4501، سنن الترمذي، الرقم 3696، صحيح ابن حبان، الرقم 6766، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15428، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16434، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7234، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1538.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 457، صحيح ابن حبان، الرقم 6970، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7834، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2337، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2528، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 11723.

[15] - سنن أبي داود، الرقم 4062، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858، قال الألباني في صحيح و ضعيف سن أبي داود حسن صحيح.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858.

[17] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1527، سنن ابن ماجة، الرقم 1230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 1234.

[18] - سنن ابن ماجة، الرقم 115، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18115، صححه الألباني في صحيح وضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 116.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 113.

[20] - صحيح مسلم، الرقم 3174.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 5919، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2285.

 1234
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.