دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عوثمانى كوڕی عەففان (رضي الله عنه) - بەشی چوارەم

ئەو رەخنانەى لە عوثمانى كوڕی عەففان دەگیران:

ئیبنولعەرەبی كۆی ئەو رەخنانەى كۆكردەوەتەوە كە لە خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففان دەگیران و وەڵامى هەریەك لەوانەشی خستوەتەڕوو، ئێمەش هاودەم بە زیادەیەك بۆ وتەكانى ئیبنولعەرەبی هەم رەخنەو هەم وەڵامەكان دەخەینەڕوو:

هێندەى دا لە عەممار تا ناوسكى تەقی.

هێندەى دا لە ئیبن مەسعوود تا ئێسك و پروسكى شكاند و مووچەشی لێ بڕی:

    ئیبنولعەرەبی دەڵێت: سەبارەت بە لێدانى ئیبن مەسعوود و مووچەپێنەدانى ئەوە ساختەیە، سەبارەت بە لێدانى عەمماریش هەروەك ئەوى پێشوو درۆ و ساختەیە، ئەگەر ناوسكى بتەقیایە هەرگیز نەدەژیا.

زانایان لەو بارەیەوە بڕێ پۆزشیان هێناوەتەوە كە هی ئەوە نیە باسیان بكەین چونكە خودى باسەكە لەسەر پووچی و ناردوستى وەستاوە، ئیتر هیچ حەقێك لەسەر پووچی بنیادنانرێت، بەشوێن پێی نەفاماندا رێ نابڕین، چونكە ئەو رێی ئەوان كۆتایی نیە.[1]

     ئیبن مەسعوود لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا كە بەرپرسی بەیتولمالى موسڵمانان بوو لە كووفە، لەگەڵ سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص كێشەیەكی بۆ دروست بوو، عوثمانى كوڕی عەففان پاش ماوەیەكى زۆر سەعدى كوڕی ئەبی وەققاصی لە والیەتى كووفە لابرد، ئەویش لەبەر كێشەیەك كە لەگەڵ ئیبن مەسعوود هەیبوو، چونكە قەرزى لە بەیتولمال كردبوو كە ئیبن مەسعوود بەرپرسی بوو، كاتێك ئیبن مەسعوود داواى قەرزەكەى كردەوە لە سەعد، سەعد تواناى نەبوو بیداتەوە، بۆیە كێشە كەوتە نێوانیانەوە، هەواڵەكە گەیشتەوە بە عوثمان و سەعدى لابرد و وەلیدی كوڕی عوقبەى لە شوێنیدا دانا.[2]

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان نوسخەكانى قورئانى یەكخست و تەنها یەك جۆری هێشتەوە، ئیبن مەسعوود ئامادە نەبوو نوسخەكەی خۆی لاببات چونكە دەیوت من خۆم لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) ئەو قورئانەم بیستووە.[3]

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان داواى كرد لە ئیبن مەسعوود بگەڕێتەوە بۆ مەدینە، خەڵكی كووفە وتیان لێرە بمێنەرەوە ئێمە ناهێڵین هیچ ئازارێكت پێ بگات، ئەویش وتى من گوێڕایەڵی خەلیفەم لەسەرە، دەبینم فیتنە بەڕێوەیە، نامەوێت من یەكەم كەس بم ئەو دەرگایە بكاتەوە، بۆیە خەڵكەكەى گێڕایەوەو بەرەو مەدینە كەوتەڕێ.[4]

پاش ماوەیەك ئیبن مەسعوود نەخۆش كەوت، عوثمانى كوڕی عەففان هات بۆ لاى، وتى ئازارى چیت هەیە؟ ئەویش وتى ئازارى تاوانەكانم، وتى ئەى حەز بە چی دەكەیت؟ وتى رەحمەتى پەروەردگارم، وتى ئەى فەرمان نەكەم پزیشكێك بێت بۆ لات، ئەویش وتى پزیشك دەواى كردووم، عوثمان وتى فەرمان نەكەم بەخششت بكەن؟ وتى هیچ پێویستم پێی نیە.[5]

دواجار ئیبن مەسعوود لە مەدینەو لە ساڵی سی و دووى كۆچیدا وەفاتى كرد،[6] كاتێك وەفاتى كرد نوێژی لەسەر كرا، رایەك دەڵێت عوثمانى كوڕی عەففان نوێژی لەسەر كرد، رایەكیش دەڵێت عەممارى كوڕی یاسر نوێژی لەسەر كرد، رایەكیش دەڵێت زوبەیری كوڕی عەووام نوێژی لەسەر كرد، دواتر وەستان تا شەو، چونكە خۆی وەسیەتى كردبوو شەو ئەسپەردەى بكەن، ئینجا لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردەیان كرد.[7]

 

لە كۆكردنەوەى قورئاندا لایداوە و بیدعەى نواندووە لە سووتاندنى موصحەفەكانى قورئاندا:

ئیبنلوعەرەبی لەم بارەیەوە دەڵێت:

(سەبارەت بە كۆكردنەوەى قورئان، ئەوە كارێكی زۆر چاكى عوثمان بوو كە ئەنجامیدا، هەرچەندە هەموو قورئان لەبەردەست بوو بەڵام خەڵكی راجیابوون-لە خوێندنەوەی- بۆیە چی راجیایی لەسەربوو نەیهێشت و مەسەلەكەى یەكلاكردەوە، بەوەش بەڵێنى خوا هاتەدى بە پاراستنى قورئان كە ئەمەش لەسەردەستى عوثمان هاتەدى وەك چۆن لە نووسینەكانى تایبەت بە قورئان و چەند نوسینی تردا ئەوەمان روونكردوەتەوە.

هەموو پێشەوایان ئەوەیان گێڕاوەتەوە كە زەیدی كوڕی ثابت وتى لەكاتى جەنگى خەڵكی یەمامەدا ئەبووبەكر ناردى بە شوێنمدا، بینیم عومەرى كوڕی خەططاب لەلای بوو، ئەبووبەكر وتى عومەر هاتووە بۆ لامان و دەڵێت كوژراوەكانى رۆژی یەمامە خەریكە ئەوانە نەهێڵێت كە قورئانیان لەبەرە، من دەترسم ئەم بارە وا بڕوات و بەشێكی قورئان لەدەست بچێت، بۆیە پێم باشە قورئان كۆبكرێتەوە، منیش وتم بە عومەر: چۆن شتێك بكەین كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە؟ عومەر وتى: سوێند بەخوا ئەم كارە باشترە، بۆیە بەردەوام لێی دووبارە دەكردمەوە تا خواى گەورە دەروونى والآ كردم بۆ ئەو كارە و رام چوویە سەر راكەى عومەر.

ئیتر دەستنووسەكە لاى ئەبووبەكر بوو تا وەفاتى كرد، دواتر لاى عومەر بوو تا وەفاتى كرد، دواتر لاى حەفصەى كچی عومەر بوو تا حوزەیفەى كوڕی یەمان هات بۆ لاى عوثمان، ئەوەش كاتێك لە غەزاى شام لە فەتحى ئەرمینیا و ئازەربایجان لەگەڵ خەڵكی عێراق بوو كە گەڕایەوە بۆ لاى عوثمان باسی جیاوازى خوێندنەوەى قورئانى لاى ئەو خەڵكە بۆ عوثمان گێڕایەوە، بۆیە حوذەیفە بە عوثمانى وت ئەی ئەمیری باوەڕداران فریاى ئەم ئوممەتە بكەوە پێش ئەوەى وەك ناكۆكی جوولەكەو مەسیحیەكان موسڵمانانیش سەبارەت بە قورئان ناكۆكییان تێبكەوێت، بۆیە عوثمان كەسی نارد بۆ لاى حەفصەو پێی وت نوسخەى موصحەفەكەمان بۆ بنێرە تا لەبەرى بنووسینەوە و دواتر دەیگێڕینەوە بۆت، حەفصەش موصحەفەكەى نارد بۆ عوثمان، ئینجا عوثمان فەرمانى كرد بە زەیدی كوڕی ثابت و عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر و سەعیدی كوڕی عاص و عەبدورەحمانى كوڕی حارثى كوڕی هیشام تا لەبەرى ئەو موصحەفە چەند نوسخەیەك بگرنەوە، ئەوانیش ئەو كارەیان بەئەنجام گەیاند.

عوثمان بە سێ كەسە قورەیشیەكانى وت: ئەگەر ئێوە لە شتێكدا راجیابوون لەگەڵ زەیدى كوڕی ثابت ئەوا بە زمانى قوڕەیشى بینووسن چونكە قورئان بە زمانى قورەیشی دابەزیوە، ئەوانیش وایان كرد.

كاتێك ئیشەكەیان تەواو كرد عوثمان موصحەفەكەى گێڕایەوە بۆ حەفصە، عوثمان بۆ هەر ناوچەیەك موصحەفێكى لەو موصحەفانە نارد كە –دەستەكە- نووسیبوویانەوە و فەرمانى كرد-لە ناوچەكاندا-چی نووسینەوەى تری بەشێكی قورئان و چی موصحەفی تر هەیە بسووتێنرێت.

سەبارەت بەوەى دەوترێت عوثمان موصحەفەكانى ترى سووتاندووە یان دڕاندووە، ئەوا هەردووكیان جائیزە ئەگەر مانەوەى ئەو موصحەفانە خراپەی لێ بكەوێتەوە یان شتێكی تێدا بێت كە –لە بنەرەتدا- لە قورئاندا نەبێت یان لەسەر بنەماى قورئان خۆی نەبێت، لەوەشدا هەموو هاوەڵان بێدەنگ بوون و كێشەیان نەبوو، بەڵام گێردراوەتەوە لە ئیبن مەسعوودەوە كە لە كووفە وتارى داوەو وتوویەتى پاشان خواى گەورە دەفەرموێت (ومن یغلل یأت بما غل یوم القیامە) جا من بۆ موصحەفەكەى خۆم وادەكەم، هەركەسیش لە ئێوە ئەوەى پێ دەكرێت با وابكات، بۆیە ئیبن مەسعوود دەیویست موصحەفەكەى خۆی بهێڵێتەوەو ئەوەى تیایدا دەیزانى بهێڵێتەوە، كاتێك ئەوەى بۆ نەكرا ئەوەى وت كە وتى، بۆیە عوثمان ناچاری كرد موصحەفەكەى لابەرێت و رسومەكانى سڕیەوە، بۆیە قیرائەكەى چەسپاو نەمایەوەو خواى گەورە بەو سڕینەوەیە عوثمان و حەقی سەرخست).[8]

ئەبووذەرى دوورخستەوە بۆ ناوچەی رەبذە.

یەكێك لەو مەسەلانەى كە كراوە بە رەخنە لەسەر عوثمانى كوڕی عەففان و تانەدان لە خیلافەتەكەى، مەسەلەى چوونى ئەبووذەر بوو بۆ ناوچەى رەبذە، چونكە ئەو تۆمەتەى ئاڕاستە كراوە كە ئەو بە زۆر و بە فەرمان ئەبووذەری دوورخستوەتەوە بۆ ناوچەى رەبذە، سەبارەت بەم مەسەلەش وردەكاریەكى پێویست دەخەینە ڕوو:

ئیبنولعەرەبی لە كتێبەكەیدا (العواصم من القواصم) سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێت:

سەبارەت بەوەى گوایە ئەبووذەرى دوورخستبێتەوە بۆ ناوچەی رەبذە ئەوە راست نیەو واى نەكردووە، ئەبووذەر كابرایەكى دنیانەویست و زاهید بوو و سەركۆنەى كاربەدەستەكانى عوثمانى دەكرد و ئەم ئایەتەى بەسەریاندا دەخوێندەوە (والذين يكنزون الذهب و الفضة و لا ينفقونها في سبيل الله فبشرهم بعذاب أليم).

ئەبووذەر پێی وابوو ئەوان لە سوار و جلوبەرگدا زێدەڕۆیی دەكەن، بۆیە لەسەر ئەوە نارەزایی بەرامبەریان دەردەبڕی و سەركۆنەى دەكردن، دەیویست چی لەو ماڵ و سامانەى بەردەستیان هەیە دابەش بكرێت، ئەوەش شتێكى پێویست نەبوو.

ئیبن عومەر و هاوەڵانێكی تریش دەیانوت هەرچیەك زەكاتەكەى بدەیت ئیتر بریتی نیە لە كۆكردنەوەى –زێڕ و زیو-، ئەوەبوو لە شام دەمەقاڵەیەك لەنێوان ئەبووذەر و موعاویەدا روویدا، ئیتر ئەبووذەر هات بۆ مەدینە، خەڵكی لە دەورى كۆبوونەوە، ئەویش هەمان رێی خۆی دەگرتەبەر-دنیانەویستی و ویستى ئەوەى هەموان بەوجۆرە بن-، عوثمان پێی وت خۆزگە كەنارت بگرتایە، مەبەستى ئەوەبوو تۆ لەسەر رێبازێكیت كە بۆ تێكەڵی خەڵك نابێت، چونكە تێكەڵى مەرجى خۆی هەیە و كەنارگرتنیش مەرجى خۆی هەیە، هەركەسیش بیەوێت وەك ئەبووذەر بژی دەبێت بە تەنها بژی، یان تێكەڵی خەڵك بكات بەڵام وازبهێنێت خەڵكی لەو بارەدا بژین كە لە شەریعەتدا حەرام نەكراوە، ئەوەبوو بۆ پشتگوێخستنى دنیا، ئەبووذەر بە سەربەرزى چوو بەرەو ناوچەی رەبذە، حاڵی ئەبووذەر باشتر بوو، بەڵام ئەو حاڵە بۆ هەموو خەڵك نابێت، چونكە ئەگەر لەسەر ئەو رێبازە بچوونایە بەدڵنیاییەوە لەناودەچوون، سوپاس و ستایش بۆ خوا كە هەموو حاڵەكانى رێكخستووە.

ئەوەى جێی سەرسوڕمانە ئەو رەخنە لە عوثمان دەگیرێت لەسەر كارێك كە عومەر –پێشتر- كردبووی، دەگێردرێتەوە كە عومەرى كوڕی خەططاب ماوەى یەك ساڵ ئیبن مەسعوودو چەند هاوەڵێكى تری لە مەدینە بەند كرد تا ئەو كاتەى شەهید بوو، ئەوكات عوثمان ئازادى كردن، عومەر لەبەرئەوە بەندى كردن چونكە ئەوانە فەرموودەى زۆریان لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەگێڕایەوە.

دەمەقاڵەیەك لەنێوان ئەبووذەرو موعاویەدا روویدا، ئاخۆ ئەبووذەر بڕێ قسەى دەكرد كە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا ئەوانەى نەدەوت، بۆیە موعاویە ئەم مەسەلەى باس كرد بۆ عوثمان و ترسا ئاشووبێك لەنێو خەڵكیدا دروست بێت، چونكە ئەبووذەر هانیان دەدات بۆ دنیانەویستى و بڕێ حاڵ كە هەموو خەڵكی بەرگەى ناگرن، بەڵكو بە تایبەت بۆ هەندێ كەس دەبێت و كەمینەیەك دەتوانن بەرگەى بگرن، بۆیە وەك پێشتر باسمان كرد عوثمان نامەى بۆ نووسی تا ئەبووذەر بێت بۆ مەدینە، كاتێك هاتە مەدینە خەڵكی لە دەورى كۆبوونەوە، ئەبووذەر بە عوثمانى وت بەنیازم بچم بۆ ناوچەی رەبذە، عوثمانیش وتى وابكە، ئەبووذەریش وایكرد، تەنها ئەو هەنگاوەش بۆ ئەو گونجاو بوو.[9]

ئیبن تەیمیەش پێی وایە چوونى ئەبووذەر بۆ رەبذە لەبەر نەگونجانى ئەو ئیجتیهادەى بوو كە كردبووی، لەو بارەوە دەڵێت:

ئەبووذەر لە رەبذە نیشتەجێ بوو و لەوێش مرد، ئەمەش لەبەر هۆكارێك كە كێشە كەوتە نێوان ئەو و خەڵكەوە، چونكە ئەبووذەر كەسێكی صالحى دنیانەویست بوو، پەیامیشی وابوو كە دنیانەویستى واجبە و مرۆڤ چی لێ زیادە پێویستى خۆی هەڵبگرێت ئەوە كەنز و سامانێكە كە لە رۆژی دواییدا پێی داخ دەكرێت، هەروەها پشتى دەبەست بە شتێك كە لە قورئان و سوننەتدا بەڵگەى لەسەر نیە، ئەو پشتى دەبەست بە فەرمایشتی خوا (والذين يكنزون الذهب والفضة ولا ينفقونها في سبيل الله...)، بۆیە چی زیاد لە پێویست بوایە بە كەنزی دادەنا، بۆ ئەوەش پشتى دەبەست بەوەى لە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیستبوو كە فەرمووبووی (يا أبا ذر ما أحب أن لي مثل أحد ذهبا يمضي عليه ثالثة وعندي منه دينار إلا دينارا أرصده لدين)، (ئەى ئەبووذەر حەز ناكەم هێندە كێوی ئوحود زێڕم هەبێت و سیانەى بەسەردا تێپەڕ بێت و دینارێ لەو زێڕە لاى من مابێت مەگەر بۆ قەرزم دانابێت).... كاتێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف مرد و سامانێكی جێهێشت ئەبووذەر ئەوەى بەو كەنزە دانا كە لەسەری سزا دەدرێت، عوثمانیش سەبارەت بەو مەسەلە دانوستان و مشتومڕی لەگەڵ ئەبووذەر دەكرد تا ئەوەى كەعب هاتەژوورەوەو هاوڕاى عوثمان بوو، ئەبووذەر لێیدا، هەر لەسەر ئەوەش ئەبووذەر لە شام كێشەى لەگەڵ موعاویە هەبوو، دەستەیەكیش هەبوون هاوڕاى ئەبووذەر بوون... خۆ خواى گەورە لە قورئاندا میراتى دیاری كردووەو دابەشی كردووە، دەى میراتیش بۆ كەسێك دەبێت كە دواى خۆی سامانێك جێبهێڵێت، چەندین هاوەڵ لە پشتیوانان و بگرە لە كۆچەرانیش هەبون كە لەسەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سامانیان هەبووە، چەندین پێغەمبەریش هەبون كە سامانیان هەبووە، ئەبووذەر دەیویست شتێك لەسەر خەڵك واجب بكات كە خوا واجبی نەكردبوو لەسەریان، لەسەر شتێك سەركۆنەیان بكات كە خوا لەسەر ئەوە سەركۆنەى نەدەكردن، ئەو لەو رایەیدا موجتەهید بوو و وەك هەموو موجتەهیدانى تر لەسەر گوێڕایەڵیەكەى پاداشت وەردەگرێت...لە سەردەمى خیلافەتى عوثماندا -ماڵ و سامان زۆر بوو- و دەوڵەمەندان خوویان دایە زۆر بوارى دنیا كە هەیانبوو لە رووى رێژە و جۆرەوە دەچوونە مەیدانى موباحەوە، ئەبووذەریش هێندە نكووڵی دەكرد لێیان تا ئەوەى رێی موباحیشی لێ دادەخستن، ئەمەش هۆكارێكی كێشەی نێوان دوو تاقمەكە بوو، بۆیە كەنارگرتنى ئەبووذەر لەبەر ئەو هۆكارە بوو، ئەگەرنا عوثمان هیچ كێشە و مەرامێكی بەرامبەر بە ئەبووذەر نەبوو، ئەوەش كە دەڵێت ئەبووذەر ڕاستگۆترین كەسە واتاى ئەوە نییە لە هەموویان باشتر بێت، بەڵكو كەسێكى باوەڕدارى لاواز بوو، وەك لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە پێغەمبەر (a)فەرموویەتى ( يا أباذر إني أراك ضعيفا، وإنى أحب لك ما أحب لنفسي، لا تأمرن على إثنين ولا تولين مال يتيم) (ئەى ئەبووذەر من تۆ بە لاوازى دەبینم، ئەوەشی بۆ خۆم خۆشم دەوێت بۆ تۆیش حەزم پێیە، دەى بەرپرسیارێتی دوو كەسیش مەگرە ئەستۆ و ماڵ و سامانى هەتیویش مەگرە ئەستۆ)، یان لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە (المؤمن القوي خير وأحب إلى الله من المؤمن الضعيف و في كل الخير) ئەهلی شورایش باوەڕدارانى بەهێز بوون، ئەبووذەرو هاووێنەكانیشى باوەڕدارانى لاواز بوون، باوەڕدارانى چاكى نێو خیلافەت وەك عوثمان و عەلی و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف باشتر بوون لە ئەبووذەر و هاووێنەكانى.[10]

عەسكەرى دەڵێت: ئەبووذەر خۆى لەبەر زوهد و دوورگرتنى لەو سامانەى لە دەستى خەڵكدایە چوون بۆ رەبذەی هەڵبژارد.[11]

ئیبن خەلدوون دەڵێت: ئەبووذەر داواى مۆڵەتى كرد لە عوثمان تا لە مەدینە بچێتە دەرەوە، عوثمانیش مۆڵەتى دا و ئەبووذەریش چوو لە رەبذە دابەزى و لەوێ مزگەوتێكی بنیاد نا و عوثمانیش وشتری پێدا و دوو مەملووكى-خزمەتكارى- بۆ دانا و مووچەشی بۆ بڕیەوە،[12]هەروەها عوثمان پەیامى نارد بۆ ئەبووذەر و پێی وت جارجارە سەردانى مەدینە بكە تا نەریتی دەشتەكى وەرنەگریت، ئەویش وایدەكرد.[13]

بێگومان ئەبووذەری غیفارى لە ئاشووبخوازەكان نەبوو، بەڵكو موجتەهیدێك بوو كە لە بوارێكى ئیجتیهادەكانیدا نەیپێكا، بەڵام ئەوەى كە كێشە بوو ئەوەبوو ئاشووبخوازان ئەو بانگەوازەى ئەبووذەریان قۆستەوە بۆ مەرامى پیسی خۆیان و توانییان بیكەنە چەكێك بۆ دژایەتى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففان و دواجار رەواكردنى خوێنی، هیچكام لە هاوەڵان و تابعیەكان و زانایانى ئەهلى سوننەو جەماعەش گومانیان نیە لەوەى ئەبووذەر هیچ پەیوەندى و هاوكاریەكى نەبووە لەگەڵ ئاشووبخوازان، بەڵكو نیازێكی چاكسازى هەبووەو ئیجتیهادێكی كردووەو ئیجتیهادەكەى نەیپێكاوەو پشت بەخوا یەك پاداشتی دەست كەوتووە.

 

 

ئەبوودەردائی لە شام دەركرد:

     ئیبنولعەرەبی دەڵێت: (هەروەها دەمەقاڵەیەك لەنێوان ئەبوودەردائو موعاویەدا روویدا، چونكە ئەبوودەردائیش كەسێكی زاهید و دنیانەویست بوو و دادوەرى خەڵكیش بوو-لە دیمەشق-، كاتێك لە مەسەلەى حەقدا زۆر مەسەلەكەى قووڵ دەكردەوە و ئەو رێبازەى عومەرى لەناو خەڵكدا پەیڕەو دەكرا ئەویش پەیڕەوى دەكرد، خەڵكی بەرگەى ئەوەیان نەگرت و لایان برد، ئەویش چوو بەرەو مەدینە، ئەوانە هەموو بڕێ بەرژەوەندین كە زیان بە ئاییندارى ناگەیەنن و كار ناكەنە سەر پێگەى هیچ موسڵمانێك، ئەبووذەر و ئەبوودەردائیش دووربوون لە عەیبەو كەموكورتى، عوثمانيش زۆر دوور و بێگەرد بوو، هەر كەسێكیش بڵێت عوثمان بەو هۆكارە دوورخستنەوەى بەكارهێناوە ئەوە هەموو ئەو قسانە پووچ و بێبنەمان).[14]

حەكەمى گێڕایەوە پاش ئەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دوورى خستبوویەوە:

حەكەمى كوڕی ئەبیلعاصی كوڕی ئومەییەى ئومەویە، مامی عوثمانى كوڕی عەففانە، باوكى مەڕوانى كوڕی حەكەمە، دواى فەتحى مەككە موسڵمان بوو و چوو لە مەدینە نیشتەجێ بوو.[15]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەكەمى دوورخستەوە بۆ ناوچەی طائیف، ئیتر لەوێ مایەوە، ئینجا كە ئەبووبەكر بوو بە خەلیفە داوا كرا حەكەم بگێڕێتەوە، ئەویش وتى گرێیەك ناكەمەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرێی داوە، تا لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا گەڕێنرایەوە بۆ مەدینە.[16]

حەكەم لە سەردەمى پێغەمبەرایەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەككە ئازارى زۆری پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەدا،[17] تەنانەت ئەو شەوەى كۆبوونەوە تا بچن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەكەى خۆیدا بكوژن، یەكێك لەوانە حەكەم بوو.[18]

حەكەم تەنانەت بەرامبەر بە موسڵمانانیش خراپەى زۆری نواند، ئەوەبوو كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان موسڵمان بوو، حەكەم كە مامى بوو عوثمانى گرت و بە گوریس بەستیەوەو وتى سوێند بەخوا تا نەگەڕێیتەوە سەر ئایینی باوباپیرانت ناتكەمەوە، عوثمانيش وتى سوێند بەخوا هەرگیز وازى لێ ناهێنم، كاتێك حەكەم بینی عوثمان زۆر سوورە لەسەر ئایینەكەى وازى لێهێنا و بەریدا.[19]

ئیبن حەجەر چەند فەرموودەیەكى هێناوە كە باس لەوە دەكەن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى خراپەی كردووە لە حەكەم، بەڵام صەحیح بوونى هیچكام لەو فەرموودانە ناسەلمێنێت.

سەبارەت بە هۆكارى دوورخستنەوەكەى دەوترێت نهێنی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا كردووەو باسی كردووە، بۆیە دوورخراوەتەوە.[20]

حەكەم لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا وەفاتى كرد، ئەوەش لە ساڵی سی و یەكى كۆچیدا بوو.[21]

هەرچۆنێك بێت نەفی كردنى حەكەم و نەگێڕانەوەى تا وەفاتى و بەردەوامى هەر دوو خەلیفەى دواتریش لەسەر ئەو بنەمایە، بەڵگەیە لەسەر ئاستی لاساریەك كە حەكەم نواندوویەتى، بەڵام ئەوە نابێتە تۆمەت بۆ خەلیفەى سێیەمى باوەڕداران، چونكە گێڕانەوەیەك هەیە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش مردنى لەسەر داواى عوثمان رازى بووە حەكەم بگەڕێتەوە، بەڵام پێش گەڕانەوەى وەفاتى كردووە و دواتریش هەردوو خەلیفەى دواتر بۆ پەیڕەوى ئەو فەرمانە داواى شاهیدێكیان كردووە لە عوثمان و ئەویش شایەتێكى تری نەبووە.[22]

بۆیە ئەمە چەند خاڵێك دەخەینەڕوو:

یەكەم: ئەوەى عوثمان چووەو سكالآى بۆ كردووە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، شتێكی هەڵەو تاوان نەبووە، چونكە هێشتنەوەى خزمایەتى و هەوڵی چاكەكردن لەگەڵ خزمان شتێكی رێپێدراوە لە ئیسلامدا مادەم نەبێتە زیان بۆ باوەڕداران بە گشتى، ئەوەش كە عوثمان چووە داواى لێخۆشبوونى بۆ موسڵمانێكى هەڵەكار كردووە نەك بۆ بێباوەڕێك،[23] هەروەها تكاى بۆ كردووە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) رازى بووە نیشانەى ئەو هەموو رێز و خۆشەویستیەیە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەیبووە بۆ عوثمانى كوڕی عەففان.

دووەم: پابەندى بێشومارى هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە گشتى و خەلیفە راشیدینەكان بە تایبەتى و ئەبووبەكر و عومەر بە تایبەتى تر لەم نمونەدا دەردەكەوێت كە چەندە ورد و وریا بون لە هەڵسوكەوت لەگەڵ بنەماكانى شەریعەتدا، كاتێك زانیویانە شەرع داواى شایەت دەكات بۆ هەر سكالآ و پرسێك، ئامادە نەبون تەنانەت قسەو سكالآى موژدەپێدراوى بەهەشتیش وەربگرن كە عوثمانە، خۆ ئەوان دەیانزانى كە عوثمان چەندە راستگۆ و دلسۆز بە ئیسلام بووەو ئەگەر هەرچیەك بچووكترین لادانی دژ بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) تێدا بووبێت هەرگیز قبووڵی نەكردووە، عوثمان موژدەپێدراوى بەهەشت و دوو جار زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووە، عوثمان هۆكارى بەیعەتى ریزوان بووە، كەچی هەر فەرمانى شەریعەتیان بۆ شایەتیەكى ئەو پشتگوێ نەخستووە، جا ئەگەر بۆ مەسەلەیكى كاتى لاوەكى وا ورد بووبن، دەبێت لە كۆكردنەوەو نووسینەوەى قورئاندا چ وریایی و دڵنیاییەكیان گرتبێتەبەر.

سێیەم: گەورەیی عوثمان و رێزگرتنى لە فەرمانى دەسەلآتدارانى دەوڵەتى ئیسلامى نیشان دەدات، ئەو هەرچەندە خۆی چووبوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و رەزامەندى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) وەرگرتبوو، بەڵام كاتێك زانى بەڵگەى تەواوى بەدەستەوە نیە بۆ سەلماندنى راستیەكەى، ئامادە بوو ملكەچی فەرمانێك بێت كە لەپێناو هێشتنەوەى راستیەكاندا راستیەكى ئەوی پەك دەخست، ئەمەش تەنها لە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەوەشێتەوە هێندە وریا و كارامە بن.

چوارەم: عوثمان هەرگیز ئامادە نەبووە لە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەربچێت، خۆ كاتێك ئەبوو سوفیان هاتە مەدینەوەو تكاى كرد لە چەند كەسێك و لەوانەش عوثمان تا بیبەن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى بۆ بكەن تا لەسەر رێككەوتنى قورەیش و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قسەی لەگەڵ بكات، عوثمان ئامادەیی نەبوو سكالآى بۆ بكات هەرچەندە لە هەمان هۆز بوون، چونكە دەیزانى ئەمە رەوا نیە، بەڵام سكالآ كردنى بۆ حەكەم لەبەرئەوەى پێ رەوابوو چونكە هەم حەكەم شایەتومانى بە زار دەربڕیبوو و خۆی بە موسڵمان ناساندبوو و خواش زاناترە بە موسڵمانێتیەكەى،  هەم هاتنەوەى ئەو هیچ پەیوەندیەكى نەبوو بە زیان گەیاندن بە موسڵمانان چونكە تاكێك بوو و هیچی تر، هەروەها ئەو كە زانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رازى بووە ئینجا چوو داواى لە ئەبووبەكر و عومەریش كرد تا ئەو رەزامەندیە جێبەجێ بكەن، كاتێكیش بەڵگەى تەواوى بۆ ئەوە دەست نەكەوت بێدەنگی هەڵبژارد نەك نانەوەى ئاژاوەو ناڕەزایی.

سەبارەت بەوەى بۆچی عوثمانى كوڕی عەففان حەكەمى گێڕایەوە، ئیبنولعەرەبی لە كتێبەكەیدا (العواصم من القواصم) دەڵێت:

سەبارەت بە تۆمەتى گێڕانەوەى حەكەم ئەمەش راستى نیە، زانایانمان لە وەڵامى ئەو گومانەدا دەڵێن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى دابوو بە حەكەم تا بچێتەوە مەدینە، عوثمان ئەمەى وت بە ئەبووبەكر و عومەر، ئەوانیش وتیان ئەگەر شاهیدێكت هەیە بۆ ئەوە ئەوا دەیگێڕینەوە، بۆیە كاتێك خۆی بوو بە خەلیفە ئیشی كرد بەو زانیاریەى هەیبوو-كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى داوە بە حەكەم بچێتەوە مەدینە-، عوثمان ئامادە نەبوو پەیوەندى لەگەڵ كەسێك هەبێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیوەندى لەگەڵ بپچڕاندایە با تەنانەت باوكیشی بوایە، ئەو هەرگیز ئامادە نەبوو حوكمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەڵبوەشێنێتەوە.[24]

 

سوننەتى كورتكردنەوەى نوێژی لە سەفەردا لەكارخست:

ئیبنولعەرەبی دەڵێت: سەبارەت بە كورتنەكردنەوەى نوێژەكان لە سەفەردا ئیجتیهادێكى عوثمان بوو، چونكە بیستبووی خەڵكی لە مەسەلەى كورتكردنەوەى نوێژەكاندا تێكەوتون و وایان لێهاتووە تەنانەت لە ماڵەوەش كورتكردنەوەى نوێژەكان دەكەن، بۆیە گومانى ئەوەى برد ئەنجامدانى سوننەتێك ببێتە هۆی لەكارخستنى فەرز، بۆیە لەترسی نەكەوتنە ئەو داوو هەڵەوە كورتكردنەوەى نوێژەكانى لە سەفەردا تەرك كرد، هەرچەندە دەستەیەك لە زانایان دەڵێن كەسی گەشتیار سەربەستە لەوەى ئایا بە كورتكردنەوە نوێژەكانى بكات یان بێ كورتكردنەوە نوێژەكانى بكات، هاوەڵانیش لەو بارەوە راجیا بوون.[25]

 

موعاویەى-كوڕی ئەبووسوفیانى- كرد بە والى كە كەسێكی فاسقەو شیاوى كاربەدەستى نیە:

سەبارەت بە موعاویە ئەوا –یەكەم جار- عومەر كردى بە والى و هەموو ناوچەكانى شامى دایەدەست، دواتریش عوثمان لەو پۆستەیدا هێشتیەوە، بەڵكو با بڵێین ئەبووبەكر –یەكەمجار- بەرپرسیارێتی پێدا، چونكە زیادى براى موعاویەى كرد بە والى و زیادیش ئەوی كرد بە جێگرەوەى خۆی، ئەوەبوو عوثمانىش هێشتیەوە چونكە پەیوەندى هەبوو بە ویلایەتى ئەبووبەكرەوە، جا عوثمانيش وەك عومەرى كرد و هێشتیەوە، دەى بڕواننە ئەو زنجیرەیە چەندە پەیوەست و پتەو بووە، هەرگیز نموونەى وا نابینرێتەوە.[26]

عەبدوڵاى كوڕی عامری كوڕی كورەیزی كرد بە والى كە كەسێكی فاسقەو شیاوى كاربەدەستى نیە:

عەبدوڵاى كوڕی عامرى كوڕی كورەیز كردى بە بەرپرس-وەك دەوترێت- چونكە پوورەكانى زۆر رێزدار بوون.[27]

مەڕوانى كرد بە والى كە كەسێكی فاسقەو شیاوى كاربەدەستى نیە:

ئەو قسەڵۆكانەى سەبارەت بە مەڕوان و وەلید هاتون زۆر سەختن و ئەوانەى حوكمى فاسق بوونیان داوە لەسەریان لە فاسقی خۆیانەوە ئەو حوكمەیان بەسەرداداون، مەڕوان پیاوێكى عەدل بووەو لە گەورە پێشەوایانى لاى هاوەڵان و تابعیەكان و فیقهناسانى موسڵمانان بووە، سەهلى كوڕی سەعدى ساعیدی كە لە هاوەڵان بووە گێڕانەوەى لێ گێڕاوەتەوە، سەبارەت بە تابیعیەكانیش هاوتەمەنانى خۆی بون... سەبارەت بە فیقهناسانى ناوچەكانیش هەموویان بەگەورەیان داناوەو خیلافەتەكەیان بە رەوا داناوە و فەتوای ئەویان وەرگرتووە و ملكەچی گێڕانەوەى بون، مێژوونووس و ئەدیبەكانیش لە ئاست خۆیاندا قسەیان كردووە.[28]

وەلیدی كوڕی عوقبەى كرد بە والى كە كەسێكی فاسقەو شیاوى كاربەدەستى نیە:

ئیبنولعەرەبی دەڵێت: (سەبارەت بە دانانى وەلیدی كوڕی عوقبە ئەوا –هاودەم بە خراپی نیازەكان- خەڵكی پێش چاكە خراپەیان گرتەبەر، بۆیە درۆسازان كەوتنە باسی ئەوەى عوثمان بۆ نیازى خۆى كردوویەتى بە بەرپرس، عوثمان دەڵێت من وەلیدم دانەناوە لەبەرئەوەی برام بووبێت، بەڵكو لەبەرئەوە دامناوە كە كوڕی ئوم حەكیمی بەيضائە، ئەو ژنەش پووری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دوانەش بووە لەگەڵ باوكى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم)-واتە ئوم حەكیم و عەبدوڵاى باوكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە یەك سك لەدایك بون-، پشت بەخوا دواتریش روونى دەكەینەوە، دانانى والیش ئیجتیهادە، عومەر سەعدى كوڕی ئەبی وەققاصی لابرد و كەسی پلەنزمتر لەوى پێش ئەو خست،

بە عوثمان وترا تۆ وەلیدت داناوە چونكە وەلید براتە لە رێی دایكتەوە (ئەرواى كچی كورەیزی كوڕی رەبیعەى كوڕی حەبیبی كوڕی عەبدشەمس)، ئەویش وتى بەڵكو بۆیە كردوومە بە والى چونكە پوورزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، چونكە ئوم حەكیم پووری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و دایەگەورەى عوثمان و دایەگەورەى وەلید بووە لەرووی دایكیانەوە كە ئەروا بووە، ئوم حەكیم دوانە بووە لەگەڵ عەبدوڵاى باوكى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم)، جا چ كێشەیەك هەیە كەسێك براى خۆی یان كەسی نزیكی خۆی دابنێت.[29]

پێنج یەكى ئەفریقیاى دا بە مەڕوان.

سەبارەت بەوەى عوثمان پێنج یەكى ئەفریقیاى دابێت بە یەك كەس ئەوە راست نیە، مالیك و دەستەیەكى تر پێیان وایە پێشەوا –ئیمام- راى خۆی دەبێت لەسەر پێنج یەك و دواتر بە پێی ئیجتیهادەكەى جێبەجێی دەكات، دەشتوانێت هەمووى ببەخشێت بە یەك كەس.[30]

 

عومەر بە قامچی لێدانى حەددى لێدەدا، كەچی ئەم كردى بە گۆچان:

سەبارەت بەوەى دەڵێن عوثمان بە گۆچان لە خەڵكى دابێت، لە هیچ یاخى و گوێڕایەڵێك ئەوەم نەبیستووە، بەڵكو گێڕانەوەیەكى پووچ و بێبنەمایە و هەواڵێكە بازاڕگەرمى بۆ كراوە، پەنابەخوا لە هەر خراپەیەك.[31]

 

چوویە سەر پلیكانەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتێكدا ئەبووبەكر و عومەر لەو پلیكانە خوارتر دەوەستان-بۆ وتاردان-:

سەبارەت بەوەى دەوترێت عوثمانى كوڕی عەففان چوەتە شوێن مینبەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوا ئەمەم لە هیچ كەس نەبیستووە كە توقیەى هەبێت، بەڵكو بانگەشەیەكى ناڕەوایە بۆ باس و گێڕانەوە، ئیتر ئەوەى دڵی پێی دەگۆڕێت دڵی دەگۆڕێت، زانایانمان دەڵێن: ئەگەریش ئەوە راست بێت-واى كردبێت- ئەوە هیچ شتێكی تێدا نیە كە خوێن رشتنى حەلآڵ بكات، یان لەوانەشە ئەو كارەى حەق بووبێت و هاوەڵانیش لەسەر ئەوە گلەیی و نارەزاییان نەبووبێت، واتە سەرەتا یان لەبەر هۆكارى پێویست ئەوەیان بە رەوا زانیبێت، ئەگەریش نەبووبێت-واتە شتی واى نەكردبێت- ئەوە ئیتر مشتومڕێكی لەسە نامێنێت.[32]

ئامادەى غەزاى بەدر نەبووبوو، لە رۆژی ئوحودیش شكستى خوارد، لە بەیعەتى ریزوانیشدا ئامادە نەبوو:

جارێك ئیبن عومەر لەگەڵ خەڵكێكی قوڕەیشیدا دانیشتبوو، كابرایەكى میصری هات بۆ لاى، وتى ئەی ئیبن عومەر پرسیارێكت لێدەكەم وەڵامم بدەرەوە، ئایا دەزانیت عوثمان لە رۆژی ئوحوددا رایكرد؟ وتى بەڵێ، وتى دەزانیت لە بەدردا ئامادە نەبو؟ وتى بەڵێ، وتى دەزانیت لە بەیعەتى ريضواندا ئامادە نەبوو؟ وتى بەڵێ،  كابرا وتى الله اكبر، ئیبن عومەر وتى وەرە با بۆت روون بكەمەوە، راكردنى ئوحودى من شایەتى دەدەم كە خوا لێی خۆش بوو، بۆ ئامادە نەبوونى بەدریش لەبەرئەوە بوو كە كچەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەری بوو و نەخۆش بوو، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو تۆ پاداشت و پشكی یەكێك لە ئامادەبوانى بەدرت هەیە، بۆ ئامادەنەبوونیشی لە بەیعەتى ريضوان، ئەوە ئەگەر لەناو مەككەدا بڵندپایەتر لە عوثمان هەبوایە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی لەبری عوثمان دەنارد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عوثمانى نارد و بەیعەتەكە دواى ئەوە بوو كە عوثمان چوو بۆ مەككە، لە كاتى بەیعەتەكەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی راستی نیشان دا و فەرمووى ئەوە دەستی عوثمانە، دەستی راستی دا بەسەر دەستەكەى تریدا و فەرمووى (ئەوە بۆ عوثمان)، ئینجا ئیبن عومەر بە كابراى وت دەی ئێستا بڕۆ.[33]

عوبەیدوڵاى كوڕی عومەرى لە هورمزان نەكوشت-ئەو كەسەى كە چەقۆكەى دا بە ئەبوولوئلوئەو دژ بە عومەر هانى دا تا عومەرى كوشت-:

سەبارەت بە ئامادەنەبوونى عوثمان بۆ كوشتنى عوبەیدوڵاى كوڕی عومەرى كوڕی خەططاب لە هورمزان ئەوە ناراست و پووچە، چونكە ئەگەر ئەو ئەوەى نەكرد خۆ هاوەڵانى تر لەوێ ئامادە بوون، مەسەلەكەش لەسەرەتادا بوو، دەوترێت: هورمزان هەوڵی داوە بۆ كوشتنى عومەر و خەنجەرى هەڵگرتووەو لەژێر جلەكانیەوە دەركەوتووە...لەوانەشە عوثمان حەقێكی بەسەر عوبەیدوڵاوە بەدى نەكردبێت، چونكە بارو كارى هورمزانى بۆ دەركەوت، هەروەها كەس داوا ئەوەى نەدەكرد، لەگەڵ هەموو ئەو ئەگەرانەشدا چۆن دروستە بڕوانێتە مەسەلەیەك كە دروست و صەحیح نیە.[34]

لەسەر وشترەكەى لەگەڵ كۆیلەكەیدا نامەیەكى نووسی بۆ ئیبن ئەبی سەرح سەبارەت بە كوشتنى ئەو كەسانەى لە نامەكەدا باسی كردبوون:

ئیبنولعەرەبی دەڵێت: سەبارەت بەوەى دەڵێن نامەكە لەگەڵ سوارێكدا گیراوە-یان لەگەڵ كۆیلەكەى گیراوە- هیچ كەسیش ناڵێت كۆیلەكەى بووە، گوایە نامەى بردووە بۆ عەبدوڵاى كوڕی ئەبووسەرح و تیایدا فەرمانى پێكردووە هەڵگرانى نامەكە بكوژێت، -بەڵام لە راستیدا- عوثمان بە خەڵكەكەى وت یان دەبنە شایەتى ئەو شتە- كە من وام وتبێت-، یان سوێند دەخۆم من ئەوەم نەنووسیوە و فەرمانم بە شتی وا نەكردووە، جار هەیە بە ناوى كەسێكەوە قسە دەنووسرێت و ساختەى دەستنووسی دەكرێت و مۆرەكەشی ساختەى لەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوان وتیان دەبێت تۆ مەروان بدەیتە دەست ئێمە، ئەویش وتى شتی وا ناكەم، چونكە ئەگەر مەڕوانى بدایە بەدەستەوە ئەوە ستەمكار دەبوو، ئەو خەڵكە دەبوو لاى عوثمان داواى حەقی خۆیان لە مەڕوان و هەر كەسێكی تریش بكەن، ئەگەر بچەسپایە عوثمان شتى واى كردووە ئینجا حەق بۆ خاوەن حەق دەبێت، بەڵام پێشینەو گەورەیی و پلەوپایەى ئەو هى ئەوە نەبوو لە دەسەلآتەكەى لاببرێت چ جاى كوشتنى.[35]



[1] - العواصم من القواصم.

[2] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 477.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 487-488.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 489.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 498.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 499.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 400.

[8] - العواصم من القواصم لابن العربي.

[9] - العوصم من القواصم، تحقيق محب الدين الخطيب و محمود مهدي الأستانبولي، ط2، دار الجيل(بيروت-1987)، ص 85- 88.

[10] - منهاج السنة النبوية لابن تيمية، تحقيق د.محمد رشاد سالم، ط1، مؤسسة قرطبة،  ج6، ص 173- 174.

[11] - الأوائل للعسكري، ج1، ص 55.

[12] - تاريخ ابن خلدون، ط5، دار القلم (بيروت-1984)، ج2، ص 588.

[13] - تأريخ الطبرى، ج2، ص 616.

[14] - العواصم من القوام لابن العربي.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 105.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 104.

[17] - البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 134.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 228.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 55.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 108.

[21] - نفس المصدر.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 105.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 134.

[24] - العواصم من القواصم، ص 89.

[25] - العوصم من القواصم.

[26] - العواصم من القواصم.

[27] - العواصم من القواصم.

[28] - العواصم من القواصم.

[29] - العواصم من القواصم.

[30] - العواصم من القواصم.

[31] - العواصم من القواصم.

[32] - العواصم من القواصم.

[33] - صحيح البخاري، الرقم 3516، سنن الترمذي، الرقم 3726، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 592.

[34] -العواصم من القواصم.

[35] - العواصم من القواصم.

 1836
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.