دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەرقەمی كوڕی ئەبی ئەرقەم (رضي الله عنه)

ناوى ئەرقەمی كوڕی عەبدمەنافی كوڕی ئەسەدى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی عومەرى كوڕی مەخزوومى مەخزوومیە،[1] یەكێكە لە هاوەڵە كۆچەرەكان.[2]

دایكی ناوى ئومەیمەى كچی حارثه لە بەنى سەهم،[3] دەوترێ بەڵكو ناوى تەماضورى كچی حوذهیمە،[4] یان دەوترێ ناوى صەفیەیە.[5]

كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە و لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بووەكانە،[6] هەندێ بە حەوتەمین كەسی موسڵمان بووى دەزانن و هەندێكى تریش بە دەیەمین كەسی موسڵمانبووى دەزانن،[7] رایەكیش بە دوانزەیەمین موسڵمان بووى دەزانێ.[8]

ئەرقەم دوو منداڵى هەبوو كە هەردووكیان لە ئوم وەلەد بوون، واتە لە كەنیزەكەكەى، ئەوانیش بریتی بوون لە عوبەیدوڵا و عوثمان.[9]

ئەرقەم لە مەككە لە ناوچەیەكى صەفا خانوویەكى هەبوو كە كردیە بنكەیەك بۆ بانگەوازى یەكەمى ئایینى خوا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،موسڵمانان لەوێ كۆدەبوونەوە تا ئەو كاتەى ژمارەیان گەیشتە چل كەس، دەوترێ تا ئەو كاتەى عومەرى كوڕی خەطاب موسڵمان بوو، ئیتر ئەوكات موسڵمانان چوونە دەرەوە.[10]

هەروەها ئەرقەم بەشدارى هاوپەیمانى الفضول بووە.[11]

فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[12]

سەبارەت بە موسڵمانبوونى باوكى راى جیاواز هەیە، ئیبن عەبدولبەر دەڵێت موسڵمان نەبووە، دواتر سەبارەت بە مردنى باوكى دەڵێت لەوانەیە لەكاتى وەفاتى ئەبووبەكردا مردبێت، ئەگەر ئەوە راست بێت ئەوە قسەكەى ئیبن ئەبی خەيثهمە راستە كە باوكى ئەرقەم بە هاوەڵ دەزانێت.[13]

ئەرقەم یەكێكە لەو هاوەڵانەى كە بەشدارى غەزاى بەدری كردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو غەزایەدا شمشێرێكى دایە دەستى.[14]

لە غەزاى بەدردا ئەبوو ئوسەیدى ساعیدی شمشێرەكەى ئیبن عائيذی دانا، ئەرقەم ئەو شمشێرەى ناسیەوەو داواى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد بیدات بەو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی بەخشی.[15]

هەروەها ئەرقەم بەشدارى غەزاى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى ترى كردووە.[16]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ جار ئەركى كۆكردنەوەى زەكاتى دەسپارد بە ئەرقەم،[17] جارێكیان كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو ئەركەى پێ سپارد، ئەرقەم داواى لە ئەبوو رافیع كرد تا یارمەتى بدات لەبەرامبەردا بەشدارى پشكى (العاملین علیها)ى پێ بدات، ئەبوورافیع وتى با پرس بكەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێ پرسی پێكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (يا أبا رافع إنا أهل بيت لا تحل لنا الصدقة)، (ئەى ئەبوورافیع ئێمەى ئالوبەیت صەدەقەمان بۆ حەلآڵ نیە).[18]

جارێكیان ئەرقەم خۆی ئامادە كرد تا بچێت بۆ مزگەوتى ئەقصا، هات تا ماڵئاوایی بكات لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەری خوایش پێی فەرموو بۆ بازرگانیە یان بۆ سەردان؟ وتى ئەى پێغەمبەرى خوا بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم بەڵكو ئەمەوێ بچم نوێژی تێدا بكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (صلاة في مسجدي هذا خير من ألف صلاة فيما سواه من المساجد إلاّ المسجد الحرام (نوێژێ لەم مزگەوتەى مندا خێری زیاترە لەهەزار نوێژ لە مزگەوتانى تردا جگە لە مەسجیدولحەرام)، ئیتر ئەرقەم دانیشت و نەچوو بۆ گەشتەكەى.[19]

ئەمە وانەیەكە تا ئەوەى لێوە فێر بین بیركردنەوە و بروا و قەناعەتمان تا سنوورى شەریعەت زیاتر نەڕوات و لەكوێدا شەریعەت رایەكى جیا لە راى عەقڵی ئێمەى هەبوو دەبێت راستەوخۆی ملكەچی بین، ئەرقەم بە لێكدانەوەى خۆی دەرۆیشت تا پاداشتێكى گەورە بەدەست بخات، بەڵام كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێى چاكتری نیشاندا، دەستبەجێ وەستا، هەرچەندە تەواوى ئامادەكارى بۆ كردبوو، خۆ چوونى بۆ بەیتولمەقدیسیش دروستبوو وەك لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە (لا تشدوا الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد: مسجدي هذا، والمسجد الحرام، والمسجد الأقصى[20] (كۆڵ و بارى سەردان تەنها بۆ سێ مزگەوت بپێچنەوە، ئەم مزگەوتەى من و مەسجیدولحەرام و مزگەوتى ئەقصا)، بەڵام كاتێك باشترینی بینی ئامادە نەبوو باشترینەكە بگۆڕێتەوە بە باشێكى كەمتر لەو، ئەمە تەماى بەرزى هاوەڵان بۆ دەستخستنى پاداشت نیشان دەدات كە هەر هەنگاوێكیان ناوە تا باشترین رێگەى گەیشتن بە رەزامەندى خوا و كۆكردنەوەى پاداشتى زیاتر بگرنەبەر.

ئەرقەم یەكێك بووە لەو هاوەڵانەى نامەى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نووسیوەتەوە وەك ئیبن سەعد نامەیەك دێنێ كە ئەرقەم نووسیویەتى (كتب رسول الله  لعبديغوث بن وعلة الحارثي أن له ما أسلم عليه من أرضها وأشيائها يعني نخلها ما أقام الصلاة وآتى الزكاة وأعطى خمس المغانم في الغزو ولا عشر ولا حشر ومن تبعه من قومه وكتب الأرقم بن أبي الأرقم المخزومي)[21]

نووسینی ناوى ئەو كەسەى نامەكەى نووسیوە لەسەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هەبووە و یەكەم كەسیش ئوبەى كوڕی كەعب بوو ئەمەى كرد، لە كۆتایی نوسینەكەدا دەینووسی (وكتبە ...)واتە ناوى خۆی دەنووسی.[22]

سەبارەت بە مردنى ئەرقەم سێ را هەیە، رایەك دەڵێت لە رۆژى مردنى ئەبووبەكرى صدیقدا وەفاتى كردووە،[23] رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی پەنجا و سێی كۆچی وەفاتى كردووە،[24] راى سێیەم دەڵێت لە ساڵی پەنجاو پێنجى كۆچیدا وەفاتى كردووەو وەسیەتى كردووە سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص نوێژى لەسەر بكات، هەرچەندە سەعد لەو كاتەدا دووربوو و لە عەقیق بوو، بۆیە مەروان رازى نەبوو و وتى تەرمى هاوەڵی پێغەمبەرى خوا بوەستێنرێ تا كەسێك كە لێرە نیە بێتەوە؟! بۆیە ویستى نوێژی لەسەر بكات، مشتومڕێ دروست بوو تا ئەوەى سەعد هاتەوەو نوێژی لەسەركرد.[25]

ئیبن عەبدولبەر دەڵێت ئەگەر ئەم ریوایەتە راست بێت ئەوە ئەو كەسەى لە سەردەمى ئەبووبەكر مرد باوكى ئەرقەم بوو،[26] بەڵام ئیبن ئەثير دەڵێت لە گۆڕستانى بەقیعیش ئەسپەردە كراوە،[27] ذەهەبی راى دووەمى پێ راستترەو وتەیەكى عوثمانى كوڕی ئەرقەم دێنێ كە دەڵێت باوكم لە ساڵی پەنجاو سێی كۆچی وەفاتى كردووە.[28]

تەمەنى ئەرقەم نزیكەى هەشتاو ئەوەندە ساڵ بوو.[29]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص242، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص137، أسدالغابة، ج1، ص94، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص43، سير أعلام النبلاء للذهبي، 2، ص479.

[2] - أسدالغابة، ج1، ص94.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص242.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1،ص131، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص43.

[5] - أسدالغابة، ج1، ص94.

[6] - أسدالغابة، ج1، ص95.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص43.

[8] - اسدالغابة، ج1، ص95.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص242.

[10] - أسدالغابة، ج1، ص95.

[11] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص131.

[12] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص131، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص44.

[13] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص131-132.

[14] - أسدالغابة، ج1، ص95، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص480.

[15] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6149، مسند أحمد بن حنبل ، الرقم 15738، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 6144، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 2903.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص244.

[17] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص480، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص44.

[18] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2365، صححه الألباني في إرواء الغليل، الرقم 880.

[19] - أسدالغابة، ج1، ص95، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص479، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6184، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 903.

[20] - صحيح مسلم، الرقم 2459.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص268.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص27، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص68.

[23] - أسدالغابة، ج1، ص96.

[24] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص480.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص244، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص132، أسدالغابة، ج1، ص95-96.

[26] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص132.

[27] - أسدالغابة، ج1، ص96.

[28] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص480.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص244.

 2768
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.