دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەمەدى كوڕی ئەبەد(رضي الله عنه)

هەریەك لە ئیبن ئەثير و ئیبن حەجەر باسی ئەم هاوەڵەیان هێناوە، ئەم هاوەڵە خەڵكى حەضرەمەوتە، تەمەنێكى زۆری هەبووە تەنانەت دەوترێت 300 ساڵ ژیاوە.

جارێك موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان وتى خۆزگە كەسێكى بە تەمەن دەبوو باسی رابردووى بۆ دەكردین، ئەوانەى دەوریشی باسی ئەم هاوەڵەیان بۆ كرد، ئەویش داواى كرد بیهێنن، كاتێ ئەمەدیان هێنا، موعاویە داینیشاند و دواتر پرسیارى لێكرد ناوت چیە؟ وتى ناوم ئەمەدە، پرسیارى لێكرد تەمەنت چەندە؟ وتى تەمەنم 300 ساڵە، موعاویە پێی وت درۆ دەكەیت، دواى ماوەیەك موعاویە وتى شتێكمان بۆ بگێڕەوە، ئەویش وتى چ پێویستت بە باسی كەسی درۆزنە، موعاویەش وتى من بە درۆزنت نازانم ویستم عەقڵت تاقی بكەمەوە بزانم عەقڵت لە جێی خۆی ماوەو شت تێكەڵ ناكەیت؟ باسی زوومان بۆ بكە، سەردەم هەبووە وەك ئەمڕۆ وابووبێت؟ وتى بەڵێ هەر وەك ئەمشەو كە دەیبینیت، دواتر موعاویە بڕێك پرسیارى لێدەكرد سەبارەت بە رابردوو، ئەویش وەڵامى دەدایەوە، دواتر سەبارەت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكرد و وتى ئایا موحەممەدت بینیوە؟ وتى كامە موحەممەد؟ وتى پێغەمبەرى خوا، ئەمەد وتى سوبحانەلآ، وتت پێغەمبەرى خوا؟ بەڵێ دیومە، موعاویە وتى وەسفی بكە بۆم، ئەویش وتى بە دایك و باوكمەوە بەقوربانى بم شتى وەك ئەوم پێش ئەو و پاش ئەویش نەدیوە، موعاویە پێی وت چیت دەوێت داوام لێ بكە، ئەویش وتى گەنجی خۆمم بۆ بگێڕەوە، ئەویش وتى بە دەستى من نیە، وتى دەى بمخەرە بەهەشتەوە، ئەویش وتى بە دەستى من نیە، ئەمەد وتى دەبینم بۆ دنیاو قیامەتیش هیچت لەدەست نایەت، دەى بمگێڕەوە بۆ شوێنی خۆم،  موعاویە وتى ئەمەیان باشە.[1]

لەم بەسەرهاتەدا هەندێ شت هەن كە جێی گومانن، لەوانە:

300 ساڵ ژیان لەو كاتەدا، چونكە ئەو تەمەنە هاوكات بە تەمەنى خەڵكانى ئەو سەردەمە شتێكى خەیاڵیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكى نەقلیمان نیە كە بەرپەرچی ئەوە بداتەوە، چونكە لە كتێبەكەى ئیبن حەجەردا لە ژیانى هاوەڵاندا لە ژیانى هەندێ هاوەڵدا باسی تەمەنیان دەكات كە هەیانبووە 300 ساڵ بووە وەك ئەمانات یان 200 ساڵ بەرەو سەر یان كەمتر.

ئیبن عەبدولبەر سەنەدێكى هێناوە كە ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت بە تەمەنترین هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتی بوون لە ئەبووبەكر و سوهەیلی كوڕی بەيضاء.[2]

لە قسەكانى نێوان ئەمەد و موعاویەدا هەندێ زانیاری باسكراون كە ئیبن حەجەر بە شتانێكى نادڵنیایان دەزانێت و جێی گومانن.

ئەم باس و بەسەرهاتە لە كتێبەكانى فەرموودەدا نەهاتووە، بەڵام هەریەك لە ئیبن ئەثير و ئیبن حەجەر لە كتێبەكانیان تایبەت بە هاوەڵان ئەوەیان هێناویانە.



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 174، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص 111.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص668.

 2817
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.